ناوچەکانی ١٤٠؛ چارەسەری نێودەوڵەتی | CFS Center
  • Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 24, 2020

ناوچەکانی ١٤٠؛ چارەسەری نێودەوڵەتی

د.هه‌ردی مهدی میكه‌

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە 3ی ئه‌یلولی 2020ی گۆڤاری ئایندەناسی

گەرچی کەمتر لە جاران لە کۆڕی دەزگا دەوڵەتیی و کۆڕبەندە سیاسییەکان و میدیا عێراقی و کوردستانییەکاندا، لە جاران کەمتر پرسی ماددەی ١٤٠ دەکەوێتە نێو باسان، بەڵام وەک سکڵێکی هەمیشە گەشی نێو پرۆسەی سیاسیی دەمێنێتەوە و بە داخستنی چاوی سیاسەت و میدیا و کەمتەرخەمی سیاسەتڕێژیی کوردستانی دۆسێکە نە دادەخرێت نە توانای سازشکاریی لەسەر کردنیشی کراوەیە.

ناوچە جێناکۆکەکان بە تەوەرێتی کەرکوک (بە پێی دەستووری عێراق جێناکۆک و دابڕێنراو بەپێی مێژوو و بەڵگەکان)، بە هۆکاریی دەوڵەمەندی بە سامانی سروشتی، جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە و کاریگەریی ململانێ سەرووناوچەییەکان، ڕەهەندێکی هەێمایەتی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە و ڕاستییەکەی تەنها ملمانێیەکی جوگرافیی-شوناسی نێوان عەرەبی عێراق و کوردستان نییە، بەڵکو بووەتە کارتێکی هەرێمی و نێودەوڵەتیش لە چەند وێستگەی هەنگاوی چارەسازیشدا، کورد و عەرەب دوابڕیاردەری یەکلاکەرەوەی دۆسێکە بوون، کە هەرگیز بۆ کەس یەکلانەکرایەوە، وەک: ڕوداو و گفتوگۆکانی ١٩١٩(ئینگلیز-فەرەنسا)، پرسی یەکلاکردنەوەی ویلایەتی موسڵ(تورکیا-ئینگلیز)، هەڵگیرسانەوەی شۆڕش١٩٧٤(تورکیا-ئێران)،…تاد.

بۆ کورد پرسی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، پرسی ژمارەی دانیشتووان، ڕێژەی کورسیی کورد لە بەغدا و ئاشتەوایی حکومەتەکانی هەولێر و بەغدا نییە، پرسی کورد لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ پرسی شوناسی کوردستانی، خاکی مێژوویی، سنوری دێرینە و ململانێی چەندسەرەی ١٠١ساڵی ململانێی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیخوازی سیاسیی کوردستانە بەرامبەر ئیستعمار، دەوڵەتانی سەردەستە و ئاراستە توندئاژۆ نەتەوەپەرست و مەزهەبگەراکانی نێوچەکەیە.

هەڵەیەکی کوشندەیە وابزانین ململانێی کوردستان و هەرێم تەنها لەگەڵ ئاراستەی نەتەوەیی عەرەبدا بووە و هەیە لەبارەی ناوچە دابڕێنراوەکانەوە، چونکە بە گەڕانەوە بۆ مێژووی دەرکەوتنی پێکدادانە سیاسییەکان، دەردەکەوێت:

١. کە یەکەم ململانێ لەسەر کەرکوک و ناوچەکانی ١٤٠ی هەنووکەیی، لەنێوان حکومدارێتی کوردستانی شێخ مەحموود و ئیدارەی ئینگلیز(ئیستیعمار) لە عێراق بووە، یەکەم پێداهەڵجوونەوەی شێخ مەحمود لەسەر کەرکوک و دژی ئینگلیزەکان بوو، ڕێک ئەوکاتە نە عەرەب و عروبە لە نێو کۆمەڵگەی عێراقدا شکڵی گرتبوو نە کیانێکی سیاسییش بە نێوی عێراق دروست کرابوو. خاڵێکی سەرەکی هەڵوەشاندنەوەی یەکەمین حکومەتی کوردستانی لە سلێمانی لەسەر سنووری حوکمدارییەکە بوو کە کورد ئەوکات بە بێ ناوچەی کەرکوک و کفری پەسەندی نەکرد.

٢. لە وێنە گشتییەکەی ململانێکەدا، کورد چەند سەرە لەململانێدا بووە لەگەڵ:- حکومەتەکانی عێراق: ناسیۆنالیستگەرا و چەپگەرا و شیعەگەرا، هەژموونی تورکیا: هەبوونی تورکمان و چاوچنۆکییە نەبڕاوەکانی لەسەر ویلایەتی مێژووی موسڵ، دەسەڵاتە ئێرانیەکان: لە ترسی دەستگەیشتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بە سامان و جوگرافیای ناوچە دابڕێنراوەکان و بێمنەتبوونی لە بەغدا و هاوکاریکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات وبۆ تەواکاری هیلالی شیعی لەهەرکات زیاتر پێویستی بە جیۆپۆلەتیکی ئەو ناوچانە هەیە. ئێستاش بەهۆی لاوازی هەرێمەوە، ڕۆژانە شاهێدی تەعریب، تەشەیوع، ستەمی کارگێڕی، داگیرکاریی زەویوزار و ئاژاوە و کەمی خزمەتگوزاریین لەو ناوچانەدا).

کەواتە کورد بیەوێت و نەیەوێت پرسەکە خۆبەخۆ پرسێکی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییە و چارەسەریشی هەر بە دەرگەکانی ئەو تونێلە دەبێت تا دەرچەی لێ بکرێتەوە. بۆ کورد گرنگە لەم دۆخەی ئێستای حکومەتی بەغدا کە زۆرتر پێویستی بە گوێڕایەڵی وڵاتانی هەوپەیمانان بەتایبەت ئەمریکایە و دەبێت وابکات، وڵاتانی ئێران و تورکیاش سەرەڕۆیی و سەپاندنی دەسەڵاتی زۆرکیان لەبرەودایە لە ناوچەکەدا، پرسەکە نێودەوڵەتی بکات بەڵام بە تەوەرێتی دەستووری عێراق و چەسپاندن و پابەندبوون بە بەند و بڕگەکانییەوە وەک نەخشەڕێگا.

بەڵام کۆسپە هەنووکەییەکانی بەردەم دەستوراندن و نێودەوڵەتیکردنی ناوچەی جێناکۆک، بۆ کورد خودیی و بابەتین:

١.بەر لە هەموویان پرسەکە بۆ کوردستان پرسی شوناس و خاک و مافە، بەڵام بۆ وڵاتانی هاوپەیمان (ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە عێراق) پرسێکی ئاسایشی-ئابوورییە. کورد دەبێت لەم سۆنگەیەوە بەدوای چارەسەر و تێگەیاندنی ئەواندا بگەڕێ و پابەندی بە دەستوور و یەکلاکردنەوەی مادەی ١٤٠ وەک پرسێکی ئەمنی و چارەسازی بنبڕی تیرۆر و ناجێگیری سیاسیی عێراق بناسێنێت و هەرواشە، بەمشێوەیە دەتوانێت بۆ چەسپاندنی ١٤٠ ڕۆڵ بدرێتە وڵاتانی هاوپەیمانی و چارەسەرەکە نێودەوڵەتی بکرێت نەک کێشە.

٢. بۆ چەسپاندنی خاڵی یەکەم، هەرێمی کوردستان هیچ ڕێگایەکی دیکەی نییە جگە لە خۆڕێکستنەوە لەسەر ئاستی یەکخستنی گوتاری سیاسیی-نەتەوەیی لایەنەکان، شەراکەتی ڕاستەقینەی بەڕێوەبردن و چاکسازیی ڕیشەیی بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانەی کۆمەڵگە نەبێت. بەم پەرتەوازەیی و ناڕۆشنییەی ئێستا (وەک سێ ساڵی ڕابردوو) نەک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەڵکو لە عێراقیشدا گوێلێگیراو نابێت و لەسەر پرسی مافی سروشتی  دەسخەڕۆ دەکرێین، پرسێکی قوڵی وەک پرسی کەرکوک دەبێتە قوربانی “گفتوگۆی هەناردەکردنی ٣٠٠ملیارێک و موستەحەقاتی ڕۆژانە” و پرسی ١٤٠ ئەولەویەت وەرناگرێتەوە، کە بە بڕوای نووسەری ئەم دێڕانە، گەر مەسەلەی ماف و شوناس و ١٤٠ ببێتەوە بە پرسی یەکەم و ململانێکان، ئەوا خۆبەخۆ مەسەلەی مووچە و موستەحەقات بە ناچاری ملی بۆ دەدات (وەک ساڵانی ٢٠٠٣تا٢٠١٢ کە ناوچەی جێناکۆک پرسی یەکەم بوو).

بۆ ئەوەی بەرەو ئەو پرۆسەیەش هەنگاو بنرێت، گرنگە لانیکەم بۆ ئێستا وەک هەنگاوی سەرەتا هەوڵ بۆ دروستکردنی ئیدارەیەکی هاوبەشی نێوان هەولێر-بەغدا لەوناوچانەدا بدرێت، هاوکات داواش بکرێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشدار بێت لە چارەسەرێکی دەستوری-نێودەوڵەتی بۆ ناوچەکانی مادەی ١٤٠. لەمە کەمتر سازشی مێژوویی و لە گێژەنە دەرچوونی پرسە ڕەواکەیە.

لە هەردوو حاڵەتدا دابڕاندنی ئەو ناوچانە کە مێژوو کوردستانی بوونیانی ئاسان سەلماندووە و لە دەستووری عێراقدا کە وەک ناوچەی جێناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر دانی پێدانراوە، لە بەرژەوەندی کورد و حکومەتی هەرێمدا نییە بەرەو چاوپۆشی و فەرامۆشی ببات، لە کاتێکدا بە خوێندنەوەی دۆخی ناوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی وەک ئەگەریی هەنووکەیی، دەستووری عێراق (بە ڕۆڵدان هاوپەیمانان) لانیکەمی دابینکاریی مافەکان و پارێزەری قەوارەی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەیەتی و وەک مێژوو و کولتووریش بۆ ئایندە قوڵایی ستراتیژییان هەیە و هیچ پاساوێک نییە لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەو مافە دەستووریی و مێژووییەی خۆی دەست هەڵگرێت.

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە

Send this to a friend