• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 10, 2020

ڕێگای ئایندەناسی؛ لە گوتاری مانەوەوە بۆ باشترین مانەوە

د.هەردی مەهدی میکە

ڕیگای ئایندەناسی؛ لە گوتاری مانەوەوە بۆ باشترین مانەوە

د.هەردی مەهدی میکە

بە وردبوونەوە لە مێژووی ئێستا و دوێنێ نزیک و دووری کوردستان و کۆمەڵگە و شوناسەکەی، ڕاستینەیەک بەدیدەکرێت کە “گوتاری مانەوە و ژیانکردن”ی کورد بەهێزییەکی بێوێنەی هەیە و ڕۆڵ و خەباتی بێووچانی بۆ کێشاوە، بەڵام بە هەمان ئەندازەش لە “گوتاری باشتر مانەوە و ژیانێکی باشتر”دا کەمتەرخەمی نواندووە و کایەیەکی کارتیانەکراو و بیرلێنەکراوە بووە بە ڕادەی فەرامۆشکردن، بە جۆرێک لەبری خەونی مەزن و ڕۆڵبینین و خەبات بۆ هەڵبژاردنی ئایندەیەکی باشتر، زۆرتر خۆی تەسلیمی واقیعی داباریوو و داتەپیوو بەسەریدا و گێڕانەوە مێژووییەکانی سەردەستەکان و ڕۆژهەڵاتناسان و ئەوانی دیکە کردووە و لەناو چارەنووسی بۆدیاریکراویدا گوتاری مانەوەی هەڵبژاردووە و کەمتر کاری بۆ گۆڕین و دنیایەکی باشتر کردووە و خۆی بۆ کۆنەکردووەتەوە. ئەوەتا دەبینین سەرەڕای داگیرکردن، چەوساندنەوە، پەتای سیاسیی و سروشتی و ستەمی بەردەوامی دراوسێکانی، بەڵام توانای مانەوە و پارێزگاریی شوناسی کەموێنە بووە، بەڵام هەمانکات لە ناو مێژوویەکی نەخوازراو و پەرتەوازەییەکی سیاسیی و بێکیانیەکی دوورمەودادا گیری خواردووە. ئەڵبەت دەبێت دانی پێدا بنێین کە گوتاری یەکەمی کوردستانیان خاڵی بەهێز و گوتاری دووەمیان خاڵی هەرە لاوازی کۆمەڵگەی ئێمەیە.

“ئایندەکان” بەسەر مرۆڤدا نەباریوون، مرۆڤەکان لە چوارچێوەی ململانێی شوناسەکان و کۆمەڵگەکاندا ئاراستەیان کردوون و دەیانکەنە چارەنووسی خۆیان، مرۆڤ و کۆمەڵگە؛ وەک چۆن ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لەو چالاکی و شارستانێتیانەی لە ڕابردوودا بونیادی ناوە، دەتوانێت لە هەڵبژاردنی ئایندەکانیشدا ڕۆڵی هەبێت، لەوەش گرنگتر دەتوانێت لە تێگەیشتنی باش لە ڕابردوو و ئێستا و جیهانبینیەوە، ئایندەیەکی باشتر فەراهەم بکات. هەر بۆیە مرۆڤ و مرۆڤایەتی وەک چۆن بەرپرسیارە لە مێژووەکەی، ئاوا لە سازاندنی ئایندە و هەڵبژاردنی ئایندەکاندا ڕۆڵ دەگێڕێت و بەرپرسیارە.

لێکۆڵینەوە ئایندەییەکان و بە سوودوەرگرتن لە میتۆدە نێوپسپۆڕییەکان  و چەندپسپۆڕییەکان، بوارێکی فراوان و کاریگەری نێو دنیای تێگەیشتن لە ڕابردوو، ئێستا و ئایندەیان پێکهێناوە، ئەگەرچی لە ئاست بەژن و تەمەنی لێکۆڵێنەوە مرۆییەکان و لێکۆڵینەوە سرووشتییەکاندا، بەژن کورتە، بەڵام لەبەر دوو هۆکار نەتوانرا فەرامۆش بکرێن: یەکەم، بەشدارییەکی کارایان نواند لە فەراهەمکردنی سیناریۆسازیی و ئایندەناسیی (نەک ئایندەبینی و پێشبینی غەیبیانە) بۆ بریاردانی ئەمڕۆیی و چالاکییە ئایندەییەکان و خستنەڕووی هەل و هەڕەشە و بەرچاوڕوونی بۆ دەزگای سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بە تایبەتی و کۆمەڵگە بە گشتی. دووەم لێکۆڵینەوە ئایندەییەکان لەسەر باڵای  بە ئەزموونی زانست و لێکۆڵینەوەکانی دی گەشەیان کرد و لەسەرشانی ئەوان دانیشتن، بەمەش باڵا و دنیابینیان ئاسۆی فراوانتر و ڕوونترە بۆ تێگەیشتن لە گریمانەکردنی هەل و مەترسیی و ئایندەی شارستانێت و کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی، بەوپێیەی لێکۆڵێنەوەکانی ئایندەناسی لێکۆڵینەوەکانی پێشتر و پسپۆڕییەکانی دیکەی فەرامۆش ناکەن و بە تێئاخنینی ئەزموون و میتۆدەکانی وان و چەند ڕەهەندکردنی ڕووماڵەکانی کێڵگەکانی توێژینەوەی بە لێکۆڵینەوە مرۆیی و سرووشتییەکان وەک زانستەکانی دیکە یەک ڕەهەند و جیا نەمایەوە و پێکەوە لە کەشکۆڵێکدا بۆ تێگەیشتن، جیهانی ڕابردوو و ئێستایان بە ئایندەناسییەوە گرێدا و تێکەڵ کرد. بەمشێوەیە بوو هەرزوو دنیای نوێی لێکۆڵینەوەکان و ئەو دەزگا و دەوڵەتانەی پێویستیان بە تێگەیشتن بوو لە ئایندەدا و دەیانەویست دنیایەکی باشتر بونیاد بنێن، نەیانتوانی فەرامۆشیان بکەن و ئێستا لێکۆڵینەوەکانی ئایندە بەشداری کاران لە هۆبەکانی بڕیاری ستراتیژی، سیاسەت و سیاسەتمەدار و مەتبەخی سیاسەت و ئابووری و ..تاد دا پێگەی کاریگەریان هەیە و خۆیان خزاندوەتە پێگەیەکەوە کە بەشداری قووڵی پرۆسەکانی بڕیاردان و ئاراستەکردنی سبەینێ و ئایندەناسیدا دەکەن.

گۆڤاری ئایندەناسی دەیەوێت بەردی گۆشەیەکی بونیادنانی سبەینێیەکی باشتربێت بۆ تاک و کۆمەڵگەی کوردستان، بە توێژینەوە و بابەتەکانی بەشداربێت لە دنیابینی و خستنەڕووی سیناریۆ و ئایندەکان و پێگە و ئەرکی کوردستان لەو نێوەندەدا ڕوون بکاتەوە، دەیەوێت ڕۆڵی هەبێت لە ڕوونکردنەوەی مەترسی و هەل و هەڕەشەکانی بەردەم و سەر هەرێم و ناوچەکە و جیهان. گۆشەیەکی ئەو پردەش بێت لەنیوان دوێنێ و ئەمڕۆ و ئاراستەکردنی ئایندەی کۆمەڵگەکەیدا بەشداری هەبێت. بەشدار بێت لەوەی خەونە مەزنەکان بکاتە خەمی گشتی و لە چوارچێوەی توێژینەوە و دنیای عەقڵانی و پرۆسەکانی لۆژیکییەکاندا تاوتوێ بکات و گریمانە و سیناریۆ پێویستەکانی بۆ دەستەبەربکات و ئاستەنگەکانیان بخاتەڕوو.

لەبەر ئەم ئامانجانە، گۆڤاری ئایندەناسی دەست بە وەشاندن دەکات، ئەرکی گرنگی دانە بە لێکۆڵینەوەکانی ستراتیژی و ئاییندەیی بە تەوەرێتی و گرنگیدانی بە کوردستان و هەرێمایەتی و دۆخی نێودەوڵەتی پەیوەست بە ناوچەکەوە بە ئامانجی تێگەیشتن لە ئێستا و ئایندەی وەرچەرخانە جیهانیی و هەرێمییەکان و کاریگەرییان لەسەر کوردستان، بواری توێژینەوەی بریتی دەبێت لە سیاسەتڕێژی کورتمەودا و دورمەودای کوردستانی، شرۆڤەی سیاسەتی وڵاتانی هەرێمایەتی، توانای ئێستا و ئایندەیی سەربازیی و سیاسیی وڵاتان، هەل و هەڕەشەکان، توانا و نەرمەهێز و سەختەهێزی هەرێم و هەرێمایەتی، ئاستەنگ و هۆکار و ڕێکارەکانی بە دامەزراوەییکردنی دەزگاکانی سیاسەت، یاسادانان، میریی و توانا بەرگرییەکان…تاد. هەر بابەتێکیشی لە خۆگریی گریمانە و سیناریۆی ئاییندەیی دەبێت. میتۆدی کارپێکراوی توێژینەوەکان بریتی دەبێت لە بەکارهێنانی میتۆدەکانی چەندپسپۆڕێتی (Multidisciplinary ) و نێوپسپۆڕیی (Interdisciplinary)، بە سوودوەرگرتن لە زانست و لێکۆڵینەوە هاوچەرخەکان، لە ڕێگەی بە پشتبەستن بە زانیاریی و ئاماری نوێی ناوچەیی و جیهانی و دەوڵەمەند بە گرافیک و چارت ئاماریی.

 

Send this to a friend