هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی سوودوه‌رگرتنی وڵاتانی عه‌ره‌بی له ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كی ده‌ستكرد
نووسەران: د. هیبه عەبدولمونعم، د. محەمەد ئیسماعیل
سه‌رچاوه: کتێبی صندوق النقد العربی (2021)
وەرگێڕان: بارام سوبحی
له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا له سایه‌ی پێویستیی فره‌جۆركردنی ئابووریی عه‌ره‌بی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاسته‌كانی كاریگه‌ربوونی ئابووریی عه‌ره‌بی به‌و شۆكانه‌ی له بازاڕی جیهانیی نه‌وتدا ڕوو ده‌ده‌ن، وه‌رچه‌رخان به‌ره‌و ئابووریی دیجیتاڵی بووه‌ته پێویستییه‌كی حه‌تمیی ئابووری، ئه‌وه‌ش به ئامانجی به‌هێزكردنی به‌رهه‌مهێنان و ڕكابه‌ری. ئیدی ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ست بێت به كه‌رته نه‌ریتییه‌كانه‌وه كه بۆ پاڵپشتیكردنی به‌رهه‌مهێنانیان و ڕكابه‌ری له ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بیدا ده‌توانن سوود له گه‌شه‌سه‌ندنی خێرای ته‌كنه‌لۆجیا ببینن، یاخود په‌یوه‌ست بێت به زیاتر بایه‌خدان به هاندانی كه‌رته ئابوورییه‌كان كه له‌سه‌ر زانیاری بینا كراون. به شێوه‌یه‌كی گشتی ئاستی كشانی ئه‌م ئابوورییانه و توانای به‌دیهێنانی وه‌رچه‌رخانێكی جۆری و خێرایان له ئه‌دای ئابووریدا، به‌شدار ده‌بێت له دابینكردنی هه‌لی كاری زیاتر بۆ چینی لاوان كه ساڵانه ژماره‌یان ڕوو له زیادبوونه و په‌یوه‌ندی به بازاڕی كاره‌وه ده‌كه‌ن.
ئاستی سوودبینینی ئابوورییه عه‌ره‌بییه‌كان له‌و ده‌ستكه‌وته ئابوورییانه‌ی كه ئه‌م ته‌كنه‌لۆجیایانه دهیڕەخسێنن جیاوازه، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ژماره‌یه‌ك فاكته‌ر كه گرنگترینیان بوونی ستراتیژیه‌تێكی نیشتمانیی ڕوون و چڕوپڕە بۆ هاندانی زیره‌كیی ده‌ستكرد، له‌گه‌ڵ ئاستی ژێرخانی ته‌كنه‌لۆجیی به‌رده‌ست و پێشكه‌وتنی سه‌رمایه‌ی مرۆیی، هه‌روه‌ها ئاستی پێشكه‌وتنی جێبه‌جێكردنی زیره‌كیی ده‌ستكرد، سه‌ره‌ڕای ئاستی دابینكردنی بودجه‌ی پێویست بۆ پشتیوانیكردن له‌م ته‌كنه‌لۆجیایانه. له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه، ئاستی ئاماده‌گیی حكومه‌ته عه‌ره‌بییه‌كانه بۆ پشتیوانیكردن له بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی زیره‌كیی ده‌ستكرد، له‌گه‌ڵ سوودبینین له وه‌رچه‌رخانی دیجیتاڵی له پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كاندا، سروشتی چوارچێوه‌ی ڕێكخراوه‌یی و دامه‌زراوه‌یی حكومه‌ته‌كانیش فاكته‌رێكی دیكه‌یه. بونیاد له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی باس كران، ئه‌م بابه‌ته پاڵپشت به‌و هۆكارانه‌ی باس كران، هه‌وڵی سه‌رپه‌رشتیكردن و به‌راوردكردنی دۆخی ئابوورییه عه‌ره‌بییه‌كان ده‌دات.
ستراتیژەكانی هاندانی ته‌كنه‌لۆجیای دیجیتاڵی و ته‌كنه‌لۆجیاكانی شۆڕشی چواره‌می پیشه‌سازی
له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان، ژماره‌یه‌ك به‌ڵگه هه‌ن كه ده‌یسه‌لمێنن ئاراسته‌ی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان به‌ره‌و ئه‌نجامدانی گۆڕانكاریی جۆری به‌رجه‌سته‌یه له سروشتی په‌یكه‌ره‌ی ئابوورییاندا، ئه‌مه‌ش به‌رمه‌بنای ئه‌و دیدگا و پلاندانانه ستراتیژییانه‌یه كه له ژماره‌یه‌كی زۆری وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ڕاگه‌یه‌نراون، ئاسۆی جێبه‌جێكردنی هه‌ندێكیان ساڵی (2021)ی بۆ دانراوه، هه‌ندێكی دیكه‌شیان ساڵانی (2030) و (2035)یان دیاری كردووه، ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی ده‌گرێته‌وه، له نێویاندا: سعودیه، ئیمارات، عوممان، كوێت، میسڕ، مه‌غریب. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كانی وه‌كوو ئیمارات، ستراتیژی جۆریی داناوه وه‌كوو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ شۆڕشی چواره‌می پیشه‌سازی و وه‌رچه‌رخان به‌ره‌و ئابووریی زانیاری كه تاوه‌كوو ساڵی (2071) درێژ ده‌بێته‌وه كه به “سه‌د ساڵه‌ی ئیمارات” ناسراوه (بڕوانه خشته‌ی ژماره ١).
به‌گوێره‌ی ئه‌و ستراتیژانه، چاوه‌ڕوانی به‌رزبوونه‌وه‌ی بایه‌خدانی ڕێژەیی به كه‌رته‌كانی زیره‌كیی ده‌ستكرد، بهئینتهرنێتكردنی شتومه‌كه‌كان، ته‌كنه‌لۆجیا زیندووهكان، پیشه‌سازییه پێشكه‌وتووه‌كان، گازی شل، گه‌شتیاری، خزمه‌تگوزارییه داراییه‌كان، فڕۆكه‌وانی، چاودێریی ته‌ندروستیی ڕۆبۆتی، كه‌رتی په‌یوه‌ندییه‌كان و ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری له په‌یكه‌ره‌ی ئابوورییه عه‌ره‌بییه‌كاندا ده‌كرێت. له به‌رامبه‌ردا چاوه‌ڕوانی پاشه‌كشه‌یه‌كی بایه‌خدانی ڕێژەیی به كه‌رته‌كانی پیشه‌سازیی ده‌رهێنان (نه‌وت، غاز، ئاسن و فۆسفات) ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ وه‌رچه‌رخان به‌ره‌و ئاراسته‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌مه نرخ به‌رزه‌كان كه له‌بریی هه‌نارده‌كردنی كه‌ره‌سته‌ی خاو، بۆ زنجیره‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م پیشه‌سازییانه زیاد ده‌كرێن.
پاڵپشت به ژماره‌یه‌ك هۆكار، خێرایی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه له‌نێوان ده‌وڵه‌ته‌كاندا جیاوازه، له‌و هۆكارانه‌ش: ئاستی فره‌جۆریی په‌یكه‌ره‌ی ئابووریی ئێستا، توانای سه‌رنجڕاكێشانی وه‌به‌رهێنه‌ران به‌تایبه‌تی ڕاكێشانی سه‌رمایه‌ی ڕاسته‌وخۆی بیانی، ئاستی بوونی سه‌رمایه‌ی مه‌عریفی و ژینگه‌ی بیابانی، پاڵپشتی له چالاكییه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت له بواره‌كانی ته‌كنه‌لۆجیادا كه هاوڕەوتی شۆڕشی چواره‌می پیشه‌سازین.
لێره‌دا ستراتیژ و دیدگای نیشتمانیی په‌یوه‌ندیدار به شۆڕشی چواره‌می پیشه‌سازی و وه‌رچه‌رخانی دیجیتاڵی له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كاندا ده‌خه‌ینه ڕوو:
- سەرچاوە: بڵاوكراوە فەرمییەكانی دەوڵەتە عەرەبییەكان تایبەت بە ستراتیژیەتی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی.
