مێزگردێک سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران
مێزگردێک سەبارەت بەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران ئێرانناسی وەک ئەزمونێکی نوێ لەم وەرزەی کارکردنی خۆیدا، هەڵبژاردنەکانی ئێرانی کردە بابەتی مێزگردێکی سیاسی. ئەم گفتوگۆ چڕە بارودۆخی هەنووكەیی ئێرانی خستووەتە بەر دید و گۆشەنیگای پسپۆرانی بواری ئیرانناسی، بە ئامادە بوونی هەریەک لە بەڕێزان: د.هەردی مەهدی، د. یاسین طە، م. ئەژی ئازاد و م.بارام مەجیدخان و بەڕێوەبەری مێزگرد؛ د.هەورامان فەریق.
– بەڕێزان تەوەرەکەمان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئێران و سەرۆک کۆماری ئەمجارەیە، چی وایکرد ئیسڵاحییەکان هەلێکیان پێ بدرێت و بێنە پێشەوە؟ دوو بۆچوونی سەرەکی هەیە، بۆچوونێک پێیوابوو كە پزشکیان دەنگ ناهێنێت بەکاریان دەهێنین بۆ کۆکردنەوەی دەنگی خەڵک. بۆچوونی دووەم پێیانوابوو پزشکیان دەنگ دەهێنیت، هەم بە هۆی دۆخی ناوخۆیی و دەرەکییەوە ڕێژەی دەنگدانی پێ زیاد دەکەین.
– بارام مەجیدخان ڕیالیستەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، تێزێکیان هەیە باسی پەیوەندی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە دەکات. سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆ لە ئێرانی ئێستا لە پەیوەندیدان هەمیشە ئەو حکومەتانەی لە ئێران هاتوونەتە سەرکار هەوڵیانداوە لەگەڵ هەلومەرجی نێودەوڵەتی بگونجێن، هەندێکجار گۆڕانکاری لە هەلومەرجی نێودەوڵەتی وایکردووە کە ئێران ڕووخساری خۆیی بگۆڕێت. ئەگەر سەیری پێکهاتەی حکومەتەکانی ئێران بکەیت بە تایبەتی لە دوای هاشمی ڕەفسەنجانییەوە لە حوکمداری لە ئێراندا تەقریبەن هاوسەنگیی تێکچووە، هەلومەرجی نێودەوڵەتی وایانخواست ئێران لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ مەسەلەی مەلەفی نەوەویی مامەڵە بكات.
ئاڕاستەی حکومەتەکانی ئێران لە سەردەمی هاشمی ڕەفسەنجانی تا ئێستا دوو دەرەنجامی قووڵی بەجێهێشتووە: یەکەم سوپای پاسداران وەک کاراکتەری سیاسی لە ئێران دەرکەوت و زیاتر لە ڕۆڵی سەربازی توانی ڕۆڵی سیاسیش ببینێت. دووەم لەگەڵ ئەوەی حاکمیەتی سیاسی لە ئێران هەوڵیداوە کە دەسەڵاتی خۆی بە قازانجی باڵی نەریتخواز جێگیر بکات، بەڵام بۆیان نەچووە سەر.
هەلومەرجی نێودەوڵەتی ئێستا کەوتووەتە قۆناغێكی ترەوە. هێزی ئەمریکیییەکان و ڕووسەکان و شەڕی ئۆکرانیا و شەڕی غەززە، هەموو ئەمانە وایکرد کە چیدی باڵی نەریتخواز وەڵامدەرەوەی خواستی هاووڵاتییان نەبێت. ئەو بارودۆخەش فشارێکی ئابووریی زۆر لەسەر خەڵک دانابوو، هاتنی پزشکیان زۆر بە وردی و بە بەرنامەبوو بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانەی کە ئێرانی تێکەوتووە.
کاری حکومەتی ئوسوڵگەرانی ئێران بە دەرەجەیەک کەم ڕەنگ بووە، کە لە هەڵبژاردنی نێوخولی (میان دورەیی) هەڵبژاردنی پەڕلەمانی ئێران ڕێژەكەی گەشتبووە ٧%. واتە ئەمە ئیتر دەبێت ڕژێمەكە بڕوخێت بەو ڕێژە دەنگدانە، ئەوان زیرەکانە هاتن كارێك بكەن، كە هەم پزشكیان بتوانێت بەشێک لە هەیکەلی ڕەوتی ئیسڵاحیی لەگەڵ خۆی بهێنێت، هەم ڕێژەی بەشداری خەڵک بەرەو هەڵکشان ببات.
ئەمە وایکرد ڕێژەی دەنگدانەکە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قۆناغی یەکەمدا بگاتە ٤٠% لە قۆناغی دووەمدا بگاتە نزیکەی لە (٥٠% )، بۆیە ڕێبەر لەمەدا چەند ئاماجێکی پێکا.
پێگەی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئێراندا بۆ کاندیدی ڕابەری داهاتوو لەبەرئەوەی کەسی دووەم، واتە سەرۆك كۆمار شوێنگەیەكی گرنگ و حەساسە، ئەگەر سەرۆك كۆمارەکەی مەلا بێت ئۆتۆماتیکی پێگەکەیان كاریگەری لەسەر دانانی ڕاهبەری(ڕێبەری) یان سەرۆک کۆمار وەک کەسی دووەم، یەکێکە لە کاندیدەکان بۆ ڕابەرایەتی داهاتوو. پاسەوانی دەستوور بەربژێرە زیرەکەکانی دیاریکرد. سەرۆك كۆمار، چیدی وەک هەڕەشە نابێت بۆ دیاریکردنی ڕابەر لە داهاتوودا.
ئامانجێکی تر لە دیاریکردنی ئەم بەربژێرانە سوودی ئەوەیان لێبینی، کە جاریکیتر هەناسەیەك بە حکومەتەکەیان و ڕیفۆرمێکی نوێ لە ئێران بدەنەوە. نیوڕیفۆرمیستەکان، باوەڕیان بە ململانێ و بەریەككەوتن لەگەڵ ڕژێم و دەزگای کۆماری ئیسلامیی و ڕابەریی نییە، بەڵکو دەیانەوێت لەژێر چەتری ڕابەریدا ئەو پێگانەی دەسەڵات کە لەدەستیانداوە جارێکیتر هێواش هێواش هێور ببێتەوە بەبێ ململانێكردن لەگەڵ ڕابەری کۆماردا، تا بزانن دەتوانێت بەم پرۆسەیەدا بڕوات یان نا!!
– ئایا بۆ ئەم ڕژێمە کەسێکی وەک لاریجانی باشتر نەبوو؟ چونکە خۆی وەک ڕیفۆرمخواز نیشاندەدا، هەرچەندە ڕیفۆرمخوازەکان بە بەشێک لە خۆیانی نازانن.
د. هەردی مەهدی: ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی پیشوەختبوو، واتە لە ئەنجامدانیدا پەلەی تێداکرا، بۆیە هەندێک لە هاوكێشە و حساباتی نیزامی گۆڕی لەوەی کێ ببێتە پێشەوە کێ نەیەتە پێشەوە.
دوو پرس لێرەدا گرنگە، یەکەم: کاتی خۆی کە ئیبراهیم ڕەئیسی دانرا ئامانج یەکدەستکردنی نیزام و حکومەت بوو، ئەمە دیدی ئەو گرووپە ئامانجەگەرایە توندئاژۆیە بوو کە باوەڕیان وابوو ڕژێم گرنگترە لە کۆمەڵگە و خەڵک، بۆ ئەوەی ڕژێم بمێنێت دەبێت قۆناغی گۆڕینی ڕابەری ئایندەی ئێران زامن بکەن.
دووەم: قۆناغی ئێستای ڕژێمی ئێران قۆناغی چلی دووەمیەتی، دەیانەوێت ئەم چل ساڵی دووەمە بە پێی ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامیی بەڕێوەبەرن. پێویستیان بەوەبوو کە لەناو ڕژێمدا کێشە نەبێت، هەرچەندە ئێران وەک وڵاتێک لە جیهاندا ئەم پرسە بە ناچاریی پێیەکی لە نێو سیاسەتی جیهانییدایە هەیە لە نێو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندایە و ناچار دەبێت لەگەڵ دەرەوەشدا خۆی بگونجێنێت. ئامانجگەراکانی نێو کۆماری ئیسلامیی پێیانوابوو سەرکەوتن لەم قۆناغە ڕاگوزەرەدا هەمیشە لەیەک دەستکردنی ڕژێمدا دەبێت، بەڵام دەرکەوت ئەم دیدە زۆری نەبرد و بەسەر خۆیاندا شکایەوە.
