• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 26, 2023

ئایەتوڵڵا محەمەدڕەزا مەهدەوی كەنی؛ متمانە پێكراوی دوو ڕابەر

ئامادەكردنی: ئەژی ئازاد ئەبووبەكر

محەمەدڕەزا مەهدەوی كەنی ساڵی 1931 لە گوندی “كەن” سەر بە پارێزگای تاران لەدایكبووە، لە دوای كۆتاییهێنانی خوێندنی سەرەتایی ڕوو دەكاتە قوتابخانەی لوڕزادە (مدرسه علمیه لرزدە) و سالی 1948 لە تەمەنی 17 ساڵیدا بۆ درێژەدان بە خوێندنی ئایینی ڕوو دەكاتە شاری قوم. مەهدەوی كەنی تاوەكو ساڵی 1961 لە خوێندن بەردەوام دەبێت، لەم ماوەیەدا لەبەردەستی مامۆستایان و مەراجعی تەقلیدی بەناوبانگی حەوزە وەك ئایەتوڵڵا بروجێردی، ئایەتوڵڵا گوڵپایەگانی، ئایەتوڵڵا مشكینی، ئایەتوڵڵا مورتەزا موتەهەری، هەروەها ئایەتوڵڵا خومەینی وانەكانی فیقھ، تەفسیر، حیكمەت و كەلام دەخوێنێت. هەر لە ماوەی مانەوەی لە شاری قومدا، لەگەڵ ئەندامەكانی گرووپی “فیدائیانی ئیسلام” پەیدا دەكات و هاوشان لەگەڵ خوێندندا، ڕوو دەكاتە كاری سیاسی.

مەهدەوی كەنی لە دوای گەڕانەوەی بۆ تاران دەست دەكات بە وتنەوەی وانە حەوزەییەكان و ئیمامەتی جومعە. لەم ماوەیەدا و لەژێر كاریگەریی بۆچوونە سیاسییەكانی ئایەتوڵڵا خومەینی، دەچێتە نێو چالاكییە سیاسییەكانی دژ بە حكومەتی پەهلەوی و بۆ یەكەمجار لە تەمەنی 18 ساڵیدا لە لایەن دەزگای هەواڵگری حكومەتی پەهلەوی (ساواك) دەستگیر دەكرێت. دوای ئازادبوونی، لەسەر چالاكییەكانی بەردەوام دەبێت و جارێكی تر لە ساڵی 1974 دەستگیر دەكرێتەوە و بۆ ماوەیەك بۆ شاری “بۆكان” دوور دەخرێتەوە و دوای گەڕانەوەی بۆ تاران لە ساڵی 1977 ئازاد دەكرێت.

مەهدەوی كەنی لە ساڵی 1978 پەیوەندی بە ڕێكخراوێكی سیاسیی بەرهەڵستكاری حكومەتی پەهلەوی بە ناوی “جامعه روحانیت مبارز” دەكات و دەبێت بە یەكێك لە دامەزرێنەرەكانی، ئەم كۆمەڵەیە كە بە پێشنیاری ئایەتوڵڵا خومەینی و پشتیوانی ئایەتوڵڵا موتەهەری دامەزرا بوو، لە ساڵی 1979 چالاكییەكانی خۆی ئاشكرا كرد. دامەزرێنەرانی ئەم كۆمەڵەیە كە سەرجەمیان لە ئایەتوڵڵا خومەینییەوە نزیكبوون، بریتیبوون لە: سەید محەمەد بەهەشتی، مورتەزا موتەهەری، محەمەد جەواد باهونەر، سەید عەلی خامنەیی و سەید عەبدولكەریم موسەوی ئەردەبیلی. مەهدەوی كەنی لە ساڵی 1981 وەك ئەمینداری گشتیی كۆمەڵەكە هەڵبژێردرا. كۆمەڵەی ڕۆحانییەت لە ساڵانی دوای شۆڕش ڕۆڵێكی بەرچاوی لە ئەنجومەنەكانی یاسادانان، ئەنجومەنە ڕاوێژكارییەكان، دادوەری و لایەنی بەڕێوەبردن و سیاسەتڕێژی هەبوو و بە شێوەیەكی گشتی خاوەنی گوتاری باڵی ڕاستڕەو بوو كە دواتر بە “ئوسوڵگەراكان” ناویان دەركرد.

