پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به ڕه‌وشی كرێكارانی بیانی له هه‌رێمی كوردستان
سه‌نگه‌ر یوسف ساڵح/ مامۆستای زانكۆی سه‌لاحه‌دین و توێژه‌ر له ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی
بەرایی
لە ئێستادا بە هۆی چالاكی و بەدواداچوونی بەردەوامی ڕێكخراو و دامەزراوەكانەوە، بابەتی كرێكارانی بیانی و ڕەوشی ژیان و مافەكانیان و چۆنیەتیی مامەڵەكردنی دامودەزگا حكومی و كەرتی تایبەت لەگەڵیاندا زیاتر لە ساڵانی پێشوو گرنگیی بەخۆوە بینیوە و لە هەرێمی كوردستانیش هەوڵەكانی چالاكوانان و ڕێكخراوەكانی ئەم بۆ باشتركردنی ڕەوشیان لە ڕێگەی گونجاندن و دەركردنی یاسای تایبەت بە مافەكانیان بەردەوامیی هەیە. لە لایەكەوە گۆڕانكارییە خێراكانی هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و پێویستیی زیاتری كۆمپانیا و دامەزراوە ناحكومییەكان بە دەستی كاری بیانی وای كردووە چیتر یاسا كۆنەكانی سەبارەت بە ڕەوشی ماف و ژیانی ئەم توێژە وەڵامدەرەوەی دۆخی هەنووكەییان نەبێت و پێویستی بە پێداچوونەوەی زیاتر و وردتر هەبێت. لەم توێژینەوەدا هەوڵ دراوە گوزەرێك بە ڕەوشی كرێكارانی بیانی لە هەرێمی كوردستاندا لە ڕێگەی خستنەڕووی ئامار و داتاكان بدرێت و ئاماژە بەو هەوڵانە بكرێت كە لە پێناوی باشتركردنی ژیانیان ئەنجام دراوە.
بابەتی كرێكارانی بیانی؛ ئاڵۆز و فرەڕەهەند
گه‌شه‌سه‌ندنی خێرای جیهانگیریی ئابووری ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه له سه‌ر زیادبوون و چۆنیه‌تیی دابه‌شبونی كرێكارانی بیانی[1] له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی. له ئێستادا وا پێده‌چێت كه ئاڕاسته‌ی ژماره‌ی كرێكارانی بیانی له هه‌ر كاتێكی تر زیاتر ڕوو له هه‌ڵكشان بێت. به پێی خه‌مڵاندنه‌كانی ڕێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تی، ژماره‌ی كرێكارانی بیانی له سه‌ر ئاستی جیهان له ساڵی ٢٠١٣دا بریتی بووه له ١٥٠ ملیۆن كرێكار، له ساڵی ٢٠١٧دا ئه‌م ژماره‌یه ده‌بێته ١٦٤ ملیۆن و ژماره‌كه له ساڵی ٢٠١٩دا به‌رز ده‌بێته‌وه بۆ ١٦٩ ملیۆن[2]، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ڕه‌وشی ژیانی كرێكارانی بیانی و پاراستنی مافه‌كانیان زیاتر ببێته بابه‌تی گفتوگۆ و جێی سه‌رنجی داموده‌زگا و كاره‌كته‌ره فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كان، نه‌ك ته‌نها له ڕووی چوارچێوه‌ی یاسا و داڕشتنی سیاسه‌تی تایبه‌ت به كرێكارانی بیانی، به‌ڵكوو له ڕووی دانانی پلان و میكانیزمی به‌دواداچوون و چاودێریكردنی چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی یاساوڕێسا نیشتمانی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
قسه‌كردن ده‌رباره‌ی كرێكارانی بیانی بابه‌تێكی فره‌ڕه‌هه‌نده و مشتومڕئامێزیشه، فره‌ڕه‌هه‌نده له ڕووی ئه‌و بوارانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به خودی ژیان و گوزه‌رانی كرێكارانه‌وه و چۆنیه‌تیی پاراستنی مافه‌كانیان، فرهلایهنیشه له ڕووی ئه‌و دامه‌زراوه و كاره‌كته‌رانه‌ی كه كار ده‌كه‌ن و به‌رپرسیارن له كه‌یسی كرێكارانی بیانی چ له سه‌ر ئاستی نیشتمانی یان نێوده‌وڵه‌تی. له هه‌مان كاتدا بابه‌تی كرێكارانی بیانی بابه‌تێكی مشتومڕئامێزه له ڕووی پێویستی هه‌بوونی كرێكارانی بیانی له وڵاتێكی دیاریكراو، مشتومڕهكانیش په‌یوه‌ندیدارن به كاریگه‌ری و ده‌رهاویشته ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی كرێكارانی بیانی، هه‌م له سه‌ر كۆمه‌ڵگای ڕه‌سه‌ن (Original country)، هه‌م له سه‌ر كۆمه‌ڵگای خانه‌خوێ (Host country)، ئه‌مه‌ش وای كردووه كه بابه‌تی كرێكارانی بیانی و پڕۆسه‌ی كۆچكردن و مانه‌وه‌یان له‌و وڵاته‌ی كه بۆی ده‌چن؛ ببێته بابه‌ت و پڕۆسه‌یه‌كی تا ڕاده‌یه‌ك ئاڵۆز، وه پێویست به‌وه ده‌كات كه توێژه‌ران و سیاسه‌تداڕێژه‌ران و بڕیاربه‌ده‌ستان به به‌رده‌وامی توێژینه‌وه و به‌دواداچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكه‌ن، به تایبه‌تی له‌و ڕووه‌وه‌ی كه ئه‌م گرووپه له كرێكاران به گرووپێكی لاواز و په‌راوێزخراو هه‌ژمار ده‌كرێت.
ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا له عێراق و هه‌رێمی كوردستان ڕوویان دا، وای كردووه هه‌رێمی كوردستان ببێته وێستگه‌یه‌ك كه كرێكارانی بیانی ڕووی تێ بكه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له كرێكارانی بیانی له سێكته‌ره جیاوازه‌كانی بازاڕی كار له هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن و بوونه‌ته به‌شێكی به‌رچاو له هێزی كار. لێره‌وه توێژینه‌وه و به‌دواداچوون له سه‌ر ئه‌م گرووپه له كرێكاران گرنگیی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، به تایبه‌تی له‌و ڕووه‌وه‌ی كه مادام ڕێگه به هاتنیان ده‌درێت بێنه هه‌رێمی كوردستانه‌وه؛ پاراستنی مافه‌كانیان ده‌بێته ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی هه‌یه له سه‌ر ناو و ناوبانگی هه‌رێمی كوردستان له سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له ڕووی پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤه‌وه. بۆیه به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه و تیشكخستنهسهر ڕه‌وشی ژیانی كرێكارانی بیانی له ڕووی چوارچێوه‌ی یاسایی و میكانیزمه‌كانی به‌دواداچوون و چاودێریكردنی پاراستنی مافه‌كانی ئه‌م گرووپه‌وه، به‌شێكی ئه‌ركی توێژه‌رانه و ئه‌م نووسینه‌ش هه‌وڵێكه به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا.