مەرج نییە هەموو یەکدەستکردنێت نیشانەی سەرکەوتن بێت، بۆ نمونە، لە ساڵی ٢٠١٠ و ٢٠١١ کۆنگرەی حزبی حاکمی میسر دەستی بەسەر کۆی جومگەکانی میسردا گرت و لە کۆنگرەکەشیدا بە ڕەهایی موبارەک دەسەڵاتی بێ ڕکابەر بوو، هەموو خەڵک وایدەزانی هەموو میسر لەگەڵ حوسنی موبارەکدایە و بۆ هەمیشە دەمێنێت و کێشەی ئۆپۆزسیۆنی نەهێشتووە، بەڵام ساڵێکی نەبرد ئەو شۆڕشە ڕەنگییەی شوباتمان بینی کۆی ڕژێمەكەی هەڵگێڕایەوە. یەکدەستکردنی حکومەت هەمیشە نیشانەی سەرکەوتن نییە. بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەخت و مردنی ڕەئیسی ئەم بەرنامەیەی لە ئامانجگەراکان تێکدا. بۆیە دەگەڕێمەوە سەر ئەو خاڵەی پەلەپەلی تێداکراوە. بۆیە کێشەکە گۆڕدرا و لە بری ئەوەی بیر لە ڕێبەری ئایندە بکەنەوە ناچار بیریان لە سەرۆک کۆماری نوێ کردەوە.
یەکەم؛ لە ماوەی دەوڵەتی یەکەمی ڕۆحانییەوە تا ئێستا کۆمەڵێک شت ڕوویدابوو کاریگەری لەسەر بۆچوونی خەڵک دروستکرد بە جۆرێک خەڵکی خستە دۆڵێکەوە و ڕژێم بەسەرجەم پیکهاتەکانییەوە خستە دۆڵێکی ترەوە. تەنانەت کۆمەڵگەی ئێرانی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازیشی تێپەڕاند، دروشمەكانی هەر دوو خۆپیشاندانی پێشتر و دوا خۆپیشاندانی “ژن ژیان ئازادی” و ژینا ئەمینی، دروشمێكی زۆر سادەیان هەبوو، کە دەیانوت ئیتر شتێک نەما بە ناوی ڕیفۆرم و توندئاژۆوە هەموو یەکن، شتێک نەماوە بەناوی ئوسوڵگەرا و ئیسڵاحییەوە، بۆچی ئەمە ڕوویدا؟ لەو ساڵانەی كۆتاییدا لە پرسی گەندەڵیدا بەڕاستی زۆرترین گەندەڵی لای ڕیفۆرمخوازەكان بوو بەتایبەت لە حکومەتی ڕۆحانیدا، چەند کەسێکی زۆر نزیکبوون، کۆمەڵێک دۆسیە بڵاوبوویەوە کە دەرکەوت ئیسڵاحییەکان ئەمانە ئیسلاحییەکانی ڕاستەقینە نین. تەنها شوێنگۆڕینی کۆمەڵێکی ئوسوڵگەرایە بە گرووپێکی بەرژەوەندیگەرای نێو خودی نیزام نەک ئۆپۆزسیۆن.
ئەمانە ئێستا بە ناچاری وەک ڕیفۆرمخواز خۆیان دەردەخەن چونکە کەس لە مەیدانەکەدا نەماوە، ئەگینا لەسەردەمی خاتەمیدا ڕەفسنجانی بەرامبەر خاتەمی بوو، ئەو هەشت ساڵەی خاتەمی ئەو لە باڵی بەرامبەر بوو، لەم ساڵانەی دوایدا بە هۆی هەڵوێستیانەوە باوەڕی خەڵک بە ئیسڵاحییەکان بەو شێوە نەماوە کە ئاڕاستەیەکی چاکسازیخواز بن و ڕزگارکەر بن، بەڵکو گرووپێکی سیاسیی زیاتر نین.
لە پرسی ئەوەشدا ئایا لاریجانی بۆ نەبووەتە بەدیل و نایەتە پێشەوە، براکەی کە سادقی لاریجانییە خۆی دانابوو بۆ ڕێبەڕایەتی ئایندە، بەڵام دۆسێکانی ئەم دواییەی پلانەکەیان خست. خێزانی لاریجانی خێزانێكی (خۆشەویست) نین لە بەیتی ڕێبەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر لەباوکیانەوە کاتی خۆی ململانێ و وردە ناكۆكی هەبووە، جگە لەخۆی لە ململانێی ئەم سێ برایە لاریجانی تا ئێستا ناتوانین لەسەر ئیسلاحییەکان حیسابی بکەین و ناتوانی لەسەر کەسێکی ڕادیکاڵی حیساب بکرێت هەروەک چۆن توندئاژۆکانیش خۆشیان ناوێت.
خودی عەلی لاریجانی کاتێک کە سەرۆکی سەدا و سیما بووە، هەموو ئەو ئیملائاتەی لە ڕێبەڕ و لە ڕژێمەوە هاتووە هەمووی جێبەجێکردوە، دژی هەموو ئەو هاوڕێیانەی بووە کە ئێستا لەبەرەکەیاندایە لە موسەوییەوە تا خاتەمی. دۆسیەیەكی زۆرجوانی نییە، لەبەرئەوە لاریجانی نەیتوانی لەو حاڵەتدا، چونکە جەماوەری نییە لاریجانی بەناوبانگە بەوەی کە بتوانێت جەمسەرەکان کۆبکاتەوە، بەڵام جەماوەریی نییە، بەڵام ناتوانێت دەنگی خەڵک بە دەست بهێنیت و لیستی لاریجانیمان نییە لە پەڕلەماندا هەمیشە بە لۆبی بازی ناو پەڕلەمان بووەتە سەرۆکی پەڕلەمان کەواتە بە لیست نەبووەتە سەرۆکی پەڕلەمان بەڵکو بە لۆبییسازی و تۆڕگەرایی بووە.
خاڵێکی تر خەڵکی ئێران کێی دەوێت ئەوە گرنگە. ڕێبەر لەناو وتاری هەینیدا دەڵێت: کۆمەڵگەیەک لە سەدا ٤٠% بۆ ٥٠% کەمتر دەنگ بهێنێت ئەو حکومەتە شەرعییەتی نییە، ڕێک لەم سێ هەڵبژاردنەی ڕابردوو، وردەوردە بەرەو ئەوە دەڕوات خەڵک تاقەتی نامێنیت، چونکە لە ئێراندا هەڵبژاردن بۆ خزمەتگوزاری نییە، هەڵبژاردن بۆ بەیعەتدانە بە ڕژێم، واتە خزمەتگوزاری زۆر ناگۆڕێت، مافی پێکهاتە ئاینییەکان ناگۆڕێت، مافی بەشداری سیاسی ناگۆڕێت، لانی کەم سەیری کە لەو هەشت ساڵەی ڕۆحانیدا، نەیانتوانی کەمترین ئازادی بۆ موسەویی هاوڕێیان دابین بکەن و دۆخی بگۆڕن.
ئەم هەڵبژاردنانە بۆ ئەوەیە شەرعییەت تازە بکەنەوە. خامنەیی یەک ئامانجی هەیە لەم هەڵبژاردنانە، ئەویش ئەوەیە جەمسەرەکانی ڕژێم ئاشتبکاتەوە و خەڵک بچنە سەر سندوق و تەنووری هەڵبژاردن گەرم بێت. لەم بابەتەدا ڕای خامەنەیی جیابوو لەگەڵ جەبهەی پایەداری و توندئاژۆ ڕادیکاڵەکان. خامەنەیی خۆی بۆی دەرکەوت ئەگەر ئاوا ڕژێم بەجێ بهێڵێت ڕیبەری دوای ئەو ناتوانێت درێژە بە حکوم بدات و خەڵک لەمە زیاتر تووڕە دەبێت، لەم پێنج ساڵەی دوایدا سێ جار خۆپیشاندانی بەهێز هەبووە، بۆیە تەنها یەک ئامانجی هەبوو لە خولی یەکەم و دووەمی ئەم هەڵبژاردنە کە بریتیبوو لە گەرمکردنی تەنووری هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی خەڵک بێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
شتێکی تریش هەیە پەیوەندی بە ڕەچەڵەکی نەتەوەیی پزیشکیانەوە هەیە، کە هاوکاری بوو بۆ دەرچوون، لەم ساڵانەی دواییدا پرسی پێکهاتەی تورکی ئازەری زۆر گەشەیکردوە و دوور نییە سەربکێشێت بۆ جیاخوازی، تەنانەت شورای نیگەهبان بە جۆرێک ئیتیخاباتی ورمێی دیزاین کرد کوردەکان دوای سی بۆ چل ساڵ هاتنە پێشەوە و بوونەوە پەڕلەمانتاری ورمێ، ئەم پاسدانە بە کورد لە پەڕلەماندا کوردی تۆزێک لەوێدا ئاشتکردەوە، بەڵام پاسدانی ڕژێم بە ئازەرییەکان ئەوە بوو ببنە سەرک کۆمار، ئەمە دەتوانێت ئازەرییەکان لەو توڕەییە فراوانەی هەیانە لە ئازەربایجان و ئەردەبیل و ئەو شوێنانە کەمێک هێور بکاتەوە.
