جیهانی نوێ؛ دنیایەکی پڕچەککراو
بودجەی سەربازی 2019ی وڵاتان
لە کاتی ئامادەکردنی بودجەی وڵاتاندا، بواری سەربازیی بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت. ھەندێک وڵات گرنگییەکی زۆر بە بەھێزکردنی ھێزی سەربازییان دەدەن و بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان دەکەن.
ناسەقامگیریی بەشێک لە ناوچەکانی جیھان، بە تایبەت رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، وایکردووە وڵاتان و بەتایبەت ئەوانەی راستەخۆ پەیوەستن بە شەڕ و جەنگەکانی ئێستاوە، بودجەیەکی زیاتر بۆ بواری سەربازییان تەرخان بکەن و خۆیان پڕچەکتر بکەن.
جەنگی سوریا، شەڕی یەمەن و ھەوڵی ھەریەک لە ئەمریکا، رووسیا و چین بۆ سەپاندنی ھەژموونیان بەسەر زۆرترین ناوچەی جیھاندا، پێشبڕکێی خۆپڕچەککردنی زیاتر و خێراتر کردووە.
سعودییە کە راستەخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەستە بە جەنگی سوریاوە، لایەنێکی شەڕی یەمەنە و رکابەری سەرەکی ئێرانە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە ساڵی رابردوودا لە ئاستی جیھان، بەپێی بودجەکەی زۆرترین پارەی بۆ خۆپڕچەککردن و بواری سەربازیی تەرخانکردووە کە ٨٪ی بودجەی وڵاتەکەیەتی.
ئیسرائیل کە بەردەوام لە ملاملانێدایە لەگەڵ ئێران، دراوسێی وڵاتێکی پڕ لە جەنگی وەک سوریایە، دوژمنەکانی وەک ئێران و حیزبوڵاش جگە لە لوبنان لە سوریاش بوون بە دراوسێی، وەک ساڵانی پێشوو بەردەوامە لە خۆپڕچەککردن و لە ٥.٣٪ی بودجەی ساڵی رابردووی بۆ بواری سەربازیی تەرخان کردووە.
روسیا و ئەمریکا کە لە زۆربەی ناوچەکانی جیھان ھەوڵی سەپاندنی ھەژموون و ئامادەیی خۆیان دەدەن، بەردەوامن لە بەھێزکردنی سوپاکانیان. روسیا ٣.٩٪ و ئەمریکاش ٣.٤٪ی بودجەی وڵاتەکانیان بۆ بواری سەربازیی تەرخان کردووە.
کۆریای باشور بە تەرخانکردنی ٢.٧٪ی بودجەی وڵات و ھندستانیش بە ٢.٤٪، پڕۆسەی خۆپڕچەکردنیان بەردەوامە.
چین کە دەیەوێت شەڕ لەسەر رابەرایەتیی جیھان بکات، بە نزیکەی نیوەی ئەمریکا بودجەی بۆ بوارە سەربازییەکەی تەرخانکردووە و تەنھا لە ١.٩٪ی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ی بۆ خۆپڕچەککردن داناوە، کە ھەمان بودجەی تەرخانکراوی فەڕەنسایە.
بەریتانیا ١.٧٪ و ھەریەک لە کەنەدا و ئەڵمانیاش ١.٣٪ی بودجەی وڵاتەکانیان بۆ ھێزی سەربازی وڵاتەکانیان دیاریکردووە.
بە تەرخانکردنی ئەم بودجە زۆرە بۆ خۆپڕچەککردن و بەھێزکردنی سوپا لەلایەن وڵاتانەوە، ئەگەر زۆرە جیھان بەرەو قۆناغێكی سەربازیی بڕوات و نمایشی سەربازیی و ململانێ سەربازییەکان، جێگای دیپلۆماسییەت و رکابەرییە نەرمەکان بگرنەوە.