مەهدەوی كەنی لە زستانی 1979 لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینییەوە دەبێتە ئەندامی بازنەی یەكەمینی ئەنجومەنی شۆڕش (شورای انقلاب) لە شاری پاریس، هەرەوها بەشداری لیژنەی پێشوازی لە ئایەتوڵڵا خومەنی لە كاتی گەڕانەوەی بۆ تاران دەكات. هەر ئەم نزیكایەتییەی مەهدەوی كەنی لە ئایەتوڵڵا خومینی وادەكات دەستبەجێ لە دوای شۆڕشی 1979، سەرپەرشتیای یەكەمین ڕێكخراوی شۆڕشگێڕی چەكداری بۆ پاراستنی شۆڕش بە ناوی “كمیتە انقلاب اسلامی” پێ بسپێردرێت كە تاوەكو ساڵی 1982 لەم ئەركە بەردەوام دەبێت.

بەردەوامی پەیوەندییەكانی مەهدەوی كەنی لەگەڵ دامەزرێنەری شۆڕشی ئیسلامیی، هەلی وەرگرتنی چەندین پۆستی هەستیاری كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ دەڕەخسێنێت كە بەشێكیان بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ڕابەری ئێران بووە، وەك: فەقیهی باڵای تاران لە ئەنجومەنی پاسەوانی دەستووری ئێران، ئەندامێتی لە ستادی شۆڕشی كولتووری، ئەندامێتی لە لیژنەی پێداچوونەوەی دەستووری بنەڕەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران، نوێنەرایەتی ڕابەری ئێران لە لیژنەی چارەسەركردنی كێشەكانی بەرپرسانی ڕژێم، ئەمینداری گشتی كۆمەڵەی “روحانیت مبارز”، وەزیری ناوخۆ لە كابینەی ڕەجایی و باهونەر، سەرۆكایەتی دەوڵەتی كاتی (2/9/1981 – 29/10/1981)، هەروەها لە ساڵەكانی تردا ئەندامێتی لە ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ڕژێم و ئەنجومەنی شارەزایانی ڕابەری و سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنی شارەزایان دوایین بەرپرسیارێتی ئەو بووە.

مەهدەوی كەنی لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی، هاوشێوەی ڕابەری یەكەمی ئێران، پەیوەندییەكی نزیكی هەبووە و بووەتە جێگە متمانە و پاڵپشتیكردنی؛ سەرەتای ئەم پەیوەندییە بۆ ئامادەبوونی هەردووكیان لە وانەكانی ئایەتوڵڵا خومەینی دەگەڕایەوە. دواتر لە دامەزراندنی كۆمەڵەی ڕۆحانییەت و ئەنجومەنی شۆڕشی ئیسلامیی، ئەم پەیوەندییانە بەردەوامی هەبوو تا ئەو شوێنەی كە سەید عەلی خامنەیی لە پەڕلەمانی ئێران، پشتگیرییەكی تەواوی لە وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ لە لایەن مەهدەوی كەنییەوە كرد. لە بەرامبەردا مەهدەوی كەنی بە قازانجی عەلی خامنەیی، خۆی لە ڕكابەری سەرۆككۆماری كشاندەوە، هەروەها لە ڕووداوەكانی پاش هەڵبژاردنی ساڵی 2009، ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی میرحوسێن موسەوی كرد و لە بەرامبەردا ڕاشكاوانە پشتگیریی تەواوەتی خۆی بۆ ئایەتوڵڵا خامنەیی دەربڕی و تەنانەت ڕایگەیاند: “ڕابەری ئێمە، پیرۆزی هەیە”.

هاوشانی ئەرك و  ڕۆڵبینینە سیاسییەكانی، لە ساڵی 1981 ئایەتوڵڵا مەهدەوی كەنی، لەگەڵ كۆمەڵێك كەسایەتی ئایینی و سیاسی وەك خامنەیی، مشكینی، مونتەزەری، ئەمینی، ئیمامی كاشانی و …، زانكۆی “ئیمام سادق”یان دامەزراند. مەهدەوی كەنی لە پاش ئایەتوڵڵا مونتەزەری، ئەركی بەڕێوەبردن و سەرۆكایەتی زانكۆكەی پێ سپێردا و تا كۆتایی تەمەنی لەم پۆستە مایەوە. زانكۆی ئیمام سادق یەكەمین زانكۆی ئێرانە لە  پاش شۆڕشی 1979 دامەزرا و بەرهەمی  بەرنامەی وەرچەرخانی كولتووریی پاش شۆڕش و پرۆسەیەك بوو كە بە شۆڕشی كولتووری (انقلاب فرهنگی) ناو نرا. هەر بۆیە زانكۆی ئیمام سادق لە ساڵی 1982، وەكو یەكەمین زانكۆی دوای ئەم پرۆسەیە دامەزرا و لە چوارچێوەی دامەزراوەی “جامعە الامام الصادق” بوونی خوی ڕاگەیاند.

