ڕیگای ئایندەناسی؛ لە گوتاری مانەوەوە بۆ باشترین مانەوە
د.هەردی مەهدی میکە
بە وردبوونەوە لە مێژووی ئێستا و دوێنێی نزیک و دووری کوردستان و کۆمەڵگە و شوناسەکەی، ڕاستینەیەک بەدیدەکرێت کە “گوتاری مانەوە و ژیانکردن”ی کورد بەهێزییەکی بێوێنەی هەیە و ڕۆڵ و خەباتی بێووچانی بۆ کێشاوە، بەڵام بە هەمان ئەندازەش لە “گوتاری باشتر مانەوە و ژیانێکی باشتر”دا کەمتەرخەمی نواندووە و کایەیەکی کارتیانەکراو و بیرلێنەکراوە بووە بە ڕادەی فەرامۆشکردن، بە جۆرێک لەبری خەونی مەزن و ڕۆڵبینین و خەبات بۆ هەڵبژاردنی ئایندەیەکی باشتر، زۆرتر خۆی تەسلیمی واقیعی داباریوو و داتەپیوو بەسەریدا و گێڕانەوە مێژووییەکانی سەردەستەکان و ڕۆژهەڵاتناسان و ئەوانی دیکە کردووە و لەناو چارەنووسی بۆدیاریکراویدا گوتاری مانەوەی هەڵبژاردووە و کەمتر کاری بۆ گۆڕین و دنیایەکی باشتر کردووە و خۆی بۆ کۆنەکردووەتەوە. ئەوەتا دەبینین سەرەڕای داگیرکردن، چەوساندنەوە، پەتای سیاسیی و سروشتی و ستەمی بەردەوامی دراوسێکانی، بەڵام توانای مانەوە و پارێزگاریی شوناسی کەموێنە بووە، بەڵام هەمانکات لە ناو مێژوویەکی نەخوازراو و پەرتەوازەییەکی سیاسیی و بێکیانیەکی دوورمەودادا گیری خواردووە. ئەڵبەت دەبێت دانی پێدا بنێین کە گوتاری یەکەمی کوردستانیان خاڵی بەهێز و گوتاری دووەمیان خاڵی هەرە لاوازی کۆمەڵگەی ئێمەیە.
“ئایندەکان” بەسەر مرۆڤدا نەباریوون، مرۆڤەکان لە چوارچێوەی ململانێی شوناسەکان و کۆمەڵگەکاندا ئاراستەیان کردوون و دەیانکەنە چارەنووسی خۆیان، مرۆڤ و کۆمەڵگە؛ وەک چۆن ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لەو چالاکی و شارستانێتیانەی لە ڕابردوودا بونیادی ناوە، دەتوانێت لە هەڵبژاردنی ئایندەکانیشدا ڕۆڵی هەبێت، لەوەش گرنگتر دەتوانێت لە تێگەیشتنی باش لە ڕابردوو و ئێستا و جیهانبینیەوە، ئایندەیەکی باشتر فەراهەم بکات. هەر بۆیە مرۆڤ و مرۆڤایەتی وەک چۆن بەرپرسیارە لە مێژووەکەی، ئاوا لە سازاندنی ئایندە و هەڵبژاردنی ئایندەکاندا ڕۆڵ دەگێڕێت و بەرپرسیارە.
لێکۆڵینەوە ئایندەییەکان و بە سوودوەرگرتن لە میتۆدە نێوپسپۆڕییەکان و چەندپسپۆڕییەکان، بوارێکی فراوان و کاریگەری نێو دنیای تێگەیشتن لە ڕابردوو، ئێستا و ئایندەیان پێکهێناوە، ئەگەرچی لە ئاست بەژن و تەمەنی لێکۆڵێنەوە مرۆییەکان و لێکۆڵینەوە سرووشتییەکاندا، بەژن کورتە، بەڵام لەبەر دوو هۆکار نەتوانرا فەرامۆش بکرێن: یەکەم، بەشدارییەکی کارایان نواند لە فەراهەمکردنی سیناریۆسازیی و ئایندەناسیی (نەک ئایندەبینی و پێشبینی غەیبیانە) بۆ بریاردانی ئەمڕۆیی و چالاکییە ئایندەییەکان و خستنەڕووی هەل و هەڕەشە و بەرچاوڕوونی بۆ دەزگای سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بە تایبەتی و کۆمەڵگە بە گشتی. دووەم لێکۆڵینەوە ئایندەییەکان لەسەر باڵای بە ئەزموونی زانست و لێکۆڵینەوەکانی دی گەشەیان کرد و لەسەرشانی ئەوان دانیشتن، بەمەش باڵا و دنیابینیان ئاسۆی فراوانتر و ڕوونترە بۆ تێگەیشتن لە گریمانەکردنی هەل و مەترسیی و ئایندەی شارستانێت و کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی، بەوپێیەی لێکۆڵێنەوەکانی ئایندەناسی لێکۆڵینەوەکانی پێشتر و پسپۆڕییەکانی دیکەی فەرامۆش ناکەن و بە تێئاخنینی ئەزموون و میتۆدەکانی وان و چەند ڕەهەندکردنی ڕووماڵەکانی کێڵگەکانی توێژینەوەی بە لێکۆڵینەوە مرۆیی و سرووشتییەکان وەک زانستەکانی دیکە یەک ڕەهەند و جیا نەمایەوە و پێکەوە لە کەشکۆڵێکدا بۆ تێگەیشتن، جیهانی ڕابردوو و ئێستایان بە ئایندەناسییەوە گرێدا و تێکەڵ کرد. بەمشێوەیە بوو هەرزوو دنیای نوێی لێکۆڵینەوەکان و ئەو دەزگا و دەوڵەتانەی پێویستیان بە تێگەیشتن بوو لە ئایندەدا و دەیانەویست دنیایەکی باشتر بونیاد بنێن، نەیانتوانی فەرامۆشیان بکەن و ئێستا لێکۆڵینەوەکانی ئایندە بەشداری کاران لە هۆبەکانی بڕیاری ستراتیژی، سیاسەت و سیاسەتمەدار و مەتبەخی سیاسەت و ئابووری و ..تاد دا پێگەی کاریگەریان هەیە و خۆیان خزاندوەتە پێگەیەکەوە کە بەشداری قووڵی پرۆسەکانی بڕیاردان و ئاراستەکردنی سبەینێ و ئایندەناسیدا دەکەن.
گۆڤاری ئایندەناسی دەیەوێت بەردی گۆشەیەکی بونیادنانی سبەینێیەکی باشتربێت بۆ تاک و کۆمەڵگەی کوردستان، بە توێژینەوە و بابەتەکانی بەشداربێت لە دنیابینی و خستنەڕووی سیناریۆ و ئایندەکان و پێگە و ئەرکی کوردستان لەو نێوەندەدا ڕوون بکاتەوە، دەیەوێت ڕۆڵی هەبێت لە ڕوونکردنەوەی مەترسی و هەل و هەڕەشەکانی بەردەم و سەر هەرێم و ناوچەکە و جیهان. گۆشەیەکی ئەو پردەش بێت لەنیوان دوێنێ و ئەمڕۆ و ئاراستەکردنی ئایندەی کۆمەڵگەکەیدا بەشداری هەبێت. بەشدار بێت لەوەی خەونە مەزنەکان بکاتە خەمی گشتی و لە چوارچێوەی توێژینەوە و دنیای عەقڵانی و پرۆسەکانی لۆژیکییەکاندا تاوتوێ بکات و گریمانە و سیناریۆ پێویستەکانی بۆ دەستەبەربکات و ئاستەنگەکانیان بخاتەڕوو.
لەبەر ئەم ئامانجانە، گۆڤاری ئایندەناسی دەست بە وەشاندن دەکات، ئەرکی گرنگی دانە بە لێکۆڵینەوەکانی ستراتیژی و ئاییندەیی بە تەوەرێتی و گرنگیدانی بە کوردستان و هەرێمایەتی و دۆخی نێودەوڵەتی پەیوەست بە ناوچەکەوە بە ئامانجی تێگەیشتن لە ئێستا و ئایندەی وەرچەرخانە جیهانیی و هەرێمییەکان و کاریگەرییان لەسەر کوردستان، بواری توێژینەوەی بریتی دەبێت لە سیاسەتڕێژی کورتمەودا و دورمەودای کوردستانی، شرۆڤەی سیاسەتی وڵاتانی هەرێمایەتی، توانای ئێستا و ئایندەیی سەربازیی و سیاسیی وڵاتان، هەل و هەڕەشەکان، توانا و نەرمەهێز و سەختەهێزی هەرێم و هەرێمایەتی، ئاستەنگ و هۆکار و ڕێکارەکانی بە دامەزراوەییکردنی دەزگاکانی سیاسەت، یاسادانان، میریی و توانا بەرگرییەکان…تاد. هەر بابەتێکیشی لە خۆگریی گریمانە و سیناریۆی ئاییندەیی دەبێت. میتۆدی کارپێکراوی توێژینەوەکان بریتی دەبێت لە بەکارهێنانی میتۆدەکانی چەندپسپۆڕێتی (Multidisciplinary ) و نێوپسپۆڕیی (Interdisciplinary)، بە سوودوەرگرتن لە زانست و لێکۆڵینەوە هاوچەرخەکان، لە ڕێگەی بە پشتبەستن بە زانیاریی و ئاماری نوێی ناوچەیی و جیهانی و دەوڵەمەند بە گرافیک و چارت ئاماریی.
• سەروتاری گۆڤاری ئاییندە ناسی كە ژمارە یەكی ( ئایاری 2020) دەرچووە.