• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 22, 2024

پەرلەمانێک بۆ ئایندە؛ بچووکتر و کاراتر

د. هەردی مەهدی میکە

پەرلەمانی کوردستان و بەدوویدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەزیر و گزیریەوە، تا ئەم سی و دوو ساڵەی هێناویانە، بە جۆرێک بەشێک بوون لە کێشە سیاسی و حزبییەکان لە بریی چارەسەر و چارەساز. پەرلەمان لەو کاتەی کە دەبوو وەک دەزگایەک ڕێگر بێت لە لەتبوونی نێوماڵی کوردستان و دروستبوونی گوتاری مەترسیداری دووجەمسەری و شەڕی نێوخۆ و خراپ بەڕێوەبردنی کوردستان، ڕێک بوو بە بەشێک و بەرهەمهێنەری ئەو دۆخەی ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان و هاونیشتمانییەکانی گیرۆدەی بوون. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوو نەدات، دەبێت گوتارێکی کۆکەرەوە بینا بکات کە بیرکردنەوە لە کوردستان پێش پەرلەمان و پەرلەمان بەر لە حکومەت و حکومەت پێش حزب و هەرێم پێش نێوچەگەرێتی و  کوردستان و هاونیشتمانیانی پێش هەموو پرسێکی دیکە بن.

چی بکرێت بۆ ئەوەی پەرلەمان کارا و نیشتمانساز و پەرلەمانتار بیرکەرەوە و بەشێک بێت لە چارەسەر و تێپەڕاندنی قەیران نەک قەیرانساز بێت؟

  • دیاریکردنی مەترسییە هەنووکەییەکان

ئەو کێشانەی ئێستا یەخەی هاوڵاتییانی هەرێمی گرتووە (تێیدا پەرلەمان بەشێک نەبووە لە چارەسەر)، بوونەتە هەڕەشە لەسەر هاوڵاتی و قەوارەکەی، ئەمانەن: لەتبوونی نێوماڵی کورد، ونیی گوتارێکی ڕاستەقینەی نیشتمانساز، دووجەمسەریی مەترسیداری سیاسی، بەڕێوەبردنی فرە جەمسەری ناتەبای هەرێم، بژێویی ناجێگیر و ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییان و نادیاریی داهاتی هەرێم و نەبوونی یاسای بودجەی حکومەت و حزب و داهاتیان… تاد.

گەر وردی بکەینەوە، لە بنچینەدا یەکنەخستنی دیدگای بەڕێوەبردن (بە مانای تەگبیر و ئیتیفاق نەک یەکگرتن وەک کەرەستەی سڕینەوەی یەکدی) و جڵەوداریی پەرلەمان و حکومەت سەرچاوەی کێشەی مووچە و بژێویی هەرێمی کوردستانن، چونکە گەر بە گوتارێکی بیرلێکراوە و یەکخراوەوە کورد بچێتە بەغدا و لەسەر بنەمای سێکوچکەی شەراکەت لە هەرێم، یەکگووتاری لە بەغدا و دانوستاندنی هەرێم تەوەرانە (وەک ئەزموونی ساڵانی (٢٠٠٦-٢٠١٢))، ئەوا جەمسەرە جیاوازەکانی بەغداش هێندەی دی بەشێک نابن لە لەتکردنی نێوماڵی هەرێم و مل دەدەن بۆ یەک ئیرادەیی هەرێم نەک یاریکردن بە ئیرادە جیاوازەکانی.

  • ڕێکخستنەوەی دیدگا

لە وڵاتێک کە بەڕێوەبردنی تا ڕادەیەک تەندروستە و پەرلەمانی کارایە، سیاسییە پلەیەکەکانی لە ڕیزی پێشەوەی کورسییەکانی نێو پەرلەماندان (بە ئۆپۆزسیۆن و حکومەتدارەوە) و ململانێ سیاسییە حزبییەکان و کێشەکان بۆ بەرژەوەندیی هاوڵاتییان و نیشتمان ئاڕاستە دەکەن و بگرە ململانێ توندەکان بە فەڕ و بەهات بە دیوی خزمەتدا دەشکێننەوە و ناکۆکییەکان دەکەنە داینەمۆی تەواوکاری بۆ باشترکردنی بژێویی خەڵکەکەیان و وێنا گشتییەکەی نیشتمان و نیشتمانسازی کە پڕۆسەیەکی بەردەوامە و ئێمە هێشتا دەستمان پێ نەکردووە.