ئەڵبەت ئەوەش ڕەچاو بکەین کە لە سەداسەد هەموو شتێک خامینەیی نییە، بۆ نمونە گروپی جەنڕاڵە پڕۆڕووسییەکانی نێو سوپامان هەیە ئەمانە هەژموونیان لە حوکمڕانی و سوپادا هەیە، هەندێ شتیش پەیوەندی بە خامینەیەوە نییە، پەیوەندی فیقهی سیاسی شیعە و شەرع و شەریعەت و ئەو جۆرە شتانەوە هەیە کە دەسکاریکردنیان ئاسان نییە، وەک لەچک و مافی سوننە و مافی ژن.
– یەكێك لەو پرسیارانەی دوای ئاشكرابوونی ناوی كاندیدە شیاوەكانی سەرۆك كۆماریی، لێكدانەوەی زۆری بۆ كرا، هۆكاری ڕەتكردنەوەی شیاوێتی “عەلی لاریجانی” بوو؛ كەسێكی نزیك لە ڕابەڕی ئێران و ئوسوڵگەرایەكی میانڕەو، ئایا بۆ نیزام جەلیلی كاندێدێكی گونجاوتر نەبوو؟
م. ئەژی: وەڵامی ئەم پرسیارە دەكرێت، هۆكاری هاتنەپێشەوەی پزشكیان ڕوون بكاتەوە. پێش ئەوەی وەڵامی سەرەكی بدەمەوە، هەندێك ئاماژە و كۆد هەبوون كە لە وەڵامی سەرەكی نزیكی دەكردەوە. بۆ نمونە عەلی موتەهەری (خەزووری لاریجانی) لە تویتێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە نەیانویستووە “دەوڵەتی سێیەمی ڕۆحانی” دروست ببێتەوە. هەروەها بەپێی هەندێ زانیاری، لە کاتی گفتگۆكانی ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور سەبارەت بە شیاوێتی لاریجانی، دەنگە ئەرێنی و نەرێنییەكان 12 ئەندامەكە، شەش بە شەش بووە، واتا لاریجانی زۆر نزیكبووە لەوەی ڕێگەی پێ بدرێت، بەڵام دواتر لایەنی ناڕازی، قسەی خۆیان سەپاندووە. جگە لەمە، لاریجانی خۆیشی لە شوێنێکدا دەڵێت لە هەندێ شوێن و ناوەندەوە، چرای سەوزیان بۆ هەڵکردبووم، بەتایبەتی كە لاریجانی بە بەراورد بە كاندیدەكانی دیكە بە بەرنامەتر هاتە نێو پرۆسەكەوە، هیچ کاندیدێكی دیكە وەک ئەو نەبوون، تەنانەت پیش ئەوەی ئەنجامی کۆتایی كاندیدە شیاوەكان ڕابگەیەنرێت، لاریجانی خەریکی بانگەشە بوو، ژمارەیەكی تەلەفۆنی (هاوشێوەی ئۆباما) بۆ گوێگرتن لە ڕەخنە و تێبینییەكانی خەڵك ڕاگەیاندبوو. لەگەڵ ئەمەشدا، بۆچوونم ئەوەیە كە چ لاریجانی و تەنانەت جەلیلی، بۆ ئەم قۆناغە، كاندیدی پەسەند كراوی نیزام نین. هەم لاریجانی و هەم جەلیلی بە هۆی ئەزموونی دوور و درێژیان لە ناوەند و دەزگا هەستیارەكان، لەگەڵ خۆیاندا دامەزراوەیەك (تشكیلات) دەهێننە نێو حكومەتەوە، كە دواتر كۆنترۆڵكردنیان بۆ نیزام ئاسان نابێت، بەتایبەتی كە تەشكیلاتی لاریجانی لە ڕۆحانییەوە نزیكە، چەند ساڵێك لە ناو سوپا و پەڕلەمان و میدیای فەرمی وڵات بووە، دام و دەزگای بۆ خۆی دروستکردووە، کەسەکانی دەوروبەری دیارن، کۆنترۆڵکردنی ئەم کەسانە ئاسان نییە، بۆ جەلیلیش وایە. بۆیە من هەر لە سەرەتاوە پێموانەبووە، جەلیلی کاندیدی گونجاوی ڕژێم بێت، چونکە ئەمانە بۆ ئەم قۆناغە مەترسیدارن، تەنانەت بۆ نیزامیش، چونكە ئەمانە چاویان لە حاکمییەتیش هەیە، بۆ نمونە یەكێك لە ئەندامە دیارەكانیان وتبووی، ئێمە تەنها بە كابینە و پەڕلەمانەوە ناوەستین، بەڵكو دەمانەوێت ئەم دەوڵەتی سێبەرە بگەیەنینە حاکمیەتیش، واتە تەنیا بەوە قایل نین کە چاودێری دەوڵەت بکات. هەروەها دوای شكستیان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار، دەڵێن ئێمە چواردە ملیۆن دەنگمان هەیە، دەستی لێ بەرنادەین و وا نەزانن ئێمە کۆتاییمان پێهاتووە، چاودێری ئەم حکومەتە دەکەین. بۆیە ئێستایش زمانەکەیان زمانێکی هەڕەشە ئامێزە. ئەم گرووپە جیا لە سیاسەتی دەرەوە كە دژی تێڕوانینێكی تەواو دژە ڕۆژئاواییان هەبوو، سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆ و ئازادییە كولتووری و ڕۆژنامەوانییەكانیش، تێڕوانینی دۆگمایان هەیە، لە بابەت حیجابدا ئامادەیی هیچ جۆرە نەرمی نواندنێك نین و بەشێكی زۆریان ئامادەن بە هەر نرخێك بێت دژی بووەستنەوە.
جیا لەمە هەڵبژاردنەكانی چەند مانگی ڕابردووی پەڕلەمانیش، نیزامی لەم گرووپە بێهوا كرد، بە تایبەتی لە كاتی بانگەشەكاندا، دەركەوت ئەمانە هەر شێوازێك بۆ لەخشتەبردنی یەكتر بەكاردەهێنن، بەتەواوی سۆشیال میدیایان دژ بە یەکتر بەکارهێناوە ، ئەو تۆمەتانەی كە لایەنە ئوسوڵگەراكان و بەتایبەتی جەلیلی و پایدارییەكان دژ بە یەکتر بەکاریان دەهێنا لە مێژووی كۆماری ئیسلامیدا، كەم وێنە بووە. تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی باسی “نفوزی”بوونی یەکتریان دەکرد، نفوز واتە کەسێک وڵاتانی تر و بەتایبەتی ئیسرائیل و ئەمریکا ئاڕاستەیان دەکات. تۆمەتی سیخوڕییان بۆیەکتری دروست دەکرد. پێ دەچێت نیزام لەم دۆخە سڵی كردبێتەوە، كە ئەگەر درێژە بکێشێت چۆن بتوانێت کۆنتڕۆڵی ئەم کێشەیە بکات. بەتایبەتی كە دەرهاویشتەیەكی ئەم دۆخە ئەوە بوو لە هەڵبژاردنەکانی خولی دووەمی پەڕلەمان لە تاران، تەنیا لە 8%ی خەڵك بەشداریان کردبوو، واتە خودی ئوسوڵگەراکانیش ئامادە نەبوون بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، ئەمە لە كاتێكدا بووە كە چارەنووسی ١٥ پانزە کورسی یەکلایی نەكرابوویەوە. سەرەڕای ئەمانەش، بە هۆی بایكۆت و ڕێژەی كەمی دەنگدەران، بەشێك لە پەڕلەمانتارەكان بە دەنگێكی زۆر كەم و بۆ نمونە بە دووسەد هەزار دەنگ چوونەتە پەڕلەمان لە کاتێکدا لە خولەکانی پێشوو، پەڕلەمانتاران بە دەنگی پێنج سەد هەزار كەس، ملیونێك، ملیونێك دووسەد یان ملیونێك حەوت سەد هەزار، دەگەیشتنە پەڕلەمان.
– لە میدیا عەرەبییەکان باس لەوە دەکرا کە لە ئوسوڵگەراکان دەیانەوێت گۆڕانکاری بکەن، ئایا ئەمانە تەنها بانگەشەن یان تا چەند ڕاستن؟
د.یاسین طه: گرنگی هەڵبژاردنەکانی ئێران دوو شت کۆنترۆڵی کردووە، یەکەم بڕوایەکی زاڵ و بەربڵاویان هەیە کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی ناهێنێتە کایەوە، ئەوە بەشێکە لە گەمەی ڕژێم خۆی وە زۆر لە میدیا عەرەبییەکان بەتایبەت میدیای کەنداو جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە لەبەرئەوەی ئەنجوومەنی پاسەوانی هەڵبژاردنەکان پەسەند دەکات، ئەمە یارییەکە لە کۆنترۆڵی ویلایەتی فەقیھ دەرناچێت. چونکە بەڕاستی وڵاتانی عەرەبی بە پلەی یەکەم پەیوەندی لەگەڵ ئەو باڵە عەرەبییانە هەیە کە پەیوەندییان لەگەڵ ویلایەتی فەقیھ هەیە، کێشەیان ئەوە نییە لە ناو ئێران حیجاب چۆنە، کرانەوە چۆنە، دەستیان لەوە شۆردووە لە ناوخۆی ئێراندا گۆڕانکاری گەورە بێتە کایەوە، زۆر چاویان لەسەر ئەوەیە ئایا لێکەوتەی ئەو گۆڕانکارییە لە ئێران لەسەر حوسییەکان و حزب اللە چی دەبێت. لەسەر باڵە وەلائییەکانی حەشدی شەعبی چی دەبێت، بۆیە قەناعەتێکی تەواویان هەبوو کە ئەمە یارییەکە پەیوەندی بە ناوخۆی ئێرانەوە هەیە، لێکەوتەی زۆر لەسەر دەرەوە نابێت.
دووەم گۆڕانکارییەکی تازە هەیە لەو ساڵانەی دوایدا بە نێوەندگیری چین، هەڵبەت کە سعودیە و ئێران چوونەتە ئاشتەواییەکەوە، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتووبووە لەماوەی ئەو ساڵ و ئەوەنەی کە هەردووکیان سوودیان لێبینیوە، بەڵێ لە ناخەوە بڕوایان پێ نەبووە زۆرجار نزیکبوونەتەوە لەوەی کە ئەوە تێکبشکێت، بەتایبەتی کە شەڕی غەززەی بەسەردا هات، ئەویش تاقیکردنەوەیەکی زۆر قورس و گەورەبوو بۆ ئەو لێکتێگەیشتنە ئێرانییە عەرەبییە، لە دوای سعودیە بەحرێن و ئیمارات و وڵاتانیتر دەرگایان کراوەتەوە بۆ ئەوەی هەموویان خیتابێکی ئاشتەوایان لەگەڵ ئێراندا هەبێت.
ئێران زۆر گرژی لەگەڵ بەحرێن هەبوو، بەڵام کاریگەری ئەو نزیکبوونەوەی سعودیە و ئێران چەندین دیدار هەبووە لە نێوان ئێران و بەحرێن لە پەراوێزی کۆبوونەوەی تردا.
ئێمە بگەڕێینەوە بۆ دوو سێ ساڵ بەر لە ئێستا بۆ نمونە کۆمپانیای ئارامکۆ کە کرایە ئامانج، صاڵح حوسی هات بۆ جەدە مەترسی لەسەر بەحڕین هەبوو. باڵە عێراقییەکانی حەشدی شەعبی هەڕەشەیان لە کوەیت دەکرد، دادگای باڵای عێراق، ڕێکەوتنی عێراق کوەیتی هەڵوەشاندەوە، مەترسی لەسەر ئاسایشی ئوردن دروستبوو، جەماوەری حەشدی شەعبی ڕۆشتن لەسەر تڕێبیل ڕێگەیان لە تەنکەرە نەوتەکانی ئێران گرت بۆ ئەوەی بچێت بۆ ئوردن، وە ئەم دۆسیانە بە نزیکبوونەوە لە ئێران هەمووی تەقریبە بەرەو خامۆشی بووە. وڵاتە عەرەبییەکان نەیانویست کە ئەو شتە لە خۆیان تێک بدەن یەعنی ئەو پەیوەندییە لەگەڵ ئێران تێکبدەن.
ئێستا لە عێراقیشەوە گرنگییەکی زۆر گەورە نەدرا بە هەڵبژاردنی ئێران هەتا لەناو ئەحزابی شیعیشەوە بەتایبەت هەندێك باڵی زۆر کاریگەر وەک حزبوڵڵا کە سەکۆیەکی زۆر ناوبانگیان هەیە بەناوی صابرین، هیچ ڕوماڵێکی هەڵبژاردنەکانی ئێرانی نەکرد.
یەکەم بەو پێیەی ئەمە شتێک ناگۆڕێت، دووەم نەیانویست ئەو بەریەککەوتنەی لە نێوان کاندیدەکان هەیە، ئەوکەموکووڕییانەی لە ناوئێراندا دەخرێتە ڕوو ئەمان ڕووماڵی بکەنەوە، چونکە ئەمان هەمیشە ئیش لەسەر وێنەیەکی پاکیزەی جوانی ئێران دەکەن وێنەیەکی خەیاڵی دەکەن، ئەگەر ڕووماڵی هەڵبژاردنەکەیان بکردایە ناچار دەبوون هەندێک لەو شتانە باس بکەن. هەتا لە ڕاگەیاندنی حزبوڵڵاش وابوو هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخواستن نەچوونە ناو وردەکارییەکانەوە .
– لە لێدوانەکانی سەرەتای پزشکیان بە دیاریکراوی باسی سعودیە و تورکیای دەکرد لە لایەکیشەوە باسی پشتیوانی دەکات لە نیابەتی خۆی، چۆن دەتوانێت لەم نێوانەدا ئەوە بکات؟ (لەوە دەچێت مەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی بێت).
د.یاسین طه: لە ڕاستیدا تاقیکردنەوەیەکی قورسە بگەڕێنەوە سەر ئەوە شتەی ئێرانی شۆڕش و ئێرانی دەوڵەت، ئێرانی دەوڵەت هیچ کێشەیەکی نییە، وڵاتانی عەرەبیش هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئێرانی دەوڵەت لە ڕووی دبلۆماسی نییە.
پزیشکیان گوزارشت لە ئێرانی دەوڵەت دەکات واتە ئەوەی کە حکومەت و دبلۆماسیەت و بەرژەوەندی حکومەت وا دەخوازێت کە پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانە باش بێت، چونکە سوودی لێبینیوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە دوای ئێرانی شۆڕش چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا دەکات، ئایا چەند ڕێز لە قسەکانی پزیشکیان دەگرێت چەند ڕێز لە کارنامەکە دەگرێت، شتیک هەیە لەم کۆتاییەدا جۆرێک لە هاوهەڵوێستی هەیە لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندی باڵای ئێرانی دروستبووە لەوەی کە بەینی باش بێت لەگەڵ وەڵاتە عەرەبیەکاندا و جۆرێک لە هاوهەڵوێستی لە نێوان پزیشکیان و سوپای پاسدارانیش هەیە، بۆیە لەم کاتەدا ڕەنگە بە شێوەیەکی کاتی بتوانن هەردووکیان ئەم گوتارە درێژە پێ بدەن، بەڵام جومگەی تر دێتە پێشەوە، کە ئەگەری بەهێزی گەڕانەوەی ترەمپە ئەمەش تاقیکردنەوەیەکی قورسە ڕەنگە ئەوە سەرنەگرێت بەتایبەت هێشتا لەناو وڵاتە عەرەبیەکان گەشبینی و خۆشبینی زۆر هەیە کە ترامپ بێتەوە هەموویان گرەویان لەسەر ئەوەیە کە ترەمپ دێتەوە.
بەشێک لە خۆشحاڵییەکەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ترەمپ لەسەر بانگەشەی سعودی، ئێرانیان بۆ لە سنوور دەدات، نەک ئەوە ئەو کەسانەی لە ناوەندی بڕیاری سعودیەوە نزیکن لە وتار و ستوونی ڕۆژانە هەمووی وەکو مژدە مژدەی ئەوە دەدەن کە ترەمپ دێتەوە لە ئاخیر تەسریح لەم لێدوانانەیدا ترەمپ زۆر ستایشی بن سەلمانی کردووە و ستایشی سعودیەی کردووە و، گفتی داوە بیپارێزێت، ئێران لە کاتێکدا ئۆکرانیا و تایلەندی بێ هیوا کردووە ئەمە تاقیکردنەوەیەکی قورس دەبێت لە قۆناغی داهاتوو کە ترەمپ هاتەوە، وڵاتە عەرەبییەکان ئیتر ئەوکاتە ناتوانن ئەم باڵانسە بەم جۆرە بۆ ئێران ڕابگرن.
– ئێران چەند خۆپیشاندانێکی گەورەی تێپەڕاندووە، ئەم خولە ناڕەزایەتییانە ڕادیکاڵی بووە بەشێک لە ئوسوڵگەراکان دەڵێن ئێمە دوای ئەو ڕووداوانەش توانیومانە سەدا چلی ٤٠% خەڵک ڕاکێشین بۆ دەنگدان، ئایا ئەم ڕێژەیە لە دەنگدانە و بایکۆتکردنە پەیامەکەی چیە؟
م. بارام: شەرعییەت بە نیسبەتێک، ئەڵبەت چەمکی شەرعییەت چەمكێکی گشتگیر و ئاڵۆزە بە تەنها بە هەڵبژاردن ناگەڕێتەوە، ئەدای حکومەت و کارنامەی سیاسی دەوڵەت و ئابووری و کولتوور، کاریگەری هەیە. وەک سیستەمی جیهانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاریگەرییان هەیە.
ئەم هەڵبژاردنانە دوو پەیامی هەبوو: یەکەم پەیامی ئێران و میللەتی ئێران، ئەوەبوو کە پزیشکیان نوێنەرایەتی بێت و لە هەموو وتووێژ و حیوارەکانیدا باسی ئێران و خەڵکی ئێران بوو، بەڵام دیسکۆرسی لایەنی بەرامبەر، کە جەلیلیی بوو باسی کۆماری ئیسلامیی بوو، ئەم دوو شتە بەریەک کەوتن، ئێستا پزیشکیان لە لۆکەیشنێکدا وەستاوە نوێنەرایەتی ئێران و خەڵکی ئێران دەکات، بەڵام گرفتی لەبەردەمدایە گرفتەکە کۆماری ئیسلامیی خۆیەتی کە دەتوانێت ڕایبگرێت، دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین پزیشکیان دەتوانێت وەکو پاڵەوانێک دەرکەوێت، یان وەکو میراتگری ڕیفۆرمخوازەکان لە ئێران دەرکەوێت؟ چونکە ئەو ڕۆحی پاڵەوانییە لە پزیشکیاندا زۆرە.
دووەم ئەوەی کە ئایا بایکۆتکردن کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن هەبوو؟ تاڕادەیەک، نەک بە شێوەیەکی ڕەها بەتایبەت لە کوردستاندا هەبوو، لەبەرئەوەی ڕێژەی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا بە بەراود بە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر کەمتر بووە لەبەرئەوەی خواستەکانی کورد تا ئێستا جوابدانەوەیەکی زۆری نەبوو، بە لایەنی کەم کرانەوەی کولتووری و کۆمەڵایەتی، خەڵک بە چاوی خۆیان نەیانبینیوە، بەڵام پزیشکیان زیرەک بوو لەوەی توانی دوو شت لە بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنێت. یەکەم: میراتی ڕیفۆرمخوازەکانی پێشوو، دووەم دروشمەکانی ژن ژیان ئازادی بە شێوازێک لە شێوازەکان هەڵبژێرێ و خۆی خاوەنداری بکات، لەو شوێنانەی پزیشکیان قسە دەکات باس لە موسەوی دەکرێ و دروشمی بۆ دەدرێت، بەڵام خاڵی لاوازی پزیشکیانیش دکتۆر زەریف خۆیەتی.
زەریف هەندێک لە دەنگەکانی پزیشکیانی هەڵوەراند پێچەوانەی ئەوەی خەڵک پێیوایە زەریف قوەتی (هێزی) ئەوبوو، لایەنی بەرامبەریش خاڵی لاوازیان هەبوو. جەوادی زەریف کە تا ئێستا نە بەشێک لە ڕیفۆرمیستەکان خۆیان بە باشی قبووڵیانە نە ڕەوتی ئیعتیدال، نە ڕەوتی ئەحمەدی نەژاد، نە بەیتی ڕاهبەری و جەماعەتی ئوسوڵگەرا قبووڵیانە. ئەمە خاڵی لاوازی پزشکیانە دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین دەتوانێت ڕۆڵی بداتێ یان نا. بەڵام خامنەیی کاریگەری دەبێت لە سەر فۆڕمی کابینەی داهاتوو.
ئێرانناسی: باس لەوە دەکرێت ئوسوڵگەراکانی ڕەئیسی هەژدە ملیۆن دەنگی هێناوە ، نزیکەی پێنج ملیۆن دەنگی کەمی کردووە ئەمە چی پەیامێکە بۆ ئوسوڵگەراکان؟
د.هەردی: لەبەرئەوەی لە ناوەڕۆکدا ئەم گۆڕانکارییەی کە ڕوویداوە، گۆڕانکارییەکی عەینییە کە پزیشکیان لەسەر کورسییە، یاخود ڕووکەشانەیە و ڕیشەیی نییە. لە ئێراندا لە پێشتردا ئەو دەزگایانەی خەڵکی ئێرانی توڕە کردووە دەزگاکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پەڕلەمان نەبوون، ئەوەی دەستی هەبوو لە تێکدانی سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا سوپا و لەشکری قودس(سوپای قودس) بووە، خۆ وەزیری دەرەوە نەبووە، ئەوەی دەستی هەبوو لەوەی ڕێکەوتن لەگەڵ ڕۆژئاوا و کەنداودا نەچێتە پێشەوە سوپا و توندەهێزی ئێران بووە لە سوپا و نیزام نەک حکومەت و وەزارەتەکان. بەڵام بێمەوە سەر مەسەلەی ئامارەکان بۆچی دەڵێم ڕوکەشانەبوو؟
رەئیسی تەنها خۆی نزیکەی ١٨ ملیۆن دەنگی هێنا ئەوکاتە خەڵکی ئێران و ڕیفۆرمیستەکان پێیان کەمبوو، ئێستا پزشکیان لەو دەنگە کەمتری هێناوە، بایکۆت لە هەر سەردەمێک بەهێزتر بووە. ئێستا بە هەردووکیانەوە جەلیلی و ئوسوڵگەرا و ئیسڵاح تەڵەبەوە پێکەوە ٢٤ ملیۆن دەنگدەرە ئەم ئامارە قابیلی تەئەمولە و دەبێت لێی تێبگەیت. خولی دووەم کەس بەقەد پزیشکیان ڕاستگۆ نەبوو لەوەی کە دوای هەڵبژاردن وتی ئێوە دەنگتان بە من داوە لە ڕقی مەعاویە بووە نەک لە حوبی عەلی. یانی ئەویش دەزانێت کە خەڵک زۆر باوەڕی بە چاکسازی نییە. کەواتا ئەوەی ڕۆیشتوە بۆ دەنگدان مەرج نییە پزیشکیانی خۆش بوێت.
شتێکیتر لەو ئامارە کە پێویستە هەڵێنجانی تێدا بکەین، ئەویش ئەوەیە بە ئاماری بەشداریکردنی هەڵبژاردنەکان لە خولی یەکەم و تەنانەت لە خولی دووەمیشدا گوتاری ڕزگارکەری و جالیسازییان بە خەڵک نەدەدا، بەڵکو تەنها ڕەخنەیان لە یەکتر دەگرت، بەڵام وەک و حزب و بەرەی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە، ئەگەر ئیسڵاحییەکان وەکو گوتار بەشداریان بکردایە دەبوایە بەتەنها خۆیان، ئەگەر بیانتوانیایە گوزارشت بکەن لەو ناڕەزایەتییانەی کە بەرامبەر بە ڕژێم هەیە، بەتەنها خۆیان بیانتوانایە سەدا ٥٠% بەرەوسەرەوە بهێنن و ئەو سەدا پەنجایە بەشداری هەڵبژاردنی پێبکەن، بەڵام ئێستا نەیانتوانیوە خەڵک بەشداری پێ بکەن کەواتە ئەمانیش وەک لایەنێکی سیاسیین نەک بەرەیەکی جیاوازی هزری-سیاسی ماونەتەوە.
- لەم دۆخەدا ئایا پزیشکیان دەتوانێت چی بکات؟
یەکەم پزیشکیان وتی من لە هیچ جەمسەرێکدا نیم، دووەم لە یەکەم ڕۆژی حەملەکەیدا وتی من پابەندی تەواوی فەرمانی ڕێبەرییم. سێیەم من بەرنامەم نییە، بەرنامەی من ڕێنمایی ڕێبەر جێبەجێدەکەم. سەرۆک کۆمار لەمەدا ڕاستگۆیە و بەشێکی ئەوەیە خەڵک زۆر ئومیدەوار ناکات، لە دوای هەڵبژاردنەکەی لە مەراسیمی عاشورا بوو، وتارێکی زۆر دەقیقی دا ئەوەی کە کاغەزەکەی نەخوێندەوە وتی من تاقەتی ئەوەم نییە نایخوێنمەوە. وتی من بەڵێنێکم نەداوە کە نەتوانم جێبەجێی بکەم.
چونکە لە بنچینەدا سیاسەتی دەرەوە دۆخی نێوخۆی ئێرانی تێکداوە، لەسەردەمی ڕۆحانیدا هەشت ساڵ پرسی حوسییەکان هەڵکشا لە پرسی سووریادا ئێران سومعەیەکی زۆر ناشرینی پەیداکرد، لەمەسەلەی حەلەب و کوشتنی منداڵ، لە عێراقدا دیسانەوە توڕەبوونی خەڵکی عێراق لە سەردەمی ڕۆحانیدا تەشەنەی کرد و گەیشتە لوتکە، لە لوبنان بە هەمانشێوە کە ئەمانە هەمووی هێز و باڵی ئێرانن لەدەرەوە و پڕۆ ئێرانن هەموویان بوونە هۆی توڕەبوونی خەڵک لەئێراندا لەسەردەمی ڕۆحانیدا ئەمە ڕوویداوە لە کاتێکدا ڕۆحانی پێگەی بەهێزترە لە پزیشکیان، کەواتە لەدەستی ئەودا نییە و لەو زیاتریشی پێناکرێت.
پزیشکیان بەبڕوای من فەرقەکەی ئەوەیە، ئامانجی خامنەیی جێبەجێ دەکات کە ویستی دوو قوتبی ناو ڕژێم ئاشت بکاتەوە، چونکە هیچ گۆڕانکارییەكی گەورە ناتوانێت بەرامبەر بە خەڵکی دەرەوەی نیزام بکات.
کەواتە بۆچی ڕیفۆرمخوازەکان گەڕانەوە بۆ ململانێ و بەشداریی کارا، ئەمەیان کرد لەگەڵ ئەوەشدا دەیانزانی دۆخیان خراپە، لەبەرئەوەی ڕێگە لەبەردەمی ئیسڵاحییەکان نەمابوو، ئەوانەی باوەڕیان بە ڕژێم نەماوە تازە ڕیفۆرمخوازیان قبووڵ نییە، هیچ چارەی نییە، یەک ئۆپشن لەبەردەم ڕیفۆرمخوازدا هەبوو ئەویش بگەڕێتەوە ناو ڕژێم بە هەر باجێک بێت. خامنەیی چەند پێویستی بەوەبوو خەڵک دەنگبدات خاتەمیش ئەوەندە پێویستی بەوەبوو بچێتەوە ناو ڕژێم.
– پەیام و ئاماژەكانی بەشداربووان و بەرەی بایكۆتی هەڵبژاردنەكان چیبوو؟
م.ئەژی: سەبارەت بە ڕێژەی بەشداربووان، گرنگ ئەوەیە ئیمە لە هۆكاری بەشداربوونی 40%ی دەنگدەران بكۆڵینەوە، ئەگینا 60%ی بەرەی بایكۆت تا ڕادەیەكی زۆر ڕوونە كە بۆچی دەنگیان نەداوە، پاساو و بیانووەكانیان چی بووە. بۆ نمونە یەكێك لە هۆكاەكانی بەشداریكردنی خەڵك، بۆ بێهیواییان لە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە دەگەڕێتەوە، ئێمە بینیمان لە خۆپیشاندانەکانی ژینا، لیژنەی شەش کەسی بۆ ئازادیی ئێران دروستبوو، بەڵام زۆری نەخایاند كە هەریەك لە ئەندامەكانی بە هۆی بیانوویەك، لە لیژنەكە جیا بوونەوە و دواجار هەڵوەشایەوە. لەسەر بەرنامە و ئامانجێکی دیاریكراو ڕێك نەكەوتن، نەخشە ڕێگەیەکی هاوبەشیان پێ دیاری نەكرا، پاشان دوای جیابوونەوەیان، کەوتنە تۆمەتبارکردنی یەكتر. جیا لەمانە، لایەنەكانی تری وەك موجاهیدی خەڵق و سەڵتەنتخوازەكان، بە توندترین شێوە و خراپترین ئەدەبیات یەكتریان دایە بەر ڕەخنە، ئەو دەیوت تۆ پیاوی ئێرانی و ئەو دەیوت تۆ دروستكراوی ئێرانیت. هەلێكی گەورەیان بە ئاسانی لەدەستدا، جگە لە چەند خۆپێشاندانێك، هیچ هەنگاوێكی كاریگەرییان نەنا و زیاتر خەڵكیان لە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە بێهیوا كرد.
خاڵێکی تر، بەشێك لە چینی ناوەندی ئێران هێشتا لە ژێر كاریگەری دەرهاویشتەكانی بەهاری عەرەبی و شۆڕشی وڵاتانە بەتایبەتی ئەزموونی سووریا. كە ئەم ئەزموونەیان لە نزیك سنوورەكانی وڵاتەكەیان بینی كە چۆن وڵاتێك لە ماوەی چەند ساڵدا وێران و خاپور بوو، بووە كێڵگەیەك بۆ بەرهەمهێنانی هێزە چەكدار و توندڕەوەكان، ترسی دووبارەبوونەوەی ئەم ئەزموونە لە ئێران یان ئەوەی پێی دەڵێن “بەسووریابوونی ئێران”، وایكردووە نەتوانن پشتیوانی لە گۆڕانكاری ڕادیكاڵانەی لە شێوەی شۆڕشی چەكداری و شەڕی ناوخۆیی بن. بۆیە ئەوان پێیانوایە ئەگەر نەشتوانین لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دۆخەكە باشتر بكەین، هیچ نەبێت نەهێڵین لەوەی هەنوكە خراپتر بێت، چونكە پییانوایە لە ئەگەری بەشدارینەكردن لە هەڵبژادن، یەكێكی وەك جەلیلی ١٥% یاخود ١٠% دەنگدەرانیش دەتوانێت حكومەت پێك بهێنێت، بەردەوام دەبێت، تەنانەت ئەگەر خۆپیشاندانیش، ئامادەیە بە هەر نرخێک بێت سەرکوتی بکات.
لە لایەكی ترەوە وەك ئەوەی بەشێك لە ئوسوڵگەراکانیش، بە هەستیارییەوە باسیان لێوە كرد، ئەوەی كە هەڵبژاردنی یەكلایی كردەوە، دەنگەکانی پارێزگا ئازەری زمانەكانی (توركنشین) ئازربایجانی ڕۆژئاوا، ئازریایجانی ڕۆژهەڵات و ئەردەبیل بوون، كە هۆكاری دەنگدانەكانیان زیاتر لە هەر شتێك بۆ توركبوونی پزشكیان دەگەڕایەوە و ئەمەش ئاماژەیەك بوو بۆ ئەوەی دەنگەكانی پزشكیان لەم پارێزگایانە، دەنگی پێكهاتەیەكی دیاریكراوە. جیا لەمە، پزشكیان لە بەدەستهێنانی دەنگی ناوچە سوننە مەزهەبەكانیش بە تایبەتی لە كوردستان و سیستان و بەلوچستان سەركەوتوو بوو، لە پارێزگای كوردستان سەرەڕای كەمترین ڕێژەی دەنگدانی پارێزگاكانی ئێران، بەڵام 75%ی دەنگەكان بۆ پزشكیان بووە. بۆیە ئوسوڵگەراكان دەڵێن ئەم دەنگانە، دەنگی مەزهەبی و ئێتنیكەكان بووە و پەیوەندی بە تایبەتمەندییەكانی خودی پزیشکیانەوە هەبووە، نەک ئەوەی كە بەڕاستی دەنگدەران بڕوایان بەوە هەبووە كە ئەو دەتوانێت گۆڕانکاری بکات.
هۆکارێكی تریش بۆ ڕێكخراوتربوون و بە بەرنامەتربوون هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ڕیفۆرمخواز و میانڕەوەكان (اعتدال) دەگەڕێتەوە كە هەم لە ڕووی میدیایی و هەم لە سۆشیال میدیاوە، لە بە دێوەزمەكردنی ڕكابەرەكانیان و بە تایبەتی جەلیلی تا ڕادەیەكی باش سەركەوتوو بوون. ڕیفۆڕمخوازەكان جارێكی تر ئەزموونی هەڵەی هەڵبژاردنی ٢٠٠٥ دووبارە ناکەنەوە، بۆیە سەركەوتووانە هەم لەم هەڵبژاردنە و هەمیش لە هەڵبژاردنەكانی 2013 و 2017، دۆخی هەڵبژاردنەكانیان بە هێنانەباسی بەردەوامی دۆسیی ناوەكی و بابەتەكانی وەك ئازادییە كۆمەڵایەتی و ئەنتەرنێت، دۆخەكەیان بەرەو دوو جەمسەری برد. لە بەرامبەردا، كێشە و ململانیی نێوان ئوسوڵگەراكان دەنگەكانیانی دابەش و پەرت كرد، تەنانەت بەشێك لە دەنگەكانی قالیباف لە خولی دووەم بۆ پزشكیان ڕۆیی. بوونی چەند كاندیدێكی سێبەر (پوششی) هەڵەیەكی تری ئوسوڵگەراكان بوو، بەتایبەتی كە ئەدەبیاتی یەكێك وەك زاكانی، تەنانەت لە نێو ئوسوڵگەراكانیش ڕەخنەی زۆری لێ گیرا.
– لە ڕووی ناوخۆ و دەرەوە پزیشکیان دەتوانێت چی بکات؟ بە لەبەر چاوگرتنی ئەو دژایەتییەی کە قەرارە سوپاییەکان بیکەن، چۆن دەتوانێت بەسەر هەموو ئەو کێشانەدا زاڵ بێت لە پەڕلەمان لە دروستکردنی کابینەکەدا دە مانگ بخایەنێت ئەوان هەر ڕێگە نەدەن ئەو وەزیرانەی خۆی بێنێتە پێشەوە، قەرارە چی بکات، د. یاسین پزیشکیانە چۆن دەڕوانێتە کورد و سوننەکانی کوردستان، ئەگەر پەیوەستی بکەین بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە لە سەردەمی ڕەئیسی چەندەها جار کوردستانی تۆپباران کردووە، ئایا ئەم شتانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت؟
د. یاسین: بۆچوونی عەرەبی ئەوەیە کە پزیشکیان کەسێکی ئیسڵاحییە بە بوونی بەرنامەیەک و زەمینەیەکی ئیسڵاحی دابەزیوە، دووەم بۆچوونێک هەیە کە خامنەیی ئەمەی هێناوە بۆ ئەوەی درێژە بە جەوی ئاگربەست و جەوی هێور بدات، بەڵام لە هەمانکاتیشدا چاویان لەسەر ئەوەیە کە ترەمپ ببێت بە تایبەت کە ئێستا جێگرێکی بۆ خۆی دەستنیشان کردووە کە زۆر توندە بەرامبەر ئێران ئایا پزیشکیان ئەوکاتە چی پێدەکریت چۆنی پێدەکرێت لەبەرئەوە تاقیکردنەوەی قورس و خێرایە.
دەربارەی مەسەلەی ئێران بڕیاربوو لەسەردەمی ڕەئیسیدا ئێران و عێراق کۆمەڵێک ڕێکەوتننامەی ئابووریی و بازرگانی ئیمزا بکەن بە تایبەت دوای سەردانەکەی ئەردۆغان، ئەو شتە کەڵەکەبوو لە ئێراندا، ئێمەیش کۆمەڵێک ڕێکەوتننامە ئیمزا بکەین ئامادەکاریشی بۆ کرابوو، بەڵام ئەوەبوو مردنەکەی بەسەردا هات. بڕیاربوو بێتە عێراق و کوردستانیش سەری نەگرت، ئێستا ئێش لەسەر ئەوە دەکرێت کە دیسان ئەو ڕێکەوتننامانە ئیمزا بکرێتەوە بەتایبەت زۆر قسە لەسەر هاتنە ناوەی تورکیا، عێراق و تورکیا (لەوانەیە مەبەستی هاتنە ناوەوەی تورکیا بێت بۆ کوردستان)، ئێستا جەختی هەموو میدیا و مانشێتی میدیای شیعی عێراقی لەسەر ئەوەیە کە تورکیا هاتۆتە باکوورەوە، ئەمە بەشێکی بۆ بەرگرییە لەسەروەری عێراق، بەڵام بەشێکی بۆ دروستکردنی پاساو زەمینەیە بۆ ئەوەی ئەگەر ئێمەیش لەگەڵ ئێران بچینە پێشەوە ئەوە بکەین پاساومان هەیە کەواتە سنوور نییە دەوڵەت نییە سەروەری نییە دەبێت بۆ هەردوو دەوڵەت وەک یەک وابێت.
لە ئێستاوە ئەرکی ئێران بۆ عێراق قوورستر دەبێت چونکە لەبەردەم هەڵبژاردندایە، بەوەی کە چۆن لیستەکان دابەش بکات، چۆن زەمانی ئەوە بکات بەتایبەت هەمووشیان پۆستی حەساسیان هەیە، هەموو شیعەکان چەکدارن چۆن ئەو بەریەککەوتنانە نەبێتە هۆی لێکترازانی ماڵی شیعی، چۆن ئەوەی لە دوای هەڵبژاردن ئەو حکومەتە دروست بێتەوە بە هەمانشێوە لە فەزاو تەرەفی ئێراندا بسووڕێتەوە، بە تایبەت کە فاکتەری ئەمریکیشی هاتۆتە سەر، بۆیە ئەرکی ئێران و پزیشکیان بە شێوەیەکی گشتی لەماوەی داهاتووی عێراقدا قورسە، بیرمان نەچێت باڵوێزەکانی ئێران لەوەتەی لە عێراق دانراون هەموویان پاڵپشتی سوپایان هەیە، هیچ یەکێک لەو باڵوێزانەی لە عێراق لە 2023وە دانراون دبلۆماتکاری پێشکەوتوو نین.
ئەوەی دەیبینین کە واقعی کۆمەڵگەی ئێرانیی پێمان دەڵێت پزیشکیان عەسایەکی سیحری نییە، هەرچەندە هەندێ بە دکتۆر محەمەد موسەدقی دەچوێنن و، وەک ڕزگارکەر سەیری دەکەن، لە سیاسەتی ئابووری بەڕاستی لەبەرئەوەی ئابووری ئێران پێویستی بە کات و بەرنامەڕێژی و پلانی زیاتر هەیە چارەسەرێکی خێرای پێناکرێت.
سیاسەتی ناوخۆ لەڕووی کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە لەوەشدا زەختی پۆلیس لەسەر ژنان لەسەر کرانەوەیە لە ڕووی کولتوورییەوە، چاوپۆشی لە قانون، لە ڕووی قانوونییەوە ئەو دەسەڵاتەی نابێت. لە سیاسەتی دەرەوەدا پزیشکیان قسەیەکی جدی و تۆکمەی پێنەبوو، لەبەرئەوەی ڕاوێژکارەکەی زەریف بوو، ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی خۆی پێویستە بارودۆخی نێودەوڵەتی خۆی چاک بکاتەوە، کێشە ئابوورییەکانی بەستەوە بە دەرەوەی ئێران و وەزعی نێودەوڵەتی، ئەوکات ئێمە دەتوانین ئابووری ئێران چاک بکەین، ئەگەر مەبەستمان بێت، سەرۆک کۆماری ئێران تەنها زۆنێک دەتوانێت مانۆڕی تێدا بکات، وڵاتانی کەنداوە نەک عێراق، لە سیاسەتی نێودەوڵەتیشدا من پێم سەیرە دەڵێن گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی، ئەوانەی شارەزای ئەو بوارەن و بەتایبەت شارەزای مەلەفی نەوەوی ئێرانن، زەریف تێدا پسپۆڕە، بەڵام زەریف تەوزیفی ئەم بارودۆخەی کردووە بۆ بە قوتکردنی پێگەی خۆی لە ناوەوە، زەریف ڕاستگۆ نەبووە لەگەڵ پزیشکیاندا، میکانیزمی گەڕانەوە میکانیزمێکی ئاڵۆزە، ڕێككەوتنی بەرجام ١٥٠ لاپەڕەیە.
سیاسەتمەدارەکانی ئێران کەم کەسیان خوێندویانەتەوە، هەموو شتێکیش گرێ نەدراوە بە هاتنەوە یاخود نەهاتنەوە ترەمپ، لەبەرئەوەی بارودۆخی ئێران پەیوەستە بە ڕووسیا و چین و یەکێتی ئەورووپی و ئەمریکا و شوێنەکانی تر، ئەمانە هەمووی وادەکات ئێمە زۆر ئومێدەوار نەبین کە گۆڕانکاری بنەڕەتی نە لە سیاسەتی دەرەوە نە لە سیاسەتی ناوخۆ بکرێت.
ئەگەر پزیشکیان بتوانێت گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەدا دروست بکات، نابێت بگەڕێتەوە بۆ بەرجام و ڕێکەوتنی پێشتر قۆناغێکی تازەی بەرجام زیندوو نابێتەوە زیندووبوونەوەی مەحاڵە.
د. هەردی: پزیشکیان چی لەبەردەمدایە لە ئاستەنگ و فرسەتەکان، فرسەتی زۆری لەبەردەمدا نییە، چونکە خۆی بیرکردنەوەی لەناو بیرکرنەوەی بەیتی ڕەهبەریدایە، ئەگەر بتەوێت ئێران ڕزگار بکەیت، دەبێت لەدەرەوەی ئەم سیستەمە ماندووە بیربکەیتەوە بۆ ئەوەی ئێرانێکی تر دروستبکەیت، بۆیە لەسەردەمی پزیشکیان ئێرانێکی تر چێنابێت جگە لەو ئێرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خەڵکی ئێرانی دروستکردووە، لە ئێستادا خۆپیشاندان زۆر دەبێت لەبەرئەوەی کە دوو هەڵبژاردنی پێشوو و دوو خۆپیشاندانی پێشووتر پێش ژینا ئەمینی قسەیەکی زۆر هەیە کە مەشهەدییەکان هەڵیانگیرساندووە، لە مەسەلەی پرسی بەنزین و ئەوانەدا لایەنگرانی ئەحمەدی نەژاد و لایەنگیرانی جەلیلیش ناڕازین و ئێستا لەسەر کورسی نین و پێویستیان بەم جۆرە کارانە هەیە، کە بڵێن ئێمە ماوین و بەهێزیشین. بۆیە ناڕەزایەتی هەم لەدەرەوەی نیزامەوە بەهێز دەبێت و هەم لە نێو ئوسوڵگەراکانیش بەردەوام بەرد و دڕک دەخەنە بەرپێی پزیشکیان، لەبەرئەوە چوارساڵێکی خۆش نابێت بۆ پزیشکیان و خەڵک.
پرسێکی تر هەیە کە پەیوەندی بە پزیشکیانەوە هەیە کە پرسێکی ئابووری ئەمنی سیاسییە، مەسەلەی ڕووسیایە و ڕێکەوتن لەگەڵ ڕووسیایە كە لەدەست پزیشکیاندا نییە، واتە قاڵیباف هەفتەی پێشوو چووە بۆ ڕووسیا کاتی خۆیشی ڕێکەوتنی ڕووسی ئێرانی هەر قاڵیباف ڕۆیشتبوو، بۆچی دیسانەوە وەزیری خارجی نەڕۆیشت واتا جاڵە گەرمەکان و مەلەفە گەرمەکانی دەرەوەی ئێران بەدەستی وەزیری خارجی ئێران نییە و لەدەستی گرووپکی سوپا و ڕێبەردایە. زەریف خۆی بە ئاشکرا، ڕێکەوتنی چین ئەو ڕێکینەخستووە، بۆ کەنداوی عەرەبیش شەمخانی ڕێکیخستبووە.
ئاشتکردنەوەی پێکهاتەکان بەچی دەبێت؟ بە دەستوورێکی نوێ دەبێت لەدەرەوەی فیقهی سیاسی شیعە و ئێرانچێتی-فارسگەراوە، ئەمە لەم سەردەمەدا مەحاڵە. ئایا لەوە کەمتر دەکرێت یان دەتوانن وەزیرێکی کورد دابنێن، ناتوانن دایبنێن لەبەر چەند شتێک، یەکەم لەبەرئەوەی لە ڕووی فقهی سیاسی و دەستوورییەوە، وەزیری کوردی سوننە دانانرێت مەگەر کوردی شیعە بێت.
لە ناو پێکهێنانی حکومەتیشدا مافی سیاسییان پێنەدراوە، دەمێنێتەوە سەر مافی کولتووری و شوناس ئەوانە هیچ پەیوەندی بە حکومەتەوە نییە، ئەم مافانە وەک چۆن پرسی حیجاب پرسێکی دینییە ئایەتوڵڵاکان بڕیاری لەسەر دەدەن دەبێت ئەوان لەوێوە چاکی بکەن، ئینجا دەتوانن حکومەت چاکی بکات، پرسی پێکهاتەکانیش مەسەلەی زمان و بە نەتەوەناساندنی کوردە، کورد بە دەستوور دەبێت بە نەتەوە بناسرێت، پرسی عەرەب و بەلوجیش بەهەمان شێوە.
پزیشکیان لە ڕووی مولتەزمی بە ڕژێمیشەوە تەنها مەلایەکی بی عەمامەیە ئەگینا لەمەسەلەی بەلاغە و قورئان و پابەندی بە ڕژێمەوە هیچی کەمتر نییە لە ڕەئیسی تەنها ئەوەیە ئەم لە بلۆکی ئەمبەر حیسابکراوە لەبەرئەوە زۆر وەفادارتر دەبێت.
– ئێستا کە پزیشکیان هاتۆتە سەر دەسەڵات بە چی دەتوانێت کۆت و بەندی بکەن؟
م. ئەژی: یەکەم؛ زۆرینەی ئوسوڵگەرایە، بەڵام دەبێت ئاگامان لەو خاڵە بێت كە ئایا پزیشکیان دەتوانێت لەگەڵ بەرەی قاڵیباف ڕێکەوتنێکی ژێر بەژێری هەبێت، هەرچەندە کێشەکە ئەوەیە قاڵیباف بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمان لەگەڵ بەشێكی “پایدارییەكان” هاوپەیمانی پێكهێنا. لەگەڵ ئەمەشدا، قاڵیباف بە دەنگی بەشێک لە سەربەخۆخوازەکانی پەڕلەمان و ڕیفۆڕمخوازەكانی وەك پزشكیان بوو بە سەرۆکی پەڕلەمان.
دووەم لە دیاریكردنی وەزیرەكاندا، بە پێی دەستوور و عورفی سیاسی، بۆ دیاریكردنی وەزیری ئیتڵاعات، دەرەوە و بەرگری دەبێت لەگەڵ ڕابەری ئێران ڕاوێژ بكرێت و بۆ وەزارەتەكانی تری وەك ڕۆشنبیری، پەروەردە و خوێندنی باڵاش ڕابەری ئێران تێبینی و هەستیاری تایبەت بە خۆی هەیە، كە پێویستە ڕەچاو بكرێت. بۆ نموونە، دەوترێت ڕۆحانی بۆ هەڵبژاردنی وەزیری خوێندنی باڵا نزیکەی ٢٠ بۆ ٣٥ کاندیدی بە ئایەتوڵڵا خامنەیی پێشنیار كرد، تا دواجار لەسەر یەكێكیان ڕەزامەندی نیشان دا.
مەسەلەی حیجاب، تەنیا بابەتێك نییە كە پەیوەندی بە لایەنی شەرعی و بەستنی پارچە قوماشێكەوە هەبێت، ئەم بابەتە لە ئێستادا بۆ نیزام، وەك سیما و شوناسێكی ئیسلامی لێ هاتووە، بۆ بەشێك لە كۆمەڵگە وەك سیمبولێك لە ئازدی و لە هەمانكاتدا ناڕەزایەتی لێ هاتووە، چارەسەری ئەم بابەتە لە نێوان بابەتێكی دەستووری و شەرعی و كولتووری و سیاسی، زۆر ئەستەمە. حیجاب بابەتێكە نیزام ناتوانێت لێی ببورێت، ئەگەر وا نەبێت ئەوان کە میوانێکی دەرەکیش بێت، دەبێت حیجاب بکاتە سەری، چۆن بۆ ناوخۆی خۆیان لەمە خۆش دەبن. لە بەرامبەردا پزشكیان بە ئاشكرا چەندین جار ڕایگەیاند لەگەڵ ئەم شێوازی مامڵەكردن لەگەڵ بێ حیجابی نیم، ئەی چۆن دەتوانێت ڕێگری لە لایەن و گرووپانە بگرێت كە بیانەوێت، دژی بێ حیجابی بووەستنەوە!
سەبارەت بە ڕێككەوتننامەی وزەی ناوەكی پێویستە ئەم بابەتە بە لایەكدا بكەوێت و دواجار چارەسەرێكی بۆ بدۆزرێتەوە، سێ ساڵی حكومەتی ڕەئیسی دەریخست، ئابووریی ئێران بەبێ گەڕانەوە بۆ بەرجام ناتوانێت بەرگە بگرێت، تەنانەت باس لەوە دەکرێت لەم یەک ساڵی کۆتایەدا عەبدوڵڵاهییان (وەزیری دەرەوەی ئەو كاتی ئێران) هەوڵەكانیان بۆ چارەسەری كێشەی ڕێككەوتننامەكە و زیندووكردنەوەی خشبووە گڕ، بەڵام ڕێگرییەكان كە پێ دەچێت بەشێكی دەوڵەتی سێبەری جەلیلی بووبێت، نەیهێشت ئێران بۆ ڕێككەوتننامەكە بگەڕێتەوە. لە بابەتی ئێف ئەی تی ئێف (FATF) کێشەکە چیە، ئێران نەوت دەفرۆشێت بە چین، بەڵام كێشەكە ئەوەیە لە كاتێكدا ئێران لە تۆڕی بانکە جیهانییەكاندا بوونی نییە و لەم دامەزراوەیەش لە ڕیزی وڵاتانی لیستی ڕەشە، ئەو پارەیە چۆن بگەڕێتەوە، ئەمە بەشێكی زۆری پەیوەنی بە بی ئێف ئەی تی ئێفەوە هەیە. ئێران دەڵێت ئێمە بەو چاوە تەماشای ئەو گرووپانەی كە ئەورووپا بە گرووپی تیرۆرستی لە قەڵەمیان دەدات، ناكەین. لەگەڵ ئەمەشدا، دیسانەوە بە هۆی تێڕوانینە تایبەتەكانی ڕابەری ئێران، لەمپەری پەڕلەمانی زۆرینە ئوسوڵگەرا، ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور، هەروەها ئەو لایەنانەی ناوخۆی ئێران كە قازانجیان لە گەمارۆكانی سەر ئێرانە، چارەسەركردنی ئەم بابەتانە تەنیا ئەو كاتە دەبێت كە ناوەندەكانی دەسەڵات لە ئێران بگەنە ئەو بڕوایەی كە پشتگیری حكومەتی پزشكیان بۆ دانوستان بكەن.