جێگه‌ی ئاماژەپێدانه له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا هه‌ندێك له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان له چوارچێوه‌ی ستراتیژەكانیاندا بۆ وه‌رچه‌رخان به‌ره‌و ئابووریی زانیاری له پێشبڕكێدان، كه ئامانج لێی خۆئاماده‌كردنه بۆ تێكه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی شۆڕشی چواره‌می پیشه‌سازیدا، ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ی گه‌وره‌كردنی هه‌لی سوودبینینی گریمانه‌كراو له ته‌كنه‌لۆجیاكانی شۆڕشی چواره‌می پیشه‌سازی، له نێویاندا زیره‌كیی ده‌ستكرد و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی به‌تایبه‌تی له كاتی بهگهڕخستنیدا لێی ده‌كه‌ونه‌وه كه خۆی له ئاماده‌كردنی كرێكاری نیشتمانی بۆ كاركردن له كه‌رته‌كانی به‌رهه‌مهێنانی زانیاری‌دا ده‌بینێته‌وه. له یه‌كه‌مین ئه‌و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییانه‌ی ئه‌م شێوازه‌یان پهیڕەو كردووه، ئیماراته كه له‌م بواره‌دا به پێشڕەو داده‌نرێت.
هه‌ریه‌كه له ئیمارات، سعودیه، عوممان، قه‌ته‌ر و میسڕ؛ ستراتیژیه‌تی پشتیوانیكردن له زیره‌كیی ده‌ستكردیان دابین كردووه. له به‌رانبه‌ردا ئوردن به‌ره‌و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی نیشتمانی ده‌چێت كه له به‌كارهێنانی زیره‌كیی ده‌ستكرد و ئه‌و بوارانه‌ی كه ده‌بێت جه‌ختیان لێ بكرێته‌وه، دیدگا نیشتمانییه‌كان دیاری ده‌كات. هه‌روه‌ها تونس له ساڵی (2018)ەوه به هاوكاریی ڕێكخراوی یونسكۆ، هه‌وڵی گه‌شه‌پێدانی ستراتیژیه‌تی نیشتمانی بۆ زیره‌كیی ده‌ستكرد ده‌دات، ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ی پشتیوانیكردن له توانای تونسییه‌كان له‌م بواره‌دا، به پێكهێنانی تیمی كاری په‌یوه‌ندیدار به‌م بابه‌ته كه تیایدا له ڕێگه‌ی بودجه‌یه‌كی هاوبه‌شی نێوان وه‌به‌رهێنه‌ران و وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌وه، پسپۆڕانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و ژماره‌یه‌ك له زانا تونسییه‌كان كۆ ده‌كاته‌وه. ئامانجی ئه‌م ستراتیژەش، سوودبینینه له ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد له بواره‌كانی پیشه‌سازی و خزمه‌تگوزاریدا، هه‌روه‌ها دروستكردنی تاقیگه‌ی نوێیه بۆ زیره‌كیی ده‌ستكرد.
ئاماده‌یی ژێرخانی ته‌كنه‌لۆجی و سه‌رمایه‌ی مرۆیی
له لایه‌كی دیكه‌وه به‌گوێره‌ی ئاستی ژێرخانی ته‌كنه‌لۆجی و سه‌رمایه‌ی مرۆیی، توانای ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان بۆ سوودوه‌رگرتن له ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد جیاوازه. به ئامانجی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی پێشبینكراوی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان له ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی داهاتوودا، ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه پاڵپشت به كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر و ڕیزبه‌ندیی جیهانی تایبه‌ت به سوودوه‌رگرتن له ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد و ڕەههندهكانی، هه‌وڵی به‌راوردكردنی ئاستی ئه‌دای ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان ده‌دات. ئه‌و پێوه‌رانه‌ش ئاماده‌یی تۆڕەكان ده‌گرێته‌وه كه له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه له كۆلێجی كارگێڕیی كاری نێوده‌وڵه‌تی (ئینسیاد) و كۆڕبه‌ندیی ئابووریی جیهانی له ساڵی (2020) ئاماده كراون، بایه‌خ به پێوانه‌كردنی ئاستی ئاماده‌یی ده‌وڵه‌تانی جیهان بۆ سوودوه‌رگرتن له ته‌كنه‌لۆجیای دیجیتاڵی ده‌ده‌ن، پاڵپشت به چوار بنه‌مای گرنگ كه ئه‌مانه ده‌گرێته‌وه: ته‌كنه‌لۆجیا، تاكه‌كه‌س، به‌ڕێوه‌بردنێكی هاوسه‌نگ و پلانێكی تۆكمه (حوكمه)، كاریگه‌ری. بۆ ڕیزبه‌ندیی ده‌وڵه‌تانی جیهانیش، پهیڕەوێكی گشتگیر و چه‌ندین دۆزی جۆراوجۆر به‌كار ده‌هێنن كه به توانای به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا ئاینده‌ییه‌كانی وه‌كوو زیره‌كیی ده‌ستكرد و ئینته‌رنێتی (IoT) ده‌ست پێ ده‌كات، تا ده‌گات به ڕۆڵی وه‌رچه‌رخانی دیجیتاڵی له به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وامدا.
یه‌كێك له بنه‌ما لاوه‌كییه‌كانی ڕیزبه‌ندییه‌كه‌ی پێشوو، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئه‌دای ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان له وه‌به‌رهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا دیجیتاڵییه نوێكاندا، له نێویاندا ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد، ئه‌وه‌ش به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ئاستی گه‌شه‌كردنی پێشبینیكراوی داهاتووی ئه‌و ته‌كنه‌لۆجیایانه و به‌كارهێنانیان. بۆ زانینی ئاستی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی، پشت به دوو ڕیزبه‌ندیی دیكه‌ش به‌ستراوه: یه‌كه‌میان ڕیزبه‌ندیی ڕێكخراوی “ویبۆ”یه بۆ پێوانه‌كردنی ئاستی ئاماده‌یی بۆ داهێنان و نوێگه‌ری له سه‌رمایه‌ی مرۆیی‌دا له ساڵی (2020)دا، ئه‌وی دیكه‌یان ڕیزبه‌ندیی بانكی نێوده‌وڵه‌تییه بۆ پێوانه‌كردنی ئاستی ئاسانكاری له دامه‌زراندنی كۆمپانیای نوێ و هۆكاره سه‌رنجڕاكێشه‌كانی وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی و بیانی له هه‌مان ساڵدا.
گه‌شه‌پێدانی زیره‌كیی ده‌ستكرد سه‌رباری هۆكاره‌كانی دیكه، به شێوه‌یه‌كی بنچینه‌یی پشت به سه‌رمایه‌ی مرۆیی ده‌به‌ستێت. بۆیه بۆ به‌راوردكردنی ئاستی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان له باره‌ی سه‌رمایه‌ی مرۆیی به‌گوێره‌ی ڕیزبه‌ندییه‌كه‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تی، گه‌ڕاوینه‌ته‌وه بۆ هه‌ڵوێستی هه‌ندێك له ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی له باره‌ی توانای خوێندكارانیان له بواره‌كانی بیركاری و زانست‌دا (چونكه به بنچینه‌ی گه‌شه‌پێدانی ته‌كنه‌لۆجیای زیره‌كیی ده‌ستكرد داده‌نرێن)، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پشت به به‌رنامه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی نێوده‌وڵه‌تیی خوێندكارانی ڕێكخراوی هاریكاریی ئابووری و گه‌شه‌پێدان (PISA) به‌ستراوه، كه خوێندكارانی قۆناغی ئاماده‌یی گرتووەته‌وه و داتاكانی ساڵی (2018)ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه ده‌رفه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندنی خوێندكارانیان له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا ڕەخساندووه؛ وه‌كوو نموونه وه‌رگرتووه. به‌دوایدا ڕیزبه‌ندیی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی دێت به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی چوار به‌هاره‌كه، به‌پێی ڕیزبه‌ندییان كه له پۆلێنبهندییهكانی پێشوودا ئاماژەی پێ درا (خشته‌ی ژماره ٢).
ده‌ره‌نجامه‌كانی شیكردنه‌وه‌كه ئاماژە به‌وه ده‌كه‌ن بۆ سوودوه‌رگرتن له ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد له ده‌یه‌كانی داهاتوودا، ئیمارات به پێشه‌نگی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان داده‌نرێت، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاره كه به هۆیه‌وه له هه‌موو ڕیزبهندییهكاندا له پله‌كانی پێشه‌وه‌یه. به دوایدا و به جیاوازییه‌كی به‌رچاو وڵاتانی دیكه دێن، هه‌ر چه‌نده هه‌ندێك له ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی ئاماده‌ن بۆ سوودوه‌رگرتن له‌و ته‌كنه‌لۆجیایانه، به‌تایبه‌تی ئوردن و به‌حره‌ین، به‌ڵام بۆ باشكردنی ئاماژەكانی په‌یوه‌ست به ئاماده‌گیی تۆڕەكان و داهێنانكاری بۆ زیاتر گه‌شه‌پێدانی ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد؛ پێویسته له داهاتوودا هه‌وڵی زیاتر بده‌ن. هه‌ریه‌كه له سعودیه و قه‌ته‌ریش ده‌رفه‌تی سوودوه‌رگرتن له‌و تهكنهلۆجیایانهیان هه‌یه. هه‌روه‌ها بۆ به‌دیهێنانی بازدانێكی به‌رجه‌سته له ژماره‌یه‌ك له‌و بوارانه‌ی كه پشتیوانی له زیره‌كیی ده‌ستكرد ده‌كه‌ن، پێویسته ده‌وڵه‌تانی دیكه له ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ی بواره‌كاندا هه‌وڵه‌كانیان چڕتر بكه‌نه‌وه.