شیكردنه‌وه و خستنه‌ڕووی زانیارییه‌كانی ناو ئه‌م توێژینەوەیە پشتی به‌ستووه به پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌و توێژینه‌وه و ڕاپۆرته ڕۆژنامه‌وانی و دۆكیۆمێنته فه‌رمییانه‌ی كه به‌رده‌ستن و توێژه‌ر ده‌ستی كه‌وتوون، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی ١١ چاوپێكه‌وتنی نیمچه‌كراوه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومی، نوێنه‌ری سه‌ندیكاكانی كرێكارانی كوردستان، چالاكانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و چه‌ند كرێكارێكی بیانی كه له هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، ئه‌مه جگه له ده‌ستكه‌وتنی چه‌ند زانیارییه‌كی په‌یوه‌ندیدار له گفتوگۆكانی وۆركشۆپێكی تایبه‌ت به كرێكارانی بیانی كه له شاری هه‌ولێر له مانگی ئایار ڕێك خرابوو.
چوارچێوه‌ی یاسایی بواری كرێكارانی بیانی له هه‌رێمی كوردستان
لە ساڵی ١٩٩٠دا کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیاری ٤٥/١٥٨ ڕێککەوتننامەی تایبەت بە کرێکاری کۆچبەری پەسەند کرد، کە تێیدا جەخت دەکاتە سەر پاراستنی مافەکانی کرێکاری کۆچبەر و ئەندامانی خێزانەکانیان کاتێک لە وڵاتێكی تر دەژین. ڕێککەوتننامەکە پاش ١٣ ساڵ لە دەرچوونی، لە ساڵی ٢٠٠٣دا چووە بواری جێبەجێکردنەوە. هەر چەندە دەکرێت ڕێککەوتننامەکە بە هەنگاوێکی گرنگ هەژمار بکرێت لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافی کرێکاری بیانی و کۆچبەر، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم ڕێککەوتننامەیە بە بەراورد بە ڕێککەوتننامەکانی تری پارستنی مافی چینوتوێژە جیاوازەکان کەمتر ناسراوە و وڵاتان کەمتر بەدەنگەوەچوونیان بۆی هەبووە. عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە تا ئێستا پابەندبوونی خۆی بۆ ئەم ڕێککەوتننامەیە دووپات نەکردووەتەوە و واژووی لە سەر نەکردووە[3]. لەم چوارچێوەیەدا هەرێمی کوردستانیش هیچ پابەندبوونێکی نییە بۆ ئەم ڕێککەوتننامەیە، چونکە هەرێم وەک بەشێک لە عێراق هەژمار دەکرێت و دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە.
لە عێراق یاسایەکی تایبەت بە کرێکاری بیانی بوونی نییە، بەڵام لە یاسای کاری عێراقیی ژمارە (٧١)ی ساڵی ١٩٨٧دا[4]، لە مادەی (٢٣)دا، ئاماژە بەوە دراوە کە هاتن و کارکردنی کرێکارانی بیانی دەبێت بە پێی چەند ڕێنمایی و ڕێکارێکی تایبەت بێت کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەریدەکات. لە سەر بنەمای ئەم بەندە یاساییە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ڕێنمایی ژمارە (١٨)ی دەرکردووە لە ساڵی ١٩٨٧ کە لە ١٢ مادە پێک دێت و بە پێی ئەم ڕێنماییە مامەڵە لەگەڵ کرێکاری بیانی دەکرێت لە عێراق.
هاوشێوەی عێراق، لە هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا یاسایەکی تایبەت نییە بۆ پاراستن و مسۆگەرکردنی مافی کرێکاری بیانی. بەڵام لە چوارچێوەی هەندێک یاسا و ڕێنمایی تر باس لە کرێکاری بیانی کراوە. یاسای ژمارە (٤)ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦ کە بە یاسای وەبەرهێنان ناو دەبرێت[5]، یەکێکە لەو چوارچێوە یاساییانەی کە پەیوەندیدارە بە کرێکاری بیانی. لە دەروازەی دووەمی یاساکە و لە بەشی سێیەم، باس لەوە دەکرێت کە وەبەرهێن مافی ئەوەی هەیە کە دەستی کاری بیانی لە پڕۆژەکانیدا وەگەڕ بخات لە هەرێمی کوردستان. بە دیاریکراوی، مادەی حەوت، بەندی دووی یاساکە دەڵێت: “وەبەرهێن بۆی هەیە کار بە کرێکاری خۆجێیی و بیانیی پێویست بۆ پڕۆژەکە بکات لەگەڵ پێشخستنی کرێکاری خۆماڵی لە کارپێکردندا، بە پێی یاساکانی کار لە هەرێمدا.” لە هەمان مادەدا (واتە مادەی حەوت)، بەڵام لە بەندی چوار، باس لە مافی کرێکاری بیانی دەکات سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن بەو پارەیەی یان کرێیەی کە وەریدەگرێت، هەروەک دەڵێت: “کرێکارە ناعێراقییەکانی پڕۆژەکە و ئەوانەی لە دەرەوەی هەرێمدا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، بۆیان هەیە پارە و کرێیەکانیان بۆ دەرە ڕەوانە بکەن.”
پاڵپشت بە مادەی (٢٣) لە یاسای کاری عێراقیی ژمارە (٧١)ی ساڵی (١٩٨٧)، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠٠٧)ەوە چەند ڕێنماییەکی دەرکردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کرێکاری بیانی، یه‌كێك له‌م ڕێنماییانەش بریتییە لە ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٥ کە لە (٢٨) مادە پێک دێت و جەخت دەکاتە سەر ڕێکارەکانی هێنانی کرێکاری بیانی و ڕێکخستنی ئەرک و مافی ئەم توێژە. لە مادەی دووەمی ڕێنماییەکەدا (لە بەندی یەکەم) هاتووە کە: “مۆڵەتی هێنانی کرێکار لە لایەن وەزیرەوە یان هەر کەسێکی ڕێپێدراو لە لایەن وەزیرەوە؛ دەدرێتە کۆمپانیا دوای دەستەبەرکردنی مەرجەکانی هاتوو لەو ڕێنماییە.” هەروەها لە مادەی چواری ڕێنماییەکەدا هاتووە کە: “نابێت خاوەنکار لە کەرتی تایبەت و تێکەڵاو و هاریکاری کار بە هیچ بیانییەک بکات ئەگەر مۆڵەتی کارکردنی بەدەست نەهێنابێت بە پێی ئەو مەرج و ڕێکارانەی لەو ڕێنماییە دیاری کراون”[6].
