گوتاری ڕەها کێشە گەورەکەیە
د.فاروق عەبدول
لەگەڵ هاتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام، چەندین ڕەوت و قوتابخانەی فکری و سیاسی پەیدابوون، هەندێکیان بەخێرایی گەشەیان کردووە و بەدوایاندا چەندین لق و ئاڕاستەیان لێ کەوتووەتەوە و هەندێکی تریان لە قۆناغێکی دیاریکراو، یان لەگەڵ لەدایکبوونیاندا پووکاونەتەوە و توانای مانەوە و بەردەوامیان نەبووە، ئەم هەڵکشان و داکشانە لە ڕەوت و گرووپبەندییەکاندا لە پانتایی جیهانی ئیسلامیدا بە هەموو سەردەمە جیاوازەکانەوە کاریگەری گەورەیان هەبووە لەسەر خودی مێژووی ئیسلام بەگشتی و تێگەیشتنی تاکی موسڵمان بۆ ئایین و ئایینداری بەتایبەتی.
لەم چوارچێوەیەدا و بە درێژایی مێژوو دیدگا و تێڕوانین و خوێندنەوەی جیاواز بۆ دەق و چەمکەکان لای بیرمەندانی ئیسلامی و گرووپ و ڕەوتەکانیان بەشێکی دانەبڕاو بووە لە کۆی وەرچەرخان و گۆڕانکارییەکان لە فیکری ئیسلامیدا، هەڵبەت ڕێگە دروستەکەش ئەوەیە کە خوێندنەوەی نوێ بە فۆڕمی نوێ و بەپێی قۆناغەکان بوونی هەبێت، نەک چەقبەستووی فکری، بەڵام فۆڕمێک کە توانای یەکتر خوێندنەوە و یەکتر قبووڵکردنی هەبێت، نەک بازدان و سڕینەوە. هیچ کات گرفت لە بوونی ڕاڤەی جیاواز و فرە ڕەوتیدا نەبووە بە قەدەر ئەوەی گرفتەکە لە بوونی ڕەوایەتیداندایە، لە بیری ڕەها و خۆسەپێندایە، لە مێژووی دوور و نزیکی ئیسلامدا چەندین گرووپ و فیرقەمان هەبووە تەنیا ڕەوایەتی بە لێکدانەوە و بۆچوونەکانی خۆی داوە، دواجار بەشێک لەمانە بە کارەسات کۆتایی هاتووە و سەری کێشاوە بۆ ململانێ و بەریەککەوتنی خوێناوی.
ئەوەی ئێستا لە جیهانی عەرەبی و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش بەدی دەکرێت، بەتایبەتی لە ناکۆکی و ململانێی نێوان بەشێک لە گرووپ و ڕەوتە ئیسلامییەکان جۆرێکە لە شەڕی ڕەوایەتی، مەترسییەکە لە بوونی خوێندنەوە و تێگەیشتن و دونیابینی جیاوازدا نییە هەر وەکو لەسەرەوە باسمان کردووە، بەڵکو لە بەردەوامبوونی و درێژەکێشانی ئەو جۆرە گوتارە دژبەیەکەدایە کە هەر یەکەیان لە بازنەی ڕەوایەتی ڕەهادا قسەی لەسەر دەکەن. هەڵبەت گرتنەبەری ئەم میتۆدە لە گەیاندنی پەیام و مەبەستەکان ئەگەر بۆ دیدگایەکی فەلسەفی تا ڕادەیەک ئاسایی بێ، بێگومان بە ئاڕاستە ئایینییەکەیدا ئیشکالیەتی گەورە دەخوڵقێنیت، چونکە دین لە باوەڕێکی ڕەهاوە سەرچاوە دەگرێت و ئەمەش پێویستی بە گوتارێکی نەرم و لەسەرخۆیە کە قبووڵی هەموو ڕاڤە و لێکدانەوەکان بکات، نەک بە دیدگایەکی یەکلایەنە لە نێوان ڕەش و سپیدا، واتا ئەوەی لە بازنەی من بێت ڕێگە ڕاستەکەی هەڵبژاردووە و ئەوەشی لە دەرەوەی ئەم بازنەیە بێ، گومڕا و لادەرە. بێگومان لەم ساڵانەی دواییدا لە جیهانی ئیسلامیدا ئەم ئەم جۆرە گوتار و دابەشکارییە لە پەرەسەندندا بووە، کە لە هەندێک قۆناغ و بارودۆخدا زیانی گەورەی بە کۆمەڵگەی ئیسلامی و دینداری تاکی موسڵمان گەیاندووە.
تێپەڕاندنی ئەو دۆخە گەڕانەوەیە بۆ گوتارێکی میانڕەو کە توانای گفتوگۆ و پەسەندکردنی هەر بیروبۆچوونێکی هەبێت، بەبێ ئەوەی بڵێت ئەوە (لادەرە) و ئەو (حەقە)، ئەوە ڕاستە و ئەوە گومڕایە .