ئامانج و ناوەڕۆكی ئەم زانكۆیە بریتیبوو لە دامەزراوەیەكی پەروەردەیی، توێژینەوەیی، كولتووری، فێركاری، بانگەشەیی و ئابووری كە هەوڵی دەدا لە ڕێگەی كارە زانستی و كولتوورییەكانییەوە، داهاتی ئابووری بۆ بەڕێوەچوونی زانكۆ بەدەست بهێنێت. لەگەڵ ئەمەشدا هەروەك مەهدەوی كەنی ئاماژەی پێدابوو، دامەزرێنەرانی زانكۆی ئیمام سادق لە خەونی دروستكردنی زانكۆیەكی هاوشێوەی “جامعة الازهر” بوون و بەوپێیەی كە تاران ناوەندی حكومەتی ئیسلامیی بوو، لە هەوڵی ئەوەدا بوون كە زانكۆیەكی ئاست بەرزتر لە زانكۆی ئەزهەر دروست بكەن كە ببێتە “هیوای دواڕۆژی ئیسلام و شیعە” و لەم پێناوەدا خوێندكاران پەروەردە بكەن بۆ سەرانسەری جیهان بیاننێرن. لەگەڵ ئەوەشدا، لە كۆتاییەكانی دەیەی یەكەمی ساڵی 2000، بڕیاردەرانی زانكۆ بەرەو “بەئیسلامیكردنی” زیاتری وانەكانی خوێندن هەنگاویان نا و وانە حەوزەوییەكان چوونە ناو پرۆگرامی خوێندنی بەشە جیاوازەكانەوە، تا ئەو ڕادەیەی كە لە ئێستادا تەواوی بەشە زانستییەكانی زانكۆ بە دەستەواژەی زانستە ئیسلامییەكان (معارف اسلامی) دەستیپێدەكەن وەكو زانستە ئیسلامییەكان و یاسا، زانستە ئیسلامییەكان و ئابووری و … .

محەمەد ڕەزا مەهدەوی كەنی لە ڕێككەوتی 18/12/2014 كۆچی دوایی كرد؛ ئایەتوڵڵا خامنەیی لە پەیامی سەرەخۆشیدا، مەهدەوی كەنی بە كەسایەتییەكی كاریگەر و یارێكی وەفاداری دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی و نیزام ناو برد كە لە هەموو قۆناغەكاندا وەك سیاسییەكی ڕاستگۆ و شۆڕشگێڕێكی ڕاشكاو ڕەفتاری كردبوو.

سەرچاوەكان

  • مهدوی كنی، محمدرضا (1385)، خاطرات آیت الله مهدوی كنی، تدوین: غلامرضا خواجەسروی، تهران: مركز اسناد انقلاب اسلامی، 1385.
  • مدیرشانەچی، محسن (1385)، فرهنگ احزاب و جمعیتهای سیاسی ایران، تهران: نگاه معاصر.
  • ارکان زادە یزدی، سعید (23/4/1392)، “دانشگاه امام صادق (ع) تربيت‌كننده مديران «مياني»”، روزنامه شرق، شماره 1781، ص 7.
  • خبرنامە دانشجویان ایران (18/10/1399)، ” دانشگاه امام صادق(ع) چگونه تاسیس شد؟/ انگیزه‌ای که به ذهن یک فعال اقتصادی رسید”، https://shorturl.at/uKTY8.
  • خامنەای (3/8/1393)، ” هشت برش از رابطه آیت‌الله مهدوی کنی و رهبر انقلاب”، https://farsi.khamenei.ir/others-report?id=28007.
  • ایكدر، سولماز (18/7/1397)، ” تغییر ژنتیکی در مدیریت دانشگاه امام صادق”، https://www.zeitoons.com/56247.
  • مركز اسناد انقلاب اسلامی (27/7/1401)، ” شرحی از زندگینامه آیت‌الله محمدرضا مهدوی کنی”، https://shorturl.at/biACL.

 

 

Send this to a friend