عه‌لائه‌دین سه‌جادى مەلایەكی ڕچەشكێن
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى و عومه‌ر مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
پێشه‌كى
مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادى، خاوه‌نى چه‌ندان به‌رهه‌مى ناوازه‌یه له بوارى وێژه، زمان، مێژوو، فه‌رهه‌نگ و فۆلكلۆر. كه به‌شێك له‌م به‌رهه‌مانه تاقانه‌ى ڕۆژگارى خۆیانن و سه‌جادى یه‌كه‌مینه له نووسین و خستنه ڕوویدا، هه‌ر بۆیه گونجاوه مامۆستا سه‌جادى به ڕچه‌شكێنى بواره‌كه ناوزه‌د بكرێت.
له سه‌د ساڵى ڕابردوودا، كۆمه‌ڵێك هه‌وڵى تاكه‌كه‌سی له بوارى مێژووى ئه‌ده‌بی كوردیدا به‌دیده‌كرێت، كه مێژووى ئه‌ده‌بی كوردییه‌كه‌ى مامۆستا سه‌جادى شوێنێكى دیار و دره‌وشاوه‌ى هه‌یه له‌ناویاندا. هه‌رچه‌نده پێش سه‌جادى هه‌ریه‌كێك له به‌رهه‌مه‌كانى (ئه‌نجومه‌نى ئه‌دیبانى ئه‌مین فه‌یزى به‌گ/1920 له ئه‌سته‌مبوڵ، كۆمه‌ڵه شیعرى شاعیرانى كوردى عه‌بدولكه‌ریم هه‌كزى/1938 له سلێمانى، گوڵده‌سته‌ى شوعه‌راى هاوعه‌سرمى عه‌لى كه‌مال باپیر ئاغا/ 1939 له سلێمانى، هه‌روه‌ها شیعر و ئه‌ده‌بیاتى كوردى ڕه‌فیق حیلمى/ 1941 له به‌غدا) چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه. به‌ڵام مێژووى ئه‌ده‌بی كوردى مامۆستا سه‌جادى به سه‌رتۆپی هه‌موو كاره‌كانى پێش خۆى دێت(1).
سه‌جادى له پته‌وكردنى ئه‌ستوونى په‌خشانى كوردیشدا به پێشكه‌شكردنى چه‌ندین به‌رهه‌مى گرنگ و به‌پێز، ده‌ورێكى به‌رچاوى گێڕاوه. كۆمه‌ڵه كتێبی ڕشته‌ى مروارى له‌و به‌رهه‌مانه‌ى ئه‌ده‌بی كوردییه كه سه‌رچاوه‌یه‌كى هێژاى ئه‌ده‌بی زاره‌كییه و كۆمه‌ڵێك چیڕۆك و ئه‌فسانه و په‌ند و سه‌ربوورده و ده‌قی گێڕانه‌وه‌ى و وێژه‌ییه، كه به زۆرى ده‌چنه خانه‌ى گێڕانه‌وه‌وه، گێڕانه‌وه وه‌كو بوارێكى گرنگ و به‌رینى ئه‌ده‌ب، هه‌موو ئه‌و ده‌قانه ده‌گرێته‌وه كه ڕووداو، سه‌ربورده، یاخود بیره‌وه‌رییه‌ك ده‌نووسێته‌وه. دیاره جگه له ڕشته‌ى مروارى به‌رهه‌مه‌كانى دیكەی سه‌جادى به شێوه‌ى په‌خشانێكى ڕوون و ڕه‌وان نووسراون به زمانى كوردیی ناوه‌ندیی(2).
به‌رهه‌مه ڕه‌وانبێژییه‌كه‌ى و پەرتووکى تایبه‌ت به زینده‌وریش تاقانه‌ن و یه‌كه‌مینن، به‌و واتایه‌ى ڕچه‌شكێنییه‌كه له ڕچه‌شكێنییه‌كانى مامۆستا سه‌جادى و پێش سه‌جادى كه‌س وه‌ها پەرتووکێكى نه‌نووسیوه. له چه‌ندین بوار و بابه‌تی دیكه‌شدا مامۆستا سه‌جادى ئه‌م سه‌روه‌رییه‌ى بۆخۆى بردووه.
2، عه‌لائه‌دین سه‌جادی
1،2 پوخته‌ى ژیاننامه
مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادى ناوى ته‌واوى (عه‌لائه‌دین كوڕى نه‌جمه‌دین كوڕى عیسامه‌دین)ـه. مه‌لا، قازی، ئه‌دیب، مامۆستاى زانكۆ، نووسه‌ر، كۆڵه‌ره‌وه، مێژونووس، چیڕۆكنووس، گه‌شتنامه‌نووس، ڕۆژنامه‌نووس بووه. له ساڵى 1907 له ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان له گه‌ڕه‌كى قه‌تارچییان له شارى سنه له دایك بووه(3)، له‌ناو بنه‌ماڵه‌یه‌كى ئایینپه‌روه‌ردا كه له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ورامین و خه‌ڵكى دێی (كه‌ڵجى)ن و به بنه‌ماڵه‌ى (سه‌جادى) به‌نامێن. له بنه‌ماڵه‌ى سه‌جادیدا چه‌ندین كه‌سایه‌تى و زانا و ناودار هه‌ڵكه‌وتوون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ماڵه خاڵوانى ناسنامەی بۆ ده‌ركراوه كه خاڵوانى خه‌ڵكى گوندى باراون، هه‌ندێك پێی وایه كه مامۆستا سه‌جادى باراوییه و له ساڵى 1915 له گوندى باراو له ناحێی سرۆچك/به‌رزنجه له دایك بووه(4).
له ساڵانى سییه‌كانى سه‌ده‌ى بیستدا، كاتێك مامۆستا سه‌جادى چووه‌ته به‌غدا، به‌شدارى له دامه‌زراندنى یانه‌ى سه‌ركه‌وتنى كورداندا كردووه، له ساڵى 1959 به مه‌رسوومێكى عه‌بدولكه‌ریم قاسم بووه‌ته مامۆستاى زانكۆى به‌غدا و له‌به‌شی كوردى له كۆلێژى ئاداب، تا ساڵى 1974 به‌رده‌وام بووه له وانه وتنه‌وه، له ساڵى 1972ه‌وه ئه‌ندامى كۆڕى زانیاری كورد بووه، له ساڵى 1974 تاوه‌كو 1977 ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى ئه‌وقافی عێراق بووه، هه‌تاوه‌كو خانه‌نشین بوونى(5).
مامۆستا سه‌جادى له ساڵى 1939 له بوارى ڕۆژنامه‌گه‌ریدا ئه‌سپی خۆى تاوداوه و له ساڵى 1941ز بووەته به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینى گۆڤارى گه‌لاوێژ له به‌غدا، بۆ ماوه‌ى 10 ساڵ له‌گه‌ڵ مامۆستا ئیبرایم ئه‌حمه‌د گۆڤارى گه‌لاوێژیان ده‌رچواندووه، تاوه‌كو داخستنى گۆڤاره‌كه له ساڵى 1949. گۆڤارى (نزار)یشی به هه‌ردوو زمانى كوردى و عه‌ره‌بی له ساڵى 1948 له به‌غدا ده‌ركردووه به شێوه‌ى 15 ڕۆژ و ژماره‌یه‌ك كه خۆى سه‌رنووسه‌رى بووه هه‌تا وه‌كو له ساڵى 1949 ئه‌میش داخراوه(6).
مامۆستا سه‌جادى له هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانیدا ئه‌مانه‌تى زانستى پاراستووه و هه‌موو سه‌رچاوه‌كانى دیارى كردووه و له نوسیندا شێوه‌یه‌كى نوێى گرتووه‌ته‌به‌ر و له هه‌ندێک بابه‌ت و نووسیندا به داهێنه‌ر ده‌درێته قه‌ڵه‌م(7). هه‌موو ئه‌و داهێنان و كاره ناوازانه‌شی بوونه‌ته ڕچه‌شكێنى له ژیانى مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادیدا.
2،2 خوێندنى حوجره و مۆڵه‌تنامه‌ى مه‌لایه‌تى
خوێندنى ئایینى مامۆستا مه‌لا عه‌لائه‌دینى سه‌جادى له شارى سنه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، لاى بنه‌ماڵه‌كه‌ى و مامۆستایانى شارى سنه له سیپاره‌وه بۆ فێربوونى خوێندنه‌وه و نووسین ده‌ستپێده‌كات تا له‌به‌ركردنى قورئانى پیرۆز، پاشان له ساڵى 1918 تا 1921 له باڵه‌ك و ڕه‌واندوز خوێندویه‌تى، له ساڵى 1923 هاتووەته شارى سلێمانى و له خوێندنى حوجره به‌رده‌وام بووه له هه‌ردوو مزگه‌وتى (حاجى مه‌لا ڕه‌سوڵى دێلێژه) و (شێخ جه‌لال)، لاى زانا ناوداره‌كانى سلێمانى كه حاجى مه‌لا ڕه‌سوڵى دێلێژه و مامۆستا مه‌لا شێخ جه‌لال بوون، دواى ته‌واوكردنى نه‌حو، سه‌ڕف، به‌لاغه، ته‌جوید، ته‌فسیر، علومى قورئان، علومى حه‌دیس، فیقهى شافیعى و …. هى تر، له ساڵى 1938 مۆڵه‌تنامه‌ى مه‌لایه‌تى له‌لایه‌ن مامۆستا مه‌لا شێخ بابا عه‌لى ته‌كییه‌وه پێده‌درێت، دواتر ڕوو ده‌كاته به‌غدا و له مزگه‌وتى (نه‌عیمه خاتوون) ده‌بێته پێشنوێژ، له به‌غدا له كۆڕى ده‌رس و وانه‌وتنه‌وه‌ى زانایانى به‌نامێی ئه‌و ڕۆژگاره، هه‌ریه‌ك له شێخ ئه‌مجه‌د زه‌هاوى و مه‌لا محەممەدى قزڵجیدا داده‌نیشێت و لێیان به‌هره‌مه‌ند ده‌بێت(6)، (5).
مامۆستا سه‌جادی، به درێژایی سی و پێنج ساڵ كه ئیمامی مزگه‌وت بووه، هه‌موو ڕۆژێك له نێوان نوێژى مه‌غریب و عیشا له مزگه‌وته بچكۆلانه‌كه‌یدا ئه‌دیب و ڕۆشنبیر و ناسیاوانی له‌ده‌ور كۆ ده‌بوونه‌وه و ده‌ست ده‌كرا به گفتوگۆ و نوكته و قسه‌ی خۆش. مامۆستا ئه‌و هه‌له‌ی له‌ده‌س نەده‌دا، ئه‌و قسه خۆش و نه‌سته‌قانه‌ی كه به‌دڵ بوایه تۆماری ده‌كردن و ده‌چوو سه‌رله‌نوێ دایده‌ڕشتنه‌وه. ئه‌وه بوو له ساڵی (1957)ه‌وه تا ساڵی (1983) هه‌شت به‌رگه كتێبى به‌ناوی (ڕشته‌ی مرواری)یه‌وه لێ چاپكردن كه بوو به‌جۆره ئه‌ده‌بێكی زیندووی میلله‌ته‌كه‌مان(8).
3،2 دانراوه‌كانى عه‌لائه‌دین سه‌جادی
مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادی سه‌رده‌سته‌ی ئه‌دیب و نووسه‌ر و زانایانی كورده، چونكه كه‌س وه‌كو ئه‌و له ڕێگای خوێندن و ژیانی مه‌لایه‌تییه‌وه نه‌یتوانیوه به‌رهه‌می شاكاریی گه‌وره به ئاكام بگه‌یەنێت و ئه‌و شاكارانه‌ش چه‌ندین مه‌یدانی ئه‌ده‌بی، مێژوویی، كه‌له‌پووری نه‌ته‌وایه‌تی، زمانه‌وانی، ڕه‌خنه، كۆمه‌ڵایه‌تی، لێكۆڵینه‌وه، ڕۆژنامه‌نووسی، فه‌رهه‌نگ، گه‌شتنامه و رۆشنبیری گشتی بگرنه‌وه(7).
له ماوه‌ی 31 ساڵدا 21 كتێبى به‌قه‌باره‌ی (5366) لاپه‌ڕه چاپكردووه، ئه‌مه‌ش ده‌كاته 4%ی كتێبى كوردی ئه‌و سه‌رده‌مه، هیچ نووسه‌رێكی كوردمان به قه‌واره‌ی كتێب نه‌گه‌یشتووه‌ته ڕاده‌ی خزمه‌تی مامۆستا سه‌جادى، تەنیا مامۆستای پایه‌بڵند مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمى موده‌ڕیس نه‌بێت كه كه‌وتوه‌ته ژوور مامۆستاى خوالێخۆشبووه‌وه. هه‌ربۆیه له دوای مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمى موده‌ڕیس، به دووه‌م گه‌وره نووسه‌رى ئه‌و ڕۆژگاره ئه‌ژمار ده‌كرێت. سەرەڕای ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مه چاپكراوانه سه‌جادی له‌و ڕۆژگاره‌دا، چه‌ند به‌رهه‌مێكی دیكه‌شی به‌جیهێشتبوو كه ئاماده‌ى چاپبوون وه‌ك (به‌رگی نۆیه‌می ڕشته‌ی مرواری) و (به‌رگی دووه‌می ده‌قه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی) و (كتێبى زینده‌وه‌ر)، هه‌روه‌ها ڕۆژانه بیره‌وه‌ری تایبه‌تى خۆی یادداشت كردبوو(7)، به‌ڵام ڕوون نییه یادداشته‌كانى چی به‌سه‌ر هاتووه و كه‌وتووەته لاى كێ.
ئه‌مه‌ش ناوی كتێبه‌كانی و ساڵی دانانیانن:
- مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، (1952) و (چاپی دووه‌م 1971).
- ناوی كوردی، 1953
- ڕشته‌ی مرواری، به‌رگی یه‌كه‌م، (1957) و (چاپی دووه‌م 1999) و (چاپی سێیه‌م 2005)
- ڕشته‌ی مرواری، به‌رگی دووه‌م، (1957) و (چاپی دووه‌م 1999) و (چاپی سێیه‌م 2005).
- ڕشته‌ی مرواری، به‌رگی سێیه‌م، (1958) و (چاپی دووه‌م 1999) و (چاپی سێیه‌م 2005).
- ڕشته‌ی مرواری، به‌رگی چواره‌م، (1968) و (چاپی دووه‌م 1999) و (چاپی سێیه‌م 2005).
- ڕشته‌ی مرواری، به‌رگی پێنجه‌م، (1972) و (چاپی دووه‌م 1999) و (چاپی سێیه‌م 2005).
- ڕشته‌ی مرواری، به‌رگی شه‌شه‌م، (1979) و (چاپی دووه‌م 1999) و (چاپی سێیه‌م 2005).
- ڕشته‌ی مرواری، به‌رگی حه‌وته‌م، (1980) و (چاپی دووه‌م 1999) و (چاپی سێیه‌م 2005).
- ڕشته‌ی مرواری، به‌رگی هه‌شته‌م، (1983) و (چاپی دووه‌م 1999) و (چاپی سێیه‌م 2005).
- گه‌شتێك له كوردستاندا، 1956
- شۆڕشه‌كانی كورد (1959) و (چاپی دووه‌م 2005).
- هه‌میشه به‌هار ، 1690
- ده‌ستوور و فه‌رهه‌نگی زمانی كوردی، 1961
- ئه‌ده‌بی كوردی و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی، 1968
- نرخ شناسی، 1969
- دوو چامه‌كه‌ی نالی و سالم، 1973
- كورده‌واری، 1974
- ده‌قه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی ، 1978
- خۆشخوانی، (1978).
- یادى پیره‌مێرد 1951
- یادی كۆچی محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی، 1948
- گێتى زینده‌وه‌ر، 2008
- ڕشته‌ی مرواری، به‌رگی نۆهه‌م.
- مێژووى ڕاپه‌ڕینى كورد، 1996.
- ده‌قه‌كانى ئه‌ده‌بی كوردى، به‌رگى دووه‌م.
4،2 خوێندكار و فه‌قێكانى عه‌لائه‌دین سه‌جادی
مامۆستا سه‌جادى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌م مه‌لا بووه و هه‌م مامۆستاى زانكۆ، بۆیه زۆرێك له خوێندكاران لێی به‌هره‌مه‌ند بوون و سوودیان له زانسته‌كه‌ى وه‌رگرتووه، هه‌ر بۆیه لێره‌دا نموونه‌ى فه‌قێ و خوێندكارى زانكۆى ده‌خه‌ینه ڕوو له‌گه‌ڵ بۆچوونیان ده‌رباره‌ى مامۆستاكه‌یان:
1- عه‌بدوڕه‌حمان موفتى یه‌كێك بووه له فه‌قێ و قوتابییه‌كانى مامۆستا سه‌جادى، وه‌ك خۆى ده‌نووسێت: (قوتابییه‌كى خۆى بووم له چله‌كان به‌دواوه، هه‌ر هانى ده‌دام بۆ نووسین، به وشه‌ى پاك و جوان، هه‌ر له‌بیرم ناچێته‌وه (شایه‌تیشم گۆڤارى گه‌لاوێژى به‌نرخه) كه له‌زۆریدا نووسین و شیعرى منى بڵاوكردووەته‌وه، ئه‌مه‌ش (شانازییه‌كه بۆ من)(7).
2- دكتۆر شوكرییه ڕه‌سوڵ، یه‌كێك له خوێندكاره به وه‌فاكانى مامۆستا سه‌جادییه كه وتارێكیشى ده‌رباره نووسیوه و له ناونیشانى وتاره‌كه‌یدا شانازى به‌وه‌وه ده‌كات كه خوێندكارى بووه و ده‌نووسێت : (مامۆستاى له یاد نه‌كردووم سه‌جادى!)، له ناوەرۆكى وتاره‌كه‌شدا ئاماژه به‌وه ده‌كات مامۆستا سه‌جادى زۆر ڕێزى گرتووه و هانده‌رى بووه بۆ نووسین و خوێندنه‌وه، له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: (سه‌جادى نه‌ك هه‌ر ڕێزى منى به‌تایبه‌تى ده‌گرت، به‌ڵكو ڕێزى هه‌موو ئه‌و قوتابییه چاپوكانه‌ى ده‌گرت كه هه‌ڵوه‌داى نووسین و خوێندنه‌وه و ڕێگاى به‌ره‌و هه‌ورازى خوێندن بوون. زۆر جار پۆله‌كه‌مانى به نوكته‌ى (خاوه‌ن ده‌ق) خۆش ده‌كرد. له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌قێكى په‌خشانى هونه‌رى كه پێى ده‌وتین نوكته‌یه‌كى به‌تام و چێژى سلێمانى و هه‌ولێرییانه‌ى له‌مه‌ڕ وشه‌ى (ئه‌رێ بۆ و ئه‌دى لۆ)وه بۆ ده‌گێڕاینه‌وه)(7).
5،2 تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى عه‌لائه‌دین سه‌جادی
دڵپاكبوو، ده‌روون پاكبوو، خاوه‌نی دڵێكی فراوان بوو، پیاوێكی به له‌ش بچووك و به مێشك گه‌وره بوو، مه‌ند و زرنگ و هێمن و له‌سه‌رخۆ بوو. بۆ ژیانی خۆی تێدەكۆشا و بۆ دڵخۆشكردنی خودا‌ش تێده‌كۆشا، به‌ڵام هیچ ده‌مێك كه‌ڵك و چاكه‌ی تایبه‌تیی خۆی نه‌ده‌خسته پێش كه‌ڵك و چاكه‌ی گشتییه‌وه، هه‌میشه ده‌یویست به‌پیر خه‌م و په‌ژاره‌ی خه‌ڵكییه‌وه بچێت، كه‌س نه‌بوو هێنده‌ی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكی خۆش بوێت و حه‌ز به خۆشی و به‌رزی و سه‌ركه‌وتنی هه‌موو خه‌ڵك بكات. له خۆشی هه‌موو خه‌ڵكدا زه‌رده‌خه‌نه‌ی به‌ختیاریت به‌سه‌ر لێویه‌وه ده‌بینی و له ناخۆشیی هه‌موو خه‌ڵكدا ماته‌م دایده‌گرت. وه‌ك گه‌وره‌ى خۆی، بایه‌خی به كاری گه‌وره ده‌دا و زۆر به شتی بچووكه‌وه دڵی خۆی ئازار نه‌ده‌دا. ڕۆژێك بێ و لاپه‌ڕه‌ی یادگار ده‌رباره‌ی سه‌جادیی ئینسان تۆمار بكرێ، ئه‌وا هه‌ر نواندنی ئه‌و شه‌خسیه‌ته مه‌زنه، گه‌شتێكی گه‌وره و به‌رزی نووسینه(9)، (7).
سه‌جادی عاشقی وشه‌ی پاك و جوان بوو، زۆربه‌ی ژیانی خۆی له‌گه‌ڵ وشه و خوێندنه‌وه و نووسین و ده‌نگ و ڕه‌شی و گه‌شیی چاپخانه‌دا برده سه‌ر(9). به‌جۆرێک ساڵه‌هایه‌كی دوور و درێژ، مامۆستای ڕه‌حمه‌تیمان مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادی، له‌م به‌غدایه به‌ده‌م هاوار و هانای هه‌موو ڕۆشنبیرێكی كورده‌وه بوو، كه ده‌ستی قه‌ڵه‌م بگرێت و بتوانێت بنووسێت. تا پاش شۆڕشی چوارده‌ی ته‌ممووزی 1958یش كه‌م كتێبی كوردی له به‌غدا ده‌رچووه بنووسه‌كه‌ی دانیشتووی ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا بووبێت و مامۆستا عه‌لائه‌دین چاپخانه بۆ په‌یداكه‌ر و ڕاستكه‌ره‌وه‌ی پڕۆڤه‌ی چاپ و سه‌رپه‌رشتیكا‌ری له چاپدانی نه‌بووبێت(10). له‌م بواره‌شدا هاوكارى (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمى موده‌ڕیس، عه‌بدوڵڵا گۆران، شاكر فه‌تاح، فه‌همى جاف) و ده‌یان كه‌سی تر‌ى کردووە(11).
له كۆششی مه‌ردانه شوێن ده‌ستی دیاره، بێ هه‌وا بوو، هه‌رگیز له مردن نه‌ده‌ترسا. كامه‌رانی و به‌ختیاریی له یاریده‌دان و خزمه‌تكردنی گشتیدا ده‌بینی به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌م هه‌موو ڕه‌نجكێشانه چاوه‌ڕێی هیچ جۆره پاداشتێك بێت، یا چاوه‌ڕێی ده‌ستیاوێكی كۆششی ڕه‌نگینی بێت(12). خوداناسییه‌كه‌ی پاڵی پێوه ده‌نا، له كۆڕی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانی و مرۆڤ دۆستیدا ئیسلامه‌تییه‌كه‌ی خۆی به‌كه‌ڵك بهێنێ، بۆ پێشكه‌وتنی كورده‌واری(7). كوردایه‌تییه‌كی پاك، بیرێكی پاك و سه‌ر به گه‌ل و خاك و مێژوو و پێشكه‌وتن. له دڵه‌وه خۆشویستنی كه‌سانی چه‌وساوه و دوژمنی هه‌موو چه‌شنه چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ك بوو(7).
له نووسین و خوێندنه‌وه و خزمه‌ت به‌رده‌وام بوو، ناڕه‌حه‌تییه‌كانى ژیان كاری نه‌كرده سه‌رى هه‌تاوه‌كو كوژرانى كوڕه گه‌وره‌كه‌ى به‌ناوى (دانا) له جه‌نگى ئێران- ئێراقدا له ساڵى 1983، كه كاریگه‌رى كرده سه‌رى و له ڕووى ده‌رونییه‌وه له په‌ل و پۆى خست و تواناى وه‌ك جاران نەما، هه‌ر به‌وهۆیه‌شه‌وه ماڵئاوایى له ژیان كرد(11).
6،2 مردنى عه‌لائه‌دین سه‌جادی
ئه‌گه‌رچی مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادى دوای به‌ڕێكردنى ته‌مه‌نێكى پڕ سه‌روه‌رى و خزمه‌ت كه مێژوویه‌كى باڵا و گرنگه له ڕێكه‌وتى (14- 12- 1984ز ) له ته‌مه‌نى 77 ساڵیدا كۆچی دوایى كرد، له گۆڕستانى شێخ عه‌بدولقادرى گه‌یلانى له شارى به‌غدا له نزیك شێخ عه‌بدوڕه‌حمان نه‌قشبه‌ندى و شێخ ڕه‌زاى تاڵه‌بانییه‌وه به خاك سپێردرا، به‌ڵام به‌هۆى جیاوازى سه‌جادى له‌گه‌ڵ ئه‌وانى تردا، مامۆستا مه‌سعود محەممەد ده‌نووسێت: (مردنى تۆ به‌نده به مردنى وشه و ئه‌ده‌ب و ڕۆشنایى و ئه‌و خاكه و ئه‌و خه‌ڵقه‌ى مردنیان بۆ نییه. كورد و كوردستان هه‌ر زیندوون، تۆش له‌نێوه‌ندى دڵیان‌دا)(13).
3، ڕچه‌شكێنى عه‌لائه‌دین سه‌جادی
مامۆستا سه‌جادى به یه‌كێك له نووسه‌ره ڕچه‌شكێنه‌كانى كورد داده‌نرێت، كه له هه‌ندێك بواردا تاقانه‌ى سه‌رده‌مى خۆى بووه و یه‌كه‌مین به‌رهه‌م و دانراوى بواره‌كه نووسینه‌كانى ئه‌و بووه، هه‌ر بۆیه به كورتى باس له هه‌وڵه داهێنه‌رانه‌كانى و كاره ڕچه‌شكێنییه‌كانى ده‌كه‌ین. كه هه‌ندێكیان له وێنه‌یان نییه و هه‌ندێكیشیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى پێشینه‌یه‌كى هه‌یه، به‌ڵام كاره‌كه‌ى سه‌جادى له پێشترینه به كۆمه‌ڵێك هۆكارى جیاواز، ئه‌مه‌ش ڕچه‌شكێنى بۆ سه‌جادى تۆمار كردووه.
1،3 له حوجره و مه‌لایه‌تییه‌وه بۆ مامۆستاى زانكۆ
مامۆستا مه‌لا عه‌لائه‌دینى سه‌جادى له ساڵى 1959 به مه‌رسوومێكى عه‌بدولكه‌ریم قاسم بووه‌ته مامۆستاى زانكۆى به‌غدا و له‌به‌شی كوردى له كۆلێژى ئاداب، تا ساڵى 1974 به‌رده‌وام بووه له وانه وتنه‌وه. دیاره ئه‌مه له لایه‌كه‌وه گه‌وره‌یى و زانایى و لێهاتوویى مامۆستا سه‌جادى ده‌رده‌خات، له‌لایه‌كى تریشه‌وه به‌یه‌كێك له ڕچه‌شكێنییه‌كانى مامۆستا سه‌جادى ئه‌ژمار ده‌كرێت كه مه‌لا و ده‌رچوویه‌كى مه‌دره‌سه و حوجره‌ى مزگه‌وت به بێ خوێندنى زانكۆیی ببێته مامۆستاى زانكۆ(6).
پڕۆفیسۆر دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار له وتارێكدا به ناونیشانى (بیره‌وه‌رى و دڵۆپێك فرمێسك بۆ مامۆستا)، ده‌رباره‌ى ڕچه‌شكێنى و لێهاتوویى مامۆستا سه‌جادى ده‌نووسێت: (هه‌ندێک پێش جه‌نگی گێتیی دووه‌م له كاتێكدا ئێمه پێویستیمان به ده‌رچوانی قوتابخانه‌ی تازه بابه‌ت هه‌بوو، مامۆستا سه‌جادی ده‌رچووی حوجره‌ی كۆن و دوازده عیلم و پێش نوێژ له ڕیزی پێشه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌رچوانی كۆلێژه‌كانی به‌غدا وه‌ستا. له زۆربه‌ی ئه‌وانیش باشتر بوو، چونكه ئه‌وان له كۆلێژه‌كان هه‌موو شتیان ده‌خوێند، ئه‌ده‌بی كوردی نه‌بێ، له‌به‌رئه‌وه كاتیان كه‌م به‌ده‌سته‌وه بوو خه‌ریكی ئه‌ده‌بی كوردی بن، كه‌چی مامۆستا قوتابخانه‌ی گه‌لاوێژ و هه‌موو ده‌م و ساتێكیشی هه‌ر بۆ ئه‌ده‌بی كوردی بوو، ماوه‌ی نوێژه‌كانی لێ ده‌رچێت(14). هه‌رچه‌نده پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه دكتۆر خه‌زنه‌دار پێی وایه حوجره‌ى كۆن و دوازده عیلمى هاوشانى قوتابخانه‌ى تازه نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌جادى هاوشانى ده‌رچوانى قوتابخانه‌ى تازه بووه. ئه‌مه‌ش به جۆرێک له پلارى ناڕاسته‌وخۆ تێده‌گه‌ین بۆ حوجره كه هۆكه‌ى ئایدۆلۆژیاى دكتۆر خه‌زنه‌داره.
2،3 سه‌جادى نووسه‌رى یه‌كه‌م پەرتووکى ڕه‌وانبێژیی
مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادی به نووسینى پەرتووکى (خۆشخوانى) بووه‌ته ڕچه‌شكێنى بوارى ڕه‌وانبێژیی، چونكه خۆشخوانى یه‌كه‌م په‌رتووكى كوردیی سه‌ربه‌خۆی سه‌باره‌ت به ڕوونبێژییه، هه‌ر سێ بابه‌تى ڕوونبێژی وه‌ك واتاناسی، ڕوونبێژی و جوانكاری له‌خۆ بگرێت. له‌م دانراوه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار هه‌ر سێ زانسته‌كه‌ى ڕه‌وانبێژی به تێر و ته‌سه‌لى باسكراوه. هه‌روه‌ها بۆ یه‌كه‌مجار وشه و ده‌سته‌واژه‌كانى ڕه‌وانبێژی به زمانى كوردی خراوه‌ته به‌ردیده‌ى خوێنه‌ران و نووسه‌ران و پسپۆڕان، واته بۆ هه‌ر یه‌كێك له وشه عه‌ره‌بییه‌كان، وشه‌ى كوردی زۆر جوان و ڕه‌وانى داناوه، وه‌ك (جوانى بایس، خۆگێلكردن، دژیه‌ك، چاو له یه‌ك، ڕه‌گه‌زدۆزی، دوابه‌سه‌ر و تێلنیشان). ئه‌مانه ته‌نیا تایبه‌ت به جوانكاری نییه، ڕوونبێژی و واتاناسیش ده‌گرێته‌وه، بۆ نموونه چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌كى ڕوونبێژى ئاماژه پێ ده‌كه‌ین، وه‌ك (وه‌ك یه‌ك، دركه، خوازه و خواستن). به‌ڵام به 13 ساڵ دوای ئه‌م ڕچه‌شكێنییه‌ى مامۆستا سه‌جادى، مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمى موده‌ڕیسیش پەرتووکه به‌دیعولعه‌ڕوزى نامى چاپكردووه، دواتریش دكتۆر عه‌زیز گه‌ردى و زۆر كه‌سی تریش ده‌رباره‌ى ڕه‌وانبێژی پەرتووکى نوسیووه، كه كاریگه‌ری ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ى مامۆستا سه‌جادییان به‌ته‌واوى پێوه دیاره و ناچاربوون زۆربه‌ى زۆرى ئه‌و ده‌سته‌واژانه وه‌ربگرن و ببنه جێگه‌ى دڵپه‌سه‌ندییان. ئه‌مه‌ش ڕچه‌شكێنى و سه‌رنج و وردێتى مامۆستا سه‌جادى ده‌رده‌خه‌ن(15).
4،3 گه‌شتنامه‌نووسى لاى سه‌جادى
فه‌قێی كورد بۆ خوێندنى باوى ئه‌و ڕۆژگاره كه خوێندنى شه‌رعى بوو له حوجره‌دا، لانیكه‌م چه‌ندان، ئه‌مه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ده‌یان، شار و شارۆچكه و گوند ده‌گه‌ڕا، هه‌ر په‌رتووكێك، یان چه‌ند پەرتووکێكى بوارێكى وه‌ك (نه‌حو، سه‌رف، به‌لاغه، ته‌جوید، زانستى قورئان، زانستى فه‌رمووده، فیقهـ ،گه‌ردونناسی، و …. هى تر) ى لاى مه‌لایه‌ك و له شوێنێك ده‌خوێند، پاشان ڕووی ده‌كرده شوێنێكى تر بۆ خوێندنى بابه‌تێكى تر له حوجره‌یه‌كى تر و لاى مه‌لایه‌كى به نامێ. ئه‌مه‌ش خاڵى سه‌ره‌تا و پاڵنه‌رى سه‌ره‌كى بوو بۆ ئه‌وه‌ى سه‌جادى وه‌ك یه‌كێك له فه‌قێكانى كورد له‌و ڕۆژگاره‌دا، ببێته سروشتناسێكى شاره‌زا، چونكه له‌م گه‌ڕانه‌ى یه‌كه‌میدا چاوى به سه‌دان دیمه‌نى جوانى سروشتى كوردستان و ئاوى كانى، كارێز، شاخ و داخ، ڕه‌ز و باخ، گوڵ و گوڵزار كه‌وتووه، هه‌روه‌ها زۆربه‌ى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ى بینیوه كه به خێوكراون، یاخود كێوى بوون.
دواتریش گه‌شتى دووه‌مى له‌ناوه‌ڕاستی په‌نجاكاندا كردووه، كه (1816) كیلۆ مه‌تر به‌ناو كوردستاندا گه‌ڕاوه و ئه‌م گه‌شتنامه‌یه‌ی كرده پەرتووکێكى سه‌ربه‌خۆ به ناوى (گه‌شتێك له كوردستانا)، كه خوێنه‌ر ئاشنا ده‌كات به لایه‌نى (مێژوو، جوگرافیا، كه‌ش و هه‌وا، ژماره‌ى دانیشتوان، داب و نه‌ریت، پۆشاك، بارى دارایى، بارودۆخ و بژێوى دانیشتوان، ئاستى خوێنده‌وارى و شێوازى حوكمڕانى ناوچه‌كه و ئاستى په‌یوه‌ندى ده‌سه‌ڵات و دانیشتوان). ئه‌و شارانه‌ی مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادی گه‌شتیان بۆ ده‌كات بریتین له: موسڵ، ئاكرێ، زاخۆ، دهۆك، ئامێدی، بامه‌ڕنی، هه‌ولێر، كه‌ركووك، سلێمانی، دوكان، قه‌ڵادزێ، … هى تر.
ئه‌گه‌رچی پێش مامۆستا سه‌جادى، مامۆستاى شه‌هید (شاكر فه‌تاح)، چه‌ند گه‌شتنامه‌یه‌كى نووسیوه و چاپ و بڵاوى كردوونه‌ته‌وه، ئه‌وانیش: (گه‌شتی پێنجوێن 1930، گه‌شتی سرۆچك 1932، گه‌شتی شارباژێڕ 1929، گه‌شتی هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان 1933). به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه كه مامۆستا شاكر فه‌تاح و مامۆستا عه‌لائەدین سه‌جادى هاوڕێ و خۆشه‌ویستى یه‌ك بوون و ئاگایان له كار و نووسینى یه‌كتر هه‌بووه، كه‌چی مامۆستا سه‌جادى نووسینه‌كه‌ى خۆى به یه‌كه‌م گه‌شتنامه ناوزه‌د ده‌كات، ئه‌مه‌ش له خۆڕا نییه و نووسینه‌كانى مامۆستا شاكر فه‌تاح له پاڵ ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌ركى میریدا نووسیونى و كاتێكى كه‌متر و نووسینێكى كه‌متره له چاو گه‌شته‌كه‌ى مامۆستا سه‌جادیدا، كه مامۆستا سه‌جادى به‌تایبه‌تى وه‌كو ده‌قى گه‌شتنامه نووسیویه‌تى، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه كه دكتۆر مارف خه‌زنه‌ردا ده‌رباره‌ى گه‌شتنامه‌كه‌ى سه‌جادى نوسیویه‌تى : (په‌خشانه جوانه‌كانی سه‌جادی له كتێبی گه‌شتێك له كوردستانا، لێكسیكۆن و زمانی ئه‌ده‌بی یادداشت و تێبینی ڕۆژانه‌یان هێناوه‌ته ناو ئه‌ده‌بی كوردییه‌وه، ئه‌و كتێبه‌ی سه‌جادی بریتییه له تێبینی له بابه‌ت ئه‌و گه‌شته‌یه‌وه له كوردستانی عێراق كردویه‌تی، له به‌غداوه بۆ مووسڵ و هه‌ولێر و كه‌ركووك و سلێمانی)(16).
ئه‌م كاره‌ى مامۆستا سه‌جادى به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر به ئاوه‌زی و به‌رنامه‌ڕێژی لاى سه‌جادى، هه‌روه‌ك دكتۆر فه‌رهاد شاكه‌لى پێی وایه: (له‌نێو ده‌سته‌ی ڕۆشنبیره كلاسییه‌كانی كورد، كه‌س هێنده‌ی سه‌جادی به به‌رنامه كاری نه‌كردووه، كاری حكومه‌تێكی كردووه، چونكه زانیویه‌تی كورد حكومه‌ت؟ ده‌وڵه‌تی نییه) (17). گه‌شتى یه‌كه‌م و دووه‌مى مامۆستا سه‌جادى بووه پاڵنه‌رێكى به‌هێز تا سه‌جادى ببێته سروشتناس و سوودیش له‌م سروشتناسییه‌ى وه‌ربگرێت بۆ به‌رهه‌م و دانراوه‌كانى، ئه‌گه‌رچی خۆشی له‌م باره‌یه‌وه هیچی نه‌وتبێت. هه‌ربۆیه ڕه‌نگدانه‌وه‌ى گه‌ڕان و گه‌شته‌كانى سروشتناسییه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى سروشتناسییه‌كه‌شی مێژووى ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه و ڕه‌وانبێژیی و به‌رهه‌مه‌كانى تر‌ى سه‌جادییه.
5،3 سروشتناسی لاى سه‌جادى
له كۆنه‌وه مرۆڤه‌كان نه‌ك تەنیا به خودى سروشت، به‌ڵكو به هەماهه‌نگى له‌گه‌ڵ شته‌كانى تریش سه‌رسام بوون، هه‌ربۆیه وشه‌ى (سروشت Nature) چه‌ندین واتاى هه‌یه، كه له چوارچێوه‌ى جیاوازدا به‌كار ده‌هێنرێت، بۆ نموونه (دروستكردن، ڕووخسار و تایبه‌تمه‌ندى مرۆڤ، موڵك، ده‌وروبه‌ر و …. هتد)(18). سروشت زاراوه‌یه‌كى فراوانه، ئاماژه‌یه بۆ جیهانى فیزیكى له‌گه‌ڵ دیارده‌كانى وه‌ك به‌فربارین، بارانبارین، با، هه‌ور، ته‌مومژ و …هتد، ئاماژه‌یه بۆ بوونه‌وه‌ره زیندوو و نازیندووه‌كانى وه‌ك ئاژه‌ڵ، باڵنده، ڕووه‌ك، گوڵ، ماسی، مێروو، به‌رد، ڕووبار، شاخ، خاك، گۆم، گرد و … هتد، ڕوودانى ئه‌م جۆره شت و دیارده سروشتییانه، نه‌ك تەنیا كاریگه‌رى له‌سه‌ر نووسه‌ر و شاعیر و لێكۆڵه‌ره‌وه‌ى ئه‌ده‌بی هه‌یه، به‌ڵكو كاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌ر مرۆڤێكى ئاسایش هه‌یه له داڕشتنى بیرۆكه و شێوازى ژیانیاندا، به‌ڵام نووسه‌ران به‌تایبه‌تى له ژێركاریگه‌رى سروشتدان(19). سروشت ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌نده به نهێنى سه‌رنجڕاكێش و سه‌رسوڕهێنه‌رى باوه‌ڕپێنه‌كراو، كه به‌م شێوه‌یه دڵى مرۆڤه‌كان ده‌گرێت و هانیان ده‌دات بۆ نووسین، ئه‌م ئاوازانه‌ى سروشت، چ له په‌خشاندا بێت، یان شیعر، له دڵى نووسه‌رانه‌وه ده‌چنه سه‌رپارچه كاغه‌زێك وه‌ك كه‌وتنه خواره‌وه‌ى گه‌ڵا له داره‌وه(18).
هیچ نووسه‌رێك له‌م جیهانه‌دا نییه كه سروش له سروشته‌وه وه‌رنه‌گرێت، له ڕاستیدا، هه‌موو نووسه‌رێك كه پێنووسه‌كه‌ى ده‌هه‌ژێنێت، ناتوانێت كاره‌كانى ته‌واو بكات به بێ ئه‌وه‌ى جوانییه‌كانى تێدا بخاته ڕوو، چونكه سروشت و وێژه دوو شتن كه ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه، به‌بێ یه‌كتر ناتوانرێ خه‌یاڵیان بۆ بكرێت.(18) سروشت هه‌میشه ڕۆڵێكى كاریگه‌ری هه‌بووه له وێژه‌دا، به‌تایبه‌تى له شیعردا، نووسه‌ران و شاعیران زۆر جار سروشتیان به‌كارهێناوه بۆ ڕونكردنه‌وه‌ى هه‌ست و سۆز و بیركردنه‌وه‌كانیان ده‌رباره‌ى ژیان و مردن و خۆشه‌ویستى و شه‌ڕ(20).
تابلۆ جوانه‌كانى سروشت كه له وێژه‌دا به‌كار دێن، یه‌كێكن له هۆكاره هه‌ره گرنگه‌كان بۆ ئاشكراكردنى شێوازى نووسینى شیعر و په‌خشان، دیاریكردنى هه‌ڵوێستى نووسه‌ر به‌رامبه‌ر بابه‌ته‌كه‌ى و هه‌ڵسه‌نگاندنى به‌هاكه‌ى له ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تى، ده‌روونى، …. هتد. نووسه‌رانى به توانا و داهێنه‌ر ده‌توانن سروشت وه‌ك ئامڕازێكى تایبه‌ت به‌كاربهێنن بۆ ئاشكراكردنى هه‌ردوو لایه‌نى كاره‌ساتبارى و دڵخۆشی ژیانى مرۆڤ(18).
شیكردنه‌وه‌ى شیعر، به شێوه‌یه‌كى زانستى ورد، كردارێكى سه‌خت و ئاڵۆزه، چونكه لێكۆڵه‌ر ده‌بێت له چه‌ند بوارێكى گرنگى په‌یوه‌ست به تێگه‌یشتن له شیعر شاره‌زا بێت، ئه‌وانیش: (ئاماژه‌كردن، واتا، وێنه‌سازیی، وێنه‌ی بینراو و گۆڕانكارییه‌كان، وێنه‌ى بیستراو، وێنه‌ى قسه‌كردن، ڕه‌وانبێژیی، نواندن و لاساییكردنه‌وه، هێڵكارى وێنه‌ى سروشت، كه‌سایه‌تیسازی، هێماسازی، جوانى بایس، كه‌مكردنه‌وه، زیاده‌ڕه‌وی، پێچه‌وانه‌كردنه‌وه، وێنه، بارى ده‌روونى و ….. هتد)، كه مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادى ته‌واو شاره‌زاى ئه‌م بواره په‌یوه‌ستانه بووه، ئه‌گه‌رچی ئاماژه‌شی بۆ نه‌كردبن، به‌ڵام بۆ ڕاڤه و لێكدانه‌وه‌ى شیعر و سروشت كه دوانه‌یه‌كى لێكدانه‌بڕاون و له زۆر ڕووه‌وه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌بووه، ئه‌و ڕیگایانه‌ى كه شیعر په‌یوه‌ست ده‌كه‌ن به سروشته‌وه، گرنگ و پڕبایه‌خن(21)، ئه‌وانیش:
1- سروش Inspiration
له كۆنه‌وه سروشت سه‌رچاوه‌ى سروش Inspiration بووه، نووسه‌ران جوانى سروشتیان به‌كارهێناوه بۆ ده‌ربڕینى سۆز و بیركردنه‌وه و بیرۆكه‌كانیان. زۆرجاریش بیرۆكه‌ى نوێ و داهێنه‌رانه له گۆڕانكارى و تێكه‌ڵكردن و ده‌ستكاریكردنى بیرۆكه‌كانى تره‌وه، هه‌روه‌ها له نموونه و چه‌مكه‌كانى تره‌وه، سه‌رچاوه ده‌گرێت. به‌ڵام ناكرێت نموونه و كاره كۆن و سروشتییه‌كان وه‌ك خۆى وه‌ربگیرێنه‌وه و له‌به‌ریان بگیرێته‌وه، به‌ڵكو پێویسته ببنه‌وه به سروش Inspiration بۆ له‌دایكبوونى كارێكى نوێ(22).
2- هێماسازی Symbolism
هێماسازی Symbolism، شتێكه كه بۆ شتێكى تر به‌كارده‌هێنرێت، یان وه‌ك پیشاندانى شتێكى تر سه‌یر ده‌كرێت، به‌تایبه‌تى تر هێما بریتییه له وشه‌یه‌ك، یان ده‌سته‌واژه‌یه‌ك، یان ده‌ربڕینێكى تر كه كۆمه‌ڵێك واتاى ئاڵۆز په‌یوه‌سته پێیه‌وه. ئه‌مه‌ش به‌و واتایه دێت، كه هه‌ر هێمایه‌ك، واتاى جیاواز و جۆراوجۆرى هه‌ڵگرتووه(21 p. 39). زۆر جار سروشت وه‌ك هێمایه‌ك له شیعردا به‌كارده‌هێنرێت بۆ مه‌به‌ستى گه‌یاندنى واتاى قوڵتر، چونكه له نێو ئه‌و هونه‌ره جۆراوجۆرانه‌ى كه له شیعردا به‌كارده‌هێنرێن، هێماسازی Symbolism یه‌كێكه له‌و ئامڕازه كاریگه‌رانه‌ى كه شاعیران بۆ ده‌ربڕینى په‌یوه‌ندى و پوخته‌كردن به‌كارى ده‌هێنن، بۆ نموونه: ڕه‌نگه زریانێك هێماى گێژاوى سۆزدارى بێت، یان گوڵ و گوڵخونچه‌یه‌ك هێماى گه‌شه‌كردن و نوێبوونه‌وه بێت(23). هێما بریتییه له (كه‌س، شوێن، شت، په‌سن، جۆر، یان په‌یوه‌ندییه‌ك كه به‌كارده‌هێنرێت بۆ ئاماژه‌دان به شتێكى تر جگه له خۆى)، له شیعردا، هێماسازی باو و ناباو هه‌ن، هێما باوه‌كان ئه‌وانه‌ن كه به شێوه‌یه‌كى فراوان به‌كارده‌هێنرێن و له‌گه‌ڵ دیتن و خوێندنه‌وه‌یدا واتاكانى تێده‌گه‌ین، بۆ نموونه ئاڵا، خاچ، گوڵه‌به‌ڕۆژه، …هتد. به‌ڵام هێما ناباوه‌كان، ئه‌و هێمایانه‌ن كه بۆ بۆنه‌یه‌كى دیاریكراو داهێنراون و به‌كاردێن، لێكدانه‌وه‌كه‌ى به گوێره‌ى ئه‌و شیعره دیاری ده‌كرێت كه به‌شێكه لێى، شاعیر هیچ لێدوانێكى ڕاشكاوانه نادات ده‌رباره‌ى به‌ها و نرخى هێماكان، به‌ڵكو متمانه‌ى به ده‌قه‌كه‌ى خۆى هه‌یه كه واتاكه‌ى بۆ خوێنه‌ر ڕوون بكاته‌وه(21).
به شێوه‌یه‌كى گشتى سێ جۆر هێماسازی هه‌ن، ئه‌وانیش(23):
– هێماسازی له رێگه‌ى شته به‌رجه‌سته‌كانه‌وه: زۆربه‌ى كات شته به‌رجه‌سته‌كان بۆ هێماسازی بیرۆكه‌یه‌ك، یان چه‌مكێك به‌كارده‌هێنرێن، وه‌ك رێچكه و ئاماژه‌ده‌رێك بۆ ئاڕاسته‌كردنى خوێنه‌ر به‌ره‌و هه‌ندێك له‌و ته‌وه‌ره بنه‌ڕه‌تییانه‌ى كه به‌رهه‌مێك مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كات.
– هێماسازی له رێگه‌ى كه‌سایه‌تییه‌كانه‌وه: هه‌ندێك جار، كه‌سایه‌تییه‌كان خۆیان ده‌توانن هێمایه‌ك بن بۆ (شكۆمه‌ندى، خراپه‌كارییه‌كى تایبه‌ت، بیروباوه‌ڕ، ڕامیارى، …. هتد).
– هێماسازی له ڕێگه‌ى ڕووداوه‌كانه‌وه: ڕووداوه‌كان ده‌توانن ببنه هێما و به‌هۆیانه‌وه هێماسازی نێو په‌خشان و شیعره‌كان پێكبهێنن.
ئه‌گه‌رچی سێ جۆرى جیاوازى هێماسازی هه‌ن، به‌ڵام له ڕووى ئه‌رك و سووده‌كانیانه‌وه لێك نزیكن كه به شێوه‌یه‌كى گشتى له چه‌ند خاڵێكدا ده‌یانخه‌ینه ڕوو(23):
– یارمه‌تى خوێنه‌ر ده‌ده‌ن بۆ بینینى چه‌مكه ئاڵۆزه‌كان و ته‌وه‌ره ناوه‌ندییه‌كان، چۆنێتى به‌دواداچوون بۆ گه‌شه‌كردنیان.
– ده‌رفه‌ت به شاعیران و نووسه‌ران ده‌دات بۆ گه‌یاندنى بیرۆكه‌ى گه‌وره به شێوه‌یه‌كى كارا و هونه‌رییانه.
– هێماسازی بانگهێشتكردنى خوێنه‌رانه بۆ لێكدانه‌وه‌ى ده‌قێك به شێوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ، نه‌ك ڕاسته‌وخۆ مه‌به‌سته‌كه ده‌ربخه‌ن.
– سه‌نگ و قورسایی سۆزدارییانه، سه‌رباری ده‌قه‌كان ده‌كات.
– شاردنه‌وه‌ى ئه‌و ته‌وه‌ر و باسانه‌ى كه زۆرترین مشومڕیان له‌سه‌ره و ناتوانرێت به ئاشكرا باس بكرێن.
3- بارى ده‌روونى و كه‌ش و هه‌وا Mood and Atmosphere
بارى ده‌روونى، وشه‌یه‌كه كه له هه‌مان وشه‌ى كۆنى بارى ده‌روونى Mood ئینگلیزییه‌وه هاتووه، كه به واتاكانى (دڵ، گیان و ئازایه‌تى) دێت، بارى ده‌روونى ئاماژه‌یه بۆ ئاره‌زووى ده‌روون، هه‌ست، دۆخێكى سۆزداری. زۆر جار شاعیران، په‌سنه سروشتییه‌كان Descriptions of Nature به‌كارده‌هێنن بۆ دانانى بارى ده‌روونى و كه‌ش و هه‌واى شیعره‌كانیان، بۆ نموونه: ڕه‌نگه دیمه‌نێكى سروشتى ئارامبه‌خش، هه‌ست و ده‌رونێكى ئارام و مایه‌ى دڵپه‌سه‌ندى بوروژێنێت. بارى ده‌روونى به‌رهه‌مێكى وێژه‌ى ئاماژه‌یه بۆ كه‌ش و هه‌وا، یان ئاوازى باڵاده‌ستى، هه‌موو به‌رهه‌مێكى وێژه‌ى سه‌ره‌كى، بارێكى ده‌روونى باوى هه‌یه(21).
4- هێڵكارى وێنه‌ى سروشت (سروشتخواز) Metaphor
شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانى قسه‌كردن كه تێیدا وشه‌یه‌ك، یان گوزارشتێك بۆ كه‌سێك، بیرۆكه‌یه‌ك، یان شتێك به‌كارده‌هێنرێت، كه به شێوه‌یه‌كى ڕسته‌ى كارى پێناكرێت، زۆر جار نووسه‌ران وێنه‌ى سروشتى وه‌ك هێڵكاریی قسه‌كردن و خوازراو بۆ ئه‌زموون و هه‌سته‌كانى مرۆڤ به‌كارده‌هێنن، بۆ نموونه، ڕه‌نگه باڵنده‌یه‌ك هێماى ئازادى بێت، به‌ڵام دارێك ئاماژه بێت بۆ هێز. كه‌واته سروشتخوازی Metaphor ده‌ربڕینێكه كه به واتایه‌كى تازه به‌كاردێت و لێكچوونێكى ئاماژه‌پێكراوه كه به شێوه‌یه‌كى خه‌یاڵى شتێك له گه‌ڵ شتێكى دیكه ده‌ناسێنێت، له‌سه‌ربنه‌ماى لێكچوون له نێوان ئه‌و واتاى وشه‌كه و ئه‌و شته نوێیه، یان ئه‌و دۆخه‌ى كه بۆى جێبه‌جێ ده‌كرێت. ئه‌م سروشتخوازییه Metaphor یه‌كێكه له دروشمه‌كان، هه‌روه‌ها ئامڕازێكه كه نووسه‌ر و شاعیر به‌هۆیه‌وه واتاى وشه‌یه‌ك ده‌گۆڕێت، یان له واتاكه‌ى دوورى ده‌خاته‌وه و لایده‌دات. سروشتخوازى كه به شێوه‌یه‌كى باو به‌كارده‌هێنرێت، ڕه‌نگه له مێشكدا ئه‌و توخمه لێكچووانه له ده‌ستبدات كه له بنه‌ڕه‌تدا هه‌یبووه، پاشان پێى ده‌وترێت سروشتخوازى مردوو dead metaphor، له قسه‌كردنى ڕۆژانه‌دا، سروشتخوازى مردوو زۆرن، بۆ نموونه (پەرتووکێكى وشك Dry Book، خوێندكارێكى دره‌وشاوه، بیركردنه‌وه‌ى ڕووكه‌ش، …. هتد)(21).
هه‌ر چوار بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كه له لایه‌ن مامۆستا سه‌جادییه‌وه به‌كارهاتووه، جا بۆ ڕاڤه و لێكدانه‌وه‌ى شیعر بێت، یاخود له نووسینى په‌خشانه‌كانیدا.
6،3 باڵنده، ئاژه‌ڵ و گه‌ردوون، یان گێتى زینده‌وه‌ر لاى سه‌جادى
پەرتووکى (گێتى زینده‌وه‌ر) یه‌كێكى تره له دانراوه‌كانى مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادی، كه زۆربه‌ى ئاژه‌ڵ، باڵنده، ڕووه‌ك، گوڵ و پێكهاته گه‌ردونییه‌كانى تێدا خراوه‌ته ڕوو، وه‌ك (ئاسك، ئه‌سپ، ئێستر، به‌راز، به‌ران، بزن، پشیله، پڵنگ، سه‌گ، باز، چۆله‌كه، تاوس، تووتى، قاز، كه‌و، هه‌ڵۆ، دوپشك، ژیشك، مار، زه‌یتوون، سنه‌وبه‌ر، چنار،هه‌رمێ، هه‌ڵووژه، هه‌نار، مانگ، زه‌وى، زێڕ، زیو) و سه‌دانى تر، ئه‌مه‌ش كارێكى ته‌واو ده‌گمه‌نه و به یه‌كێكى تر له ڕچه شكێنییه‌كانى مامۆستا سه‌جادى داده‌نرێت، كه پێش ئه‌و كه‌سێكى تر به‌رهه‌مێكى له‌م جۆره‌ى به زمانى كوردى نه‌نوسیووه. به‌هه‌مان شێوه‌ى گه‌شتنامه‌كه‌ى كه هۆكارى سروشتناسییه و مامۆستا سه‌جادى بۆ لێكدانه‌وه و ڕاڤه‌ى شیعرى شاعیران سوودى لێوه‌رگرتووه و له نووسینى په‌خشانیشدا به‌كارى هێناوه. به كورتى باس له هه‌ندێكیان ده‌كه‌ین كه له بنه‌ماكانى تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌ى ده‌قن، وه‌ك:
1- باڵنده‌كان Birds
باڵنده‌كان Birds، سه‌رچاوه‌یه‌كى باوى سروشبەخشن Inspiration، هه‌رله‌ر ئه‌مه‌ش له كۆنه‌وه باڵنده‌كان به شێوه و هێماى جۆراوجۆر پیشان دراون، مرۆڤ هه‌میشه سه‌رسامییه‌كى زۆرى به‌رامبه‌ر به سروشت هه‌بووه، به‌تایبه‌تى باڵنده‌كان. كاتێك سه‌ربه‌رز ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ئاسمان، یان سه‌یری دارێك ده‌كه‌ین، یاخود ئه‌گه‌ر بچینه شاخه‌كانیش و وشكترین شوێنه‌كانیش، ئه‌وا هه‌میشه هه‌ندێك زینده‌ورى باڵاتر هه‌یه كه له مرۆڤ به‌رزتر ده‌بێته‌وه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه كه باڵنده‌كان سروش به‌خشن بۆ شاعیر به مه‌به‌ستى تێگه‌یشتن و په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ سروشت له بواره جیاوازه‌كانى وه‌ك (هه‌ست، نیشانه، باوه‌ڕ و په‌یام)، شاعیران سروشت و جوانییه‌كانى سروشتیان به‌كارهێناوه بۆ ده‌ربڕینى بیركردنه‌وه و هه‌سته‌كان، باڵنده‌كانیش به‌هۆى تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى وه‌ك (وردێتى له هه‌ڵسوكه‌وتدا، دزیكردن و شێوازه‌كانى، تواناى فڕین به‌به‌رزى و ڕاوكردن، تێپه‌ڕین به ده‌ریا و ئۆقیانووسه گه‌وره‌كاندا، …) (24). به شێوه‌یه‌كى باو هه‌ندێك له باڵنده‌كاندا ده‌بینین له نێو شیعره‌كاندا، كه بۆ واتا و هێماى جیاواز به‌كارده‌هێنرێن، وه‌ك (كۆتر، هه‌ڵۆ، باز، چۆله‌كه، قه‌له‌ڕه‌ش، تووتى، هوما، هود هود….)، بۆ نموونه زۆر جار ئاماژه به ڕه‌نگ و هێمنى كۆتر ده‌كرێت، یاخود وه‌ك هێمایه‌ك بۆ گیان (ڕۆح).(25)
باڵنده‌كان، وه‌ك هونه‌رێكى هێماسازی Technique of Symbolism له شیعر و په‌خشاندا به‌كارده‌هێنرێن، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى شیعر و په‌خشانه‌كان و پێدانى تێڕوانینى زۆرتر به خوێنه‌ر. هه‌روه‌ها به‌ستنه‌وه‌ى سروشت به هه‌ست و بیرباوه‌ڕه‌وه. هێماسازی بۆ ئاماژه‌دان به بێتاوانى و خۆشی و پاكى و كوڕێنى و …. هتد، كه‌ڵكى لێوه‌رده‌گیرێت كه كاریگه‌رییه‌كى زۆرى هه‌یه له‌سه‌ر فره‌واتایی Multiple Meaning شیعر، بابه‌ته‌كان گشتگیرتر ده‌كه‌ن و سه‌رنجى خوێنه‌ران ڕاده‌كێشن و سه‌رقاڵى ده‌كه‌ن (23). له سۆفیگه‌ریی ئیسلامی‌دا، وێنه‌ى باڵنده له هێما گرنگه‌كانه، یه‌كێكه له هێما دیاره‌كان له نێوان هێما دیاره‌كانى وه‌ك (گوڵه‌به‌ڕۆژه، باخچه، شه‌راب). هێماى باڵنده، ته‌نیا یه‌ك واتاى نییه، كه ئه‌ویش هێماى (گیان)ــه، به‌رزبوونه‌وه‌ى گیانى مرۆڤ بۆ ئاستێكى باڵا، به‌ڵام واتاى دیكه‌شی هه‌یه، وه‌ك هێمایه بۆ هه‌ندێك كه‌س، ئه‌زموون، داهێنان، دروستكردن. ئه‌و سۆفییانه‌ى خۆیان گۆشه‌گیر ده‌كه‌ن، وه‌ك باڵنده‌ى ناو قه‌فه‌س هێما ده‌كرێن، ئه‌و سۆفییانه‌شی كه ده‌كوژرێن، وه‌ك باڵنده‌ى پیرۆزى گه‌ڕاوه بۆ هیلانه‌كانیان هێمایان بۆ ده‌كرێت، ئه‌و سۆفییانه‌ى زۆر بیرده‌كه‌نه‌وه و سه‌رنج ده‌ده‌ن، به باڵنده بێده‌نگه‌كان هێما ده‌كرێن، په‌یامبه‌ران و فریشته‌كان و پیاوانى خودا به باڵنده‌ى فڕین له باخچه‌ى ئاسماندا هێمایان بۆ ده‌كرێت. باڵنده برینداره‌كه‌ره‌كانیش هێماى هێز و گرفته ده‌روونییه‌كانن، به‌ڵام باڵنده ده‌نگخۆشه‌كان كه ئاوازى جۆرا و جۆر ده‌چڕن، هێمان بۆ هیوا و خۆشی و بێتاوانى. هه‌روه‌ها دیتنى باڵنده و په‌له‌وه‌ره‌كان له مانگى سێ‌دا، هێماى له دایكبوونه‌وه و ژیانه‌وه‌یه، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه زۆرجار باڵنده هێماى ئازادییه، په‌پووله‌ش هێماى ناسكى و جوانى و خۆشه‌ویستییه(26).
باز (نسر، eagle)، هه‌ندێكجار هێماى گیانى ئارامه، هه‌ندێكجاریش باڵنده‌ى دڵخۆشی و حاڵ لێهاتنه كه باس له هێزى خۆشه‌ویستى خودا ده‌كات كه مه‌به‌ستێتى دڵى مرۆڤه دوو دڵه‌كان به ده‌ستبهێنێت، هه‌ر وه‌ك چۆن بازێك هێرش ده‌كاته سه‌ر نێچیره‌كه‌ى. كۆتریش وه‌ك باڵنده‌یه‌كى جوان كه له سروشته‌وه ده‌خرێته ناو قه‌فه‌س، به له ده‌ستدانى ئازادى، دڵى له ده‌ست نادات و نامرێت، به‌ڵكو خۆیان ده‌گونجێنن و ده‌بنه سروشتخوازێك metaphor بۆ دۆزینه‌وه‌ى به‌خته‌وه‌رى و ئیمانى له تاریكترین ساته‌كانیشدا، ئه‌مه‌ش دۆزینه‌وه‌ى ئارامى و متمانه‌ى ته‌واوه به خودا، كه ئازادى گیانى پاداشته‌كه‌یه‌تى. شاعیرانى جیهانیش باڵنده‌ى ڕۆبینیان Robin وه‌ك هێماى ئایینى به‌كارهێناوه، چونكه ڕۆبین سروش Inspiration و رێنماییه بۆ ئه‌وه‌ى مه‌سیحییه‌كى باش چۆن ده‌بێت ڕه‌فتار بكات(26).
2- ئاژه‌ڵ
مرۆڤ له سروشتدا دراوسێی هه‌یه، ئاژه‌ڵ، ڕووه‌ك، دار، شاخ، ده‌ریا و دیارده سرشتییه‌كانى تر، له ڕاستیدا جگه له‌وه‌ى به‌ركه‌وتنى هه‌یه له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌كانى دیكه‌دا، له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ و دیارده سروشتییه‌كانى تر‌ى ده‌وروبه‌ریشی به‌ركه‌وتنى هه‌یه، هه‌رله‌به‌رئه‌مه‌شه ئاژه‌ڵه‌كان Animals بۆ هێماسازی Symbolism و سروشتخوازى Metaphor به‌كارده‌هێنرێن له‌ناو شیعره‌كاندا، بۆ پیشاندانى هه‌ندێك بیرۆكه، هه‌ست و تایبه‌تمه‌ندى، بۆ گه‌یاندنى قوڵترى په‌یام و ته‌وه‌رى تایبه‌ت و وروژاندنى هه‌ست و دروستكردنى په‌یوه‌ندى. به شێوه‌یه‌كى گشتى ئاژه‌ڵه‌كانى وه‌ك (گا، مانگا، مه‌ڕ، بزن، شێر،ئه‌سپ، كه‌ر، ئاسك، كه‌روێشك، تانجى، سه‌گ، مشك، حوشتر، مار، …. هتد) (27). چه‌ند سوڕه‌تێكى قورئانی پیرۆز به‌ناوی ئاژه‌ڵانه‌وه‌یه، ئه‌وانیش: (النحل، البقره، الفیل، العنكبوت، النمل، الا‌نعام، العادیات، العلق)، هه‌روه‌ها ئاژه‌ڵان له ٥٢ سووره‌تی قورئان و ١٥٤ ئایه‌تدا باسكراوه و چه‌ند جارێكیش ناوى چه‌ند ئاژه‌ڵێك دووباره بووەته‌وه، ئه‌وانیش (قه‌له‌ڕه‌ش 2 جار، ئه‌سپ 5 جار، نه‌هه‌نگ 4 جار، سه‌گ 5 جار، جاڵجاڵۆكه 2 جار)، له سوڕه‌تى (كه‌هف/ئه‌شكه‌وت)یشدا كه 110 ئایه‌ته، دوو جار و له هه‌ردوو ئایه‌تى (18 و 22) ناوى سه‌گ هاتووه، هه‌روه‌ها له ئایه‌تی (176) ى سوڕه‌تى (ئه‌عراف)یشدا ناوى سه‌گ هاتووه(28). له نێو ئاژه‌ڵدا هێماسازی سه‌گ Dog Symbolism به‌كارهێنانێكى زۆرى هه‌یه، چونكه سه‌گ گیاندارێكی بێ زوبانی، بێ زیانی، پێ بزانی، به‌سه‌زمانه. له ماڵێك كه پارچه نانێكی خوارد ئیتر ئه‌و به‌رده‌رگایه به‌رنادات، یان له یه‌كێكه‌وه كه پارچه كولێره‌یه‌كی ده‌ستكه‌وت ئیتر به‌جێی ناهێڵێ و كلكه‌له‌قه‌ی بۆ ده‌كات! به‌ڵكو له‌وانه‌یه كه خۆی بكات به باڵاگه‌ردانی، سه‌ری به قوربانی. له گونده‌كاندا سه‌گ هاوه‌ڵێكی به‌وه‌فای مێگه‌له‌كان و شوانه‌كانه، ڕانه‌كان له هه‌ڕه‌شه‌ی گورگ و دڕنده‌كانی دیكه ومرۆڤه‌كانیش له هێرش و شاڵاوی دڕنده‌كان ده‌پارێزێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش سه‌گ هێماى به‌وه‌فاییه، هێماى پارێزه‌رى و ڕزگاركه‌رییه، هه‌رچه‌نده به هێماى خراپیش به‌كاردێت وه‌ك له به‌رامبه‌ر فره بڵه‌یی و چه‌نه‌بازیی و ده‌مدرێژیی ده‌كرێته هێما(29).
3- گه‌ردوون
پان و به‌رینى ئاسمان و گه‌له ئه‌ستێره‌كان، دره‌وشانه‌وه‌ى مانگ، هه‌ڵاتن و ئاوابوونى خۆر، هه‌ستێكى سه‌رنجڕاكێش و ئاره‌زووخوازانه‌ن كه مێشكى مرۆڤ دنه ده‌ده‌ن، به‌م هۆیه‌ش له زۆرێك له به‌رهه‌مه هونه‌رى و وێژه‌ییه‌كانى جیهاندا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه، زانستى گه‌ردونناسیش كه یه‌كێكه له زانسته كۆنه‌كانى مرۆڤ كاریگه‌رى زۆرتر دروست ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و دنه‌دان و سه‌رنجڕاكێشییه. له ماوه‌ى چه‌ندین سه‌ده‌دا، له رێگه‌ى چاودێرى و ئه‌زموونى كه‌سییه‌وه، مرۆڤه‌كان پێشبینى گۆڕانكارییه‌كانى كه‌ش و هه‌وا، ڕوودانى بومه‌له‌رزه، با، مانگگیران، خۆرگیران، بارانبارین، به‌فربارین، سه‌هۆڵبه‌ندان و …. هتد كردووه. هه‌رله‌به‌ر ئه‌مه‌ش گه‌ردونناسی و هه‌موو جوانییه‌كانى له‌به‌رهه‌مى زۆرێك له شاعیران و نووسه‌راندا به جوانى و ڕوونى نیشاندراوه.(30)
7،3 مێژووى ئه‌ده‌بی كوردی
مامۆستا سه‌جادى له ساڵى 1952 پەرتووکى مێژووى ئه‌ده‌بی كوردى به قه‌واره‌ى 652 لاپه‌ڕه چاپ و بڵاوكرده‌وه كه دانراوێكى گه‌وره و پڕبایه‌خ و تاقانه‌ى سه‌رده‌مه‌كه‌ى خۆى بوو، توانى هه‌موو ئه‌و كارانه تێبپه‌ڕێنێت كه پێش ئه‌و كرابوون و ببێته سه‌رتۆپی دانراوه‌كانى تر.
هه‌رچه‌نده بۆچوونى جیاواز له باره‌ى كتێبی (مێژووى ئه‌ده‌بی كوردى)یه‌وه هه‌یه، هه‌ندێك پێیان وایه ئه‌م كتێبه له دواى كتێبی (شیعر و ئه‌ده‌بیاتى كوردى- ڕه‌فیق حیلمى)، تا ڕاده‌یه‌ك ده‌بێته سه‌ره‌تاكانى ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بی كوردی، نووسه‌ره‌كه‌ى هه‌وڵیداوه تاڕاده‌یه‌ك شێوازى لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ى شێوازێكى زانستییانه په‌یڕه‌و بكات له دیاریكردنى ناوه‌ڕۆكى شیعرى شاعیران. گرنگییه‌كى زۆرى به ناوه‌ڕۆك و لێكدانه‌وه‌ى ده‌قه شیعرییه‌كان داوه، له لێكۆڵینه‌وه‌ى بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكى هه‌ندێك ده‌قی شیعریدا به وردى چۆته قوڵایی ناوه‌ڕۆكى ده‌قه‌كانه‌وه. په‌یڕه‌ویی ڕیبازیی Method ته‌واوكارى كردووه له لێكۆڵینه‌وه‌ى ژیان و ده‌قی شیعرى شاعیره‌كاندا، چۆنێتى به‌كارهێنانیشی له شاعیرێكه‌وه بۆ شاعیرێكى تر ده‌گۆڕێت، چونكه ڕێبازه ده‌ره‌كییه‌كان و تاڕاده‌یه‌كیش ناوه‌كییه‌كان بوونیان هه‌یه، به‌ڵام ڕێبازه ناوه‌كییه‌كان كه‌متر هه‌ستى پێده‌كرێت(31).
8،3 ڕشته‌ى مروارى
ڕشته‌ى مروارى یه‌كێكه له كتێبه ناوازه‌كان، كه له كایه‌یدا سه‌دان چیرۆك و به‌سه‌رهات و ڕووداو و په‌ندى هه‌ڵگرتووه و له له‌ناوچوون پاراستوونى. ئه‌گه‌رچی به ڕوواڵه‌تێكى ساده ده‌ربڕاون، به‌ڵام واتاى شاراوه و په‌نهان له سه‌ربورده و چیرۆك و گێڕانه‌وه‌كانى ڕشته‌ى مروارى مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادیدا، به خشكه‌یی ده‌ربڕدراون(32). ڕشته‌ى مروارى موزایكى كولتوور و ترادیسیۆنى كۆمه‌ڵایه‌تى و ڕووناكبیری نه‌ته‌وه‌ى كورده، تاكه مروارى پڕ به‌ها و ده‌گمه‌نى كتێبخانه‌ى كوردییه كه ده‌كرێت له گه‌لێ لایه‌نى زانستییه‌وه توێژینه‌وه‌ى ڕه‌خنه‌یی نوێ و ڕه‌خنه‌ى كرداری و ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسی و ده‌یان ڕوانگه و ڕه‌هه‌ندى جیاوازه‌وه توێژینه‌وه‌ى له‌سه‌ر بكرێت. چونكه ڕشته‌ى مروارى ته‌نیا كتیبێك نییه كه نوكته و قسه‌ى خۆشی ناو خه‌ڵكى تێدا نووسرابێته‌وه، به‌ڵكو كتیبێكى گشتگیری فره‌بابه‌ته كه كورته چیڕۆك و سه‌رگوزشته و به‌سه‌هات و هه‌ندێك پارچه شیعرى تێدایه(33).
مامۆستا (جه‌مال بابان)یش پێی وایه كه هیچ كه‌سێك پێش مامۆستا سه‌جادى زاتی نه‌بووه هه‌وڵ بدا ئه‌م ئه‌ده‌به‌مان بپارێزێ. به‌ڵێ چه‌ند ته‌قه‌لایه‌ك دراوه، به‌ڵام هه‌رگیز به‌م ڕاده‌یه نه‌بوه(7). ئه‌مه‌ش هۆكارێكى سه‌ره‌كییه بۆ ئه‌وه‌ى مامۆستا سه‌جادى به ڕچه‌شكێن دابنرێت له بوارێكى تریشدا به هۆى نووسینى ڕشته‌ى مروارییه‌وه.
سه‌رچاوه‌كان
- مامۆستا سه‌جادى و ڕێبازى له مێژوونووسیی ئه‌ده‌بیدا. عوسمان ده‌شتى و جه‌لال ئه‌نوه‌ر سه‌عید. مكان غیر معروف : گۆڤارى زانكۆى گه‌رمیان، 2022، المجلد كۆنفڕانسی سه‌جادى، الصفحات 11-16.
- گێڕانه‌وه وه‌كو ڕه‌گه‌زى زاڵ له ڕشته‌ى مرواریدا. یه‌دوڵڵا په‌شابادى. مكان غیر معروف : گۆڤارى زانكۆى گه‌رمیان، 2022، المجلد كۆنفڕانسی سه‌جادى.
- عه‌لائه‌دین سه‌جادى. شۆڕشه‌كانی كورد و كورد وكۆمارى عێراق. سنندج : بڵاوكردنه‌وه‌ى كوردستان، 2017.
- عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه. سه‌رجه‌مى به‌رهه‌مه ڕۆژنامه نووسییه‌كانى شه‌هید جه‌بار جه‌باری. هه‌ولێر : چاپخانه‌ى هێڤى، 2010.
- ڕۆڵى عه‌لائه‌دین سه‌جادى له بوارى ڕوناكبیری و ڕۆژنامه نووسی كوردیدا ، گۆڤاره‌كانى گه‌لاوێژ و نزار به نموونه. به‌هادین ئه‌حمه‌د محەممەد و نه‌وزاد سدیق محەممەد. 2022، گۆڤارى زانكۆى گه‌رمیان، المجلد كۆنفڕانسی سه‌جادى، الصفحات 74-92.
- ڕۆڤار. عه‌لائه‌دین سه‌جادى، ڕوناكییه‌كى پێشه‌نگ. سلێمانى : ده‌زگاى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى سه‌رده‌م، 2004. المجلد 28.
- دلێر عه‌لائه‌دین سه‌جادی. یادی سه‌جادی. به‌غدا : چاپخانه‌ی ئیشبیلییه، 1987.
- مسته‌فا نه‌ریمان. پایه‌و مه‌قامی مامۆستا علائه‌دین سه‌ججادی له‌ناو كتێبخانه‌ی كوردیدا، یادی سه‌جادی. به‌غدا : چاپخانه‌ی ئیشبیلییه، 1987.
- دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ. یادی سه‌جادی. به‌غدا : چاپخانه‌ی ئیشبیلییه، 1987.
- محەممەدى مه‌لا كه‌ریمى موده‌ڕیس. یادی سجادی. به‌غدا : چاپخانه‌ی ئیشبیلییه، 1987.
- مێژووى كورد له تۆماره‌كانى عه‌لائه‌دین سه‌جادیدا، ڕشته‌ى مروارى به نموونه. كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر. مكان غیر معروف : گۆڤارى زانكۆى گه‌رمیان، 2022، المجلد كۆنفڕانسی سه‌جادى، الصفحات 58-73.
- دكتۆر ئیحسان فوئاد. چه‌پكێك وشه‌ى به‌سۆز بۆ گیانى پاكى سه‌جادى. به‌غدا : چاپخانه‌ی ئیشبیلییه، 1987.
- مه‌سعوود محەممەد. یادی سه‌جادی، سه‌جادى له‌سه‌ره‌تاى نه‌مرى دا. به‌غدا : چاپخانه‌ی ئیشبیلییه، 1987.
- دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار. یادى سه‌جادى، بیره‌وه‌رى و دڵۆپێك فرمێسك بۆ مامۆستا. به‌غدا : چاپخانه‌ی ئیشبیلییه، 1987.
- ڕۆڵ و پێگه‌ى عه‌لائه‌دین سه‌جادى له ڕه‌وانبێژی له زمانى كوردیدا. سه‌ید ئه‌حمه‌د پارسا. 2022، گۆڤارى زانكۆى گه‌رمیان، المجلد كۆنفڕانسی سه‌جادى، الصفحات 17-22.
- دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار. مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی (به‌رگی حه‌وته‌م). هه‌ولێر : ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، 2010.
- پێشه‌كى فه‌رهاد شاكه‌لی. هه‌میشه به‌هار. هه‌ولێر : ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، 2012.
- THE DESCRIPTION OF NATURE IN UZBEK POETRY. kizi, Abdikhamidova Sevinch Obidjon. 12, 2023, EURASIAN JOURNAL OF SOCIAL SCIENCES, PHILOSOPHY AND CULTURE, Vol. 3.
- Nature: A Recurrent Theme in Wordsworths Poetry. Sharma, Lok Raj. 3, 2021, Scholars International Journal of Linguistics and Literature, Vol. 4.
- ROLE OF NATURE IN ENGLISH POETRY. Sharma, Akash and Chundawat, Ms. Vandana. 4, 2021, International Journal of Education, Modern Management, Applied Science & Social Science (IJEMMASSS), Vol. 3, pp. 8-11.
- Understanding how to Analyze Poetry and its Implication to Language Teaching. Irmawati, Dr. Noer Doddy. 11, 2014, International Journal on Studies in English Language and Literature (IJSELL), Vol. 2.
- Concept Decomposition for Visual Exploration and Inspiration. YAEL VINKER، وێخرون. 6، 2023، ACM Trans.Graph، المجلد 42، الصفحات 1-13.
- Effects of Symbolism of Birds in British Romantic Poetry. AHMED, AWADIA ALI ABD-AL GHANI. 3, 2021, EUROPEAN ACADEMIC RESEARCH, Vol. IX, pp. 1801-1813.
- The Role of Birds in English Literature and Poetry. D’couto, Dr Roweena B. 4, 2016, International Journal of Science and Research (IJSR), Vol. 5, pp. 1014-1015.
- The Nature of Parrot and Its Rhetorical Reflections in Persian Poetry. Mehri, Fateme. 97, 2023, Literary Text Research, Vol. 27, pp. 405-439.
- BIRD SYMBOLISM IN PERSIAN MYSTICISM POETRY. Johan, Irmawati M. 2, 2019, International Review of Humanities Studies, Vol. 4, pp. 695-716.
- نمود جانوران در شعر فروغ فرخزاد. دكتر یوسف كرمی چمه. 16، 1401، تجلیل و زیبایی شناسى متون، المجلد 3، الصفحات 5-25.
- محه‌مه‌د پشتیوان. بزانه ده‌رباره‌ی قورئان. سلیمانی : چاپه‌مه‌نیی ناوه‌ندی سارا، 2021.
- شێخ محه‌ممه‌دی خاڵ. ناڵه‌ی ده‌روون. هه‌ولێر : ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، 2011.
- بررسی تگبیقی جلوههای گوناگون خورشید براساس نجوم قدیم در اشعار نڤامی و انعکاس ێن در خمسه شاه گهماسبی. به‌ناز شهنوازی. 16، 1399، هنرى اسلامی، المجلد 38، الصفحات 230-244.
- خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبى مێژووى ئه‌ده‌بی كوردى (عه‌لائه‌دین سه‌جادى) به‌پێی میتۆدى ڕه‌خنه‌ى ته‌واوكاری. سروشت جه‌وهه‌ر حه‌وێز. 2022، گۆڤارى زانكۆى گه‌رمیان، المجلد كۆنفڕانسی سه‌جادى، الصفحات 108-116.
- ڕێكبه‌ندى و به‌خشكه‌ى ده‌ربڕین له گێڕانه‌وه‌كانى ڕشته‌ى مروارى عه‌لائه‌دین سه‌جادیدا. دارا حه‌مید محەممەد. مكان غیر معروف : گۆڤارى زانكۆى گه‌رمیان، 2022، المجلد كۆنفڕانسی سه‌جادى، الصفحات 93-101.
- شێوازى ده‌ربڕینى هه‌ستى ژن له گێڕانه‌وه‌كانى سه‌جادیدا (رشته‌ى مروارى به نموونه). حه‌مه نورى عومه‌ر كاكى. مكان غیر معروف : گۆڤارى زانكۆى گه‌رمیان، 2022، المجلد كۆنفڕانسی سه‌جادى، الصفحات 102-107.