دەبێت ئەوە وەک خەتی سووری سیاسەت بچەسپێنرێت کە دەزگا نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستان (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) بەر لەوەی بەرهەمی هەڵبژاردن و خەڵک و دۆخی هەنووکەیی بن، بەشێکن لە ئامانج و ئەنجامی بەرخودانەکانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی هەموو کوردستان (نەک تەنها هەرێم)، ئەمە لە پەرلەمانی هەرێمەوە بیگرە تا دەگاتە بنکەیەکی پاسەوان و پۆلیسی سەرسنوور پێویستە بەر لەوەی ئاگایان لە ئەرکی ڕۆژانەیان بێت، لە چوارچێوەی دیدگای ئامانجە گشتییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا ئەرک و ڕەفتاریان ڕێک بخەنەوە.

دامودەزگایانێک کە بە جۆرێک پەیوەندییان بە ئازادیی تاکی کوردستان و ڕەوایەتی و شوناسی کولتووری و نیشتمانیی کوردستان و هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دەبێت سەرووتر لە کاری هەنووکەیی؛ دیدگا و کار و ئەرکی خۆیان ڕێک بخەنەوە و هەستیار بن بەرامبەر پرسێکی دەیان ساڵە کە تێیدا کورد خەباتی بۆ ئەوە کردووە تا ڕۆژانێک دابێت ئەم دەزگایانە دابمەزرێنێت لە لایەک شکۆی مرۆڤی کورد بپارێزێت و چیتر وەک پلەدوویەک تەماشا نەکرێت لە بەردەم داگیرکەرە سەردەستەکانی دراوسێیدا، لە لایەکی دیکەشەوە وەک بەشێک لە خەباتی پێشینەی، ئەم دەزگایانە بەکار بهێنێت بۆ پارێزگاری لە ئامانجەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و پارێزگاریی سنوور و شوناس و جوگرافیا و بەهەدەرنەدانی ئاواتی هەبوونی نیمچەکیانێکی ئاوا، نەک بە پێچەوانەوە ببێتە هۆی نائومێدی و بەرهەمهێنانی دیدی پووچگەرایی کوردستانیانی پارچەکانی دیکەش بەرامبەر خەباتی نیشتمانی و شوناستەوەریی کورد.

بۆیە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان وەک چۆن دروستبوونیان تەنها بەرهەمی پڕۆسەکی کارگێڕی و دەستوور و یاسایی نییە، ئاواش ئەرکیان قەتیس نابێت لە جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی عێراق و ڕێکخستنی کارگێڕی لە هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی.

  • ئەرکە هەنووکەیی و ئایندەییەکان

ڕابردووی ئەو پەرلەمانەی هەمانبووە، دیارە کە خۆی بەشێک بووە لە کێشەکان، نە قەبارەکەی و نە دیدگاکەی و نە جۆری بەڕێوەبردنی و نە ئەو پەرلەمانتارانەی کە دەستەسێی حزبەکانن ئەندامن، گەر وەک ڕابردوو بن ناتوانن بەشێک بن لە چارەسەر و بنیادنان. بۆ ئەوەی پێچەوانەی ئەمە بسەلمێنرێت و نوقڵانەکەی ئێمە بە ڕاست وەرنەگەڕێت، دەبێت لەسەر چوار ئاست ئەم هەنگاوانە بنرێن:

  1. کارکردن بە ئاڕاستەی پێکهێنانی حکومەتێک کە بنەمای پێکهێنانی هاوبەشی ڕاستەقینە، ڕێکخستنەوە و ئامادەکردنەوەی ساڵانەی یاسای بودجە و دابەشکردنەوەی داهاتی نێوخۆ کە تێیدا مووچە و بژێویی خەڵک پێشینەی ئامانجەکانی بێت، تا لە هەڕەشەی هەنووکەیی نائومێدی دەرباز ببین و هاوڵاتییان متمانەدار بکرێنەوە، پاشان یەکگووتاری و کوردستانتەوەری بۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا پێشمەرجی دەنگدان بە حکومەتی هەرێم بێت.
  2. سیاسەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم کە ئێستا بەم دوو جەمسەرییەی هەرێم و بەو دیدگا دەستووری و یاسایی و سیاسییانی جەمسەرانەی بەغدا کە هەن، جۆرێک دڵنیایی تاڵ دەدەن کە ئایندەی پەیوەندییەکانی هەرێم و نووسینگەکانی و دەسەڵاتەکانی لە مەترسیدان و بگرە دوور نییە سەرجەمیان بچووک یان دابخرێن و ببنە بەشێک لە پاشکۆی کولتووریی باڵوێزخانەکانی عێراق، ئەمەش واتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار، نەک ئایندەی پەیوەندیی هەرێم بگرە ئایندەی هەبوونی قەوارە و خودی حزبەکانیش دەخاتە مەترسییەوە. گرنگە ئەم پەیوەندییانە نیشتمانی و کوردستانتەوەر و یەکخراو و یەکگووتار بن تا بتوانرێت بە ئیرادەی هاونیشتمانییان و بە ئیدارەی یاسایی هەرێمی کوردستان پشتیوانییان لێ بکرێت، نەک تەنها یەک دوو حزبێک پشتیوانیان بن و پاشان بکەون.
  3. پرسی دۆسێی نێوچە دابڕێنراوەکانی هەرێم و مادەی ١٤٠ و مافە دەستوورییەکانی بەغدا بکرێتە بەرنامەی لەپێشینە بۆ کارنامەی پەرلەمان و حکومەتی ئەم چوار ساڵە، لە لایەک وەک بەشێک لە ئەرکی پاراستنی شوناسی کوردستان و جووڵانەوەکەی بەرگرییان لێ بکرێت و لە لایەکی دیکەوە وەک “پشتیوانە”یەک بۆ گفتوگۆکانی هەولێر-بەغدا بکەونە کار و پرسی خاک و ئاسایش و خەڵکی هەرێم بکرێتە ئەولەویەتی دانوستاندن لە بریی پرسی بڕێکی مووچە و بڕە پارەی هەناردەکراوی بەغدا بۆ هەولێر.
  4. پرسی کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بکرێتە پرسێکی نیشتمانی و کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان و وەک پاکێجێک و نەگۆڕی سیاسی و هێڵی سوور و سەوز بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو هێزانەدا دیاری بکرێت و ئەرک و مافیان بڕێکی ئاشکرا و بڕێکیشی نیمچەنهێنی بۆیان دیاری بکرێت، نەک وەک ئێستا هەر حزبە و بە جیا یاری و موزایەدەیان بەسەردا دەکات، چونکە وەک وترا پەرلەمانی کوردستان (بەدەر لە دیوە یاسایی و فیدراڵییە عێراقییەکەی) تەنها موڵکی ئەم پارچەیەی هەرێم نییە و دەبێت لە چوارچێوەی ئامانجی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و وەک ئومێد و نموونە دیدگا بنیات بنێت نەک وەک ئەرکێکی بەڕێوەبردنی یاسایی ڕووت.

  • کەمکردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتار لە پێناو کاراییدا

کەمکردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتارانی پەرلەمان گرنگە ئەرکی خولەی پەرلەمان بێت، ئەم قەبارەیە (بەراورد بە دانیشتووان و ژمارەی پەرلەمانتارانی وەک تورکیا، ئێران، ئازەربایجان، ئەمەریکا و بگرە عێراقیش) هەر زۆر زیاترە بۆ دانیشتووانێکی (بە نزیکەیی) شەش ملیۆنی، ١٠٠ پەرلەمانتار زۆرە و  ٥١ پەرلەمانتار زۆریشی زیادە. بڕوانن:

  • وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زیاتر لە ٣٤٥ ملیۆن دانیشتووانی هەیە، بە هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانەوە ٥٣٥ ئەندامیان هەیە (١٠٠ پیران و ٤٣٥ سیناتۆری نوێنەران).
  • پەرلەمانی تورکیا (ئەنجوومەنی گەورەی ئوممەتی تورکی): بۆ زیاتر لە ٨٧ ملیۆن دانیشتووان، ٦٠٠ ئەندامی هەیە.
  • پەرلەمانی ئێران بۆ زیاتر لە ٩١ ملیۆن دانیشتووان، ٢٩٠ کورسیی پەرلەمانی هەیە.
  • پەرلەمانی (ئەنجوومەنی نەتەوەیی) کۆماری ئازەربایجان، بۆ زیاتر لە ١٠ ملیۆن دانیشتووان، ١٢٥ پەرلەمانتاری هەیە.

کەواتە بە بەراوردی دانیشتووان و ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەو پەرلەمانانەی ئەو وڵاتانە ئاماژەیان پێ درا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەو ڕێژەیە وەک ئەندام چەند بەرامبەر زیاترە و وەک ئەرکیش نیوەی ئەوان ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەڵنەگرتووە و بەشێک نەبووە لە چارەسەری قەیران و کێشەکانی هەرێم و نێو ماڵی کوردستان، بۆیە بچووکردنەوەی ئەرکە و هەم وەک کاراکردن و سەنگینیبەخشین پێی و هەم وەک کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر هاوڵاتییان.

 ئەمەش وا دەکات کە حزبەکان ناچار بن کەسانی بەهێز و کاریگەر و دەستەیەک بنێرنەوە پەرلەمان و بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی هەرێم و ئامانجەکانی جووڵانەوەی درێژخایەنی سەرجەم کوردستانییانی نێوخۆ و دەرەوەی هەرێمیش وەئەستۆ بگرن.

Send this to a friend