گرنگه سه‌رنجی ئه‌و هه‌وڵ و گۆڕانكارییه یاساییانه بدرێت كه له ساڵانی ڕابردوودا ڕوویان داوه و په‌یوه‌ستن به كرێكارانی بیانییه‌وه. ڕێنمایی ژماره (٨)ی ساڵی ٢٠٢٢ی وەزاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كه له ٢٢ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٢، له ژماره ٢٩٥ی وه‌قایعی كوردستان[7] بڵاو كرایه‌وه، یه‌كێكه له هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕێكخستنی چۆنیه‌تیی سوودوه‌رگرتن له كرێكارانی بیانی. ڕێنماییه‌كه ته‌نها تایبه‌ته به كرێكارانی پڕۆژه‌كان و ئه‌و كرێكارانه ناگرێته‌وه كه كارمه‌ندی ڕێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه حكومی و ناحكومییه‌كان، نێردراوه دیپلۆماتكاره‌كان و كونسوڵخانه‌كانن، هه‌روه‌ها ئه‌و بیانییانه‌ش كه لای حكومه‌ت كار ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ك له ماده‌ی (١٨)ی ئه‌م ڕێنماییەدا هاتووه، ئه‌و كرێكاره بیانییانه‌ی كه وه‌ك خزمه‌تكار له ناو ماڵه‌كان كار ده‌كه‌ن، به‌ده‌ر ده‌بن له‌م ڕێنماییه. ناوه‌رۆكی ماده‌كانی ئه‌م ڕێنماییه ده‌ریده‌خات كه حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت هاتنی كرێكارانی بیانی سنووردار بكات و سوود له توانای مرۆیی و كارامه‌یی ناوخۆ وه‌ربگرێت. هه‌روه‌ك له ماده‌ی دووه‌م له بڕگه‌ی یه‌كه‌م هاتووه كه: “له پڕۆژه‌كانی بازاڕ و كه‌رتی تایبه‌ت و پڕۆژه هاوبه‌شه‌كانی نێوان كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌تدا ئه‌وله‌ویه‌ت به هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌درێت به جۆرێك كه به لایه‌نی كه‌مه‌وه ڕێژه‌ی (٧٥%)ی ده‌ستی كاری پڕۆژه‌كان له هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بن.” له بڕگه‌ی دووه‌می هه‌مان ماده‌دا ئاماژه به‌وه كراوه كه ڕێژه‌ی ده‌ستی كاری بیانیی پڕۆژه‌كان له هیچ بارێكدا نابێت له ٢٥% تێپه‌ڕ بكات. هه‌ر له ڕێنماییهكەدا ئاماژه به هه‌ندێك ڕێكار كراوه كه خاوه‌نكار ده‌بێت پابه‌ندی بێت هه‌ر له چۆنیه‌تیی داواكردنی ده‌ستی كار و جۆری كارامه‌یی تا به‌دواداچوون و دیاریكردنی سزای سه‌رپێچییه‌كان به پێی یاسا و ڕێنماییه به‌ركاره‌كان، كه مه‌به‌ست لێیان هه‌ریه‌ك له یاسای كار و یاسای وه‌به‌رهێنان و ڕێنمایی تایبه‌ت به هێنانی كرێكاری بیانیی ژماره (٢)ی ساڵی (٢٠١٥)یه. گرنگه ئاماژه به‌وه بكرێت كه ئه‌م ڕێنماییه جێگره‌وه‌ی هیچ ڕێنماییه‌كی تر نییه كه پێشتر ده‌رچووه، به‌ڵكوو به ته‌واوكه‌ری ڕێنماییه به‌ركاره‌كان داده‌نرێت.
هه‌ر له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، وەزاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه فه‌رمییه‌كانی تر سه‌رقاڵی داڕشتنی ڕه‌شنووسێك بوون بۆ “یاسای كار” كه وه‌ك یاسایه‌كی نوێ ببێته جێگره‌وه‌ی یاسای كاری ژماره ٧١ی ساڵی ١٩٨٧ كه له هه‌رێمی كوردستان به‌ركاره. هه‌ر چه‌نده ڕه‌شنووسی یاسا نوێیه‌كه له په‌رله‌مانی كوردستان له ١ی ئازاری ٢٠٢٣دا ده‌نگی له سه‌ر درا، به‌ڵام تا ئێستاش به فه‌رمی له وه‌قایعی كوردستان بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. یاسا نوێیه‌كه ئه‌گه‌ر بڵاو بكرێته‌وه و بچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، هاوشێوه‌ی یاسای ژماره ٧١ په‌یوه‌ندیداره به كرێكارانی بیانی. به پێی ڕه‌شنووسێكی یاساكه كه نووسەری ئەم بابەتە له وەزاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستی كه‌وتووه و ناتوانرێت وه‌ك دوا كۆپیی یاسا دهنگلهسهردراوهكه ته‌ماشا بكرێت، به‌شێكی تایبه‌ت له‌م یاسا نوێیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تایبه‌ت بێت به كرێكارانی بیانی. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه زۆرێك له ماده و به‌نده‌كانی یاساكه هاوشێوه‌ی یاسای ژماره ٧١ی ساڵی ١٩٨٧ به‌سه‌ر كرێكارانی بیانییش جێبه‌جێ ده‌بن. به پێی ڕه‌شنووسه‌كه بێت، هاوشێوه‌ی یاسا كۆنه‌كه ده‌سه‌ڵات به وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات كه ڕێنمایی تایبه‌ت به كرێكارانی بیانی ده‌ربكات. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌ند ماده‌یه‌كی تایبه‌ت به كرێكارانی بیانی له ڕه‌شنووسی یاسا نوێیه‌كه جێی كراوه‌ته‌وه و باس له پێویستیی هه‌بوونی گرێبه‌ستی كار و پابه‌ندكردنی خاوه‌نكار و هه‌بوونی مۆڵه‌تی كاركردن و ئه‌و سزایانه‌ش ده‌كات له كاتی سه‌رپێچیكردنی به‌نده یاساییه‌كان. ئه‌گه‌ر ڕێكەوتی ئه‌م ڕه‌شنووسه و یاسای ژماره ٧١ بكه‌ین، ده‌توانین بڵێین به پێی ڕه‌شنووسه‌كه بێت چاوه‌ڕوان ده‌كرێت چوارچێوه‌ی یاسایی مافی كرێكارانی بیانی باشتر بێت بەراورد بە ڕابردوو، به‌ڵام هێشتاش كه‌لێن و كه‌موكوڕیی یاسایی په‌یوه‌ست به كرێكارانی بیانی هه‌یه. پاش په‌سه‌ندكردنی ڕه‌شنووسی یاساكه له په‌رله‌مانی كوردستان، ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كه له بواری كرێكاران كار ده‌كه‌ن، سه‌رنجی خۆیان خسته ڕوو. سه‌رنجی ڕێكخراوه‌كان په‌یوه‌سته به پێویستیی هه‌بوونی یاسای تایبه‌ت به كرێكارانی بیانی، یاخود جێكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بوار و بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به كرێكاری بیانی له چوارچێوه‌ی یاسای كار به شێوه‌یه‌كی باشتر له‌وه‌ی كه ئێستا ده‌نگی له سه‌ر دراوه[8].