ئه‌وه‌ی له‌و باره‌یه‌وه جێگه‌ی ئاماژەپێدانه، بۆ به‌دیهێنانی پێشكه‌وتنێكی به‌رجه‌سته و كێبڕكێی جیهانی له بواری زیره‌كیی ده‌ستكرددا، دابه‌زینی ئاستی سه‌رمایه‌ی مرۆیی به گرنگترینی ئه‌و ئاڵنگارییانه داده‌نرێت كه دووچاری ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی ده‌بێته‌وه، به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه دابه‌زینی ئاستی لێهاتوویی سه‌رمایه‌ی مرۆییه له زۆرینه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ئاماژەیان پێ درا، چونكه هیچیان نه‌یانتوانیوه بگه‌نه تێكڕای نزیكه‌ی نیوه‌ی تۆماركراو له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تانی ڕێكخراوی هاریكاری و گه‌شه‌پێدان، به‌دیاریكراوی له باره‌ی ئاستی خوێندكارانیان له بواره‌كانی بیركاری و زانست‌دا له قۆناغی پێش چوونه زانكۆدا، كه به بناغه‌ی پێشكه‌وتنی ئه‌م زانسته داده‌نرێن.
جێبه‌جێكردنی زیره‌كیی ده‌ستكرد
به‌م دواییانه ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان له چه‌ندین بواردا به‌ره‌و به‌كارهێنانی زیره‌كیی ده‌ستكرد ڕۆیشتوون. له ڕووی جێبه‌جێكردنی زیره‌كیی ده‌ستكرده‌وه و به‌راورد به هه‌رێمه‌كانی دیكه، به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌رێمی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین كه ته‌واوی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت؛ له دۆخێكی باشتردان. به‌گوێره‌ی ئه‌و ڕووپێوییانهی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی بڵاوبوونه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی زیره‌كیی ده‌ستكرد كراون، ده‌ریده‌خات له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كاندا ئاراسته‌كه به‌خێرایی به‌ره‌و جێبه‌جێكردنه. به نموونه؛ به‌گوێره‌ی ڕووپێوییهكی ساڵی (2019)ی په‌یمانگای ماساچوستس بۆ ته‌كنه‌لۆجیا بۆ نزیكه‌ی (1004) به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكار له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، ده‌رده‌كه‌وێت (80%)ی كۆمپانیا گه‌وره‌كان له هه‌رێمی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فەریقا له كۆتایی (2019)دا ده‌ستیان كردووه به جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كانی زیره‌كیی ده‌ستكرد.
به‌گوێره‌ی ئه‌نجامه‌كانی ڕاپرسییه‌كه، ئه‌و بوارانه‌ی له ئێستادا به شێوه‌یه‌كی گه‌وره سوود له ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد وه‌رده‌گرن، بریتین له: خزمه‌تگوزاریی كرێكاران، به‌ڕێوه‌بردنی ته‌كنه‌لۆجیای زانیارییه‌كان، چالاكییه‌كانی پیشه‌سازی و به‌گه‌ڕخستن. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بواره‌كانی: بازاڕسازی، فرۆشتن، توێژینه‌وه و گه‌شه‌پێدان، سه‌رچاوه مرۆییه‌كان، له سه‌ره‌تای ساڵی (2022)دا به شێوه‌یه‌كی گه‌وره سوود له ته‌كنیكه‌كانی زیره‌كیی ده‌ستكرد وه‌ربگرن. هه‌ر چه‌نده به‌راورد به هه‌رێمه جوگرافییه پێشكه‌وتووه‌كان، ئاستی جێبه‌جێكردنی ئه‌م به‌رنامانه هێواشن، به‌ڵام چاره‌كێكی به‌شداربووانی ئه‌م ڕووپێوییه پێشبینیی ئه‌وه ده‌كه‌ن ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد له ماوه‌ی سێ ساڵدا ببنه پشتیوانی له (30%)ی قه‌باره‌ی كاره‌كانی ئه‌و كۆمپانیایانه.
بۆ په‌له‌كردن له جێبه‌جێكردنی زیره‌كیی ده‌ستكرد له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان، ژماره‌یه‌ك ئه‌زموونی ناوازه هه‌ن. له ئیمارات زۆرینه‌ی جێبه‌جێكردنه‌كانی زیره‌كیی ده‌ستكرد له كه‌رتی حكومیدان، ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه بهردهوامهكانیدایه بۆ جێبه‌جێكردنی ستراتیژی زیره‌كیی ده‌ستكرد به ئامانجی به‌كارهێنانی ئه‌و ته‌كنه‌لۆجیایانه بۆ مسۆگه‌ركردنی جۆرێتی و كارایی خزمه‌تگوزارییه حكومییه‌كان، بگره پشتبه‌ستن پێی به ڕێژەی (100%) له پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی هێڵی یه‌كه‌مدا بۆ جه‌ماوه‌ر، ئه‌وه‌ش یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له كه‌مكردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی (50%)ی تێچووی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه حكومییه‌كان. سه‌رباری پشتبه‌ستنی ته‌واوه‌تی به زیره‌كیی ده‌ستكرد له بواره‌كانی: خزمه‌تگوزارییه پزیشكییه‌كان، ڕێكاره ئاسایشییه‌كانی تایبه‌ت به دیاریكردنی ناسنامه، كاروباره ئاساییه‌كان له ساڵی (2031)دا، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ پلانی ساڵی (2071) ئیمارات ده‌گونجێت، كه ئامانج لێی پاڵپشتیكردنی كه‌رته‌كانی ئابووریی زانیاری و دروستكردنی بازاڕی نوێ و پێشه‌نگه له ناوچه‌كه‌دا كه به‌هایه‌كی ئابووریی به‌رزی هه‌یه، چونكه ده‌بێته پاڵپشت بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت و زیادكردنی به‌رهه‌میان، هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆی بنیادنانی بناغه‌یه‌كی به‌هێز له بواری توێژینه‌وه و گه‌شه‌پێداندا.
له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانیدا بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و دیدگایه، وه‌زاره‌تی زیره‌كیی ده‌ستكرد و ئابووریی دیجیتاڵی و جێبه‌جێكردنی كار له دووره‌وه، به ئامانجی په‌له‌كردن له پڕۆسه‌ی وه‌رچه‌رخانی دیجیتاڵیدا، سه‌كۆی كۆد هاب (AL Codehub)ی دروست كردووه كه بیست و چوار پڕۆژەی سه‌رچاوه كراوه له بواری زیره‌كیی ده‌ستكرددا له‌خۆ ده‌گرێت. له كۆی ئه‌و پڕۆژانه، (13) پڕۆژەیان له بواره‌كانی ته‌كنه‌لۆجیای كۆمپیوته‌ریی بینراو، ته‌كنیكه‌كانی ڕامانی كۆمپیوته‌ری، ئه‌و ههستپێكراوانهی له‌سه‌ر تهكنیككاریی زیره‌كیی ده‌ستكرد ڕۆنراون، به مه‌به‌ستی زانینی ناوه‌رۆكی وێنه و مه‌به‌سته پزیشكییه‌كان له نموونه‌ی پشكنینی تۆڕی چاو به پشتبه‌ستن به ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد، به ئامانجی زیادكردنی ئاستی وردبینیی ده‌ستنیشانكردنه پزیشكییه‌كان، سه‌رباری ئه‌گه‌ری به‌گه‌ڕخستنی ئه‌و پڕۆژانه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنادا. جگه له شه‌ش پڕۆژەی دیكه بۆ كۆكردنه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی داتاكان و فێربوونی ئامێره‌كان و ڕێبازی خه‌واریزمی و گه‌شه‌پێدانی ئامرازه‌كانی دۆزینه‌وه‌ی شێوازه‌كان و بڕیاردان، سێ پڕۆژەی دیكه‌ی داهێنانكارانه له‌و بوارانهدان كه شاره‌زایانی زیره‌كیی ده‌ستكرد له سه‌رانسه‌ری جیهاندا گه‌شه‌یان پێ داوه. ئه‌و سه‌كۆیه دوو پڕۆژەی دیكه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت بۆ به‌گه‌ڕخستنی زیره‌كیی ده‌ستكرد له بواری چاره‌سه‌ركردنی زمانی سروشتی و تێگه‌یشتن له ڕێساكانی زمانه جۆراوجۆره‌كان، له نێویاندا تێگه‌یشتن له په‌یكه‌ره‌ی ڕسته‌كان و داڕشتنه‌وه‌یان و ده‌لاله‌ته جۆراوجۆره‌كانیان، هه‌روه‌ها ئه‌و ئامرازانه‌ی به‌شدارن له پڕۆسه‌ی فێربوونی ئامێریدا، سه‌رباری پشتگیریكردنی پرۆگرامه‌كانی په‌یوه‌ست به زمانی عه‌ره‌بی.
