وانە ئەفغانییەکان لە کوردستان
ن: سمکۆ مەحمود
هەرێمی كوردستان چ وانەیەك دەتوانێت لە روخانی دەوڵەتی ئەفغانستان وەربگرێت؟
پاش روخانی دەوڵەتی ئەفغانستان و سەركەوتنی ئەمارەتی ئیسلامیی تاڵیبان، هەندێك لە شیكەرەوانی كورد كۆمەڵێك شرۆڤەیان سەبارەت بەم روداوە خستووەتەڕوو و بە بیانووی پەندوەرگرتن لە سەركەوتنی تاڵیبان كۆمەڵێك بەرنامە بۆ دەسەڵاتداران و خەڵكی هەرێمی كوردستان دادەڕێژن كە بەڕاستی مایەی نیگەرانین و ناكرێت بەرامبەریان بێدەنگی هەڵبژێرین.
زۆر بە كورتی بۆچوونی خۆم سەبارەت بەم رووداوە و ئەو وانانانەی كە دەكرێت لێیانەوە فێر ببین، دەخەمەڕوو.
جیا لە هۆكار و فاكتەرە دەرەكییەكان، رووخانی دەوڵەتی ئەفغانستان و سەركەوتنی تاڵیبان بۆ دوو هۆكاری ناوخۆیی دەگەڕێتەوە:
1- زۆربەی سەركردنەكانی دەوڵەت، والییەكان و فەرماندەكانی سوپا سەر بەو موجاهیدانە بوون كە چەندین ساڵ لە كوێستانەكاندا پێشینەی شەڕكردنیان هەبوو لەتەك روسەكان و پاشان تاڵیباندا، بەڵام ئەوان پاش سەركەوتن سەریان كردە كۆكردنەوەی سەروەت و سامان و خۆیان و منداڵ و خزمانیان وەها خۆیان بەم كارانەوە خەریك كرد كە لە هەندێك كۆڕ و كۆبوونەوەی ئابوری جیهانیدا ئەم قسە نەستەقە بڵاو بوویەوە كە گەورەترین سەرمایەدارەكانی جیهان سەر بە هەژارترین وڵاتی جیهان واتە ئەفغانستانن. سەیری كۆشكی جەنەڕاڵ دۆستەم و ئسماعیل خان دوو سەركردەی سەرەكی جیهادیی بكەن هەتا لوتكەی شاخی سەروەت و سامانی نێو موجاهیدەكانی پێشووتان بۆ دەركەوێت.
2- دەوڵەتمەدارانی ئەفغانستان پاش بیست ساڵ نەیانتوانی چەمكی شوناسی نەتەوەیی و دەوڵەت ـ نەتەوە لە وڵاتەدا بچەسپێنن. لە جیاتی دەوڵەت و نەتەوە، ئیتنیكەكانی پەشتو، تاجیك، هەزارە، ئۆزبەك و .. بوونیان هەبوو. كاتێك هۆز دەبێتە سەنتەر ئەو دەوڵەتمەدار پەشتووە كە وەزیرە یان ئەو فەرماندە پەشتووە كە ئەمیرە یان ئەو مەلا پەشتووە كە بەرنوێژی بۆ خەڵكی دەكات لە جیاتی هاوكارەكانی لە دەوڵەتدا كە ئۆزبەك، تاجیك و هەزارەن، وا بە باش دەزانێت كە پشتیوانی لە تاڵیبان بكات كە پەشتووە.
دواجار ئەگەر باوەڕمان بەوە هەبێت كە سودێك لە ئەزمونی ئەفغانستان بۆ كوردەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان وەربگرین، ئەوا:
1- دەوڵەتمەداران و سەرۆك حزبەكان و فەرماندەكانی پێشمەرگە و ماڵ و منداڵیان دەبێ واز بهێنن لە ژیانی نێو كۆشكەكان و كۆكردنەوەی سەروەت و سامان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا و خەڵكی لە سەروەت و سامانیاندا بەشداری پێبكەن و بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و خۆشگوزەران و پەرەپێدانی خەڵكی كوردستان بەكاری بهێنن.
2- واز لە ناكۆكییە حزبی و سیاسییەكان بهێ”ن و لە جیاتی خۆخەریككردنیان بە كێبڕكێی حزبی و هاوئاوازی و ئایدیۆلۆجیان لە ناوەوەی هەرێمدا بیر لە دوژمنانی دەرەكی بكەنەوە كە هیچكامیان دان بەواندا نانێن.
3- لە جیاتی بەرجەستەكردنی نانامەی ناوچەیی، زمانی ، ئیتنیكی و عەشرەتگەرایی جەخت لەسەر شوناسی كوردی كوردستانی بكەنەوە و هێزێكی یەكگرتووی نیشتیمانی وەك شوێنگرەوەی هێزی پێشمەرگەی حزبی دروست بكەن.
پوختەی قسان، ئەوە خەڵكن كە فاكتەری سەرەكی و كۆتایی سەركەوتن و ژێركەوتنی هەر حكومەتێكن. ئەگەر دەوڵەتێك بۆ خەڵكی خۆی خۆشگوزەرانی، دادپەروەری، یەكسانی و ئاسایش دابین بكات و ئەوان بە دەوری دروشم و خەونی نەتەوەیی هاوبەشدا كۆبكەنەوە، هیچ هێزێكی دەرەكەی و ناوخۆیی توانانی سڕینەوەی ئەوانی نابێت. پشتگوێخستنی خەڵك و دڵخۆشكردنی بە پشتیوانی ئەمریكا و ئیسرائیل و هەر وڵاتێكی دیكە تەنیا روخانی ئەو حكومەتە خێراتر دەكات و تەواو. روونە كە نەتەوەش تەنیا ئەوانە نین كە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە دەردەكەون یان لە نێو رۆژنامەكان و سوشیال میدیادا چالاكن، بەڵكو كۆڵەكەی سەرەكی نەتەوە، ئەو خەڵكانی كۆڵان و شەقام و لادێ و دەشت و دەر و كوێستانن كە بە گیان و دڵیان تامی تاڵی هەژاری و جیاكاری و بێهیوایی بەرامبەر بە ئایندەی خۆیان هەست پێدەكەن. هەر شوێنێك كە خەڵكی بە گشتی وەهایان لێبەسەربێت، ئیدی شوێن قسەی هیچ فەرماندەیەك و سەركردەیەكی خەباتگێڕ تەنانەت ئەگەر ئیسماعیل خانی پیرەمێردی ریشسپی و جەنەراڵ دۆستەمی سەت ئەستێرەش بێت و لە رۆژانی تەنگانەدا بە جێیان دەهێڵن و لە ئەنجامدا روخانی ئەو حكومەتە مسۆگەر دەكەن. ئەگەر دەتانەوێت بمێننەوە هەتا زووە خەڵكی لە هەژاری و جیاكاری و ترس و لەرز و بێهیواییە رزگار بكەن.
روخانی حكومەتی ئەفغانستان و فیلمی كۆشكەكەی مارشاڵ دۆستەم دیارییەكی گەورەیە بۆ ئەو كەسانەی كە سود لە مێژو وەردەگرن. مێژوو دەری خستووە كە هەر نەتەوەیەك وانەی لێوە فێر نەبێت، مەحكومە بە دوبارەكردنەوەی.