ئایندەی کوردستانی سوریا لە نێوان ململانێی نێوخۆیی و ھێزە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا
ههژار ههمزه سهلیم
بۆ بینینی بابهتهكه به PDF كلیك لهم بهستهره بكه:- ژمارە 3ی ئهیلولی 2020ی گۆڤاری ئایندەناسی
بەرایی
ڕۆژئاوای کوردستان لەدوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و شەڕ و ململانێی نێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا و حکومەتی سووریا دروست بووە، ئەم هەرێمە هەرێمێکی ئەمری واقعە، لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بەڕێوە دەبرێت و دەپارێزرێت. ئاڵۆزیی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان؛ هەلێکی زێرینیان بۆ کورد و پێکهاتە ئایینییەکانی ئەو وڵاتە خۆش کرد کە هەرێمێکی دیموکراسی بنیاد بنێن، ناوچەکەیان بپارێزن لە شەڕ و ململانێی ناوخۆیی و وێرانبوونی ژێرخان و سەرخانی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا. ڕۆژئاوای کوردستان تەنیا هەرێمی دیموکراسیی ڕاستەقینەی سووریایە کە توانیویەتی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون، پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکاتە ئایینی و مەزهەبییەکان دەستەبەر بکات. هەموویان بەشداری لە بەڕێوەبردن و بەرگریکردن لە هەرێمەکە بکەن. ئەو ناوچەیە زۆرینەی لە کورد پێک دێت، ساڵانێکی زۆرە بێبەش بوون لە مافی هاوڵاتیبوون و ڕەگەنامەی سووری، لە ئێستادا توانیویانە هەرێمێک و هێزێکی سەربازی بنیاد بنێن کە بەشێکن لە هاوکێشە گرنگ و چارەنووسسازەکانی سووریا و ناوچەکە. ئایندەی ئەزموونەکەی لەبەردەم چەندین ئەگەری سەرکەوتن و مەرترسی و هەڕەشە ناوخۆی و دەرەکییەکاندایە. ڕۆژئاوای کوردستان کە بە بەڕیڤبەرییە خۆسەرە باکوورە خۆرهەڵاتە سووریا ناو دەبرێت، سنوورە جوگرافییەکەی هەریەکە لە پارێزگای حەسەکە و ڕەقە و حەلەب و دیرزورو دەگرێتەوە و قامیشلۆ پایتەختەکەیەتی. جوگارافیا و سنوورەکەی، ئاماژەی سەرکەوتنێکی گەورە و ستراتیجیی ئەو هێزەیە لە ڕووی سەربازی و کارگێڕییەوە. وە لە ڕووی پێکهاتەی دانیشتووانەکەی؛ کورد و عەرەب و ئاشووری، کۆمەڵێکی بچووکی تورکمان و لە ڕووی ئایینییشەوە مسوڵمان و مەسیحی و ئێزدی و ئەرمەن پێک دێت[1].
لە ڕووی سەربازییەوە ڕۆژئاواکوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر؛ سەرکەوتنێکی گەورە و ستراتیجیی بەدەست هێنا، بەتایبەتی کە داعش لەسەر دەستی هێزەکانی سووریا دیموکرات کوتایی پێ هات.
ڕۆژئاڤای کوردستان سەرەڕای ئەو سەرکەوتنەی کە لە ڕووی کارگێڕیی سەربازییەوە هەیەتی، بەڵام لە ڕووی دیبلۆماسی، سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و دنیا؛ ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەست و بەرەنگاریی یەکجار گەورە و چارەنووسساز بووەتەوە و دەبێتەوە.
سیستمی سیاسی و کارگێڕیی ڕۆژئاوای کوردستان
سیستمی سیاسی و کارگێڕیی ڕۆژئاوای کوردستان، سیستمێکی عەلمانیی دیموکراسیی یەکسانی نێوان ژن و پیاوە، وە داوای لامەرکەزیی فیدراڵی بۆ هەموو سووریا دەکات، هەمەڕەنگیی نەتەوەیی و ئایینی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەشداریی چالاکانەی ژن و بنەماکانی دیموکراسی؛ گرنگترین پایەکانی سیستمی حوکمڕانیی ڕۆژئاواکوردستانیە[ii] بە بەراورد بە ناوچەکانی تری ژێر دەستی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی تر و ڕژێمی سووریا، ئەمەش ڕۆڵێکی گەورە لە گەشەکردن و بەرەوپێشبردنی ڕۆژئاوای کوردستان دەگێڕێت. هەموو قەوارە نادەوڵەتییەکان، پێوستیان بە پابەندبوونی مافی مرۆڤ و دیموکراسیی پێکەوەژیانی ئاشتیانە هەیە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی. ڕۆژئاواکوردستان ئەزموونێکی سەرکەوتووی تەندروستی فەرمانڕەوای پێشکەش کرد، ئەمەش وای کرد کە زیاتر هەرێمەکە لە پێگەی نێودەوڵەتی بەهێزتر بکات و وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو سەیر بکرێت.
هەرێمی ڕۆژئاوا دوای دامەزراندنی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای سنوورەکانی، گۆڕانکاریی گەورەی بەسەر داهات، جێگیر نەبووە ئەمەش بە هۆی سەرکەوتنەکانی بووە لە ڕووی سەربازییەوە لە شەڕی دژی تیرۆر و داگیرکارییەکانی تورکیا لە ڕۆژئاڤای کوردستان. ئەم گۆڕانکارییانە لە ڕووی ڕووبەری جوگرافی و ژمارەی دانیشتووان، دیمۆگرافیا و پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینیشی گرتووەتەوە. دەکرێت سنووری جوگرافیای ڕۆژئاوا بۆ سێ قۆناغ، بۆ قۆناغی پێش داعش و قۆناغی دوای داعش، قۆناغی دوای پەلامارەکانی تورکیا: چڵە زەیتوون بۆ سەر عەفرین و کانی ئاشتی بۆ سەر گرێسپی خۆرهەڵاتی فوڕات دابەش بکرێت. لە سەرەتادا ڕووبەری جوگرافیای هەریەکە لە قامیشلۆ و عەفرین و حەسەکە؛ کۆبانێ بوو، دواتر لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات هەریەکە لە ڕەقە و دێرزور و ئەبوکەمال و باهۆزیشی گرتەوە لە خۆرئاوی فوڕاتیش؛ مەنبج و بەشێک لە پارێزگای حەلەب لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوودی گرتەوە.
ژێرخانی ئابووری و سامانی سروشتی
جوگرافیا و ڕووبەری ڕۆژئاوا، ناوچەیەکی گرنگی نەوتی و کشتوکاڵیی ئاویی دەوڵەمەندە و پاڵێوگای نەوتی هەیە، لە ڕووی ژێرخانی ئابووری و سامانی سروشتیی نەوتی و گازی و ئاوی و کشتوکاڵیی زۆر بەهێز و دەوڵەمەندە بە بەراورد بە هەموو جوگرافیا و خاكی سووریا. ئەو نەوتەی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ڕۆژئاوادایە، ڕێژەی ٪٩٠ی نەوتی هەموو سووریاییە، لە کاتێکدا یەدەگی نەوتی دڵنیاکراوی سووریا؛ یەک ملیار بەرمیل نەوتە كە دەکاتە 0.18%ی یەدەگی نەوتی دڵنیاکراوی جیهان. لە ساڵی ٢٠١٠دا، بەرهەمهێنانی نەوت لە سووریا ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل بوو، کە ٢٥٠ بەرمیلیان بۆ پێداویستیی ناوخۆی دەوڵەتی سووریا بووە و ١٥٠ هەزاریشی ڕەوانەی دەرەوە دەکرا[iii]. ئێستا هەرێمی ڕۆژئاوا خاوەنی “ڕێکكەوتننامەی نەوتیی نێوان دەلتا کرسنت ئێنرجی ئەمەریکی[iv]“یە، بە مەبەستی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی ڕۆژئاوا و پاڵاوتنی نەوتی، كە ئەمە بە یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتە ئابووری و سیاسی و جێوسیاسییەکانی بەڕێوەبەردنی ڕۆژئاوای دادەنرێت و هەنگاوێکی گرنگی دانپێدانانە بە دیفاکتۆبوونی ئەزموونەکەی. هەروەها گرنگترین هەنگاوی ژێرخانی ئابوورییە، کە پێداویستییەکانی وزەی ڕۆژئاوا دابین و مسۆگەر دەکات. لە ڕووی داهاتی ئابوورییشەوە، سەرچاوەیەکی بنەڕەتیی پەرەپێدانی هەرێمی ڕۆژئاوایە.
سەبارەت بە غاز، بەرهەمهێنانی ئەم وزەیە لەژێر دەسەڵاتی ڕۆژئاوا دەگاتە ٤٥٪ی بەرهەمهێنانی هەموو سووریا[v]. ڕۆژئاوا زۆرینەی بەنداو و پڕۆژە ئاودێرییەکانی سەر ڕووباری فوڕاتی لەژێر دەسەڵاتدایە، وەک بەنداوی فوڕات و بەنداوی بەعس کە سەرچاوەی گرنگی بەرهەمهێنانی کارەبا و پڕۆژەی ئاودێریی کشتوکاڵین. زەوییە کشتوکاڵییەکانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی لە پارێزگای حەسەکە، دێرەزوور، ڕەقە و باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە هەرە زەوییە بەپیتەكانی سووریان کە گونجاون بۆ بەرهەمهێنانی گەنم و جۆ و نیسک و لۆکە[vi]. لە هەمان کاتدا گەورەترین کارگەی چیمەنتۆ لە سووریا، کارگەی “لافارج”ی فەڕەنسییە لە کۆبانێ کە ڕۆڵێکی گەورە لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەی ئابووریی ڕۆژئاوا دەگێڕێت.
پێش دەستپێکردنی شەڕی سووریا، باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە نزیکەی نیوەی داهات و ئابووریی سووریای پێک دەهینا و ڕێژەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سووریاش لەم ناوچەیە دەگەیشتە ٤٢٪[vii]. لێرەدا پێگەی جوگرافی و ژێرخانی ئابووریی ڕۆژئاوا، ڕۆڵێکی یەکلاکەرە و چارەنووسساز دەگێڕێت لە ئایندەی ڕۆژئاوا. بەم شێوەیە پێگەی ئابووری و جوگرافیی ڕۆژئاواکوردستان، لە دوو لایەنەوە گرنگە:
یەکەم: لە پەرەپێدانی ناوخۆیی و پشتبەخۆبەستن بۆ دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، کە دەتوانێت بیکات بە هەرێمێکی بەهێز کە کەمتر پێویستی بە پشتیوانیی ئابووری و هاوکاریی مرۆیی دەرەكی بێت.
دووەم: بەکارهێنانی ناوچە و پێگە نەوتی و ئاوییەکان لە گفتوگۆ و دانوستانەکان، بۆ ئەوەی پێگەیەکی بەهێزی هەبێت لە سەودا و ئاڵوگۆڕ بە ناوچەکان، لە هەمان کاتدا نەوت وەک سەرچاوەیەکی ئابووریی سیاسی سوود لێ ببینێت، تەنانەت نەوت ببێت بە هۆکاری ئەوەی کە ئەمەریکا و هاوپەیمانان پاشەکشێی تەواوەتی لە سووریا نەکەن. دۆناڵد ترەمپ؛ سەرۆکی ئەمەریکا، لە لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەنووسان لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ، ڕایگەیاند: “ئێمە ناوچەیەکی نەوتیمان لەنزیک سووریا و لە سووریادا هەیە كە سەربازەکانمان لەوێن بۆ پاراستنی[viii]” و لە تویتێکی تردا دەڵێت: “نامانەوێت ببین بە پۆلیس لە ناوچەکە، ئێمە لەوێین بۆ پاراستنی بیرە نەوتەکان. لەبیرتانە هەمیشە دەڵێم نەوت دەپارێزین[ix]!” لە هەمان کاتدا وەزیری بەرگریی ئەمەریکا؛ مارک ئیسبر دەڵێت: ”ئێمە بیرە نەوتەکانمان لەژێر دەستدایە، داعشمان لێ بێبەش کردووە و بۆ هێزەکانی سووریای دیموکراتمان دابین کردوون، بۆ ئەوەی سوود لە داهاتەکەی ببینن[x].” لە لایەکی ترەوە لیندس گرامی؛ گەورە سیناتۆری کۆمارییەکان، بۆ فۆکس نیوزی وتووە: “نەوت بۆ بەرژەوەندیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەپارێزین[xi].” لەبەر ئەم هۆکارانە، نەوت ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا لە هێشتنەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوا و لە کەوتنی یەکجاریان پاراست. بە هەمان شێوە ڕێککەوتننامەی نەوتی “دیلتا کریسنت ئینرجی”، ئاماژەیەكە بۆ مانەوەی ئەمەریکا لە سووریا. لەم بارەیەوە مەزلوم عەبدی؛ سەرکردەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت: “وەبەرهێنانی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات، ئاماژەی هەنگاوێکی سیاسییە بۆ داننان بە ئیدارەی سەربەخۆی ڕۆژئاوا و گەرەنتیی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان[xii].”
هێزی سەربازیی ڕۆژئاوا و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و ڕای گشتیی جیهانی
ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕووی هێزی سەربازییەوە بە یەکێك لە بەهێزترین و تۆکمەترین هێزەكانی ناوخۆی سووریادا دادەنرێت و بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەد) ناو دەبرێت. ئەم هێزە لە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێک هاتووە و لە 60 هەزار شەڕڤان لەخۆ دەگرێت[xiii]. قەسەد خاوەن فەلسەفە و دیسپلێنێکی سەربازیی شۆڕشگێڕانەیە و لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ پێک دێت[xiv]، تۆکمەیی ئەم هێزە لەوەدایە کە توانیویەتی ببێت بە بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژەتیرۆر و داعش لە سووریا[xv]. ئەم هێزە لە ڕووی مەیدانییەوە توانیی خۆی بسەلمێنێت و بە پاڵپشتیی لۆجستیی هاوپەیمانان و ئەمەریکا؛ توانیی ڕووبەرێکی گەورە و ستراتیژی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دروست بکات، کە دەكاتە ٪٣٠ی کۆی ڕووبەری خاکی سووریا[xvi]. هێزی سەربازیی ڕۆژئاواکوردستان؛ سێ شەڕی گرنگی ئەنجام داوە، یەکەم: شەڕی دژی داعش و تیرۆر کە سەرکەوتوو بوو. دووەم شەڕی دژی تورکیا و هیزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تر لە عەفرین کە توانیی ٥٩ ڕۆژ بەرگریی سەخت دژی تورکیای دووەم گەورەهێزی ناتۆ و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تر بکات. دواتر عەفرینی لەدەست دا کە دوو هۆکاری سەرەکی هەبوو لەم شکستە سەربازییە، یەکەم: ناوچەی عفرین کەوتووەتە ڕۆژئاوای فورات ، ناوچەی جێ نفووزی ڕووسیا بوو. ڕووسیاش دوای چەند ڕێککەوتنێکی نهێنیی ئابووری و سیاسی و سەربازی و ستراتیجی، ڕێگای دا بە سوپای تورکیا کە ئەم ناوچەیە داگیر بکەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە وا تورکیا ئۆپۆزسیۆنی سووریای ناچار کرد لە ناوچەکانی غۆتەی شەرقی و قونەیترە و غۆتەی غەربی بکشێنەوە، وە گرێبەستە سەربازییەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا، بەتایبەتی سیستم بەرگریی ئاسمانیی (400-S) هەر لە بارەی گرێبەست و مامەڵەی (S-400)ی ڕووسیا و تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتی: “مامەڵەی سیستمی بەرگریی (S-400)ی ڕووسی، نە لە دوور و نە لە نزیک پەیوەندیی بە ئاسایشی ئەمەریکا و ناتۆ یان پڕۆژەی فڕۆکەی (F-35)وە نییە، بەڵکوو سووربوونمان لەسەر ئەم گرێبەستە؛ ڕوون و ئاشکرایە، بەڵکوو پەیوەندیی بە ئازادیی جووڵەکانمانە لە ناوچەکە و لە سووریادا[xvii].” قۆناغی سێیەمی شەڕی سەربازیی ڕۆژئاواکوردستان لەگەڵ تورکیا و گرووپە تیرۆرستەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بوو، کە تورکیا بە ناوی کانی ئاشتی هێرشی کردە سەر سەرێکانی و گرێسپی، ئەمەش هەرێمی ڕۆژئاوای تووشی پاشەکشەیەکی بەرچاوی جوگرافی و سەربازی کرد.
پەیوەندییەکانی دەرەوە، مامەڵەی ناوخۆیی و هەرێمی
ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕووی دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوەی، تا ئێستا هیچ دەوڵەتێکی هەرێمی و جیهانی دانی پێدا نەناوە[xviii]، بەڵام مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و دژی نەوەستاون. لەم نێوەندەدا ڕۆژئاوا لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی پەیوەندییەكی باشی هەیە و لە چەندین وڵات نووسینگەی دامەزراندووە: نووسینگەی ڕۆژئاوای کوردستان له وڵاتی چیک لە ڕێكەوتی ٤/٢٠١٦، فەڕەنسا: ٥/٢٠١٦، ئەڵمانیا: ٥/٢٠١٦، هۆڵەندا: ٩/٢٠١٦، ڕووسیا: ٢/٢٠١٦ و سوید: ٤/٢٠١٦. بەڵام وەک داننان بە هەرێمێکی سەربەخۆی فیدراڵی، تاوەكوو ئێستا هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی داهاتووی سووریا نەکراوە، تەنها چەند کۆنفڕانس و کۆبوونەوەیەک لەنێوان هیزە ناکۆکەکانی سووریا ئەنجام دراوە. ڕۆژئاوای کوردستان لەو کۆنفڕانس و کۆنگرە و ڕێکكەوتننامانەی کە لە بارەی سووریاوە بەڕێوە چوون؛ بەشداریی پێ نەكراوە، چ ڕێکكەوتننامەکانی جنێف و کۆنگرەکانی ئەستانە و سووچی و چ نووسینەوەی دەستوور[xix].
هەرێمی ڕۆژئاوا ئەو کاتە تووشی نسکۆ و پاشەکشێ بوو کە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە نەیتوانی ڕێگری بکات لە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ هەرسێ ناوچەی عەفرین و جرابلوس و سەرێکانی و گرێسپی، نەیتوانی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتیی دیبلۆماسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا و هاوپەیمانانی دژی داعش بەدەست بهێنێت بۆ ڕێگری لە داگیرکارییەکانی تورکیا. ئەم پاشەکشێیە سەربازی و جوگرافییە لەو ناوچەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمەریکا ڕێگای دا کە تورکیا بە درێژایی ١٢٠ کیلۆمەتر و بە قووڵایی ٣٢ کیلۆمەتر بێتە ناوەوەی ڕۆژئاوای کوردستان، بەمەش تورکیا توانیی چەندین ناوچەی ستراتیژی لە ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکات لە ڕووی جوگرافییەوە و شارەکانی کۆبانێ و قامیشلۆ و حەسەکە لێک داببڕێت و عەفرین بەتەواوی داگیر بکات و خەونی گەیشتنی ڕۆژئاوا و کورد بۆ گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست یان نزیکبوونەوە لێی؛ لەبار بەرێت. بیانووەکانی تورکیا بۆ ئەم داگیرکارییە ئەوەیە کە یەپەگە و یەپەژە سەر بە پارتی کرێکاران (پەکەکە) و دروستبوونی هەرێمێکی سەربەخۆی کورد لە ڕۆژئاوا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لە خەباتی نەتەوەیی کورستانی باکوور. تورکیا پێی وایە سەرکەوتنی ئەزموونی ڕۆژائاوای کوردستان؛ مەترسیی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دەبێت لە ڕووی ئابووری و ستراتیژییەوە، بەوەی کە ڕەنگە ڕۆژئاوا ببێت بە بەدیلی تورکیا لە گواستنەوەی نەوت و غازی دەریای قەزوێن، ئێران، عێراق و سووریا بۆ سەر دەریای ناوەڕاست و ئەورووپا، بەمەش پێگەی ستراتیژیی تورکیا لە ناوچەکە و جیهان لاواز دەکات، لە هەمان کاتدا کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لە ڕووی ئابوورییەوە.
لە لایەکی ترەوە تورکیا هاوکارییەکی ڕاستەوخۆی سەربازی و ئابووری و سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی سووریای کردووە، بەتایبەتی گرووپە چەکدارە ئیسلامییە توندڕەوەكان. تورکیا؛ باکووری سووریا بە ناوچەی جێگە نفووزی خۆی دەزانێت و هێرشی سەربازی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و داگیرکردنی چەندین ناوچەی گرنگ و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، بۆ ئەوەیە خەونی هەرێمێکی یەکگرتووی جوگرافی و دێموگرافی لەبار بەرێت[xx]. تورکیا توانیی هێرشەکانی بکات و سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی بەشێك لە ئامانجەکانی و هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تورکیا توانیی هەریەکە لە ئەمەریکا و ڕووسیا ڕازی بکات بۆ ئەم دەستتێوەردان و داگیرکارییە[xxi]. ڕووسیا لە ڕۆژئاوای فوڕات لە عەفرین و ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات، ڕێگەیان بە تورکیا دا یان بە لانی کەمەوە بێدەنگ بوون. لە سەرەتادا لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات ڕێکكەوتن لەنێوان ئەمەریکا و تورکیا کرا کە ناوچەی ئارام لەنێوان گرێسپی و سەرێکانی لەلایەن هێزی هاوبەشی ئەمەریکی-تورکی چاودێری بکرێت، بەڵام دواتر تورکیا پاشگەز بوویەوە، چونكە ئەمەی بەوە لێک دایەوە کە داننانێكی ڕاستەوخۆیە بە واقیعی ڕۆژئاوای کوردستان، بۆیە دوای مانگێک هێرشەكانی دەست پێ کردووە و ئەمەریکا هێزەکانی خۆی لە کۆبانێ، قامیشلو و نێوان گرێسپی و سەرێکانی کشاندەوە بە قووڵایی ٣٢ کیلۆمەتر.
گرنگترین زیانەکانی گەڕانەوەی جارێکی تری هێزەکانی حکومەتی دیمەشقی سەر بە بەشار ئەسەد، دەرکردن و ئاوارەکردنی کوردەکانی ئەو ناوچەیەیە و جێگیرکردنی عەرەب و تورکمانەکانی ناوچەکانی ئیدلب و حەلەب بوو. بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەم هێرش و پەلامارانە، سەرەڕای مەترسی و زیانەکانی، لە ڕووی ڕای گشتیی جیهانییەوە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو، یەکێتیی ئەورووپا ئیدانەی پەلامارەكانی کرد و داوایان لە تورکیا کرد کە هێرشەکانی بوەستێنێت و سەرکۆنەی تورکیایان کرد[xxii]، هەروەها پەرلەمانی ئەورووپا بە هەمان شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە پێشێلکارییەکی ترسناکی یاسای نێودەوڵەتی وەسف کرد[xxiii]. لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەورووپا، هەریەکە لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا ئیدانەی هێرشەکانیان کرد و داوای قەدەغەی فرۆشتنی چەکیان کرد بە تورکیا[xxiv]. لە ئەمەریکا و لەسەر ئاستی میدیا، هێرشەكانی تورکیا بە خیانەتی ئەمەریکا لە کوردەکانی سووریا لێک درایەوە و دۆناڵد ترەمپ بە هۆکاری ئەم خیانەتە تۆمەتبار کرا و بەپەلە داوای ڕاگرتنی شەڕ کرا. ئەم ورووژاندنە میدیاییە کە دژی ترەمپ و تورکیا دروست بوو، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا دروست كرد و کار گەیشتە ئەوەی ترەمپ بانگهێشتی مەزلوم کۆبانێ بکات بۆ ئەمەریکا، لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی یاسادانانی ئەمەریکا و لە کۆنگرێس هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان یەک هەڵوێست بوون بەرامبەر بە ترەمپ و سیاسەتەکانی لەهەمبەر سووریا. سیناتۆری دیاری ئەمەریکا؛ لیندسی گرام، ڕایگەیاند: “سوپای تورکیا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵنەکراوە هێرشی بەرفراوان بکاتە سەر هاوپەیمانەکانمان، ئەگەر هێرشی بەرفراوان بکەن، ئەوە ئەو پەیوەندییە شلۆقەی نێوان ئەمەریکا و تورکیا کۆتایی دێت[xxv].” هەروەها پڕۆژەی سزادانی تورکیا خرایە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران و بە شێوەی فەڕمی ئیلهام ئەحمەد؛ سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە)یان بانگهێشتی ئەمەریکا کرد. جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە سەردانی فەڕمی سەردانی تورکیای کرد و لێکتێگەیشتننامەیەكی[xxvi] نوێ ئەنجام درا کە گرنگترینیان ئەوە بوو تورکیا نابێت جگە لە سەرێکانی و گرێسپی، پەلاماری هیچ ناوچەیەکی تر بدات.
سەبارەت بە ڕژێمی بەشار ئەسەد، تا ئێستا لە ڕووی سەربازییەوە هیچ شەڕ و پێکدادانێک لەنێوان هێزەکانی ڕۆژئاوا و سووریا ڕووی نەداوە، بەڵام سووریا دان نانێت بە هیچ واقعێکی کوردی لە سووریا، كە لە دەرەوەی ڕێککەوتنی سیاسی و دیپلۆماسی بێت. بۆیە ئایندەی پەیوەندییەکانی سووریا و ڕۆژئاوا، پەیوەستە بەو گۆڕانکارییانەی کە لەنێوان هێزەکان لە ڕووی سەربازی و دیپلۆماسییەوە ڕوو دەدەن. سەبارەت بە ڕووسیا، لە سەرەتادا لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵدا بوو لەگەڵ یەپەگە و ئەم هێزە نوێنەرایەتییان لە مۆسکۆ هەبوو، بەڵام ڕووسیا بەپیێ بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە؛ مامەڵەی لەگەڵ ڕۆژئاوا کردووە و دوای ئەوەی ڕێکكەوتننامەی سەربازی، ئابووری، سیاسی و ستراتیژیی لەگەڵ تورکیادا ئەنجام دا، سروشتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا گۆڕا و ڕێگەی بە تورکیا دا كە جەرابلوس و عەفرین داگیر بکات. ڕووسیا هەمیشە یەکێک بوو لە هۆکارەکانی پاشەکشەی ڕۆژئاوا، مامەڵەکانی نە لە ڕووی دیپلۆماسی و نە لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە لە بەرژەوەندیی ڕۆژئاوا نەبوون. دوایین مامەڵەی ڕووسیا بریتی بوو لە ڕێککەوتنی نێوان ئەردۆگان و پۆتین لەسەر ناوچەی ئارام كە لەدوای پڕۆسەی کانی ئاشتی لە سەرێکانی و گرێسپی و وە فشار دروستکردن لەسەر ڕۆژئاوا بۆ ڕێککەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەسەددا و ڕێگەدان بە گەڕانەوەی هێزەکانی ئەسەد بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕۆژئاوا بووە.
گرنگترین سیناریۆكانی داهاتووی ڕۆژئاوا
سیناریۆی یەکەم: دوای داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر سەرێکانی و گرێسپی و عەفرین، ڕۆژئاوا ناوچەیەکی ئارامی بۆ دروست بووە بە شێوەیەک كە هەمان سیناریۆی هەرێمی کوردستانی ساڵی ١٩٩١ی هەیە کە بە هۆی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ ناوچەی دژەفڕین بۆ هەرێمی كوردستان دابین كرا. ئەو ناوچانەی تورکیا داگیری کردوون؛ وەک ناوچەی کێشەلەسەر دەمێننەوە، بەڵام ناوچەكانی تر مامەڵەیەكی وەك هەرێمی كوردستانی لەگەڵ بكرێت.
سیناریۆی دووەم: تورکیا و ڕووسیا و ئەمەریکا ڕێکكەوتن بکەن بۆ لەباربردنی ڕۆژئاوا و ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی و جێگە نفووزی یەکتر، بۆ نموونە؛ تورکیا بەرژەوەندیی ئابووری و سەربازییەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا بپارێزێت و ڕازی ببێت بە گرێبەستی سەدەی ئەمەریکی-ئیسرائیلی و بە شێوەی فەڕمی نفووزی خۆی لەناو لایەنە ئیسلامی و عەرەبییەکان بەکار بێنێت، بە مانایەكی تر: سەرکەوتنی گرێبەستی سەدە بەرامبەر بە لەباربردنی ڕۆژئاوا.
سیناریۆی سێیەم: ڕژێمی بەشار ئەسەد هەمان چارەنووسی سەددام حسێنی ببێت و بڕووخێت، بەمەش سووریا وەک عێراق یان دابەش دەبێت بۆ سێ ناوچە، یان دەبێت بە دەوڵەتێکی فیدراڵی ناناوەندیی (لامەركەزی) دیموکراسی. لەم سیناریۆیەدا ئەگەر دەستی دەرەکی بەتایبەتی تورکیا دەستتێوەردان نەکات، ئەوە ڕۆژئاوا لە باشترین بارودۆخدا دەبێت، بە هۆی ئەوەی بەهێزترین هێزی سەربازی و ژێرخانی ئابووریی سیستمی سیاسیی جێگیری هەیە و دەکرێت ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ.
ئەنجام
ڕۆژئاوا توانیی لە ڕووی بەڕێوەبردنی سیاسی و حکومڕانییەوە، سسیتمێکی دیموکراسیی سكۆلار بە یەکسانیی ژن و پیاو و باوەڕبوون بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئاشتی و پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و کولتووری بنیات بنێت کە جیاواز بێت بە بەراورد بە سیستمی سیاسیی ڕژێمی سووریا و هەرێمی گرووپە ئۆپۆزیسێۆنەکانی تر. لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتووترین هێزی مەیدانیی هەیە، کە ڕۆژئاواکوردستان لە وێرانبوون و کاولبوون پاراست، بەڵکوو توانیی ڕووبەرێکی گەورەی سووریا لە تیرۆر پاک بکاتەوە، لێرەوە ڕۆژئاوا کاریگەری دەبێت لە ئایندەی چارەنووسی سووریا. ژێرخانی ئابووریی ڕۆژئاوا بە بەراورد بە ناوچەکانی تری سووریا؛ دەوڵەمەندترە لە ڕووی سامانی سروشتیی نەوت و ئاو و زەویی کشتوکاڵی كە ئەمەش خاڵی گەشی ئایندەی ڕۆژئاوایە. لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە و دیپلۆماسییەوە، ڕۆژئاوا لاوازە و نەیتوانیوە هاوکێشەکانی ململانێی لە سووریا بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەرژەوەندیی خۆی بشکێنێتەوە و نەیتوانیوە بەشدار بێت لە کۆنگرە و کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها بە هۆی شکستی دیپلۆماسی، جوگرافیایەکی گرنگ و ستراتیجیی لەدەست دا. دیپلۆماسی ڕۆژئاوای نەیتوانی هیچ بڕیارێكی فەڕمیی نێودەوڵەتی بۆ دان نان بە ڕۆژئاوا دەستەبەر بکات و تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو تاوانانەی بەرامبەری کراوە؛ بسەلمێنێت و لە بەرژەوەندیی.
بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە
__________________________________________________
سهرچاوهكان
[1]. روناهی (١٥/١١/٢٠١٨)، الإدارة الذاتية في شمال وشرق سوريا نموذج لا مركزي http://ronahi.net/2018/11/15/، (المتاح: ٣١/٥/٢٠٢٠).
[ii]. مجلس سوریا الدموقراتیة (مسد) (٩/١٢/٢٠١٥)، عقد المؤتمر التأسيسي للمجلس في مدينة ديريك/شمال شرق سوريا/ 9 كانون الأول/ديسمبر 2015، “الوثيقة السياسية لمجلس سوريا الديمقراطية (مسد)”.
[iii] . بی بی سی عربی (٧/١٠/٢٠١٩)، الثروات الموجودة في مناطق سيطرة الأكراد شرق سوريا، https://www.bbc.com/arabic/middleeast-46693867 (متاح: ٢٧/٢/٢٠٢٠).
[iv] . جریدة شرق لاوسط (١/٨/٢٠٢٠) واشنطن «تعترف» سياسياً بـ«الإدارة الكردية» وتُغضب أنقرة ودمشق. https://aawsat.com/home/article/2422906/(المتاح: ٦/٨/٢٠٢٠).
[v] . بی بی سی عربی (٧/١٠/٢٠١٩)، الثروات الموجودة في مناطق سيطرة الأكراد شرق سوريا، https://www.bbc.com/arabic/middleeast-46693867 (متاح: ٢٧/٢/٢٠٢٠).
[vi] . نفس المصدر.
[vii] . عبدالناصر عاید (١/٢٠١٨)، خريطة السيطرة في شمال شرق سورية
ومستقبل الوجود العربي فيها. المركز العربيّ للأبحاث ودراسة السّياسات https://www.dohainstitute.org/ar/PoliticalStudies/Pages/Northeast-Syria-Forces-on-the-Ground-the-Arab-Population.aspx صفحة ١ (المتاح: ١٠/٥/٢٠٢٠).
[viii]. الجزیرة نێت (٦/٣/٢٠٢٠ )، باقية هناك للمحافظة على “الكنز”.. ترامب يتحدث عن مهمة قواته في سوريا. https://www.aljazeera.net/news/politics/2020/3/6/
(المتاح: ١/٤/٢٠٢٠).
[ix]. نفس المصدر.
[x] . نفس المصدر.
[xi]. الجزیرة نیت (٢١/١٠/٢٠١٩)، لمنح النفط للأكراد وحماية إسرائيل.. خطة أميركية لإبقاء قوات في سوريا، https://www.aljazeera.net/news/politics/2019/10/21/ d9%86%d9%8a%d9%88%d9%8a%d9%88%d8%b1%d9%83
[xii] . جریدة شرق لاوسط (١/٨/٢٠٢٠)، واشنطن «تعترف» سياسياً بـ«الإدارة الكردية» وتُغضب أنقرة ودمشق بعد موافقتها على توقيع شركة أميركية عقداً لاستثمار النفط شمال شرقي سوريا https://aawsat.com/home/article/2422906qY (المتاح: ٨/٨/٢٠٢٠).
[xiii] . بی بی سی عربی (٢٢/١٢/٢٠٢٠)، بعد إعلان دونالد ترامب الانسحاب من سوريا، ما هي خيارات الأكراد في المرحلة المقبلة؟ (المتاح: ١٠/٠٤/٢٠٢٠).
[xiv] .الحرة(١٩/١٠/٢٠١٩)، ثمانية فصائل تقلق أردوغان.. من هي قوات سوريا الديمقراطية؟، https://www.alhurra.com/turkey/2019/10/09/9F (المتاح: ٣١/٥/٢٠٢٠).
[xv]. ارعربیك (١٠/١٠/٢٠١٩)، من هي “قوات سوريا الديمقراطية”؟، https://arabic.rt.com/world/1050512-A9/ (المتاح: ٣١/٥/٢٠٢٠).
[xvi] . بی بی سی عربی (٢٢/١٢/٢٠١٨)، بعد إعلان دونالد ترامب الانسحاب من سوريا، ما هي خيارات الأكراد في المرحلة المقبلة؟ https://www.bbc.com/arabic/middleeast-46648340 (المتاح: ١٥/٥/٢٠٢٠).
[xvii] . سی ئێن ئێن عربی (٩/٣/٢٠١٩)، أردوغان يربط صفقة “إس-400” بحرية تحركات تركيا في سوريا، https://arabic.cnn.com/middle-east/article/2019/03/09/erdogan-turkey-s400-syria-russia (المتاح: ٣١/٥/٢٠٢٠).
[xviii]. ویکپیدیا (١١/٥/٢٠٢٠)، العلاقات الخارجية للإدارة الذاتية لشمال وشرق سوريا https://ar.wikipedia.org/wiki/.(المتاح: ٢٢/٥/٢٠٢٠)
[xix] . الجزیرة نێت (٧/٥/٢٠١٧)، النص الكامل لاتفاق “وقف التصعيد” بسوريا https://www.aljazeera.net/encyclopedia/events/2017/5/7/ (المتاح: ١/٨/٢٠٢٠)
[xx] . الجزیرة نێت (٨/١٠/٢٠١٩)، هدفان وسبعة أطراف.. تركيا ترسم خريطة عسكرية جديدة بسوريا ، https://www.aljazeera.net/news/politics/2019/10/8/ (المتاح: ٣١/٥/٢٠٢٠).
[xxi] . خورشيد دلي، هل حان وقت كشف المخفي في العلاقة التركية-الأمريكية؟ ، https://al-ain.com/article/hidden-turkish-american-relationship (المتاح: ٣١/٥/٢٠٢٠).
[xxii] . الحرة (٧/١٠/٢٠١٩)، الاتحاد الأوروبي يعارض العملية التركية في سوريا، https://www.alhurra.com/turkey/2019/10/07/ (٣١/٥/٢٠٢٠).
[xxiii] . مۆتیکارلۆ (٢٤/١٠/٢٠١٩)، البرلمان الأوروبي يدين التدخل التركي في سوريا ويعتبره انتهاكا خطيرا للقانون الدولي، https://www.mc-doualiya.com/articles/20191024-%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%B1%D9%84%D9%85%D8%A7%D9%8(المتاح: ٣١/٥/٢٠٢٠).
[xxiv] . الجزیرة نێت (١٤/١٠/٢٠٢٠)، الأوروبيون يطالبون تركيا بالانسحاب من سوريا ويشرعون بالعقوبات وأنقرة تستنكر، https://www.aljazeera.net/news/politics/2019/10/14A (المتاح: ٣١/٥/٢٠٢٠).
[xxv]. ڤیتوگیت (٩/١٠/٢٠١٩) عملية تركية وشيكة في سوريا.. ومقرب من ترامب محذرا: “لا ضوء أخضر” https://www.vetogate.com/3577906/ (المتاح: ٣١/٥/٢٠٢٠).