كرێكارانی بیانی چۆن دێن و ژماره‌یان چه‌نده؟
به پێی ڕێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و له پێناو مسۆگه‌ركردن و پاراستنی مافه‌كانیان، ده‌بێت كرێكارانی بیانی له ڕێگای یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی نێوان هه‌ردوو وڵاتی ڕه‌سه‌ن و خانه‌خوێوه یان له ڕێگای بریكاری فه‌رمییه‌وه هاتوچۆیان ڕێك بخرێت[9]، به‌ڵام وا دیاره ئه‌مه بۆ هەرێمی کوردستان به‌و شێوه‌یه نییه، كرێكارانی بیانی لە ڕێگای وڵاتانی سێیه‌مه‌وه ده‌توانن بگه‌نه هه‌رێمی كوردستان. سەرەڕای ئەوەی کە ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٥ لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕێکاری فەرمیی دیاری کردووه بۆ چۆنیەتیی هێنانی دەستی کاری بیانی[10]، بەڵام زیاتر لە ڕێگایەک و لە ناویشیاندا ڕێگای نایاسایی هەیە بۆ هێنان و هاتنی کرێکاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان. هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه نه‌ك ته‌نها دەیتا و ئاماره‌كانی په‌یوه‌ست به كرێكارانی بیانی ورد و دروست نه‌بن، به‌ڵكوو بووه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه كرێكارانی بیانی تووشی چه‌ندین جۆری پێشێلكردنی مافه‌كانیان ببنه‌وه[11].
نه‌بوونی دەیتا و ئاماری ڕاست و دروست ده‌رباره‌ی كرێكارانی بیانی، یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی كه ڕێكخستنی بواری كرێكارانی بیانیی له هه‌رێمی كوردستان ئاڵۆز كردووه. له كاتێكدا كرێكارانی بیانی و كۆچبه‌ر ته‌نها به یه‌ك ڕێگا ناگه‌نه هه‌رێمی كوردستان و ته‌نها یه‌ك داموده‌زگای دیاریكراویش چاودێری و سه‌رپه‌رشتیی پڕۆسه‌ی هاتن و چوونه‌وه‌یان ناكات، بۆیه كێشه له ڕێكخستن و ئیداره‌دانی كه‌یسی كرێكارانی بیانی هه‌یه. وەزاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێمی كوردستان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی فەرمیی حكومی به‌رپرسی سه‌ره‌كییه له ڕێكخستن و ئیداره‌دانی به‌شێكی زۆری ئه‌و كرێكاره بیانییانه‌ی كه دێنه هه‌رێمی كوردستان. زۆرینه‌ی كرێكارانی بیانی، به دیاریكراوییش كرێكاری پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و گه‌شتوگوزارى و خزمه‌تكارانى پاككه‌ره‌وه و كرێكارانى ناو ماڵان، له ڕێگای كۆمپانیاكانی هێنانی ده‌ستی كاری بیانییه‌وه كه مۆڵه‌ت له وەزاره‌تی كار وه‌رده‌گرن؛ ده‌گه‌نه هه‌رێمی كوردستان. بە پێی ئەو دەیتایەی کە لە بەڕێوەبەرایه‌تیی گشتیی كار و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ست هاتووه[12]، لە كۆتایی ساڵی (٢٠٠٧)ەوە تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، (١٩٦) کۆمپانیا مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتووە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ هێنانی دەستی کاری بیانی. لەم ژمارەیە، ٦٤ کۆمپانیایان کاران و کار دەکەن لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، ٧١ کۆمپانیا ڕاگیراون، ٥٢ کۆمپانیاش تا ئێستا هەڵوەشاونەتەوە و کۆمپانیای تری دەستی کار تەبەنیی ئەو کرێکارانەی کردووە کە پێشتر لە لایەن ئەم ٥٢ کۆمپانیایەوە هێنراون. هەروەها ٧ کۆمپانیاش خراونەتە لیستی ڕەشەوە، لە بەر ئەوەی پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی کار نەبوون. جگه له ٢ كۆمپانیای ناچالاك كه یه‌ك له پارێزگای سلێمانییه و ئه‌وی تریش له پارێزگای دهۆكه. هه‌ر چی په‌یوه‌سته به جۆر و ژماره‌ی كرێكارانی بیانییه‌وه كه له ڕێگای وەزاره‌تی كار هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستانه‌وه، له خشته‌ی ژماره (١)دا به پێی ساڵ خراوه‌ته ڕوو.
خشته‌ی ژماره (١)
ئاماری ساڵانه‌ی كرێكارانی بیانی له هه‌رێمی كوردستان نیشان ده‌دات
سەرچاوە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی
له خشته‌ی سه‌ره‌وه‌دا به‌ده‌رده‌كه‌وێت كه له دوای ساڵی (٢٠١٧)ەوه ژماره‌ی كرێكارانی پڕۆژه‌كان كه له ڕێگای وەزاره‌تی كاره‌وه هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان؛ به ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌م بوونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ ئه‌و پلان و ڕێنماییانه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ریكردووه بۆ سوودوه‌رگرتنی زیاتر له ده‌ستی كاری ناوخۆیی و سنوورداركردنی هێزی كاری ده‌ره‌كی. كرێكارانی بیانی له زیاتر له ٢٥ وڵاتی جیاوازه‌وه دێنه هه‌رێمی كوردستان كه زۆرینه‌یان خه‌ڵكی وڵاتانی كیشوه‌ری ئاسیان.
به پێی دەیتا و ئاماره‌كانی وەزاره‌تی كار بێت، تا ئێستا ٧٢،١٤١ كرێكاری بیانی له كۆتایی ساڵی (٢٠٠٧)ەوه هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام دیار نییه كه چه‌ند له‌م كرێكارانه له ئێستادا له كوردستانن، ئه‌مه‌ش به هۆی ئه‌وه‌ی كه: 1. دەیتابهیسێكی تایبه‌ت و گشتگیر به كرێكارانی بیانی بوونی نییه كه به‌رده‌وام ئه‌پده‌یت بكرێته‌وه به پێی هاتنی كرێكاری تازه و ڕۆیشتنه‌وه‌ی ئه‌و كرێكارانه‌ی كه پێشتر هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان. 2. له هه‌ندێك باردا (ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كی كه‌میش بێت) ئه‌و كرێكارانه‌ی كه به فەرمی دێنه هه‌رێمی كوردستانه‌وه، چ به ویستی خۆیان یاخود له ڕێگای بازرگانیپێوهكردنهوه؛ ده‌برێنه ناوچه‌كانی تری عێراق. هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ی كه چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ كردن بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌م نووسینه، ئه‌وه‌یان نه‌شارده‌وه كه ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی پاسپۆرت و دۆكیۆمێنته‌كانی كرێكارانی بیانی (كه پێشێلكردنی مافه‌كانیانه)، به‌شێكی په‌یوه‌ندیی به ترسی هه‌ڵهاتن و بازرگانیپێوهكردنهوه هه‌یه.
