سه‌ره‌تایه‌ك له‌باره‌ی دیپلۆماسیه‌تی ته‌ڵه‌ی قه‌رزه‌وه “دیپلۆماسیه‌تی ته‌ڵه‌ی قه‌رزی چینی” به نموونه
مامۆستای یاریده‌ده‌ر. سامان صالح فه‌ره‌ج، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی
سه‌ره‌تا:
دیپلۆماسیه‌تی ته‌ڵه‌ی قه‌رز، یه‌كێكه له چه‌مكه به‌كارهاتووه‌كانی نووسینی بواری سیاسه‌ت و ئابووری، كه تیۆرییه‌كه مه‌به‌ست لێی باسكردنی بارقورسكردنی ده‌وڵه‌تێكه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تێك، یان دامه‌زراوه‌یه‌كی دارایی، به ئامانجی زیادكردنی باڵاده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریدا. جۆرێكی نوێی گۆڕاوی چه‌مكه‌كه كه، تازه‌تره‌و به خێراییه‌كی زۆر له دنیای سیاسه‌ت و ئابووریدا له ماوه‌ی پێنج ساڵ (2017-2022)ی رابردوودا بڵاوبۆته‌وه، چه‌مكی “دیپلۆماسیه‌تی ته‌ڵه‌ی قه‌رزی چین”ییه (Chinese debt-trap diplomacy)یه. ئه‌م چه‌مكه لە ماوەی ١٢ مانگی سه‌ره‌تادا لە ماوەی(٠.٥٢) چرکەدا نزیکەی (٢) دوو ملیۆن ئەنجامی گەڕانی لە (گووگڵ)دا بەدەستهێنا و ده‌رگای به‌سه‌ر بابه‌تێكی مێژوویی‌دا كرده‌وه، به‌كارهێنانی فراوانی له‌لایه‌ن میدیا و سیاسییه‌كان و ده‌زگا سیخوڕییه‌كانیشه‌وه هێنده‌ی تر ئه‌م چه‌مكه‌ی به‌ر بڵاوكرد، لێره‌وه ناوه‌نده سیاسییه‌كان به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و لایه‌نه زانستییه‌كانیش به‌گوێره‌ی رێبازی زانستی كه‌وتنه شه‌نوكه‌وی ئه‌م چه‌مكه‌و هه‌ر لایه‌نه‌و به‌گوێره‌ی پێودانگی خۆی چه‌مكه‌كه‌ی ناساند، له هه‌رێمی كوردستاندا (هێنده‌ی گه‌ڕانم له تۆڕی ئینته‌رنێت بۆ كردووه، تانووسینی ئه‌م وتاره) هیچ نووسینێكی تایبه‌ت، له‌مباره‌یه‌وه نییه، بۆیه ئه‌م وتاره سه‌ره‌تایه‌ك له باره‌ی چه‌مكه‌كه‌و بنه‌ما و به‌كارهێنان و مه‌به‌ست و لێكه‌وته‌كانی له دیگه جیاوازه‌كانه‌وه، ده‌خاته‌ڕوو.
یه‌كه‌م: ناساندن
چه‌مكی “دیپلۆماسیه‌تی ته‌ڵه‌ی قه‌رز” بۆ یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن ئه‌كادیمیستێكی هیندی، به‌ناوی براهما چێلانی، له ساڵی 2017 له ناوه‌ندێكی بیركردنه‌وه (Think Tank) له باكووری هیندستان، بۆ گوزارشتكردن له قه‌رزه زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی چین له‌سه‌ر وڵاتانی هه‌ژار كه له‌به‌ر زۆریی قه‌رزه‌كان وڵاتانی قه‌رزار ناچار به وازهێنان له سه‌رمایه ستراتیژییه‌كانیان بۆ چین ده‌كات، به‌كارهێنراوه(1).
چه‌مكه‌كه ده‌رخه‌ری ئه‌و باره‌بوو كه، گوایه: حكومه‌تی په‌كین، به‌هۆی قه‌رزه زۆره‌كانیه‌وه كه ده‌یداته وڵاتان، وایكردووه كه باڵاده‌ستی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌دا بسه‌پێنێت. هه‌رچه‌ند ئه‌م چه‌مكه ئه‌مڕۆ له جیهاندا و به‌تایبه‌ت له ناوه‌نده سیاسییه‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا جێی گرتووه و وه‌ك”راستییه‌ك ده‌خرێـته‌ڕوو”، به‌ڵام له‌لایه‌ن چه‌ند ده‌زگایه‌كی ئه‌كادیمی، وه‌ك: رۆدیۆم، چاته‌م هاوس، زانكۆی برنیستۆن، ره‌خنه‌ی لێگیراوه و به‌كارهێنانیان بۆ باسكردنی چوارچێوه‌ی وه‌به‌رهێنانه‌كانی چین، به هه‌ڵه داناوه(2).
تیۆری دیپلۆماسی تەڵەی قەرزەکان، ئەوەیە کە وڵاتی قەرزدەر بە ئەنقەست قەرزی زیادە بۆ وڵاتێکی قەرزدار درێژ دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی ده‌وڵه‌تی قەرزار بکەوێتە تەڵەی قەرزەوە. ئەمەش بە مەبەستی دەرهێنانی ئیمتیازاتی ئابووری یان سیاسی، لە دەوڵەتی قەرزدار ئەنجامدەدرێت کاتێک کە ناتوانێت پابەندبوونی به دانه‌وه‌ی قەرزەکانی جێبەجێ بکات(3).
ئه‌م چه‌مكه بۆ قه‌رزه‌كانی سندوقی نێوده‌وڵه‌تی دراویش بۆ قه‌رزدان به هه‌ندێك له وڵاتان به‌كارهێنراوه، به‌ڵام له ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو بۆ قه‌رزه‌كانی كۆماری میللی چین، به‌كارده‌هێنرێت.
لێره‌دا بۆ زیاتر رۆچوونه ناو بابه‌ته‌كه پێویسته ئه‌وه روونبكه‌ینه‌وه، كه پڕۆژه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری “پشتێنه و رێگا”ی كۆماری میللی چین، كه پڕۆژه‌یه‌كی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و كولتوری و ته‌كنۆلۆجیی و … تاد، وڵاتی چینه، په‌یوندیداره به‌زیاتر چڕكردنه‌وه‌ی سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر “دیپلۆماسیه‌تی ته‌ڵه‌ی قه‌رزی چینی”.
ده‌ستپێشخه‌ری پشتێنه و رێگا
پرۆژه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری پشتێنه‌و رێگا، پڕۆژه‌یه‌كی حكومه‌تی چینه و گرنگیی ده‌دات به وه‌به‌رهێنان له ژێرخان، په‌روه‌رده، كه‌ره‌سته‌ی بیناسازیی، هێڵی ئاسن، رێگه‌وبان، خانووبه‌ره، تۆڕی كاره‌با، پۆڵا. ئەم دەستپێشخەرییە بەردی بناغەی ستراتیژی نوێی چین پێکدەهێنێت، کە ئامانجی گێڕانەوەی چینە بۆ ڕۆڵی جیهانی بەگشتی و کیشوەری ئاسیا بە تایبەتی، ده‌توانین بڵێین: دەستپێشخەرییەکە چاپی سێیەمی جیهانگیری یه كه(سروشتێكی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه نه‌ك كێبڕكێكارانه و تاكجه‌مسه‌ر) واتە؛جیهانگیرییەکی ئاشتیانە و گشتگیر، بە بەراورد بە چاپی یەکەمی جیهانگیری (دەسەڵاتێک کە ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان زاڵبوو به‌سه‌ریدا) ڤێرژنی دووهەمی جیهانگیریش، وەک “تۆماس فریدمان” جەختی لەسەر کردووەتەوە، “به‌جیهانیبوونی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان”ـە(4).
ئەم دەستپێشخەرییە، بە “یەک پشتێن یەک ڕێگا ناسراوە”، ئه‌م پڕۆژه‌یه گوزارشته له پشتێنه‌یه‌كی ئابووریی، ئامانجی پڕۆژە نوێیەکە زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی ڕێگای ئاوریشمی مێژووییە بە ڕاکێشانی بۆرییەکانی غازی سروشتی و نەوت و دروستکردنی تۆڕی ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن هه‌روه‌ها دانانی هێڵی کارەبا و ئینتەرنێت، ڕێگای ئاوریشمی نوێ ڕێڕەوێکی وشکانی و دەریایی هەیە، هەروەها ڕێڕەوێکی دیجیتاڵی و بۆرییەکانی نەوت و غازی سروشتی هەیە (5).
شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە ساڵی ٢٠١٣دا دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگای دەستپێکرد، کە کاریگەری چینی لەڕێگەی به‌ستنه‌وه‌ی به چه‌ندین ناوچه‌ی فراوانی جیهان له كیشوه‌ری ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌وروپا له‌ڕێگه‌ی تۆڕێکی فراوانی ڕێگاوبان و بەندەر و فڕۆکەخانە و پڕۆژەکانی ژێرخان، به‌ده‌ستده‌هێنێت، پڕۆژه‌كه وه‌ك جێگره‌وه‌وی بانكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌درێته‌قه‌ڵه‌م، كه له چوارچێوه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌دا بانكی وه‌به‌رهێنانی چین، 900 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی ستراتیژی به 4.1 ترلیۆن دۆلار له وڵاتانی ئه‌ندامی پڕۆژه‌كه ئه‌نجام ده‌یدات، ئه‌و سه‌رمایه‌ی كه پڕۆژه‌كه هه‌یه‌تی 12 جار له‌و پاره‌یه زیاتره كه ئه‌مریكا له پڕۆژه‌ی مارشاڵ له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهان بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌وروپا ته‌رخانیكرد(6). ئه‌م بڵاوبوونه‌وه‌یه‌ی كاریگه‌ری چین، له‌كاتێكدایه كه ئه‌مریكا و به‌تایبه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشوو، خه‌ریكی كشانه‌وه‌بوو له‌جیهان، بۆیه ئێستا چین سه‌رقاڵی پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كانه و زۆر وڵاتی دنیاش پێشوازی له‌م شه‌پۆله‌ی سه‌ركردایه‌تكردنی جیهان له‌لایه‌ن چین، ده‌كه‌ن.
دیدگه جیاوازه‌كان له‌باره‌ی “دیپلۆماسیه‌تی ته‌ڵه‌ی قه‌رزی چین” ییه‌وه
میشێل چۆسۆدۆڤسکی، ئابووریناس لەبارەی ئەزموونی وڵاتان لەبارەی قەرزەوە ده‌ڵێت:”قه‌رز هه‌موو وڵاته قه‌رزاره‌كانی به هه‌ژاریی وه‌ك پێشوتر هێشته‌وه، به‌ڵام ده‌سته‌بژێری وڵاته‌كه‌ی زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند كرد”، ئه‌م وته‌یه بۆ خستنه‌ڕووی دۆخی قه‌رزاری وڵاتانه، سه‌رباری هه‌موو ئه‌زمونه تاڵه‌كان، به‌ڵام وڵاتانی گه‌شه‌نده، هه‌مان ئه‌زموون دووباره ده‌كه‌نه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ له ئه‌نجامه‌كه بگۆڕێت(7).
له بواری دیپلۆماسه‌تی ته‌ڵه‌ی قه‌رزدا، په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ چین راده‌كێشرێت، كه له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی وڵاتانه‌وه به قه‌رزی زۆر نیازمه‌نده كه كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر ئه‌و وڵاـانه زیادبكات، به‌جۆرێك كه ناوه‌ندی داتای جیهانی ( AIDDATA) رایگه‌یاندووه كه بڕی ئه‌و قه‌رزه‌ی كه چین له‌ماوه‌ی نێوان ساڵانی(2014-2017) به وڵاتـانی داوه، زۆر له قه‌رزه ئه‌مریكییه‌كان له هه‌مان ماوه‌دا زیاتر بووه (8).
رووداوه توندوتیژه‌كانی سریلانكا له سه‌ره‌تای مانگی ته‌مموزی 2022دا، جارێكی دیكه ده‌رگای دۆزه‌خی به‌سه‌ر “دیپلۆماسیه‌تی ته‌ڵه‌ی قه‌رزی چینی” كرده‌وه، چونكه به‌شێك له توێژه‌ران و چاودێرانی سیاسی، سریلانكا به قوربانیی “ته‌ڵه‌ی قه‌رزی چینی” ده‌زانن.
قه‌رزی چینی، له‌لایه‌ن شاره‌زایانه‌وه ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌گیرێت كه، قه‌رزێك نیه له‌پێناو بوژاندنه‌وه‌ی ئابووری نێوخۆیی وڵاته قه‌رزار و هه‌ژاره‌كاندا بدرێت، به‌ڵكو به رێگه‌یه‌كی ستراتیژیی ده‌زانرێت بۆ خستنه‌خزمه‌تی سامان و زه‌وی وڵاتـی قه‌رزار بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژییه‌كانی چین و گه‌یشتنی چین به دنیای ده‌ره‌وه هه‌نارده‌كردنی كاڵا خراپه‌كانی و ناردنه ده‌ره‌وه‌ی كرێكاری چینی.
له‌مباره‌یه‌وه په‌یوه‌ست به سریلانكا، نمونه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێودەوڵەتی “ماتالا ڕاجاپاسکا” کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە نزیک هامبانتۆتا کرایەوە، بە چۆڵترین فڕۆکەخانەی جیهان داده‌نرێت، بە هەمانشێوە هاتوچۆ لە بەندەری “ماهیندا ڕاجاپاسکا” لە هامبانتۆتا زۆرلاوازە، ئه‌م پڕۆژانه نه‌وه‌ك نه‌بوونه‌ته مایه‌ی بووژانه‌وه‌ی ئابووری سریلانكا، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه نه‌یتوانیوه خه‌رجییه‌كانی ده‌ستبكه‌وێته‌وه.
لایه‌نێكی دیكه مه‌ترسی له‌سه‌ر دیپلۆماسیه‌تی ته‌ڵه‌ی قه‌رزی چین، بازنه جوگرافییه فراوانه‌كه‌یه‌تی، كه به‌گوێره‌ی پڕۆژه‌ی (یه‌ك پشتێنه‌و یه‌ك رێگه) زیاتر له 60 وڵاتی جیهان له هه‌رسێ كیشوه‌ری ئاسیا، ئه‌فه‌ریقا و ئه‌وروپا كه، چوار ملیار دانیشتوانیان هه‌یه‌و 65%ی كۆی دانیشتوانی جیهان پێكدێنن (9)، ئه‌مه هاوكاتی مه‌ترسییه‌كی دیكه‌یشه كه په‌یوه‌سته به دیموكراسییه‌وه، هەندێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن: چین بە شێوەیەکی نیوکۆلۆنیالیزم پشتگیری لە رژێمە سەرکوتکەرەکان دەکات لەڕێگەی قەرزی سوودی بەرزەوەو بەنیازە ئەو وڵاتانە ناچاربکات، کاتێک کە نەیانتوانی، لەپرسە ستراتیژی و سەربازییە گەورەکاندا لەگەڵ چیندا هاوتەریب بن، به‌بێ گوێدانه به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لانی وڵاتانه قه‌رزار.
شاره‌زایانی ئابووری هۆشیاری ده‌ده‌نه وڵاتانی تری ئه‌فریقا و ئاسیا تا سوود له ئزمونی خراپی سریلانكا وه‌ربگرن، دكتۆر مه‌عروف مازمده‌ر، لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی دەیلی ئۆبزێرڤەر، پێشنیاری کردووە کە “بەنگلادیش” وانەی جددی لە سریلانکا وەربگرێت، هه‌روه‌ك ده‌شڵێت: کە مەیلی سریلانکا بۆ چین زیاتر له هیندستان، کێشەدار بووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ” كه بەهۆی دیپلۆماسی تەڵەی قەرزەوە، چین پێگەیەکی بەهێزی جیۆپۆلەتیکی دروستدەکات بە قازانجی گەورە لە پێدانی قەرزی بچووک، بە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی باشوری ئاسیا”(10).
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دیده نه‌رێنی و ره‌تكه‌ره‌وانه‌دا بۆ قه‌رزی چینی و ناوبدرنی وه‌ك”دیپلۆماسیه‌تی ته‌ڵه‌ی قه‌رزی چینی”، دیدی جیاوازمان هه‌ن كه ره‌خنه‌كان و به “ته‌ڵه” ناوبدرنی قه‌رزی چینی، به سنووردار و نا ته‌واو ده‌داته‌قه‌ڵه‌م، هه‌ندێ: پێیانوایه، ململانێی سیاسیی نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و چین، زیاتر هۆكاره بۆ زه‌قكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته و هه‌ندێكیش ره‌خنه‌ی سیاسه‌تی نێوخۆیی وڵاتانی قه‌رزار ده‌كه‌ن، كه ناتوانن له په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ قه‌رزدا خاوه‌ن دیدو تێڕوانینی نیشتمانی و ستراتیژیی بن.
دامه‌زراوه‌ی چاته‌م هاوس (Chatham House) یه‌كێك له دامه‌زراوه جیهانییه كاریگه‌ره‌كان له‌ساڵی 2020، ناوبردنی قه‌رزی چینی، به “ته‌ڵه” به چه‌مكێكی نا ته‌واو و سنوردار ده‌زانێت، دامه‌زراوه‌كه ده‌ڵێت: زۆر بۆچوون وایده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م كه پڕۆژه‌ی پشتێنه و رێگه، پڕۆژه‌یه‌كی جیۆسیاسییه كه وڵاتان له قه‌رزی چیندا نقوم ده‌كات، به‌ڵام به‌ڵگه به‌رده‌سته‌كان رووبه‌ڕوی ئه‌م هه‌ڵوێسته ده‌بنه‌وه و نایسه‌لمێنن، به‌ڵكو ده‌ڵێن هۆكاری ئابووری، ته‌نها پاڵنه‌ری ئه‌م پڕۆژه‌یه، له هه‌مانكاتدا ده‌ڵێت: سیسته‌می گه‌شه‌پێدانی دارایی چین، به‌هۆی نه‌بوونی هاوئا‌هه‌نگی تێید، ناتوانێت ئه‌و ئه‌نجامانه به‌دیبهێنێت كه له‌باره‌یه‌وه ده‌وترێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی دوارۆژی ئه‌م بابه‌ته یه‌كلاده‌كاته‌وه حکومەتەکانی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهانن كه بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییە پەیوەندیدارەکانی پڕۆژەی (پشتێنه و رێگه) لەسەر خاکەکەیان دیاریدەکەن(11).
هه‌روه‌ها چاته‌م هاوس ده‌ڵێت: سریلانکا و مالیزیا، دوو ‘قوربانی’ ‘دیپلۆماسی تەڵەی قەرز’ی چینن کە زۆرترین جار ئاماژەیان پێکراوە، پڕۆژەکانی (پشتێنه و رێگه) لەلایەن حکومەتەكانی خۆیانه‌وه جێبه‌جێكران، کە به گوێره‌ی پلانه ناوخۆییەکانی خۆیان كاریانکرد، کێشەی قەرزەکانیان بە شێوەیەکی سەرەکی لە هەڵسوکەوتی نادروستی نوخبە ناوخۆییەکان و بازاڕە داراییەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕۆژئاواوە سەریهەڵدا، چین لە هەردوو وڵات‌دا ڕووبەڕووی کاردانەوە و پاشەکشەی نەرێنی بووەتەوە(12).
هه‌روه‌ها هه‌ردوو نووسه‌ر دیبۆرا براوتیگام و مێگ ریتمیرەوە، له پێگه‌ی (زه ئه‌تڵانتیك) (theatlantic.com) له وتارێكدا ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه: وێناكردن و گێرانه‌وه‌ی چیرۆكی قه‌رزی چینی، به هەڵە كێشه‌ی بۆ پەکین و ئەو وڵاته تازەپێگەیشتوانەی کە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات دروستكردووه، ئه‌و دوو نووسه‌ره نمونه‌ه‌ك باسده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: مایکل ئۆنداتجی، یەکێک لە گەورەترین مێژوونووسەکانی سریلانکا، جارێک وتویه‌تی، “لە سریلانکا درۆیەکی باش گێڕدراوه، بەهای هەزار ڕاستی هەیە.” مه‌به‌ستیان له‌م نمونه ئه‌ویه كه بڵێن: “تەڵەی قەرزەکان” تەنها گێڕانەوەیەکی بەهێزه، به‌ڵام درۆیه. هه‌روه‌ها ئاماژه بۆ دووباره داڕشتنه‌وه‌ی شێوازی قه‌رزه‌كان له‌لایه‌ن بانكه چینیه‌كانه‌وه ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌شڵێن به‌هیچ جۆرێك چین ده‌ستی به‌سه‌ر هیچ بنه‌مایه‌كی ئابووری سریلانكا، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ دورگه‌ی هامبانتۆتا باسیده‌كات بوونی نییه(13).
له‌لایه‌كی دیكه‌وه په‌یمانگه‌ی لوی، كه په‌یمانگه‌یه‌كی تایبه‌ته به‌لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسیی و ستراتیژیی له ئوسترالیا، ده‌ڵێت: هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌به‌ر ده‌ست نییه له‌باره‌ی ته‌ڵه‌ی قه‌رزه‌كان به‌وشێوه‌یه‌ی كه ناوه‌نده فیكرییه‌كانی رۆژئاوا باسیده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌شڵێت: له‌و كاته‌وه ئه‌م چه‌مكه”دیپلۆماسیه‌تی ته‌ڵه‌ی قه‌رزی چینی” داهێنراوه، چه‌ندین توێژینه‌وه ئه‌نجامدراون كه ده‌ڵێن: چین هه‌وڵی خراپ به‌كارهێنانی ژێرخانی ئابووری وڵاتانی له به‌رژوه‌ندی خۆی نه‌داوه له‌رێگه‌ی قه‌رزارباركردنی ده‌وڵه‌ته هه‌ژاره‌كانه‌وه (14).
دیدی ئه‌رێنی بۆ قه‌رزی چینی به‌ڵگه‌ی ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه چین نه‌بۆته هۆی نقومبوونی وڵاتانی هه‌ژاری قه‌رزار، به‌ڵكو ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه وڵاتان خۆ ویستانه ئاره‌زووی كاركردن له‌گه‌ڵ چین ده‌كه‌ن و به هاوبه‌شێكی سه‌رنجڕاكێشی ده‌زانن.
ئه‌نجام:
له كۆتایی ئه‌م بابه‌ته‌دا و له‌به‌ر رۆشنایی زانیارییه‌كاندا، ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی كه چه‌مكه‌كان له‌رووی زمانه‌وانییه‌وه به ئامانجی سیاسی داده‌رێژرێن له كۆنتێكسته سیاسییه‌كاندا سیاسه‌ت و ململانێی ئایدۆلۆژی رۆڵێكی ئێجگار گه‌وره‌ی له دابه‌شكردن و ناسنامه‌ی چه‌مكه‌كاندا، هه‌یه.
چه‌مكی “ته‌ڵه‌ی قه‌رز” له سه‌ره‌تادا وه‌ك هه‌ر چه‌مكێك ئاماژه‌یه بۆ زیانه‌كانی زۆر قه‌رزار بوون، جا چ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت یان تاكه‌وه بێت، به‌ڵام كاتێك هه‌ر دوو وشه‌ی “دیپلۆماسی و چین” ی بۆ زیاد ده‌كرێت، ئه‌وا تیۆریزه‌ی چه‌مكه‌كه ده‌كرێت، وه‌ك رێبازێك بۆ نقومكردنی وڵاتانی هه‌ژار له‌لایه‌ن چینه‌وه به‌مه‌به‌ستی به‌رژوه‌ندییه سیاسیی و ستراتیژییه‌كانی خۆی له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی (پشتێنه و رێگه) یان (یه‌ك پشتێنه و یه‌ك رێگا) كه پڕۆژه‌یه‌كی چینه بۆ دووباره زیادكردنی كاریگه‌ری چین، له‌سه‌ر ئاستی جیهان.
ململانێ سیاسییه‌كان، راگه‌یاندنه‌كان، ده‌زگا سیخوڕیی و راپۆرته نهێنیه‌كانی ده‌وڵه‌تان، رۆڵێكی كارا له شیكردنه‌وه‌ی چه‌مكه سیاسییه‌كاندا ده‌بینن به هه‌ردوو لایه‌نی ئه‌رێیی و نه‌رێنی، ئه‌مه سه‌رباری رۆڵی ده‌زگا زانستیه‌كان له خستنه‌ڕووی رووی راسته‌قینه‌ی بابه‌ته‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رێتی سه‌رۆكی پێشوی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، دۆناڵد ترمپ، له ترساندنی جیهان له‌م چه‌مكه رۆڵێكی كاری گێڕاوه، هه‌روه‌ك ترسی بانكی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی ئه‌وروپاش له‌كاریگه‌رییه‌كان چین له‌مبواره‌دا كاریگه‌ربوون، له‌لای خۆیشیه‌وه چین له هه‌وڵه‌كانی بۆ ده‌رخستنی نیازپاكی خۆی له‌مبواره‌دا درێغی نه‌كردووه. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئه‌نجامه به‌رجه‌سته‌كانه، ده‌بێت بزانین دوای سریلانكا ئه‌نگۆلاو وڵاتانی قه‌رنی ئه‌فریقی چی‌یان لێدێت؟
سه‌رچاوه‌كان:
1- See this link, www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/23792949.2019.1689828?scroll=top&needAccess=true, 17/6/2022.
(2) دبلوماسیة ف‌خ الدیون، له‌سه‌ر ئه‌م به‌سته‌ره: https://stringfixer.com/ar/Debt_trap_diplomacy
(3) هه‌مان سه‌رچاوه.
(4) د. عمار شرعان واخرون، مبادرة الحزام والطريق الصينية: مشروع القرن الاقتصادي في العالم، برلین- المانیا، المركز الديمقراطي العربي للدراسات الاستراتيجية والسياسية والاقتصادية، 2019، ص 4.
(5) هه‌مان سه‌رچاوه، ل 12
(6) هه‌مان سه‌رچاوه، ل 2.
(7) ف‌خ الدیون الصینی، علی الرابط التالی: https://annabaa.org/arabic/economicreports/21680 .
(8) هه‌مان سه‌رچاوه.
(9) أميرة أحمد حرزلي، مبادرة الحزام والطريق الصينية: الخلفية – الأهداف – المكاسب، برلین- المانیا، المركز الديمقراطي العربي للدراسات الاستراتيجية والسياسية والاقتصادية، 2019، ص 72.
(10) See; Experts warn against China’s debt-trap diplomacy, cite Sri Lanka’s example, on this link below; https://www.business-standard.com/article/international/beware-of-china-s-debt-trap-diplomacy-as-lanka-gets-
(11) see; Lee Jones and Shahar Hameiri, Debunking the Myth of “Debt-trap Diplomacy”, Asia-Pacific Program | August 2020, p2.
(12) هه‌مان سه‌رچاوه.
(13) see: Deborah Brautigam and Meg Rithmire, The Chinese ‘Debt Trap’ Is a Myth, feb.6.2021. on this link below; https://www.theatlantic.com/international/archive/2021/02/china-debt-trap-diplomacy/617953/.
(14) پیگه‌ی (/stringfixer.com)، به‌سته‌ری سه‌رچاوه‌ی پێشوو(2).