• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 23, 2024

(١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)؛ شەوی یەکلاییبوونەوەی ململانێی ئیسلامی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی لە تورکیا

ئایهان جەسور

ئەحمەد سیروانی

پوختە

(١٥)ی تەمموزی (٢٠٢٤)، هەشت ساڵ بە سەر هەوڵێکی شکستخواردووی ئەنجامدانی کودەتا لە تورکیا تێدەپەڕێت.

هەوڵێک بە کوژرانی (٢٥٢) کەس‌و برینداربوونی (٢) هەزارو (٧٣٥) کەس‌و بۆمببارانی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو وڵاتەو چەند دامەزراوەیەکی مەدەنی‌و سەربازی بە خوێناوترین هەوڵی کودەتای شکستخواردوو لە مێژووی تورکیادا تۆمارکرا.

ئەو کودەتایەی کە پلانداڕێژەرانی بڕیاریاندابوو لە کاژێر (٣)ی بەرەبەیانی (١٦)ی تەمموزی (٢٠١٦) بیکەن، بە هۆی ئاشکرابوونی پێشوەختی پلانەکەیان‌و ئاگاداربوونەوەی هاکان فیدان؛ سەرۆکی ئەو کاتەی دەزگای هەواڵگری (میت)و خلوسی ئاکار؛ سەرۆکی گشتیی ئەو کاتەی ئەرکانی سوپا، بە ناچاری (٦) کاژێر پێش کاتی دیاریکراو کودەتاکەیان لە کاژێر (٩)ی شەوی (١٥) لە سەر (١٦)ی تەمموزی (٢٠١٦) دەستپێکرد.

دوای هەشت ساڵ لەو هەوڵە شکستخواردووە کاریگەری‌و ئەنجام‌و کاردانەوەکانی هەتا ئێستایش بەردەوامە. ئەگەر هەوڵی کودەتاکە زەبرێکی کوشندە بووبێت بۆ تورکیا، ئەوا دەرفەتێکی باش بوو بۆ پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی)و خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، تاوەکودۆست‌و نەیاری تورکیاو ئاکەپەو تەنانەت خودی خۆیشی لە ناوخۆو دەرەوەی وڵات بۆ دەربکەوێت.

ئەمە جگە لەوەی هەلێکی زێڕینی بەخشی بە ئەردۆگان‌و پارتەکەی بۆ پاکتاوکردنی نەیارەکانی، بە تایبەت لایەنگرانی پەکەکە، پەیەدە، هەدەپە، دەمپارتی‌و لە سەرووی هەموویانەوە گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، وەک ئاڵا_هەڵگری بەرەی ئیسلامی کۆمەڵایەتی، ماوەیەکی زۆر بوو کەوتبووە ململانێیەکی ئێسک_شکێن لەگەڵ بەرەی ئیسلامی سیاسی بە ڕابەری ئەردۆگان‌و ئاکپارتی.

ئەگەر گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، کە لە دوای کودەتاکەوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە وەک “گرووپی تیرۆریستیی فەتحوڵڵا گیولەن” (فەتۆ) (Fethullahçı Terör Örgütü) (FETÖ) دەناسێنرێت، بە ڕاستی بکەری هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) بووبێتن، یاخود سیناریۆیەکی ئەردۆگان‌و دارودەستەکەی بووبێت، ئەوا دەرفەتێکی زۆر باشی پێشکەش بە ئەردۆگان کرد، بۆئەوەی لە سایەی دوو ساڵ باری نائاسایی‌و بڕیار لە بریی یاسا (کاهێکا)دا، سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی تورکیا بەو جۆرەی خۆی دەیەوێت، دابڕێژێتەوە.

کودەتا لە تورکیا

دەستەواژەی کودەتا لە تورکیا جیاواز لە هەر وڵاتێکی دیکە واتای جۆراوجۆری هەیە. کودەتا (Darbe) هەوڵێکە بۆ ڕوخاندن‌و گۆڕینی حکومەت بە بەکارهێنانی هێزی ڕەق‌و توندو چەک لەلایەن سوپا یاخود گرووپێک بە پشتیوانیی سوپا. وەک کودەتای سەربازیی (٢٧)ی مایسی (١٩٦٠) لە تورکیا، بەڵام هۆشداری (Muhtra) جیاوازە لە کودەتا، هۆشداری لەلایەن سوپاوە وەک بەیاننامەیەک ئاڕاستەی حکومەت دەکرێت‌و ئاگاداردەکرێتەوە لە “هەڵەو کارە چەوتەکانی‌و لادانی لە بنەما سەرەکییەکانی پێکهاتەی دەوڵەت‌و دەستوور”. وەک هۆشداریی (١٢)ی مارتی (١٩٧١). ئەم هۆشدارییەی سوپا خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە سوکایەتی‌و بەکەمتەماشاکردنی حکومەت‌و ئاگادارکردنەوەی، لە ئەگەری ڕاستنەکردنەوەی هەڵەو چەوتییەکانیدا بە زەبری هێزو چەک (کودەتا) دەسەڵاتی لێدەسەنرێتەوەو سزایشدەدرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێک جار خودی هۆشدارییەکەی سوپا دەبێتە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت بە ڕەزامەندیی خۆی یاخود بە ناچاری، وەک کودەتای پۆست مۆدێرنی (٢٨)ی شوباتی (١٩٩٧).(١)