جگه له‌و كرێكارانه‌ی كه به ڕێگای كۆمپانیاكانی هێنانی ده‌ستی كاری بیانی و له ژێر چاودێریی وەزاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌گه‌نه هه‌رێمی كوردستان، به‌شێكی تری كرێكارانی بیانی له ڕێگای وەزاره‌تی ناوخۆ و به ڤیزای سه‌ردان دێنه هه‌رێمی كوردستان، ئەمانەش به زۆری ئەو کرێکارانە دەگرێتەوە کە زۆر جار بە هۆی پێویستیی خێرایی کۆمپانیا گەورەکان یاخود کۆمپانیاکانی بواری نەوت دەبێت لە ماوەیەکی کورت‌دا بگەنە هەرێم بۆ ئەنجامدانی کارێک. هەر بۆیەش وەزارەتی ناوخۆ لە ڕێگای پێدانی ڤیزاوە ڕێگا دەدات ئەم کرێکارانە زوو بتوانن بگەنە هەرێم و دەست بە کارەکانیان بکەن. ئه‌گه‌رچی پێشتر جۆرێك له كه‌لێن هه‌بووه له پڕۆسه‌ی هاتنی ئه‌و كرێكارانه‌ی كه به ڕێگای وزاره‌تی ناوخۆ ده‌هاتن و رێگای خۆش ده‌كرد بۆ قۆرخكردن و پێشێلكردنی مافی ئه‌و كرێكارانه[13]، به‌ڵام به پێی ئه‌و دەیتا و زانیارییانه‌ی كه بۆ ئه‌م نووسینه كۆ كراونه‌ته‌وه، ده‌رده‌كه‌وێت كه پڕۆسه‌ی پێشكه‌شكردنی داواكاریی ڤیزا له ئێستادا كراوه به ئۆنلاین و ده‌رفه‌تی قۆرخكردنی تێدا سنووردار كراوه.
ئەوەی جێگەی تێبینییە ئەوەیە کە تا ئێستاش نازانرێت ژمارەی ته‌واوی ئەو کرێکارانە چەندە کە لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆوە هاتوونەتە هەرێم، بەڵام ئەگەر گریمانەی ئەوە دابنرێت کە ئەو کرێکارە بیانییانەی کە لە کەرتی نەوت و گازی کوردستان کار دەکەن و بە گشتی لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە هاتوون، ئەوا ژمارەی کرێکارانی بیانی لە کەرتی نەوت و گازی کوردستان تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ بە ژمارە (٣٧٣٤) کرێکار بووە. بە پێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم، تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٤، بە ژمارە (١٦٣٩) کرێکاری بیانی لە (٢٦) کۆمپانیای سەرکار و (٢٠٩٥) کرێکاری بیانی دیکە لە کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان کاریان کردووە. لە ڕووی ڕەگەزنامەی کرێکارانی بیانییەوە، کرێکاری (٦٠) وڵات لە کۆمپانیا سەرکارەکان و کرێکارانی (٦٧) وڵات لە کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکانی نەوت کار دەکەن کە زۆرینەیان هاوڵاتیی وڵاتانی وەک میسڕ، بەریتانیا، هیند، ئەمەریکا، مۆڵدۆڤیا، پاکستان، ڕۆمانیا، چین، سووریا، کەنەدان. ئه‌گه‌ر ئه‌و ژماره‌یه له ڕابردوودا هه‌ر چه‌ند بووبێت، له ئێستادا ده‌بێت ژماره‌كه كه‌می كردبێت به هۆی ئه‌وه‌ی كه چه‌ند كۆمپانیایه‌كی نه‌وت له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا كاركردنیان له هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵپه‌سارد و كرێكاره‌كانیان كاره‌كانیان له‌ده‌ست دا.
هەندێک جار کرێکاری بیانی بە ڕێگای نایاسایی دەگەنە هەرێمی کوردستان. ئەم جۆرە کرێکارانە زیاتر ئەو کرێکارانە دەگرێتەوە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتانی دراوسێن، به‌تایبه‌تییش ئێرانی و تورکی كه بە هۆی هاوسنوورییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەتوانن خاڵە سنوورییەکان ببڕن و بە نایاسایی بگەنە ناو هەرێمی کوردستان. جگه له‌مانه، وا دیاره هاوڵاتییانی وڵاتانی تری بیانییش به ڕێگای نایاسایی هه‌وڵی په‌ڕینه‌وه له سنووره‌كان ده‌ده‌ن. لە کاتێکدا ئەم کەسانە بە فەرمی نایەنە ناو هەرێم، بۆیە ئەگەری زۆرە یان له كاتی په‌ڕینه‌وه له خاڵه سنوورییه‌كان، یان لە هەر کاتێکدا له ناو خاكی هه‌رێم ده‌ستگیر بكرێن و ڕووبەڕووی سزای یاسایی بكرێنه‌وه. دواترین كه‌یسی له‌م جۆره‌ش، ده‌ستگیركردنی ١٦ هاوڵاتیی پاكستانییه له سنووری ده‌ربه‌ندیخان، كه به پێی ڕاپۆرته ڕۆژنامه‌وانییه‌كان له خاكی ئێرانه‌وه هاتوونه‌ته ناو هه‌رێمی كوردستان[14].
هاتنی كرێكارانی بیانی به نایاسایی بۆ ناو خاكی هه‌رێم، ڕێگه خۆش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كرێكاران تووشی پێشێلكردنی مافه‌كانیان بنه‌وه. لە حاڵەتێکدا ئه‌گه‌ر تووشی هەر کێشەیەک بن لەگەڵ خاوەنکار، ئەوە لە ڕووی یاساییەوە پاڵپشتییەکی بەهێزی یاساییان نابێت تا لەو ڕێگەیەوە داوای مافەکانیان لە خاوەنکار بکەنەوە، چونکە ئەوان لە بنەڕەتدا بە نایاسایی هاتوون، ئەوەش وا دەکات زۆر جار لە لایەن خاوەنکارەوە مافەکانیان پێشێل بکرێت. ژماره‌ی ئه‌م كرێكارانه دیار نییه كه چه‌ندن، به‌ڵام چالاكانی بواری كرێكارانی بیانی ئه‌م ژماره‌یه به ٣٠٠٠ كرێكار ده‌خه‌مڵێنن[15].
هه‌ر چه‌نده كرێكارانی بیانی به پێی یاسا و ڕێنماییه‌كان ده‌بێت له سه‌ر بنه‌مای پێویستی هێزی كار و كارامه‌یی بهێنرێنه هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام به‌شێكی به‌رچاو له كرێكارانی بیانی له هه‌رێم كارێك ده‌كه‌ن كه كاری سه‌ربه‌خۆیه و هیچ خاوه‌نكارێكی نییه. ئه‌م كرێكارانه به زۆری كه‌وتوونه‌ته شاره گه‌وره‌كانه‌وه و ڕۆژانه و شه‌وانه له سه‌ر جاده و شوێنه گشتییه‌كان ده‌بینرێن كه كاری گوڵفرۆشی و ده‌ستگێڕی ده‌كه‌ن.
میكانیزمه‌كانی چاودێریكردن و به‌دواداچوونی مافه‌كانی كرێكارانی بیانی له هه‌رێمی كوردستان
لاوازیی میكانیزمه‌كانی چاودێریكردن و به‌دواداچوون بۆ مافی كرێكارانی بیانی، زۆر جار ده‌رفه‌تی ڕه‌خساندووه كه كرێكاران تووشی چه‌ندین جۆری پێشێلكاری ببنه‌وه. هه‌ر چه‌نده داموده‌زگا حكومییه‌كان، سه‌ندیكاكانی كرێكاران و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نییش چه‌ندین میكانیزم و ده‌ستپێشخه‌رییان هه‌یه بۆ هۆشیاركردنه‌وه، ڕێگریكردن، پاراستن و به‌دواداچوونی مافی ئه‌م كرێكارانه، به‌ڵام هێشتاش باس له كه‌موكوڕیی زۆر ده‌كرێت له‌م بواره‌دا. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لیژنەی تایبەتمەندی هەیە بۆ پشکنین و بەدواداچوون لە شوێنی کار، بەڵام وا دیاره کە ئەم لیژنانە بە هۆکاری جیاواز لاوازن و ناتوانن چاودێریی تەواوی ئەو شوێنانە بکەن کە کرێکاری بیانی کاری تێدا دەکات، به‌تایبه‌تییش له ڕووی كه‌میی توانای لۆجیستی و كه‌میی ژماره‌ی لیژنه و ژماره‌ی پشكنه‌ران به به‌راورد به شوێنه‌كانی كاركردن.
سەرباری پشکنین و بەدواداچوون بۆ کرێکارانی بیانی لە پڕۆژەکان و کۆمپانیاکان، کرێکارانی بیانی و خزمەتکاری ماڵان زۆر جار بەدواداچوونیان بۆ ناکرێت، یاخود میکانیزم و ڕێکاره‌كان به پێی پێویست كاریگه‌ر نین بۆ گەیشتن بەم جۆرە کرێکارانە بۆ ئەوەی بزانرێت تا چەند مافەکانیان پارێزراوه. بۆیه‌ش ڕه‌وشی ئه‌م كرێكارانه و ژیانیان له ژێر ڕه‌حمه‌تی خودی کەسایەتیی خاوەنماڵه كه تا چه‌ند بەتەنگەوەچوون و هاوسۆزی هه‌یه بۆ كرێكاره‌كه، بەو واتایه‌ی كه ئەگەر خاوەنماڵ کەسێکی باش نەبێت، ئەوا بارودۆخی ژیانی کرێکاری بیانی لە ناو ماڵان تووشی زۆر کێشە دەبێت هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه پێشتر چه‌ندین جۆری پێشێلكاری ڕووی داوه، له ناویشیاندا ده‌ستدرێژیی سێكسی و لێدان و ههڕهشهلێكردن و… هتد[16].
یه‌كێكی تر له‌و میكانیزمانه‌ی كه به‌رده‌سته بۆ به‌دواداچوونی مافه‌كانی كرێكاران و كرێكارانی بیانییش ده‌توانن سوودی لێ ببینن بۆ ڕاپۆرتدان و سكاڵاكردن له سه‌ر ئه‌و كێشه و پێشێلكارییانه‌ی كه تووشیان ده‌بێت، بریتییه له هه‌بوونی هێڵێكی گه‌رم به ژماره (٥٥٠٠). تا ئێستا نازانرێت كه تا چه‌ند كرێكارانی بیانی سوودمه‌ند بوون له‌م خزمه‌تگوزارییه، به‌ڵام وا دیاره كه‌میی هۆشیاری ده‌رباره‌ی ئه‌م هێڵه گه‌رمه له لایه‌ن خودی كرێكارانه‌وه و كێشه‌ی زمان؛ دوو له‌و به‌ربه‌ستانه‌ن كه ڕه‌نگه كرێكاران نه‌یانتوانیبێت سوودی لێ ببینن. ئه‌و سكاڵایانه‌ی كه به ڕێگای هێڵی گه‌رم یان به هه‌ر ڕێگایه‌كی تر بگات به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كار و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، لیژنه‌ی تایبه‌ت پێك ده‌هێنرێت و دادگای تایبه‌ت به كار هه‌یه كه له هه‌ندێك باردا ئه‌و ده‌زگایه به پشتبه‌ستن به یاسا و ڕێنماییه به‌ركاره‌كانی هه‌رێم كه‌یسه‌كان یه‌كلایی ده‌كاته‌وه.
میكانیزمێكی تری به‌دواداچوون له ڕێگای وەزاره‌تی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌یه كه جگه له‌وه‌ی لیژنه‌ی تایبه‌ت به نه‌هێشتنی بازرگانیكردن به مرۆڤ هه‌یه و به‌دواداچوون بۆ ژیانی كرێكارانی بیانی ده‌كه‌ن له حاڵه‌تی بازرگانیپێوهكردنیان، لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی دروست كراوه بۆ پێداچوونه‌وه به كاری كۆمپانیاكانی هێنانی ده‌ستی كاری بیانی و ڕێكخستنی مانه‌وه و كاركردنی ئه‌و كرێكارانه.
جگە لەو لایەنانەی کە لە سەرەوە باس کران، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی کۆمەڵی مەدەنی شێواز و میکانیزمی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی کەیسی پێشێلکارییەکان کە دژ بە کرێکارانی بیانی ئەنجام دەدرێت لە پڕۆژەکان و ناو ماڵان. گرنگترین میکانیزمێک کە ڕێکخراوەکان بەکاری دەهێنن، بریتییە لە بەکارهێنانی بڵاوکراوە لە شوێنە گشتی و تایبەتییەکان کە زانیاریی پێویستیان تێدایە سەبارەت بە چۆنیەتیی گەیشتن بە سەرچاوەکانی هاوکاری و فریاکەوتن. ئەمە سەرباری ئەوەی کە ئەم ڕێکخراوانە بەردەوام لە ڕێگای کەناڵە میدیاییەکان و سۆشیالمیدیاوە هەوڵی گەیشتن بە کرێکارانی بیانی دەدەن نەک تەنها بۆ بەهاناوەچوونیان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە پێشێلکارییەک، بەڵکوو بۆ هۆشیارکردنەوەشیان سەبارەت بە مافەکانیان پێش ڕوودانی هەر حاڵەتێک. لە هەمان کاتدا، ڕێکخراوەکان لە ڕێگای ئەو چالاکییانەی ئەنجامی دەدەن لە شێوەی کۆڕ و سیمینار و گفتوگۆی کراوە، لە زۆر باردا هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی دەدەن لەگەڵ کرێکاران بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی ژیان و گوزەرانیان.
پەیوەست بە پڕۆسەی بەدواداچوون بۆ ژیانی کرێکارانی بیانی، مافێکی گرنگی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق تا ئێستا پێشێل کراوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەوەوە هەیە کرێکارانی بیانی بە جۆرێک لە جۆرەکان دابڕاو بن لەو لایەنانەی کە ئەرکی چاودێریکردن و بەدواداچوونیان لە ئەستۆیە. ئەمە خاڵێک بوو کە زۆرینەی بەشداربووان لە چالاکان و سەندیکاکان ئاماژەیان پێ دا. بێبەشکردنی مافی دروستکردنی سەندیکای کرێکاران لە لایەن خودی کرێکارانی بیانی خۆیانەوە، وای کردووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان زۆر جار دابڕاو بن لە کرێکارانی بیانی، ئەمەش ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی دەبێت لە سەر پیشێل‌کردنی مافەکانیان. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان ئەم مافەیان بۆ کرێکاران زامن کردووە بەوەی کە مرۆڤ لە هەر شوێنێکی دونیا بژیەت، مافی دروستکردنی کۆمەڵە و گرووپ و بەشداریی چالاکیی مەدەنی هەیە. ئەم مافە بە ئاشکرا لە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤدا باس کراوە.
سه‌رباری هه‌بوونی ئه‌و میكانیزم و ڕێكارانه‌ی كه گیراونه‌ته به‌ر بۆ پاراستنی مافی كرێكارانی بیانی، هێشتاش پێشێلكارییه‌كان دژ به كرێكارانی بیانی به‌رچاون. ده‌ره‌نجامی چاوپێكه‌وتنه‌كان و ئه‌و دەیتا و زانیارییانه‌ی وه‌رگیراون، ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن كه پێشێلكارییه‌كان به جۆرێكه دژ به هه‌موو جۆره‌كانی كرێكارانی بیانی ئه‌نجام دراون، له ناویشیاندا كرێكارانی ناو ماڵ (ئافره‌تانی خزمه‌تگوزار)، كرێكارانی كارگه و كۆمپانیاكان و ئه‌و كرێكارانه‌شی كه به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ كار ده‌كه‌ن. سه‌باره‌ت به جۆری پێشێلكارییه‌كان، ئه‌وه بهدهركەوتووه كه كرێكارانی بیانی بازرگانییان پێوه ده‌كرێت. لە چوارچێوەی بازرگانیکردن بە کرێکارانی بیانییشەوە، شێوازەکانی وەک فرتوفێڵلێکردن و کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانیان بۆ بازرگانیی سێکسی و پێنەدانی کرێی کار؛ باوترین جۆرەکانی بازرگانیپێوەکردنن. لە شێوە گشتییەکەشدا، پێشێلکارییەکانی وەک نەبوونی گرێبەستی کار، دەستەبەرنەکردنی کۆمەڵایەتی، دەستبەسەرداگرتنی دۆکیۆمێنت و دڕینی پاسپۆرت، توندوتیژیی سێکسی، خراپیی ژینگه‌ی كار و گیانله‌ده‌ستدان، تەنانەت ڕێگری‌کردن لە هەندێک مافی کەسی؛ گرنگترین ئه‌و جۆرە پێشێلکارییانەن کە ڕووبەڕووی کرێکارانی بیانی دەبنەوه. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه به‌شێكی زۆری كرێكارانی بیانی گله‌ییان له ڕێكاره‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی نشینگه و تێچووی زۆری ئه‌و ڕێكارانه هه‌یه.
ڕاسپارده و پێشنیار
- كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاستاندن (تصدیق) ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی ژمارە ٤٥/١٥٨ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات کە ساڵی ١٩٩٠ دەریکردووە و تایبەتە بە کرێکارانی بیانی و ئەندامانی خێزانەکانیان.
- له كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێم پێشتر پلانی تایبه‌ت به ڕاپۆرتی خولی گشتگیر بۆ پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤی په‌سه‌ند كردووه، گرنگه سوود له‌و ده‌رفه‌ته وه‌ربگیرێت بۆ كاركردنی زیاتر له سه‌ر كرێكارانی بیانی و پاراستنی مافه‌كانیان.
- حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هه‌وڵی ئاماده‌كردن و ده‌ركردنی یاسایەکی تایبەت بە کرێکاری بیانی بده‌ن، به جۆرێك مافی كرێكارانی بیانی مسۆگه‌ر بكات به پێی پێوه‌ر و ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
- لە کاتێکدا هه‌وڵێك هه‌بووه بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریی تایبه‌ت به‌و كرێكاره بیانییانه‌ی كه له سێكته‌ره جیاوازه‌كان له هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، گرنگه په‌له بكرێت له ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره و دروستكردنی دەیتابهیسێكی تایبه‌ت و گشتگیر به كرێكارانی بیانی.
- سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان پێویستە کاری جددی لە سەر ڕەوشی ژیانی کرێکارانی بیانی بکەن لە هەرێمی کوردستان و هاوشێوەی کرێکارانی ناوخۆ گرنگییان پێ بدەن، بە تایبەتی جەختکردنەوە لە سەر مافی دامەزراندن و ئەندامێتیی کرێکارانی بیانی لە سەندیکاکانی کرێکارانی تایبەت بە کرێکاری بیانی. بەو مانایەی کە لیژنەیەک یان بەشێکی تایبەت بە کرێکارانی بیانی لە یەکێتیی سەندیکاکان دروست بکرێت.
- کار بكرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە دەربارەی مافی کرێکارانی بیانی و ڕەواندنەوەی هەر تێڕوانینێکی نەرێنی کە هانی جیاکاری بدات لە نێوان کرێکاری ناوخۆ و بیانی‌دا.
- چڕکردنەوەی ڕێکارەکانی پشکنین و بەدواداچوون بۆ ڕەوشی ژیانی کرێکاری بیانی لە پێناو پاراستن و مسۆگەرکردنی مافەکانیان.
- ڕێکخستنەوەی ڕێوشوێنەکانی هاتنی کرێکاری بیانی لە ڕێگای ڤیزای سەردان یان قاچاغ، بە جۆرێک ببێتە هۆی پاراستنی مافی کرێکاری بیانی.
- دروستکردنی تۆڕێک لەو ڕێکخراوانەی کە لە بواری کرێکاری بیانی‌دا کار دەکەن.
- ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لە لایەن توێژەران و ناوەندە ئەکادیمییەکان لە لایەک و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییش سەرنجیان لە سەر کرێکارانی بیانی چڕتر بکەنەوە.
دەرئه‌نجام
سه‌رباری هه‌وڵ و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كان بۆ ڕێكخستنی بواری كرێكارانی بیانی، هێشتاش كارێكی زۆر ماوه بكرێت له پێناو پاراستن و مسۆگه‌ركردنی مافی ئه‌و كرێكاره بیانییانه‌ی كه ڕوو ده‌كه‌نه هه‌رێمی كوردستان. هه‌ر چه‌نده چوارچێوه‌ی یاسایی و ڕێنماییه‌كانی په‌یوه‌ست به كرێكارانی بیانی گۆڕانكارییان تێدا كراوه، به‌ڵام هێشتاش كه‌لێنی یاسایی هه‌ن كه ڕێگەخۆشكهرن بۆ پێشێلكارییه‌كان. شێوازی هاتن و مانه‌وه‌ی به‌شێك له كرێكارانی بیانی به جۆرێكه كه پڕۆسه‌ی كۆنترۆڵكردن و ڕێكخستنیانی له بازاڕی كاری هه‌رێم ئاڵۆز كردووه، ئه‌مه‌ش به ڕاده‌یه‌كه ده‌توانرێت بوترێت هه‌ندێك له‌م كرێكارانه نازانرێت كێن؟ چۆن هاتن؟ چی ده‌كه‌ن؟ ڕێكاره‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسا و ڕێنماییه‌كان به پێی پێویست كاریگه‌ر نین و میكانیزمه‌كانی به‌دواداچوونی مافه‌كانی كرێكارانی بیانی پێویستیان به كار و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر هه‌یه. هه‌موو ئه‌مانه‌ش وای كردووه كه كرێكارانی بیانی تووشی چه‌ندین پێشێلكاری ببنه‌وه، له‌وانه‌ش بازرگانیپێوهكردن، ده‌ستدرێژیی سێكسی، نه‌بوونی گرێبه‌ستی كار، نه‌بوونی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌بوونی شوێنی سه‌لامه‌تی كاركردن، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی پاسپۆرت و دۆكیۆمێنتی كه‌سی و… هتد.
سه‌رچاوه‌كان
[1] ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە ڕێککەوتننامەی ژمارە (١٤٣)ی ساڵی ١٩٧٥ لە بەشی دووەم لە مادەی (١١) بە ڕوونی پێناسەی کرێکاری بیانیی کردووە، بەلام بۆچوونێک هەیە پێی وایە کرێکاری کۆچبەر لەگەڵ کرێکاری بیانی دوو کەسی جیاوازن، بەوەی کە کرێکاری کۆچبەر زیاتر ئه‌و کەسانەن کە بە مەبەستی کارکردن کۆچ ناکەن، بەڵکوو بە هۆکاری تر ئاوارە دەبن و دواتر دەبن بە کرێکار لەو وڵاتەی کە کۆچیان بۆ کردووه.
[2] ILO global estimates on migrant workers Results methodology, Third edition (Geneva: International labour Office, ILO, 2021).
[3] United Nations High Commissioner for Human Rights. 2018. Derived from
http://indicators.ohchr.org/. [Available on May 25, 2023]
[4] یاسای کاری عێراقیی ژمارە (٧١)ی ساڵی ١٩٨٧ كه تا ئێستاش له هه‌رێمی كوردستان به‌ركاره، به‌ڵام له ساڵی ٢٠١٥دا یاسای ژماره ٣٧ ده‌رچووه كه جێگره‌وه‌ی یاسا كۆنه‌كه‌یه و به‌ركاره له عێراق.
[5] یاسای وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان، ژماره (٤)ی ساڵی ٢٠٠٦.
[6] وەزاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕێنمایی ژماره ٢ی ساڵی ٢٠١٥ی تایبه‌ت به كرێكاری بیانی.
[7] ڕێنمایی ژماره (٨)ی ساڵی ٢٠٢٢ی وەزاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كه له ٢٢ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٢، له ژماره ٢٩٥ی وه‌قایعی كوردستان. به‌رده‌سته له سه‌ر: https://gov.krd/moj/publications/%D9%88%DB%95%D9%82%D8%A7%DB%8C%D8%B9%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/
[8] ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی كه له بواری مافه‌كانی كرێكاران و ئازادیی كاری سه‌ندیكایی كار ده‌كات، پاش په‌سه‌ندكردنی ڕه‌شنووسی یاساكه، بڵاوكراوه‌یه‌كی له پلاتفۆڕمه میدیاییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه بڵاو كرده‌وه و سه‌رنجی تێروته‌سه‌لی داوه له سه‌ر كه‌موكوڕییه یاساییه‌كانی تایبه‌ت به كرێكاری بیانی. بڕوانه: https://www.facebook.com/PFOORG/posts/pfbid0udoR1CpS9qk1bnM3PBozVcjZUjuNuKHjzrcj4yzh3yw9Xi2aimsRbZkm9Fq29DzNl
[9] ڕێککەوتننامەی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتیی ژمارە ١٤٣ی ساڵی ١٩٧٥، به‌رده‌سته له سه‌ر: https://www.ilo.org/dyn/normlex/en/f?p=NORMLEXPUB:12100:0::NO::p12100_instrument_id:312288
[10] وەزاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕێنمایی ژماره (٢)ی ساڵی ٢٠١٥ كه ڕێنماییه‌كه له وه‌قایعی كوردستان ژماره ١٨٦ی ساڵی ٢٠١٥ بڵاو کراوەتەوە و به‌رده‌سته له سه‌ر: https://gov.krd/moj/publications/%D9%88%DB%95%D9%82%D8%A7%DB%8C%D8%B9%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/
[11] سه‌نگه‌ر یوسف ساڵح. ٢٠١٨. په‌یداكردنی نان له‌ودیو سنوور: ڕه‌وشی كرێكارانی بیانی له هه‌رێمی كوردستان. ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی.
[12] توێژه‌ر له مانگی ئایاری ٢٠٢٣دا زیاتر له جارێك سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كار و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی كردووه بۆ ده‌ستكه‌وتنی دەیتا و ئاماره‌كان.
[13] سه‌نگه‌ر یوسف ساڵح. ٢٠١٨. په‌یداكردنی نان له‌ودیو سنوور: ڕه‌وشی كرێكارانی بیانی له هه‌رێمی كوردستان. ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی.
[14] زه‌مه‌ن پرێس. ٢٠٢٣. ١٦ كه‌سی پاكستانی له ده‌ربه‌ندیخان ده‌ستگیر كران. به‌رده‌ست بوو له سه‌ر: https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=65362، له [٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣].
[15] ته‌له‌ڤزیۆنی گه‌لی كوردستان. ڕه‌وشی كرێكارانی بیانی له هه‌رێمی كوردستان. به‌رده‌ست بوو له سه‌ر: https://www.youtube.com/watch?v=LIhdkbQwpGY، له [٢٦ی ئایاری ٢٠٢٣]
[16] سه‌نگه‌ر یوسف ساڵح. ٢٠١٨. په‌یداكردنی نان له‌ودیو سنوور: ڕه‌وشی كرێكارانی بیانی له هه‌رێمی كوردستان. ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی.