سەردەمێكی نوێی توركیا
پرۆفیسۆر.د. ئومێد رەفیق فتاح
ڕەنگە باشترین پێناسە بۆ توركیای ئێستا ئەوەبێت كە دەوڵەتێکە بەرەو سەردەمێكی نوێ دەڕوات، لەسەر ئاستی ناوخۆیی یاخود دەرەكی.
لە ئاستی ناوخۆیی پرۆسەی ئاشتی دەستیپێکردووەتەوە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ كورد، ئەم پرۆسەیە جاری چوارەمە لە توركیا ئەزموون دەكرێت، بەڵام جیاواز لە سێ جارەکەی پێشوو ئەمجارە بە بەدەست پێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) دەستی پێكردووە کە بە درێژایی ٤٠ ساڵی سیاسەتی دژایەتی کوردی کردووە، دەستپێشخەرییەکەش لەلایەن خودی عەباوڵا ئۆجەلان ریبەری یندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەڵامدراوەتەوە.
لە ڕێگەی بانگەوازەكەی ئۆجەلان و هاوپەیمانییەتی کۆمار کە پێکهاتووە لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی) و مەهەپە، هەروەها ئەو گۆڕانكارییانەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە لە ئایندەدا ڕوودەدات، ئەردۆغان هەوڵی هەمواركردنەوەی دەستوور دەدات، بۆ ئەمەش پێویستی بە دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکاسی گەلان (دەمپارتی) هەیە، لەهەمان كاتدا گۆڕانكاری لە هەڵوێستی سیاسی ئاكپارتی هەیە بەرامبەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی ڕكابەری سەرسەختی. بۆ ئەمەش لە ڕێگەی تۆمەتباركردنی سەركردەی دیاری جەهەپە و سەرۆكی گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ (ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو)، هەروەها دادگایكردنی ناوبراو، لەگەڵ بریاری هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەكەی بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی کۆماری ٢٠٢٨دووربخرێتەوە، گورزێكی گەورە لەبەرەی نەیاری دەدات.
مێژووی سەرۆك شارەوانییەكانی ئیستەنبوڵ هاوشێوەی مێژووی سەرۆك شارەوانیەكانی پاریسی پایتەختی فەرەنسایە، زۆركات ئەوانەی دەبنە سەرۆک شارەوانی ئەم دوو شارە، دواجار دەبنە سەرۆکی وڵاتیش، ڕەنگە هۆكارەكان جیاوازبن، بەڵام دیارترینیان گەورەی شارەكان و كەسایەتییەكانی سەرۆك شارەوانییەكان دەتوانن جۆرێك لە ڕەمزییەت بەدەست بهێنن.
لەلایەكی ترەوە ئێستا لە بواری پیشەسازی، تورکیا پێشكەوتنی زۆر گەورەی بەدەست هێناوە، لەبواری پیشەسازی و تەكنەلۆجیای سەربازی بازێکی گەورەی داوە، لە ئێستادا بە نزیكەی لەسەرو (50%)ی پیشەسازی سەربازی لە ناوخۆی توركیا پڕدەكاتەوە، پشت بە چەك و تەكنەلۆجیای سەربازی خۆی دەبەستێت و دەروازەی سەرەكی ئەوروپایە بۆ زۆربەی پێداویستییەكانی ئەو کیشوەرە.
لەسەر ئاستی دەرەوە، هێزێكی هەرێمی كاریگەر و یاریكەرێكی سەرەكییە لە گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەنگە لە ئایندەیەكی نزیكدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ هەڕەشە لە ئەوروپا دەكات، توركیا جێگرەوەیەكی سەربازی گەورەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەوروپا. ئەم فاكتەرەش وادەكات ئەوروپییەكان زیاتر بچنە ژێرباری جێبەجێکردنی داواكارییەكانی توركیا بۆ ئەوروپا و چاوپۆشی لە كردەوەكانی لە گۆڕانكارییەكانی سوریا بکەن، هەروەها ڕۆڵی كارای توركیا نابێت لەقەوقاز لە بیربكرێت كە چەند كاریگەرە.
بەهۆی بوونی هەردوو فاكتەرە ناوخۆیی و دەرەكی كە باسمانكرد ڕەنگە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا لە ئێستادا تەنها پرسێكی ناوخۆیی ئەو وڵاتە نەبێت، بەڵكو لەڕووی ستراتیجییەوە پرسێكی هەرێمیە و كاریگەرییەكانی زیاتر لە سوریا دەركەوتووە، بەهەموو ئەو تێبینییانەی كە ڕەنگە لە داهاتوودا زیاتر دەربكەون و ڕەنگە بەو دۆخەی كە ئێستا هەیە پڕۆسەكە هەر سەركەوتوو نەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان بەهۆی دەستگیرکردن و دادگایكردنی ئیمام ئۆغڵو لە پەرەسەندندان و یەكێك لە خوێندنەوەكانیش ئەوەیە توركیا بەرەو سیستمێكی تاكڕەوی هەنگاو دەنێت و لە لەدایكبوونی سیستمێكی نوێدایە.