مێژووی ئەنجامدانی کودەتا لە تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەیەم‌و کاتی فەرمانڕەوایی عوسمانییەکان. یەکەم هەوڵی کودەتا لە (٢٠)ی مایسی (١٦٢٢) بە ناوی “ڕوداوی عوسمانی گەنج”ەوە تۆمارکراوە. لە (٢٨)ی ئەیلوولی (١٧٣٠) هەستانەوە یاخود یاخیبوونێک بە ناونیشانی “هەستانەوەی خەلیل پاترۆن” لە مێژوودا تۆمارکراوە. یاخیبوونی مستەفا کاباکچی لە (٢٧)ی مایسی (١٨٠٧)، ڕوداوی کولەلی لە (١٤)ی ئەیلوولی (١٨٥٩)، لابردنی سوڵتان عەبدولعەزیز لە سەر تەختی سوڵتانی لە (٣٠)ی مایسی (١٨٧٦)، مەشروتیەتی دووەم لە (٢٤)ی تەمموزی (١٩٠٨)، ڕوداوی (١٣)ی نیسانی (١٩٠٩)، ڕاگەیەنراوی هالاسکار زابیتان لە (١٦)ی تەمموزی (١٩١٢)، گوشاری بابی عالی لە (٢٣)ی کانوونی دووەمی (١٩١٣)، ئەو ڕوداوانەن لە مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا بە جۆرێک لە جۆرەکان تایبەتمەندیی کودەتایان وەرگرتووە.

سەبارەت بە مێژووی نوێ‌و هاوچەرخ‌و سەردەمی کۆماری نوێی تورکیا، هەریەک لە کودەتای سەربازیی (٢٧)ی مایسی (١٩٦٠)، هۆشداریی (١٢)ی مارتی (١٩٧١)، کودەتای سەربازیی (١٢)ی ئەیلوولی (١٩٨٠)، کودەتای پۆست_مۆدێرنی (٢٨)ی شوباتی (١٩٩٧)، هۆشداریی ئەلیکترۆنی (٢٧)ی نیسانی (٢٠٠٧)، کە لە سایتی فەرمیی سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپاوە بڵاوکرایەوە، بە جۆرێک لە کودەتا یاخود هۆشداریی سوپا بۆ حکومەت ئەژماردەکرێت.

ئەوەی کە بووە بە خاڵی بەهێزو پشتیوانییەکی دەستووری‌و یاسایی بۆ سوپای تورکیا لە کودەتاو دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات، بریتی بووە لە ماددەی (٣٥)ی یاسای خزمەتی ناوخۆیی هێزە چەکدارەکانی تورکیا. بە گوێرەی ماددەی (٣٥)ی یاساکە، ئەرکی هێزە چەکدارەکانی تورکیا (سوپا) بریتییە لە پاراستنی کۆماری تورکیا، کە بە گوێرەی خاک‌و دەستووری تورکیا وڵات بەڕێوەدەبات. لە هەمان کاتدا پاراستنی وڵات لە دوژمنی ناوخۆیی (گرووپە دواکەوتووەکان، کۆمۆنیزم‌و هاوشێوەکانیان). لەو ماددەیەدا مەبەست لە دەستەواژەی دواکەوتووەکان ئیسلامییەکانە. جگە لەوەیش، دانانی دەستەواژەی هاوشێوەکانیان لە ماددەی (٣٥)دا دەستی سوپای تورکیای ئاوەڵاکردووە لە وێناکردنی هەر گرووپ‌و حیزبێک لە تورکیادا، بە هاوشێوەی “دواکەوتووەکان‌و کۆمۆنیزم”، بەڵام لە ساڵی (٢٠١٣) لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە هەمواری یاسای خزمەتی ناوخۆیی هێزە چەکدارەکان کراو لەو چوارچێوەیشدا ماددەی (٣٥) بەم جۆرە داڕێژرایەوە: “ئەرکی هێزە چەکدارەکانی تورکیا بریتییە لە پاراستنی خاکی تورکیا لە هێرشی دەرەکی، ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن لە دەرەوەی خاکی تورکیا بە بڕیاری پەرلەمان‌و دەستەبەرکردنی ئاشتیی نێودەوڵەتی.” بەم جۆرە دەستەواژەی “پاراستنی وڵات لە دوژمنی ناوخۆیی گرووپە دواکەوتووەکان‌و کۆمۆنیزم‌و هاوشێوەکانیان” لە ماددەی (٣٥)ی یاساکەدا لابرا.(٢)

سەرەڕای نەمانی بەهانەیەکی یاسایی‌و دەستووری بە دەست سوپای تورکیاوە، بەڵام لە (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) جارێکی دیکە هەوڵی کودەتا درا، بەڵام جیاواز لە کودەتاکانی دیکە، ئەمەیان بە ڕابەرایەتی‌و فەرمانی پیاوانی ئایینی کرا.

کودەتای (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) چۆن ڕویدا؟(٣)

ئەو کودەتایەی کە حکومەتی تورکیا ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گیولەن (فەتۆ) (Fethullahçı Terör Örgütü) (FETÖ) و پێکهاتەی دەوڵەتی هاوتەریب (پەیەدە) (Paralel Devlet Yapılanması) (PYD) بە بکەری تۆمەتباردەکات، دوای نیوەڕۆی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) دەستیپێکرد.

ڕۆژی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)، کاژێر (٤:١٦) خولەکی عەسر، ئەفسەرێک لە فەرماندەیی زەمینی لە ئەنقەرەوە خۆی گەیاندە بینای دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا (میت)و هەواڵی پلانی هێرشێک لەلایەن ژمارەیەک لە سەربازانی فەرماندەییەکەی کە سەر بە ڕێکخراوی فەتۆ بوون بۆ سەر بینای میت، بە ئامانجی دەستگیرکردنی هاکان فیدان؛ سەرۆکی ئەو کاتەی میت، بە بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی ڕاگەیاند. دەستبەجێ فیدان تەلەفۆندەکات بۆ لیوا یەشار گیولەر؛ یاریدەدەری دووەمی ئەو کاتەی سەرۆکی گشتیی ئەرکانی سوپای تورکیاو وەزیری بەرگریی ئێستا لە کابینەکەی ئەردۆگانداو زانیاریی دەربارەی بابەتەکە پێدەدات.

کاژێر (٥:٣٢) خولەکی ئێوارە هاکان فیدان یاریدەدرێکی خۆی دەنێرێت بۆ سەرۆکایەتیی گشتی ئەرکانی سوپاو زانیاریی ورد دەدات بە یاریدەدەری دووەمی سەرۆکی گشتی ئەرکانی سوپا. گیولەر دەستبەجێ فەریقی یەکەم خلوسی ئاکار؛ سەرۆکی گشتی ئەو کاتەی ئەرکانی سوپاو وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە لە کابینەی پێشووی حکومەتی ئەردۆگان‌و ئەندامی پەرلەمانی ئێستای ئاکپارتی لە وردەکاریی پلانەکە ئاگاداردەکاتەوەو لە هەمان کاتدا گیولەر هاکان فیدان بانگهێشتدەکات بۆ بینای سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپا.

کاژێر (٦:١٠) خولەکی ئێوارە، کاتێک سەرۆکی میت دەڕوات بۆ بینای سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپا، لە ڕێگەی عەمیدێکی پلەبەرزەوە ئاگاداردەکرێتەوە کە پلانەکە زۆر لەوە گەورەترو مەترسیدارترە کە تەنها لە دەستگیکردنی هاکان فیداندا بوەستێت.

کاژێر (٦:٣٠) خولەکی ئێوارە، خلوسی ئاکار تەلەفۆنی بۆ ناوەندی جوڵەپێکردنی هێزە چەکدارەکانی تورکیا کردو فەرمانیپێکردن ئەو فڕۆکەو هەلیکۆپتەرانەی بە ئاسمانەوەن، بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.

کاژێر (٧:٢٦) خولەکی ئێوارە، هاکان فیدان پەیوەندیی بە خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆمارەوە دەکات، کە لە قەزای مارماریس لە نزیک پارێزگای ئەنتالیا بووە، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نابێت. پاشان پەیوەندی بە بەرپرسی پاسەوانەکانیەوە دەکات‌و هەواڵی دۆخی ئەمنیی سەرۆککۆمار دەپرسێت‌و داوای دڵنیایی لێدەکات لە سەلامەتی ‌تەندروستیی ناوبراو.

کاژێر (٨:٢٢) خولەکی شەو، هاکان فیدان سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپا بەجێدەهێڵێت. کاژێر (٨:٢٣) خولەک، (٣٣) کارمەندی هێزی تایبەت لە فەرماندەیی چوارەمی ئاکنجییەوە بەرەو سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپا جوڵەیانپێکرا.

لەبەرئەوەی پلان وا بووە کاژێر (٣)ی بەرەبەیانى (١٦)ی تەمموز کودەتاکە دەستپێبکات، بۆیە فەریق ڕوکن مەهمەت دیشلی؛ بەرێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ستراتیژی لە سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپا، کە یەکێک بووە لە بکەرانی هەوڵە شکستخواردووەکەی کودەتا، پێش تەواوبوونی دەوامی لە (١٥)ی تەمموزدا، گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە. ناچار مەهمەت دیشلی لە کاژێر (٨:٤٦) خولەکی شەو، بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپا.

مەهمەت دیشلی کاژێر (٩)ی شەو دەڕوات بۆ ژووری فەریقی یەکەم خلوسی ئاکارو پێیدەڵێت: “فەرماندەم، کەمێکی تر ئۆپراسیۆن دەستپێدەکات، هەر کەس دەستگیردەکرێت، لیواو فەرماندەکانی دیکەیش بەڕێوەن بۆ ئێرە، کەمێکی دیکە هەموو شتێک دەبینیت.”

بەم جۆرە یەکەم زانیاریی کودەتا لەلایەن کودەتاچییەکانەوە دەگاتە باڵی کودەتابەسەرکراوەکاندا. لە بەرانبەردا ئاکار کاردانەوەی توندی هەبووەو بە مەهمەت دیشلیی ڕاگەیاندووە کە بە هیچ جۆرێک پشتیوانیی هەوڵەکەیان ناکات. دیشلی لە بریی پاشگەزبوونەوە، دەچێتەدەرەوەو فەرمان بەو تیمە دەکات کە پێشوو ئامادەیکردبوو بۆ دەستبەسەرکردنی خلوسی ئاکار.

کاژێر (١٠:٥) خولەکی شەو، ئەو فڕۆکانەی لە ژێر دەستی سەربازە کودەتاچییەکاندا بوو، کەمێک بە نزمی بە سەر ئاسمانی ئەنقەرەدا فڕین.

کاژێر (١٠:١٠) خولەکی شەو، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی پردی گەروو (Boğaziçi Köprüsü) لە ئەستەنبوڵ، لەلایەن فەرماندەییەکی سەر بە کودەتاچییەکانەوە ڕێگەی پردەکە بە ڕووی ئۆتۆمبێلدا داخرا.

کاژێر (١٠:٣٠) خولەکی شەو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش بۆ بەجێهێنانی ئەرکی کتوپڕ تەواوی کارمەندانی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانیان بانگکردەوە.

کاژێر (١٠:٣٥) خولەکی شەو، فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ لەلایەن کودەتاچییەکانەوە کۆنترۆڵکرا.

کاژێر (١١:١٠) خولەکی شەو، بینالی یەڵدرم؛ سەرۆک وەزیری ئەوکاتەی تورکیا، ڕوداوەکانی وەک “هەوڵی کودەتا لەلایەن گرووپێکی ناو سوپای تورکیاوە، کە سنووری دەسەڵاتی خۆیانیان بەزاندووە”، ڕاگەیاند.

هەرچەندە لە کاژێر (١١:٢٥) خولەکی شەودا، کودەتاچییەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان لە تەواوی تورکیادا داخست، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم تۆڕەکان کرانەوە.

کاژێر (١١:٣٧) خولەکی شەو فەریقی یەکەم یاشار گیولەر؛ جێگری دووەمی سەرۆکی گشتیی ئەرکانی سوپا، لەلایەن جەمیل تورهان‌و دوو کارمەندی هێزی تایبەتەوە بە دەستبەستراوی‌و بە هەلیکۆپتەر ڕەوانەی بنکەی فڕۆکەوانیی ئاکنجی کرا.

کاژێر (١١:٤٤) خولەکی شەو، لە گرووپێکی وەتسئەپ بە ناوی “ئاشتی لە نیشتیماندا”، کە تایبەت بووە بە کودەتاچییەکان، نامەیەک بڵاوکراوەتەوەو تێیدا نوسراوە: “پێویستە هێرشبکەینەسەر کڵەبی دەریایی مۆدەی ئەستەنبوڵ، لەوێدا ژمارەیەک ژەنەڕاڵ هەیە، دەستگیردەکرێن.”

کاژێر (١١:٤٥) خولەکی شەو، کودەتاچییەکان لە ڕێگەی ئیمەیڵێکی تایبەتییەوە، کە ئەوان‌و ژمارەیەک ڕۆژنامەوانی پێکەوە بەستووەتەوە، کە متمانەیان پێیان هەبووە، پەیامی “دۆخەکە بە تەواوی کۆنترۆڵکراوە” نێردرا.

کاژێر (١١:٥٠) خولەکی شەو، لە هەر چوار لای ئەنقەرەوە دەنگی تەقینەوەی زۆر بەرز بیسترا، هاوڵاتیان وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە هەوڵی کودەتاکە ڕژانەسەر شەقامەکان.

کاژێر (١٢:٤) خولەکی شەو، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، یەکەم ڕوونکردنەوەی بڵاوکردەوە.

کاژێر (١٢:١٥) خولەکی شەو، سەربازە کودەتاچییەکان ڕۆیشتنەناو بینای ڕادیۆو تەلەفزیۆنی فەرمیی دەوڵەتی تورکیاوە (TRT)و لە پەخشی ڕاستەوخۆدا ڕاگەیەنراوێکیان بە ناوی ئەنجومەنی ئاشتی لە نیشتیمانەوە (Yurtta Sulh Konseyi) بە پێشکەشکاری کەناڵەکە؛ تیژەن کاراشا، خوێندەوە.(٤)

کاژێر (١٢:٢٤) خولەکی شەو، ئەردۆگان لە تەلەفزیۆنی (CNNTÜRK)ەوە، لە ڕێگەی (Facetime)ەوە بەشداری لە گەشتی هەواڵەکاندا دەکات‌و داوای لە هاوڵاتیان کرد بڕژێنە مەیدان‌و سەر شەقامەکان‌و بەرەو فڕۆکەخانەو ناوەندە ستراتیژییەکانی دەوڵەت لە شارەکان بڕۆن‌و جەختی لەوە کردەوە کە “تاوەکو ئێستا هیچ هێزێکم جگە لە هێزی گەل نەناسیوەو لەمەودوایش هەر وا دەبم.”(٥) ئەمە گرنگترین گوتەی ئەردۆگان بوو لەو بەرنامەیەدا، کە خەڵکی زیاتر هاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کودەتاچییەکان.

کاژێر (١٢:٣٣) خولەکی شەو، بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی سەرەوەیان، دوو فڕۆکەی جۆری (F16) لە بنکەی ئاسمانیی ئاکنجییەوە هەڵفڕین.

کاژێر (١)ی شەو، لەلایەن داواکاری گشتیی کوچوکچەکمەجەوە لە ئەستەنبوڵ پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو کەسانە کرایەوە کە هەوڵی کودەتایان داوەو بڕیاری دەستبەسەرکردنیان دەرکرا.

کاژێر (١:١٠) خولەکی شەو، هەلیکۆپتەرێک هێرشیکردەسەر کۆمەڵەی پەخشی ئاسمانیی تورکسات.

کاژێر (١:١٣) خولەکی شەو، ئەو فڕۆکەیەی لیوا سەمیح تەرزی فەرماندەی هێزی تایبەتی لە ئامەد هێنابوو، لە فڕۆکەخانەی ئەنقەرە نیشتەوە. لە کاتێکدا سەمیح تەرزی هەوڵیداوە دەستبگرێت بە سەر بینای هێزە تایبەتەکاندا لە ئەنقەرە، لەلایەن جێگری ئەفسەر عومەر خالیس دەمیرەوە تەقەیلێکراو دەستبەجێ گیانیلەدەستدا. لە هەمان کاتدا عومەر خالیس دەمیر هەر لەو شوێنەی تەقەی لە سەمیح تەرزی کردووە، لەلایەن کودەتاچییەکانی دیکەوە دەدرێتەبەر دەستڕێژی گوللەو دەکوژرێت. کوشتنی سەمیح تەرزی لەلایەن عومەر خالیس دەمیرەوە بە یەکەم هەنگاوی شکستی کودەتاکە دادەنرێت.

کاژێر (١:٢١) خولەکی شەو، سولەیمان سۆیڵو؛ وەزیری ناوخۆی ئەوکاتەو پەرلەمانتاری ئێستای ئاکپارتی، کودەتاچییەکانی وەک “چەتە” ناوبردو ڕایگەیاند کە سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپا، هێزە چەکدارەکانی تورکیاو پۆلیس ڕووبەڕووی هەوڵی کودەتاکە بوونەتەوە.

کاژێر (١:٤٠) خولەکی شەو، تەقە لە ئەو خۆپیشاندەرانە کرا کە هەوڵیاندەدا لە پردی گەروو لە ئەستەنبوڵ بپەڕنەوە. کاژێر (١:٤٥) خولەکی شەو، لە مزگەوتەکانەوە پێش بانگی بەیانی لەگەڵ خوێندنی قورئان‌و سڵاوات، داوا لە خەڵکی دەکرا دژی کودەتاکە بڕژێنەسەر شەقامەکان.

کاژێر (٢:٢١) خولەکی شەو، ئەو هەلیکۆپتەرەی کە هێرشیکردەسەر بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەنقەرەو بە هۆیەوە (١٧) پۆلیس کوژران، لە ناوچەی گیۆل باشی دەرەوەی ئەنقەرە خرایەخوارەوە.

کاژێر (٢:٢٥) خولەکی شەو، بە هۆی زۆربوونی بەردەوامی ژمارەی هاوڵاتیانەوە لە مەیدانی تەقسیم لە ناوەڕاستی ئەستەنبوڵ، ئەو تیمە سەربازییەی لەو مەیدانەدا جێگیرکرابوون، دەستیانکرد بە تەقەکردن بە سەر خۆپیشاندەراندا.

کاژێر (٢:٥٠) خولەکی شەو، فڕۆکەی (F16)و هەلیکۆپتەرەکان هێرشیان بۆ سەر بینای پەرلەمان دەستپێکرد. (٤) بۆمب ئاڕاستەی دەرگای دەرەوەی بینای پەرلەمان کرا، ڕۆژنامەوان‌و پەرلەمانتاران خۆیان خزاندە پەناگەکانی بینای پەرلەمانەوە.

کاژێر (٣)ی شەو، ئەو سەربازو بەرپرسە سەربازییانەی هەوڵیاندا دەست بە سەر بیناو پەخشی (TRT)دا بگرن، لەلایەن پۆلیس‌و هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا، بەم جۆرە پەخشی (TRT) کەوتەوە دەستی بەرەی ئەردۆگان‌و حکومەت.

کاژێر (٣:١٤) خولەکی شەو، لەلایەن فڕۆکەکانی ژێردەستی کودەتاچییەکانەوە وێستگەی کۆمەڵەی پەخشی ئاسمانیی تورکسات لە ناوچەی گیۆل باشی لە ئەنقەرە بە (٤) بۆمبی (MK-82) هێرشیکرایەسەر.

کاژێر (٣:٢٠) خولەکی شەو، ئەو فڕۆکانەی لە ژێر کۆنترۆڵی کودەتاچییەکاندا بوون، لە ئەستەنبوڵ بە نزمی دەستیانکرد بە فڕین.

کاژێر (٣:٣٠) خولەکی شەو، لەلایەن کودەتاچییەکانەوە هێرشکرایەسەر دامەزراوەی میدیایی دۆغان‌و پەخشی کەناڵی تەلەفزیۆنیی (CNNTÜRK) ڕاگیرا.

کاژێر (٤)ی بەرەبەیانی (١٦)ی تەمموز، لە پێناوی پاراستنی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆک کۆماری تورکیادا، لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی کودەتاچییەکان، بە فڕۆکەی گەشتیاری هات بۆ ئەستەنبوڵ.

ئەردۆگان دوای دابەزینی لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک بەرانبەر بە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان، کە بەدەمیەوەهاتبوون، ڕایگەیاند: “ئەوەی ڕویداوە، لە یاسا دەرچوون‌و یاخیبوونە، خیانەتە، جوڵەیەکە بۆ خیانەت لە نیشتیمان، سزای ئەو جۆرە کارانە زۆر قورس دەبێت.”

کاژێر (٥)ی بەرەبەیان، داواکاری گشتیی باکرکۆی لە ئەستەنبوڵ‌و داواکاری گشتیی ئەنقەرە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ئەو کەسانە کردەوە کە پلانیان بۆ کودەتاکە دانابوو، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردو بڕیاری دەستبەسەرکردنی گومانلێکراوان دەرکرا.

کاژێر (٦:٢٦) خولەکی بەیانی، دوکەڵ لە دەوروبەری بینای نوێی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە بەرزبووەوە.

کاژێر (٦:٤٢) خولەکی بەیانی، ئەو سەربازە کودەتاچییانەی کە پردی سەر گەرووی بۆسفۆڕیان لە ئەستەنبوڵ گرتبوو، ڕادەستی هاوڵاتیان بوون.

کاژێر (٧:٥٢) خولەکی بەیانی، دەبابەیەک لە بینای سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپا لە ئەنقەرە دەردەچێت‌و تەقە لەو زیل‌و بارهەڵگرە سەربازییانە دەکات کە ڕێگری لە سەر شەقامەکان دروستدەکەن.

کاژێر (١١:١) خولەکی پێش نیوەڕۆی (١٦)ی تەمموز، فەریقی یەکەم ئومیت دوندار؛ یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئەرکانی سوپا، ڕایگەیاند: “لە چوارچێوەی یەکگرتوویی‌و پێکەوەیی سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، وەزیرەکان، پەرلەمانتاران‌و هێزە چەکدارەکان پێکەوەو لە پێناوی بەرگری لە دیموکراسی‌و یاسادا، ڕێگە لە هەوڵی کودەتا گیرا.”

ئامارەکان

لە سەرەتای کودەتاکەوە تاوەکو بەرەبەیانی (١٦)ی تەمموز، (١٨٥) هاوڵاتیی مەدەنی، (٦٣) پۆلیس‌و (٤) سەرباز، بە کۆیگشتی (٢٥٢) کەس کوژران‌و (٢) هەزارو (٧٣٥) کەس برینداربوون.(٦)

بە گوێرەی ئاماری دەزگا فەرمییەکانی تورکیا بە هۆی هەوڵی کودەتاکە، ئەو وڵاتە (٣٥٠) ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە. لە ئاستی داهاتی تاکەکەسیشدا هەر هاوڵاتییەکی تورکیا (٢) هەزار دۆلار زیانی بەرکەوتووە. لە لایەکی دیکەوە کودەتاکە بووە هۆی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بە ڕێژەی (٥٪)، بە جۆرێک بەهای دۆلارێک پێش کودەتاکە لە (٢.٨٧) لیرەوە بۆ دوای کودەتاکە بەرزبووەوە بۆ (٣) لیرە.(٧)

لە کاتێکدا پیشەسازیی تورکیا لە مانگی حوزەیرانی (٢٠١٦) هەتا ئاستی (١٧.٤) پلە بەرزبووبووەوە، لە کۆتایی تەمموزی هەمان ساڵدا ڕێژەی گەشەی پیشەسازیی ئەو وڵاتە دابەزی بۆ (٨٦.٩)، لە لایەکی دیکەوە هەناردەی تورکیا لە کۆتایی مانگی تەمموزی (٢٠١٦) بەراورد بە هەمان مانگ لە ساڵی (٢٠١٥)، بە ڕێژەی (١١.٥٪) دابەزینی بەخۆیەوەبینی، هەروەها هاوردەی تورکیایش لە دەرەوە بە ڕێژەی (١٩.٤٪) دابەزی. لە کاتێکدا تاوەکو چارەکی دووەمی (٢٠١٦) ئابووریی تورکیا بە ڕێژەی (٤.٧٪) گەشەی بەخۆیەوەبینیبوو، بەڵام لە چارەکی سێیەمی هەمان ساڵدا لە بریی گەشەی زیاتر، ئابووریی ئەو وڵاتە بە ڕێژەی (٠.٢٪) دابەزی. هەرچەندە ڕێژەی سوودی قەرزی بانکی تاوەکو (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) هەتا ڕێژەی (٨٪) دابەزێنرا، بەڵام دوای کودەتاکە هەتاوەکو مانگەکانی سەرەتای (٢٠١٨) سوودی قەرزی بانکی هەتا (٢٤٪) بەرزبووەوە.(٨) پاش هەوڵێکی زۆری حکومەت‌و بانکی ناوەندی، دووبارە ڕێژەی سوودی قەرزی بانکی بۆ یەکخانەیی دابەزێنرا، بەڵام ئەم کارە بە قوربانیدانی زۆرو شکانی بەهای لیرەی تورکی، بە جۆرێک لە مێژوودا شکانی بەو جۆرەی بەخۆیەوەنەبینیوە، بەدیهات.

کودەتاچییەکان‌و حکومەت

گرووپی فەتۆ قۆناغ بە قۆناغ دەستیانپێکرد. لە شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە فەتحوڵڵا گیولەن خۆی لە شاری ئیزمیرەوە بە بانگەوازی ئایینی دەستیپێکرد. لە حەفتاکانەوە بانگەوازی ئایینییان لە مزگەوتەکانەوە هێنایەدەرەوە بۆ ناو دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت‌و کۆمەڵگە. لە هەشتاکانەوە هاتنەناو کایەی پەروەردەو میدیاوە. بە جۆرێک کەسایەتییەکی وەک یاسین ئاکتای؛ ئەندامی سەرکردایەتیی ئاکپارتی، گوتوویەتی: “کاتێک بەئاگاهاتینەوە، بینیمان سەرجەم ئەو میدیایانەی لە تورکیاوە بە زمانی نەتەوەکانی دەرەوەی تورکیا پەخشدەکەن، لە دەستی فەتۆدا بووە.” لە نەوەدەکانەوە گرووپی فەتۆ هاتنەناو کایەی ئابووری‌و بازاڕەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستویەکەمەوە دەستیان گەیاندە دەوڵەمەندو بازرگانەکان. لە دەیەی دووەمی سەدەی بیستویەکەمەوە بە تەواوی هەوڵی چوونەناو سیاسەتیان داوە، ساڵی (٢٠١١) فەتحوڵڵا گیولەن لە ڕێگەی ناردنی لیستێکی تایبەت بۆ ئەردۆگان، کە تێیدا ناوی ئەو کەسانەی دیاریکردبوو کە پێویستە لە هەڵبژاردنەکاندا لە سەر لیستی ئاکپارتی کاندیدبکرێن بۆ پەرلەمان، ئەردۆگان بە تەواوی تێگەیشت لە نیەتی فەتۆو هاتنەناو کایەی سیاسەتەوە.

سەرهەڵدانی ململانێی حکومەت بە سەرۆکایەتیی ئەردۆگان‌و ئاکپارتی لەگەڵ گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی (٢٠٠٨) بە دواوە، ئەمەیش ئەنجامی هاوکارییەکی لەڕادەبەدەری گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن بوو بۆ ئاکپارتی لە بواری ئایینی، کۆمەڵایەتی‌و پەروەردەیی بەرانبەر بە خزمەت‌و هاوکارییەکانی ئاکپارتی لە حیزب‌و حکومەتدا لە ڕووی سیاسی‌و ئابوورییەوە بۆ گرووپی فەتۆ، کە لە ژماردن نایەت، واتە فەتحوڵڵا گیولەن بووبوو بە باڵی ئایینی، کۆمەڵایەتی‌و پەروەردەیی ئاکپارتی‌و حیزبەکەی ئەردۆگانیش بووبوو بە باڵی سیاسیی گرووپی خزمەت،بەڵام ئەم برایەتی‌‌و خۆشەویستی‌و پشتیوانییە نزیکەی (١٠) ساڵێک بڕیکردو وردە وردە کێشە کەوتە نێوان هەردوولاوە، ئەمەیش بە هۆی گەورەبوونی هەردوو بەرەکەوە. بە جۆرێک گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن دەیویست بڕواتەناو سیاسەتەوەو ئاکپارتییش دەیویست لە بواری بانگەوازی ئایینی‌و پەروەردەییدا جێدەستی خۆی بنەخشێنێت. لە ڕاستیدا تورکیایەکی مەزن بە گەورەیی ڕووبەڕو (٨٠) ملیۆن دانیشتوان‌و ئابوورییەکی بەهێزو خاوەنی کولتوورو شارستانیەتێکی جۆراوجۆرەوە بەشی تەماعی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن‌و ئەردۆگانی نەدەکرد.

لە (١٧) بۆ (٢٥)ی کانوونی یەکەمی (٢٠١٣) لەلایەن ئەو دادوەرو بەرپرسە ئەمنییانەی کە سەر بە باڵی فەتحوڵڵا گیولەن بوون لە حکومەتدا، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل، ساختەکاری‌و دزی، هەڵمەتێکی فراوان بۆ سەر ژمارەیەک وەزیرو تەنانەت بیلالی کوڕی ئەردۆگان ئەنجامدرا. ئیدی هێڵی سووری ئەرۆدگان لەلایەن گرووپی خزمەتەوە بەزێنرا، بۆیە هەردوو بەرەکە بە بەکارهێنانی تواناکانیان لە حکومەتدا کەوتنە جەنگێکی ناوخۆیی یاسایی.

دواجار ڕکابەرییەکەی هەردوولا لە بەرژەوەندیی بەرەی ئاکپارتی کۆتاییهات. بە جۆرێک ئەردۆگان لە ساڵی (٢٠١٤)وە هەڵمەتێکی فراوانی داخستنی بۆ سەر دەزگا پەروەردەیی‌و ئابووری‌و میدیاییەکانی گرووپی خزمەت دەستپێکردو تاوەکو (٢٠١٦) تەنها سوپا لە دەستی فەتۆدا مایەوە، هەر بۆیە وا بڕیار بوو لە پاییزی (٢٠١٦)دا کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەردۆگان‌و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە سوپاو کاروباری فەرمانبەران‌و دەزگای هەواڵگریی تورکیا بکرێت. چاوەڕواندەکرا لەو کۆبوونەوەیەدا هەموو ئەو کەسانەی کە لەلایەن میتی تورکییەوە وەک ئەندامی فەتۆ دەستنیشانکرابوون، یان لە کارەکانیان دووربخرێنەوە، یان خانەنشینبکرێن، بە تایبەت فەرماندەو بەرپرسە باڵاکانی سوپاو هەواڵگری‌و دەزگای دادوەری، لەبەرئەوە گرووپی فەتۆ جگە لە بکەرانی کودەتا، بۆ ڕێگری لە فشارەکانی ئەردۆگان بەرانبەریان، هیچ چارەیەکی دیکەیان لە بەردەستدا نەمایەوە.

کێشەو ململانێکان گەیشتبوونە ئاستێک کە گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن ئامادەبوون بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزسیۆن‌و هەدەپەو تەنانەت پەکەکە، دژی ئەردۆگان‌و حکومەتەکەی.

هەروەک جەودەت یەڵماز؛ جێگری سەرۆککۆماری تورکیا، ئاماژەیپێداوە: “هەر دوای کودەتاکە، تورکیا چەندین ئۆپراسیۆنی سەربازی‌و هێرشی ئاسمانیی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا، ئەمەیش هێمایە بۆ پەیوەندیی فەتۆ لەگەڵ گرووپەکانیدیکەدا.” لێرەدا یەڵماز دەیەوێت بڵێت کە پەیوەندییەکانی فەتۆ لەگەڵ پەکەکەدا هێندە بەهێزبووبوو، ڕێگرییدەکرد لە هێرشی دەوڵەت‌و سوپا بۆ سەر پەکەکەو پەیەدە لە هەرێمی کوردستان‌و ڕۆژئاوا.

ئێدی لە دوای ساڵی (٢٠١٥)وەو هەتا ئێستایش لە ڕوانگەی تورکیاوە، فەتۆ تەنها مەترسی نییە بۆ سەر وڵاتەکەی خۆی، بەڵکو مەترسییە بۆ سەر هەموو ئەو وڵاتانەی کە چالاکیی تێدا هەیە.

کاردانەوەی دامەزراوەی دادوەری‌و پڕۆسەی لێکۆڵینەوە

دامەزراوە دادوەرییەکانی وەک داواکاری گشتی‌و دادگای دەستووری لە کاژێرەکانی سەرەتای ڕاگەیاندنی کودەتاوە هەڵوێستیان دژی ڕاگەیاندو بە تاوانێکی گەورەو پێشێلکردنی دەستوورییان لەقەڵەمدا. تاوەکو کۆتاییهاتنی پڕۆسەکەو ڕۆژەکانی دواتریش لەلایەن داواکاری گشتییەوە (٢٨٩) داوای یاسایی لە سەرجەم ئەو شارانەی ڕوداوی پەیوەست بە کودەتاکەی تێدا ڕویدا، کرانەوە.

دوای کۆتاییهاتنی هەوڵی کودەتاکە بە شکستخواردوویی، هەