• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 27, 2024

سەرۆک کۆمارێکی نوێ و هەلومەرجێکی نوێ

بارام مەجیدخان

سەرۆک کۆمارێکی نوێ و هەلومەرجێکی نوێ

خولی چواردەی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بە ناوی مەسعود پزشکیان لە مێژووی ئەو وڵاتە تۆمار کرا. دابەشبوونی کۆمەڵگەی ئێران بەسەر دوو بەرەی جیاوازی سیاسی و فیکری و ئایدۆلۆژی کاری سەرۆکی داهاتووی ئێران قوورستر دەکات.  ئێران لە بەردەم باری ناهەمواری ئابووری و دابەشبوونی ناوخۆیی و هەلومەرجی ئاڵۆزی ناوچەییدایە. جەمسەرەکانی دەسەڵات لە ئێران بە دەست نەریتخوازەکانەوەیە. ڕادەستكردنی ئەو دەسەڵاتانە بە سەرۆکی تازە کارێکی ئەستەمە. بەلام کەسایەتی بەهێز و کاریزمایی پزشکیان دەتوانێت وەڵامدەرەوەی خواستی هەموو ئەو ئێرانییانە بێت کە هێشتا ئومێدیان بە داهاتووی وڵات لە دەست نەداوە.

پزشکیان زادەی چەندین هۆکاری ئاڵۆز و ئاشکرای هەلومەرجی قۆناغی ئێستای حوکمڕانییە لە ئێران لە وانە:

  • قۆناغی دوای سەرۆکایەتی ئیبراهیم ڕەئیسی. حوکمڕانی سەرۆکی پێشوی ئێران پشتیوانی هەموو دەزگاکانی باڵی نەریتخوازی ئێرانی لە پشت بوو. ڕەخنە گرتن لەو حوکمڕانییە وەک تابۆ لە لایەن سیستەمی سیاسی لە ئێران سەیر دەکرا. دوای چەندین خولی سەرۆکایەتی باڵی نەریتخواز توانییان دەسەڵاتی سەرۆکایەتی کۆمار بگرنە دەست بە سەرکردایەتی ئیبراهیم ڕەئیسی و پشتیوانی تەوای ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەگەڵ بوو. بەڵام لە هەناوی حکومەتی ڕەئیسی بابەتی جێنشینی ڕابەر و داهاتووی سیستەمی ڕابەرایەتی کۆمار، وەک ململانێیەکی شاراوە، لە ناو دەسەڵات ئیشی کردووە. پۆستی سەرۆک کۆمار بەو مەرجەی ڕۆحانی ( مەلا) بێت، کاریگەری ڕاستەوخۆیی بە سەر پرۆسەی دیاریکردنی ڕابەری داهاتوەوە هەیە. هەندێک وای لێک دەدەنەوە کە نەمانی ئیبراهیم ڕەئیسی جادەی بەردەم جێنشینی ڕابەر هەموار تر دەکات بۆ ناوەندەکانی تری دەسەڵات لە ئێران، کە چاوییان لەو پۆستە گرنگەی ئێرانە..
  • مەسعود پزشکیان زادەی هەلومەرجی دوای سەرهەڵدانەکانی ژن. ژیان. ئازادییە. ناردنە ماڵەوەی نیوەی کۆمەڵگەی ژنی ئێران و خانەنشینکردنیان وەک گوتارێکی زیندوو لەسەر ئاستی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران ناڕەزاییەتی لێکەوتەوە. هەرچەندە جووڵانەوەکە سەرکوت کرا، بەڵام بڵێسەی ئەو ئاگرە لە سندوقی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ دوبارە بڵێسەی سەند و دەسەڵاتی نەریتخوازەکانی خستە ژێر گوشاری هزری و ئایدۆلۆژی و سیاسی. پزشکیان زیرەکانە ئەو گوتارەی قۆستەوە بۆ لێدان لە باڵی نەریتخواز.
  • پزشکیان زادە و درێژەپێدەری ڕیفۆرمخوازەکانی ئێرانە. پزشکیان توانی دۆخی باڵی شکستخواردووی ئێران لاسەنگ بکاتەوە بە گوتاری جیاواز لەوانی تر. گوتاری وەدەرنانی باڵی نەریخواز و سڕینەوەیان گوتارێکی سواوە و ئەزموون کراوە. نزیکبوونەوە لە ڕابەر و داوای ئاشتی نیشتمانی، رابەری لە نییەت باشی خۆی دڵنیا کردەوە و لە لایەکی تر هەندێک لە دەنگەکانی باڵی ڕیفۆمی هەڵوەراند. بەڵام بە کەسایەتی ڕاستگۆی خۆی و بە کەسایەتی کاریزمی خۆی توانی دۆخەکە لە بەرژەوەنی خۆی کۆنترۆل بکات. هەمیش توانی سەرکردایەتی باڵی ڕیفۆرم خواز مسۆگەر بکات و هەم دەنگی ناڕەزاییەتەکانی سەرهەڵدانەکانی ژن.ژیان.ئازادی لە بەرژەوەندی وڵاتەکەی هەڵمژێت.
  • پزشکیان زادەی بارودۆخی ئابووری سەخت و خراپی ئێرانە. پزشکیان هیچ پلانێکی ئابووری نەخستەڕوو. بەڵام بەڵێنی ئەوەی بە خەڵکی ئێراندا کە سوود لە ئەزموونی پسپۆڕانی ڕاستەقینەی ئەو بوارە وەردەگرێت و کاروباری ئابووری دەداتە دەست ئەوان. بڕوای بە فەرمانی ئابووری یەکلایەنە و لە سەرەوە بۆ خوارەوە نییە. کێشە ئابووریەکانی بە دوو هۆکار بەستەوە. یەکەم بەشی هەرە زۆری کێشەکان پەیوەندییان بەو فەساد و گەندەڵییەوە هەیە کە لەناو دڵی حوکمڕانییەوە مۆنۆپۆلی بەشی زۆری ئابووری خەڵکییان کردوە بە ناشەفافی و دوور لە چاودێری دەوڵەت پەڕلەمان. هۆکاری دووەم گەمارۆکانی سەر ئێرانە کە وڵاتانی جیهان بە تەنها هۆکاری ئەو گەمارۆیانە نیین، بەڵکو هەڵە و خەمساردی دەسەڵاتێش هۆکارن بۆ ئەو دۆخە نالەبارەی ئابووری ئێران. ئەو پێیوایە تا نەتوانین لەگەڵ جیهان پەیوەندیمان هەبێت و دەرگاکان لە سەر خۆمان ئاوەڵا نەکەین ناتوانین دۆخی ئابووری چاک بکەین. کێشە ئابوورییەکانی ڕاستەوخۆ بەستووەتەوە بە سیاسەتی دەرەوە و پێکهاتن لە جیهان. بە تایبەت گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پابەند بوون ئیمزاکردنی FATF.
  • پزشکیان زادەی بارودۆخی ناوچەیی و جیهانی ئێرانە. چەمکی “دیپلۆماسی و مەیدان” کە جەواز زەریف هێنایە ناو کایەی سیاسی لە ئێران بۆ ڕەخنەگرتن و لێدان بوو لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران. باڵی نەریتخواز بشت ئەستوورە بە چەمکی “مەیدان” بە واتای پشتیوانی ئێران لە گرووپە وابەستە و هاوپەیمانەکانی خۆی لە ناوچەکە. ئەوە مەیدانە کە دەبیت ئاڕاستەی دیپلۆماسی دیاری بکات نەک بە پێچەوانەوە. ئەم سیاسەتە وایکرد کە ئێران بە تەواوی لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا دابڕێت و گەمارۆی قورسی ئابووری بەسەردا بسەپێت. باڵی نەریتخواز پێیانوابوو کە ئەم بڕیار و گەمارۆیانەی سەر ئیران کاریگەییان نابێت و دەتوانن تێکی بشکێنن بە پشتبەستن بە بەرهەمهێنانی ناوخۆ. بەڵام ئەمە کاریگەری نەبوو. پشتیوانی ئێران لە سەردەمی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ بۆ گرووپە میلیشیاییەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە لە غەززە و لوبنان و یەمەن و عێراق پەرەی سەند. ئەم سیاسەتە لە لایەن باڵی نەریتخواز پشتیوانی توندی لێدەکرێت. بەڵام: ئایا هاتنی پزشکیان لەم دۆخەدا دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە دروست بکات؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر! چونکە بڕیاردان لەو بابەتە دەسەڵاتی ڕابەرەی کۆماری ئیسلامییە.

_ ئێران ناخوازێت لە شەڕێکی بێسنووری ناوچەکە تێوەبگلێت کە ئەنجامەکانی دیار نەبێت. وەک لە شەڕی غەززە ئێران کەوتە ژێر لۆمە و گازندەی هاوپەیمانەکانی خۆی و فشارێکی ئەخلاقی و ئایدۆلۆجی زۆری کەوتەسەر. هاتنی پزشکیان دەرفەتێکی باشە بۆ سازش و پێکهاتن و کات کوشتن لە پێناو دوورخستنەوەی تارمایی شەڕ لەسەر ئێران.

  • پزشکیان لە گەڵ خۆی شەرعیەتی سیاسی بۆ ئێران هێنایەوە کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە دەستی دابوو. ئەمەش تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئیران درێژ دەکاتەوە و پێگەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ دەگەڕێتەوە.
  • پزشکیان مەترسی بۆ سەر دیاریکردنی ڕابەری داهاتوو لە ئێران نابێت وەک پێگەکەی. لەبەرئەوەی خۆی پێاوێکی ئەکادیمی و مەدەنییە.

 

 

Send this to a friend