هه‌ر له ئیمارات ده‌سته‌ی ڕێگاوبان و گه‌یاندن له ئیماره‌تی دوبه‌ی، له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانیدا بۆ گۆڕینی (25%)ی ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه‌ی گشتی بۆ ئامرازه خۆڕەوهكان به هاتنی ساڵی (2030)، ده‌ستی كردووه به تاقیكردنه‌وه‌ی به‌گه‌ڕخستنی ئامێره خۆڕەوهكان. سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه، ده‌زگا ته‌ناهییه‌كان ته‌كنیكه‌كانی زیره‌كیی ده‌ستكرد بۆ دیاریكردنی گومانلێكراون به‌كار ده‌هێنن، به نموونه له ساڵی (2018)دا ئه‌و ته‌كنه‌لۆجیایانه له ده‌ستگیركردنی (550) گومان‌لێكراو یارمه‌تیده‌ر بوون.
له سعودیه له چوارچێوه‌ی “دیدگای شانشینی عه‌ره‌بیی سعودیی 2030″، له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵێك پلان و ده‌ستپێشخه‌ری و به‌رنامه‌وه، ئاراسته‌یه‌كی ڕوونی وه‌رچه‌رخان به‌ره‌و ئابووریی زانیاری هه‌یه كه دواترینیان ڕاگه‌یاندنی پڕۆژەی “نیۆم”ە، كه به زه‌به‌لاحترین پڕۆژەی بنیادنانی شاری زیره‌ك له جیهاندا داده‌نرێت كه پشت به وزه‌ی پاك ده‌به‌ستێت.
ئه‌و پڕۆژەیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بڕی تێچوونه‌كه‌ی بگاته (500) ملیار دۆلار، نۆ كه‌رتی وه‌به‌رهێنانی تایبه‌تمه‌ند له بواره‌كانی: ئایندهی وزه، ئاو، گواستنه‌وه، ته‌كنه‌لۆجیای زیره‌ك، خۆراك، زانستی ته‌كنه‌لۆجیا و دیجیتاڵی، پیشه‌سازیی پێشكه‌وتوو، میدیا و وه‌به‌رهێنانی میدیایی، كاتبه‌سه‌ربردن و خۆشبژێوی ده‌گرێته‌وه. هه‌ر له چوارچێوه‌ی پڕۆژەكهدا، كار ده‌كرێت بۆ فراوانكردنی هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ی زیره‌ك كه له ئۆتۆمبێلی خۆڕەوەوە ده‌ست پێ ده‌كات هه‌تا فڕۆكه‌ی خۆڕەو، جگه له شێوازی هاوچه‌رخی كشتوكاڵ و به‌رهه‌مهێنانی خۆراك، چاودێریی ته‌ندروستی كه جه‌خت ده‌كاته سه‌ر مرۆڤ و چوارده‌وره‌كه‌ی له پێناوی خۆشگوزه‌رانیدا، تۆڕی خۆڕایی و زۆر خێرای ئینته‌رنێت كه به “هه‌وای دیجیتاڵی” ناو ده‌برێت، خوێندنی خۆڕایی به‌رده‌وام له ڕێگه‌ی تۆڕی ئینته‌رنێته‌وه به به‌رزترین پێوه‌ری جیهانی، خزمه‌تگوزاریی دیجیتاڵیی هه‌مه‌گیریی حكومه‌ت.
له عوممان، كۆمپانیای گه‌شه‌پێدانی نه‌وتی عوممان له بواره‌كانی: كاركردن له‌سه‌ر ته‌واوكردنی پڕۆسه ڕۆبۆتییهكان، هه‌واڵدان له باره‌ی له‌كاركه‌وتنی ئامێره‌كان به به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد، چاودێریكردنی كه‌لوپه‌له دووره‌كان و هێڵی بۆرییه‌كان به شێوه‌یه‌كی ئالی و له دووره‌وه له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد و ئه‌و فڕۆكانه‌ی خۆیان ده‌فڕن، ته‌كنه‌لۆجیای تازه‌گه‌شه‌كردوو؛ به‌رنامه‌كانی “نه‌وه خێراكان” به‌كار ده‌هێنێت.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه زانكۆی سوڵتان قابوس به شێوه‌یه‌كی گه‌وره له بواری به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرددا چالاك بووه، سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و زانیارییه‌كان چه‌ندین پڕۆژەی په‌یوه‌ندیداری به شۆڕشی چواره‌می پیشه‌سازی جێبه‌جێ كردووه، له نێویاندا: پڕۆژەی زیره‌ك، سیستمی دیاریكردن و دابینكردنی چاودێریی ته‌ندروستی له دووره‌وه، سیستمی كه‌شتیوانی به به‌كارهێنانی ڕۆبۆتی ئاراسته‌كراو به ته‌كنه‌لۆجیای فێركراوی قووڵ، به‌ڕێوه‌بردنی ئاو له ناوچه ئاوهدانهكاندا، ته‌كنه‌لۆجیای زیره‌كیی ده‌ستكرد له تۆڕە زیره‌كه‌كانی ده‌ماردا كه بۆ ده‌ستنیشانكردنی پزیشكی به‌كار ده‌هێنرێت.
له سه‌روبه‌ندی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، به ئامانجی به‌رگرتن له كاریگه‌رییه‌كانی په‌تاكه، توێژەران له نه‌خۆشخانه‌ی زانكۆی سوڵتان قابوس به هه‌ماهه‌نگیی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه پزیشكییه‌كان و كۆمپانیای وزه‌ی عوممان، بۆ چاودێریكردن و پشكنینی نه‌خۆشانی ڤایرۆسی كۆڤید نۆزده، ده‌ستیان كرد به جێبه‌جێكردنی زیره‌كیی ده‌ستكرد (بواره پارێزراوه‌كان).
له میسڕ، له چوارچێوه‌ی ستراتیژی زیره‌كیی ده‌ستكرددا، وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان و ته‌كنه‌لۆجیای زانیاریی سه‌نته‌ری داهێنانكاری بۆ جێبه‌جێكردنی زیره‌كیی ده‌ستكرد دامه‌زارند، به ئامانجی بایه‌خدان به‌و بوارانه‌ی جێگه‌ی گرنگیپێدانی ستراتیژەكهن، كه له قۆناغی یه‌كه‌مدا خۆی له كه‌رتی چاودێریی ته‌ندروستی و دۆزینه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێی نه‌خۆشییه‌كان، كشتوكاڵ، ئاو، چاره‌سه‌ری زمانی عه‌ره‌بی، وه‌رگێڕانی ئالی؛ ده‌بینێته‌وه.
سه‌رباری خێرایی ئاستی جێبه‌جێكردنی زیره‌كیی ده‌ستكرد له ژماره‌یه‌ك له ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بیدا، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی كۆمپانیاكان و پڕۆسه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، كۆمه‌ڵێك ئاڵنگاری هه‌ن كه له‌مپه‌رن له‌به‌رده‌م زیاتر فراوانكردنی جێبه‌جێكردنی ئه‌و تهكنهلۆجیایانهدا، له‌سه‌رووی هه‌موو ئاڵنگارییهكانهوه ئاستی لێهاتوویی سه‌رمایه‌ی مرۆیی و كه‌میی كادری پسپۆڕە له‌م بواره‌دا، جگه له ئاستی فه‌راهه‌مكردن و جۆرێتیی زانیارییه‌كان، ئاڵنگارییه‌كانی دیكه‌ش په‌یوه‌ندییان به ژینگه‌ی ڕێكخراوه‌یی و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی تێچوونی جێبه‌جێكردنی ئه‌و تهكنهلۆجیایانهوه هه‌یه.
سه‌رمایه‌ی مرۆیی و كۆكردنه‌وه‌ی شاره‌زاكان
بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی یه‌كێك له دیارترین ئاڵنگارییه‌كان كه دووچاری گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كاندا ده‌بێته‌وه، به‌م دواییانه داموده‌زگا فێركارییه‌كان به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌ستیان كردووه به كردنه‌وه‌ی ئه‌و كۆلێجانه‌ی له بواری زیره‌كیی ده‌ستكرددا تایبه‌تمه‌ندن.
له ئوردن، ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ی زانكۆكان له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا ده‌ستیان كردووه به خوێندنی ئه‌و به‌رنامانه‌ی په‌یوه‌ندییان به زیره‌كیی ده‌ستكرده‌وه هه‌یه، به نموونه هه‌ریه‌كه له زانكۆكانی به‌لقا، یه‌رمووك، زه‌یتوونه؛ جه‌خت ده‌كه‌نه سه‌ر بنیادنانی توانای خوێندكاران بۆ فێربوونی پێداویستییه‌كانی ئه‌و پیشانه‌ی له داهاتوودا له چوارچێوه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی شۆڕشی چواره‌می پیشه‌سازیدا دێنه كایه‌وه. به ئامانجی ئه‌وه‌ی ده‌رچووانی زانكۆ له بازاڕی كاردا كاریان ده‌ست بكه‌وێ، له‌و زانكۆیانه‌دا به‌رنامه‌كانی پرۆگرامسازی، دیزاینكردنی به‌رنامه زیره‌كه‌كان، گه‌شه‌پێدانی ڕۆبۆته‌كان، ئه‌ندازه‌ی پشكنینی داتاكان و گێڕانه‌وه‌ی زانیارییه‌كان، به‌ڕێوه‌بردنی سیستمه زیره‌كه‌كان و پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كان؛ ده‌خوێنرێن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ئیمارات مكوڕە له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی تواناكان له‌سه‌ر ئاستی زیره‌كیی ده‌ستكرد له ژماره‌یه‌كی زۆری بواره‌كاندا، به جۆرێك ته‌نها له قۆناغی زانكۆدا كۆ نابێته‌وه، به‌ڵكوو كۆلێجی باڵای ته‌كنیكیی “ئه‌كادیمیای زیره‌كیی ده‌ستكرد” كه به یه‌كه‌مینی له‌و جۆره له وڵات‌دا داده‌نرێت، به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ “به‌رنامه‌ی نیشتمانی بۆ زیره‌كیی ده‌ستكرد”، له ڕێگای به‌رنامه‌یه‌كی فێركاری و ڕاهێنانه‌وه ده‌ستی كردووه به ڕاهێنانی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت له بواری زیره‌كیی ده‌ستكرددا، به مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی ستراتیژی نیشتمانیی زیره‌كیی ده‌ستكرد (2031).
هه‌ر چی له ڕووی خوێندنی زانكۆیی و ڕەههندی زانكۆییه، له ئیمارات یه‌كه‌م زانكۆ بۆ خوێندنی باڵای زیره‌كیی ده‌ستكرد دامه‌زرێنراوه كه خۆی له زانكۆی محه‌مه‌د بن زاید بۆ زیره‌كیی ده‌ستكرد له ئه‌بوزه‌بی ده‌بینێته‌وه. ئه‌و زانكۆیه وه‌كوو دامه‌زراوه‌یه‌كی فێركاریی خوێندنی باڵا، جه‌خت ده‌كاته سه‌ر توێژینه‌وه‌ی زانستی به ئامانجی پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌ی تایبه‌تمه‌ند له بواری زیره‌كیی ده‌ستكرددا بۆ پشتیوانیكردن له كاروانی توێژینه‌وه و گه‌شه‌پێدانی زانستی و دروستكردنی مه‌عریفه. هه‌روه‌ها زانكۆكانی دیكه‌ش ده‌ستیان كردووه به دانانی به‌رنامه‌ی زانكۆیی له بواری زیره‌كیی ده‌ستكرددا. به‌م دواییانه‌ش زانكۆی سۆربۆن له ئه‌بوزه‌بی بۆ ئاماده‌كردنی خوێندكارانی زانكۆ له‌م بواره‌دا له سه‌ره‌تای ساڵی خوێندنی (2021-2022)، به‌رنامه‌یه‌كی نوێی ڕاگه‌یاندووه. له هه‌موو زانكۆكانی دیكه‌ی ئیماراتدا، پسپۆڕی زیره‌كیی ده‌ستكرد و فێربوونی ئامێره‌كان هه‌ن.
ئیمارات به‌وه جیا ده‌كرێته‌وه كه به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ زانكۆی ئۆكسفۆردی به‌ریتانی، ده‌ستی كردووه به خوێندنی پرۆگرامی فێركاریی ته‌كنه‌لۆجی و خوارزمی زیره‌كیی ده‌ستكرد له قوتابخانهكانیدا، ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانیدایه بۆ وه‌به‌رهێنان له بیناكردنی نه‌وه‌كانی ئاینده و هاوڵاتیی شاره‌زا له ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرددا.
له به‌حره‌ینیش به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ سندووقی كاری به‌حره‌ینی و كۆمپانیای مایكرۆسۆفت، ئه‌كادیمیای زیره‌كیی ده‌ستكرد له كۆلێجی ته‌كنه‌لۆجیی به‌حره‌ین دامه‌زرێنراوه. ئامانج لێی بنیادنانی توانایه له‌و بواره، بۆ یارمه‌تیدانی بازاڕی كار به كادری پسپۆڕ له بواره‌كانی زیره‌كیی ده‌ستكرد و زانستی داتاكان و شیكردنه‌وه‌یان و بنچینه‌كانی فێربوونی قووڵی ئامێره‌كاندا.
له سعودیه به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان و ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری، ئه‌كادیمی دیجیتاڵیی سعودیه دامه‌زرێنراوه، به مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی كارمه‌ندی پسپۆڕ له بواری زیره‌كیی ده‌ستكرددا بۆ چاودێریكردنی داهێنه‌ران له‌م بواره‌دا، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ندی جۆری و گرێدانی دامه‌زراوه فێركارییه‌كانه به بازاڕی كاره‌وه، بۆ جێبه‌جێكردنی تاقیكردنه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه پێشه‌نگه‌كانی په‌یوه‌ست به شۆڕشی چواره‌می پیشه‌سازی.
له میسڕ، بواری زیره‌كیی ده‌ستكرد پشتیوانی له دابینكردنی پازده كۆلێجی كۆمپیوته‌ر و زانیاری له زانكۆكانی میسڕدا ده‌كات، به بوونی (1550) مامۆستا و یاریده‌ده‌ری پسپۆڕ له زانست و ئه‌ندازه‌ی كۆمپیوته‌ردا، نزیكه‌ی چل و حه‌وت هه‌زار خوێندكار له‌و كۆلێجانهدا ده‌خوێنن و ساڵانه (3200) ده‌رده‌چن.
سه‌رباری ئه‌وانه، له میانی ساڵی خوێندنی (2020-2021)دا، حه‌وت زانكۆ به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به بواری زیره‌كیی ده‌ستكرد دابین ده‌كه‌ن، ئیدی له ڕێگه‌ی دروستكردنی كۆلێجی نوێ یان كۆلێجەكانی دیكه بێت، یاخود پێشكه‌شكردنی خولی فێركاریی تایبه‌تمه‌ند بێت، هه‌ندێكیان سوود له هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان و ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری ده‌بینن. ئه‌مه‌ش له سایه‌ی بایه‌خدان دێت به ئاماده‌كردنی كادری مرۆیی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پێداویسته ڕوو له زیادبووهكانی ئه‌م بواره له داهاتوودا، به جۆرێك كه له‌گه‌ڵ بازاڕی كاردا بگونجێت. سه‌رباری ئه‌وانه، زانكۆ تایبه‌ت و حكومییه‌كان له میسڕ له نموونه‌ی زانكۆی نیل و زانكۆی ئه‌ڵمانی له میسڕ، به‌م دواییانه جه‌خت ده‌كه‌نه سه‌ر ئه‌و پسپۆڕییانه.
به‌ده‌ر له هه‌موو ئه‌وانه، دوو كۆلێجی نوێی تایبه‌ت به زیره‌كیی ده‌ستكرد له میسڕ داده‌مه‌زرێنرێن، ده كۆلێجی نوێ له بواری زانستی كۆمپیوته‌ر و زانیارییه‌كاندا ده‌كرێنه‌وه، جگه له دروستكردنی زانكۆی میسڕی بۆ ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری كه ئه‌م كۆلێجانه له‌خۆی ده‌گرێت: زیره‌كیی ده‌ستكرد، زانستی كۆمپیوته‌ر، تۆڕەكان و سیستمی زانیاری، ئه‌ندازه‌ی زانیاری. هه‌روه‌ها جه‌خت ده‌كرێته سه‌ر ئۆفه‌ری زانستی بۆ ئیفادكردنی خوێندكارانی میسڕ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ خوێندن له‌م پسپۆڕییانه‌دا كه تێچووی گشتی ده‌گاته (300) ملیۆن جونه‌یهی میسڕی، بۆ خوێندنی پسپۆڕییه‌كانی زیره‌كیی ده‌ستكرد له هه‌ریه‌كه له: ئه‌مه‌ریكا، كه‌نه‌دا، ئه‌ڵمانیا، ئینگلته‌را، ژاپۆن، فهڕەنسا، ڕووسیا… تاد.
له عوممان، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كان و ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ری ساس بۆ شۆڕشی چواره‌می پیشه‌سازی، به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت به زیره‌كیی ده‌ستكرد به‌ڕێوه ده‌بات، كه ماوه‌ی شه‌ش مانگ ده‌خایه‌نێت به مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی توێژەران بۆ كاركردن له پسپۆڕییه‌كانی ئه‌م بواره‌دا.
له مه‌غریب، كۆلێجی ئه‌ندازه‌ی دیجیتاڵی و زیره‌كیی ده‌ستكرد له شاری فاس دامه‌زرێنراوه كه سه‌ر به زانكۆی ئۆرۆناڤینیه، تاوه‌كوو ببێته یه‌كه‌م كۆلێجی له‌و شێوه‌یه له مه‌غریب و ئهفەریقادا، كه ئامانجی ئه‌وه‌یه ساڵانه ڕاهێنان به سه‌د خوێندكار بكات بۆ خوێندنی: زانستی ڕۆبۆته‌كان و هاوكاری له‌نێوان مرۆڤ و ئامێره‌كان، زیره‌كیی ده‌ستكرد، ئاسایشی ئه‌لیكترۆنی، ته‌كنیكی وێب و مۆبایل و داتا زه‌به‌لاحه‌كان.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئاماژەپێدانه، گرنگیی هاوبه‌شییه له‌نێوان دامه‌زراوه فێركارییه‌كان و دامه‌زراوه‌كانی پێگه‌یاندنی پیشه‌كاران و شاره‌زایانی بواری ته‌كنیكه‌كانی زیره‌كیی ده‌ستكرددا، ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی له‌م بواره‌دا كار ده‌كه‌ن، یاخود له ڕێگه‌ی هاوكاری له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه كه له بواری گه‌شه‌پێدانی ئه‌م تهكنهلۆجیایانهدا كار ده‌كه‌ن، سه‌رباری به‌رنامه‌ی هاوكاریی زانستی و پیشه‌یی له‌گه‌ڵ زانكۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئیفادكردنی خوێندكاران له نێرده فێركارییه‌كاندا له‌م بواره‌دا بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، وه‌كوو میكانیزمێكی گرنگ بۆ به‌هێزكردنی سه‌رمایه‌ی مرۆیی پسپۆڕ له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كاندا.
له لایه‌كی دیكه‌وه هه‌ندێك له به‌رنامه‌كانی ڕاهێنان و پیشه‌یی له هه‌ندێك له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كاندا جه‌خت ده‌كه‌نه سه‌ر به‌هێزكردنی شاره‌زایی كارمه‌ندانی بازاڕی كاری زیره‌كیی ده‌ستكرد و چۆنێتیی سوودبینینی نموونه‌یی له‌و ته‌كنه‌لۆجیایانه، له‌م بواره‌دا هاوبه‌شیی نێوان كۆمپانیای مایكرۆسۆفت و په‌یمانگای ئینساد بۆ خوێندنی باڵا له بواری به‌ڕێوه‌بردنی كار له فهڕەنسا بۆ دامه‌زراندنی قوتابخانه‌ی مایكرۆسۆفت بۆ زیره‌كیی ده‌ستكرد؛ نموویه‌كی به‌رچاوه، چونكه ناوه‌رۆكی زانیارییه‌كانی بۆ به‌ڕێوه‌به‌ریی كۆمپانیاكان له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فەریقا به‌بێ به‌رانبه‌ر به‌رده‌ستن، تاوه‌كوو تێگه‌یشتنیان له‌م بواره‌دا قووڵ بكه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌م قوتابخانه‌یه هاوكاریی سه‌كۆی مایكرۆسۆفت بۆ كۆمپیوته‌ری هه‌وری ده‌كات (Microsoft Cloud Society) كه پسپۆڕانی بواری ته‌كنه‌لۆجیای زانیارییه‌كان كۆ ده‌كاته‌وه، به ئامانجی پڕۆسه‌ی ڕاهێنان و دووباره ئاماده‌كردنه‌وه‌ی كارمه‌ندانی بواری ته‌كنه‌لۆجیای زانیارییه‌كان له بواری زیره‌كیی ده‌ستكرددا.
له لایه‌كی دیكه‌وه هه‌ندێك له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان له هه‌وڵی كێشكردن و سه‌رنجڕاكێشانی زیاتری شاره‌زا و پسپۆڕەكانی بواری زیره‌كیی ده‌ستكرددان، دیارترین ئه‌زموونی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان له‌م باره‌یه‌وه ئه‌زموونی ئیماراتە كه بۆ سه‌رنجڕاكێشانی پسپۆڕانی بیانیی ئه‌و بواره چه‌ندین هاندانی پهیڕەو كردووه، له نموونه‌ی هه‌لی ده‌ستكه‌وتنی مانه‌وه‌ی درێژخایه‌نی له‌ناو ده‌وڵه‌تدا پێ به‌خشیون، سه‌رباری پێدانی هاندان به‌و خوێندكارانه‌ی ڕوویان كردووەته‌وه ئیمارات تاوه‌كوو له بواری زیره‌كیی ده‌ستكرددا بخوێنن، به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی بمێننه‌وه و به پسپۆڕییه‌كانیان یارمه‌تیی بازاڕی كار بده‌ن.
دابینكردنی بودجه بۆ پڕۆژەكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد
كه‌ناڵه‌كانی دابینكردنی بودجه بۆ پڕۆژەكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا جیاوازن، هه‌ندێك له ده‌وڵه‌تان پشت به بودجه‌ی حكومه‌ت ده‌به‌ستن، هه‌ندێكی دیكه‌یان بۆ دابینكردنی پاره بۆ ئه‌و پڕۆژانه پشت به سندووقی سامانه نیشتمانییه‌كان ده‌به‌ستن، ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی پشت به كه‌ناڵی دیكه ده‌به‌ستن، به‌م شێوه‌یه:
له تونس وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هاوكاری له‌گه‌ڵ هاوتاكه‌ی له مه‌غریب ده‌كات، به مه‌به‌ستی دروستكردنی تاقیگه‌یه‌كی توێژینه‌وه‌ی زانستی به بودجه‌ی هاوبه‌ش له بواری زیره‌كیی ده‌ستكرددا بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ.
له سعودیه، سندووقی وه‌به‌رهێنانه گشتییه‌كان و كۆمه‌ڵه‌ی “سۆفت بانك” ڕایانگه‌یاند “سندووقی دیدگای سۆفت بانك” به سه‌رمایه‌ی سه‌د ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی داده‌مه‌زرێنن، وه‌كوو گه‌وره‌ترین سندووق بۆ وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی ته‌كنه‌لۆجیا له جیهاندا، كه به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت جه‌خت ده‌كاته سه‌ر وه‌به‌رهێنان له بواری ڕۆبۆت و زیره‌كیی ده‌ستكرددا.
ته‌وه‌ری گۆڕانكاریی ته‌كنه‌لۆجی به لایه‌نێكی ته‌واوكاریی ستراتیژی وه‌به‌رهێنان له سندووقی وه‌به‌رهێنانی گشتی داده‌نرێت، به جۆرێك له‌گه‌ڵ دیدگای (2030) بۆ په‌یبردن به گرنگیی لایه‌نی ژێرخانی دیجیتاڵی له پاڵپشتیكردنی چالاكییه پیشه‌سازییه پێشكه‌وتووه‌كاندا هاوشانی یه‌كتر ده‌ڕۆن. هه‌روه‌ها له پێناوی دیاریكردن و بنیادنانی هه‌ل له‌م بواره‌دا، جه‌خت ده‌كاته سه‌ر گرنگیی هاوكاریی نێوان كه‌رتی تایبه‌ت و گشتی. له‌م باره‌یه‌وه جێگه‌ی ئاماژەپێدانه پڕۆژەی “نیۆم” به تێچووی نزیكه‌ی (500) ملیار دۆلار كه ئامانجی وه‌به‌رهێنانه له ته‌كنه‌لۆجیاكانی شۆڕشی چواره‌می پیشه‌سازیدا كه گرنگترینیان زیره‌كیی ده‌ستكرده، بودجه‌كه‌ی له ڕێگه‌ی هاوبه‌شیی نێوان سندووقی وه‌به‌رهێنانه گشتییه‌كان و وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی و جیهانی دابین ده‌كرێت.
هه‌ر چی له عوممانه، سندووقی عوممانی بۆ ته‌كنه‌لۆجیا بۆ كۆمپانیا ته‌كنه‌لۆجییه‌كان و پێشه‌نگانی كار له ڕێگه‌ی سێ به‌رنامه‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه، وه‌به‌رهێنان و ڕێنمایی پێویستی ده‌ركردووه كه جه‌خت ده‌كه‌نه سه‌ر: پشتیوانیكردنی ته‌كنه‌لۆجیا تازه‌گه‌شه‌كردووه‌كان له بواره‌كانی ته‌كنه‌لۆجیای زیندوو، بهئینتهرنێتكردنی شتومه‌كه‌كان له بواری پیشه‌سازیدا، زیره‌كیی ده‌ستكرد، شاره زیره‌كه‌كان، ناوه‌نده دیجیتاڵییه‌كان، بازرگانیی ئه‌لیكترۆنی و ڕیكلام.
میسڕ له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی دابینكردنی پاره بۆ توێژینه‌وه له بواری زیره‌كیی ده‌ستكرددا كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌وه دابین ده‌كرێت، ده‌ستی كردووه به: دابینكردنی ئۆفه‌ر بۆ بیناكردنی توانای توێژەران، دروستكردنی سه‌نته‌ری تایبه‌تمه‌ندیی زانستی، جه‌ختكردنه سه‌ر بیناكردنی توانای كارگه‌كان، سه‌رباری به‌رنامه‌ی دیكه بۆ پاڵپشتیكردنی توێژینه‌وه بنچینه‌یی و كردارییه‌كان. جگه له‌وانه‌ی باس كران، حكومه‌ت جه‌خت ده‌كاته سه‌ر پێشكه‌شكردنی كۆمه‌كی دارایی و هونه‌ری بۆ كۆمپانیا تازه‌گه‌شه‌كردووه‌كان له بواری زیره‌كیی ده‌ستكرددا.
له چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی ده‌ستپێشخه‌ریی “ده‌رفه‌تی دیجیتاڵیمان” كه ئامانجی گه‌شه‌پێدانی كۆمپانیا بچووك و مامناوه‌ندی و زۆر بچووكه‌كانه كه له بواری په‌یوه‌ندییه‌كان و ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری و كاراكردنی ڕۆڵیان له سیستمی وه‌رچه‌رخانی دیجیتاڵی و تایبه‌ت به زیره‌كیی ده‌ستكرد كار ده‌كه‌ن، وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان و ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری ڕایگه‌یاندووه به هاوكاری له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ئه‌مازۆن وێب سێرڤهرزی جیهانی به‌رنامه‌یه‌كیان داڕشتووه بۆ ڕاهێنانی (500) ڕاهێنه‌ر كه له كۆمپانیا بچووك و مامناوه‌ندییه‌كانی بواری زیره‌كیی ده‌ستكرد و فێربوونی ئامێره‌كان به به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیاكانی كۆمپیوته‌ری هه‌وری كار ده‌كه‌ن.
چوارچێوه‌ی ڕێكخراوه‌یی و دامه‌زراوه‌یی زیره‌كیی ده‌ستكرد
چوارچێوه ڕێكخراوه‌یی و دامه‌زراوه‌ییه‌كان له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كاندا جیاوازن، به جۆرێك هه‌ندێك له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان په‌نایان بردووەته به‌ر ڕاسپاردنی یه‌كێك له لایه‌نه حكومییه‌كان بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كان له‌م بواره‌دا، له كاتێكدا هه‌ندێك له ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی په‌نایان بردووەته به‌ر دامه‌زراندنی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته. هه‌روه‌ها هه‌وڵی هه‌ندێك له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان ته‌رخان كراوه بۆ ده‌رچوواندنی یاسا بۆ پشتیوانیكردنی ئه‌م ته‌كنه‌لۆجیایانه، كه جه‌خت ده‌كه‌نه سه‌ر دانانی چوارچێوه‌ی ڕێكخراوه‌یی پێویست بۆ ڕێكخستنی به‌كارهێنانی كرداریی ئه‌م ته‌كنه‌لۆجیایانه.
ئیمارات هه‌وڵ ده‌دات بۆ دروستكردنی چوارچێوه‌یه‌كی ڕێكخراوه‌یی و دامه‌زراوه‌یی چڕ‌وپڕ بۆ ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد، كه به دروستكردنی وه‌زاره‌تی زیره‌كیی ده‌ستكرد ده‌ست پێ ده‌كات كه له‌و بواره‌دا یه‌كه‌مینه، تاوه‌كوو به شێوه‌یه‌كی بنهڕەتی په‌یوه‌ندیدار بێت به دانانی پلانی پێویست بۆ به‌دیهێنانی ستراتیژیه‌تی ئیمارات بۆ زیره‌كیی ده‌ستكرد، سه‌رباری دروستكردنی تیمی كار له‌گه‌ڵ سه‌رۆكانی جێبه‌جێكار بۆ ئافراندن له لایه‌نه حكومییه‌كاندا، هه‌روه‌ها به‌رنامه و ده‌ستپێشخه‌ریی تایبه‌ت به زیره‌كیی ده‌ستكردی ده‌ست پێ كردووه، له نێویاندا ڕێكخستنی سه‌ردانی مه‌یدانی بۆ لایه‌نه حكومییه‌كان بۆ تێگه‌یشتن له كه‌رتی زیره‌كیی ده‌ستكرد، ڕێكخستن و پاڵپشتیكردنی وۆركشۆپ له هه‌موو لایه‌نه حكومییه‌كاندا له باره‌ی ئامرازه جێبه‌جێكارییه‌كانی زیره‌كیی ده‌ستكرد له ته‌واوی بواره‌كانی كاری حكومه‌تدا، ڕێكخستنی لوتكه‌ی ساڵانه‌ی جیهانی، ڕێكخستنی پێشبڕكێی حكومی بۆ زیره‌كیی ده‌ستكرد.
سه‌رباری هه‌وڵه‌كانی بۆ سه‌ركردایه‌تیی ستراتیژی له ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نێكی ڕاوێژكاری بۆ زیره‌كیی ده‌ستكرد، ئیمارات له ده‌رچوواندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی یاسای حكومی له باره‌ی به‌كارهێنانی پارێزراویی زیره‌كیی ده‌ستكرد یه‌كه‌مه له ناوچه‌كه‌دا، به جۆرێك خاوه‌نی یه‌كه‌مین به‌ڵگه‌نامه‌ی جیهانییه له دیاریكردنی ڕێكاره زامنكراوهكان بۆ به‌كارهێنانێكی پارێزراو و دروستیی جیهانیی زیره‌كی ده‌ستكرد.
ده‌سته‌ی ڕێگه‌وبان و گواستنه‌وه له ئیماره‌تی دوبه‌ی، به ئامانجی ڕێكخستنی به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێله خۆڕەوهكان، یاسای ڕێكخستنی به‌كارهێنانی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی ده‌ركردووه به جۆرێك هه‌ر لایه‌نێك ئاره‌زوومه‌نده كار به‌و ئۆتۆمبێلانه بكات و تاقیی بكاته‌وه، ده‌بێت پێشوه‌خت هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌كه‌دا بكات. هه‌روه‌ها یاساكان ڕۆڵی ده‌سته‌كه‌ی ڕێك خستووه، به‌و پێیه‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره به ده‌رچوواندنی مۆڵه‌تی كاركردن له‌م بواره‌دا، به‌و جۆره‌ی له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی ئاسایش و سه‌لامه‌تیی پهیڕەوكراودا ده‌گونجێت.
له به‌حره‌ین به ئامانجی به‌دیهێنانی دیدگای شانشینه‌كه له (2030)دا، ده‌سته‌ی زانیارییه‌كان و حكومه‌تی ئه‌لیكترۆنی لایه‌نی چه‌ق و پێشه‌نگه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی حكومه‌تی دیجیتاڵی له شانشینی به‌حره‌یندا، هه‌روه‌ها بۆ یارمه‌تیدانی كه‌رته حكومییه‌كان له جێبه‌جێكردنی ژماره‌یه‌ك ده‌ستپێشخه‌ریی پێشه‌نگ له‌و بواره‌دا، به‌تایبه‌تی ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به جێبه‌جێكردنی ته‌كنه‌لۆجیا هاوچه‌رخه‌كانه‌وه، له نموونه‌ی زیره‌كیی ده‌ستكرد و بلۆكچین كه بۆ هێنانه‌كایه‌ی وه‌رچه‌رخان له پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی لێی ده‌كه‌وێته‌وه؛ پشتی پێ ده‌به‌سترێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌سته‌ی زانیارییه‌كان و حكومه‌تی ئه‌لیكترۆنی كار له‌سه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌كات بۆ پهیڕەوكردنی شێوازی زیره‌كیی ده‌ستكردی گشتی، كه به هۆیه‌وه به به‌شداریكردنی كارمه‌ندان و ئه‌زموونی فه‌رمانبه‌ران ده‌كرێت بازدانێكی جۆری به‌دی بهێنرێت.
له میسڕ، بۆ جێبه‌جێكردنی ستراتیژیه‌تی نیشتمانی بۆ زیره‌كیی ده‌ستكرد (2019-2024)، هه‌ریه‌كه له وه‌زاره‌ته‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كان و ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هاوكاریی یه‌كتر ده‌كه‌ن، ستراتیژەكه جه‌خت ده‌كاته سه‌ر دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كه خۆی له هۆشیاركردنه‌وه له ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد و ئاماده‌كردنی به‌رنامه بۆ بیناكردنی توانا و ڕاهێنانی هێزی كار له‌م بواره‌دا ده‌بینێته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ په‌یمانگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و زانكۆ جیهانییه‌كان ده‌كرێت، به ئامانجی دروستكردنی بناغه‌یه‌ك له شاره‌زایانی پسپۆڕ له‌م بواره‌دا.
له لایه‌كی دیكه‌وه میسڕ كار ده‌كات بۆ گه‌شه‌پێدانی چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی بۆ زامنكردنی به‌كارهێنانێكی به‌رپرسانه‌ی ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد، به جۆرێك یارمه‌تیده‌ر بێت له پاڵپشتیكردنی ژینگه‌ی ڕێكخراوه‌یی ئه‌م ته‌كنه‌لۆجیایانه و به‌هێزكردنی ڕكابه‌ریی میسڕ له‌م بواره‌دا، هه‌روه‌ها بۆ كۆكردنه‌وه‌ی به‌هره و ئافراندنهكان له‌م بواره‌دا پاڵپشتیی تواناكانی بكات.
له قه‌ته‌ر، په‌یمانگای قه‌ته‌ر بۆ توێژینه‌وه‌ی كۆمپیوته‌ری سه‌ر به زانكۆی حه‌مه‌د بن خه‌لیفه، ناوه‌ندی قه‌ته‌ر بۆ توێژینه‌وه‌ی كۆمپیوته‌ری بۆ زیره‌كیی ده‌ستكرد دامه‌زراندووه، ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كدا كه ئامانج لێی پشتیوانیكردنی پێگه‌ی ده‌وڵه‌ته له جێبه‌جێكردنی زیره‌كیی ده‌ستكرددا، هه‌روه‌ها بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی ناوخۆیه له كارمه‌ندی به‌توانا له‌م بواره‌دا، جگه له گه‌شه‌پێدانی ئه‌و ته‌كنه‌لۆجیایانه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی.
له لایه‌كی دیكه‌وه ناوه‌نده‌كه كار ده‌كات بۆ گه‌شه‌پێدانی بنه‌ما ئاراستهكارییهكان بۆ به‌كارهێنانی زیره‌كیی ده‌ستكرد به‌و شێوه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ كولتووری ناوخۆیی ده‌گونجێت، سه‌رباری هاوكاری له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه فێركارییه‌كاندا كه له باخچه‌كانی منداڵانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تاوه‌كوو به زانكۆكان ده‌گات، به مه‌به‌ستی پشتیوانیكردن له سه‌رمایه‌ی مرۆیی له‌م بواره‌دا.
ئاماده‌یی حكومه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان بۆ سوودوه‌رگرتن له ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد
هه‌روه‌كوو پێشتر ئاماژەی پێ كرا، ئاماده‌یی حكومه‌ته‌كان بۆ جێبه‌جێكردن و سوودوه‌رگرتن له ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد به یه‌كێك له گرنگترین هۆكاره‌كانی پشتیوانی بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ته‌كنه‌لۆجیایانه داده‌نرێت. له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان و پاڵپشت به ڕیزبه‌ندیی ئاماده‌یی حكومه‌ته‌كان بۆ زیره‌كیی ده‌ستكرد له ساڵی (2020)دا، له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت ئیمارات پله‌ی یه‌كه‌می هه‌یه (شازده‌یه‌م له‌سه‌ر ئاستی جیهان).
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئیمارات سوود له كۆمه‌ڵێك هۆكاری یارمه‌تیده‌ر ده‌بینێت، له‌وانه‌یه گرنگترینیان بوونی ستراتیژیه‌تێك بێت بۆ زیره‌كیی ده‌ستكرد كه له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ت جێبه‌جێ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها بوونی توانای دیجیتاڵی، ژێرخانی بنچینه‌یی، سه‌رباری سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ر ئاستی فه‌راهه‌مكردن و به‌كارهێنانی زانیارییه‌كان. له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان به‌دوایدا قه‌ته‌ر دێت، كه به هۆی ئاستی بوونی زانیارییه‌كان و ژێرخانی بچنینهیی و توانای دیجیتاڵی، له‌سه‌ر ئاستی جیهان پله‌ی حه‌فتا و سێیه‌مینی گرتووه.
سعودیه له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان به پله‌ی سێیه‌م و له‌سه‌ر ئاستی جیهان له پله‌ی سی و هه‌شتدا دێت، به‌رزترین به‌های تۆمار كردووه له‌سه‌ر ئاستی فه‌راهه‌مكردنی زانیاری و ژێرخانی بنچینه‌یی. به‌دوایاندا ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاریی كه‌نداوی عه‌ره‌بی دێن: به‌حره‌ین، عوممان، كوێت، به پله‌كانی چواره‌م و پێنجه‌م و شه‌شه‌م له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی.
هه‌ر چی ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ی عه‌ره‌بییه، له باره‌ی هه‌بوونی ستراتیژی پشتیوانی بۆ زیره‌كیی ده‌ستكرد، میسڕ و ئیمارات سه‌ركه‌وتنیان تۆمار كردووه، ئه‌وه‌ش له سایه‌ی پهیڕەوكردنی ستراتیژی زیره‌كیی ده‌ستكرد (2019-2024)، كه جه‌خت ده‌كاته سه‌ر پاڵپشتیكردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ته‌كنه‌لۆجیایانه. میسڕ له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بی پله‌ی حه‌وته‌م و له‌سه‌ر ئاستی جیهان پله‌ی په‌نجا و شه‌شه‌مینی به‌ر كه‌وتووه.
هه‌روه‌كوو تێبینی ده‌كرێت، ئاستی ئاماده‌گیی وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی بۆ زیره‌كیی ده‌ستكرد جیاوازه، به‌تایبه‌تی هه‌ندێك له‌و ده‌وڵه‌تانه له پله‌كانی خواره‌وه‌ی ڕیزبه‌ندییه‌كه‌دا هاتوون، كه‌لێنی نێوانیان له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له ڕیزی پێشه‌وه‌دان فراوان بووه، بۆیه پێویسته ئه‌و حكومه‌تانه هه‌وڵ و كۆششه‌كانیان بۆ ئاماده‌كردنی ژینگه‌ی له‌بار بۆ پاڵپشتیكردنی ته‌كنه‌لۆجیاكانی زیره‌كیی ده‌ستكرد زیاتر بكه‌ن (بڕوانه خشته‌ی ژماره ٣).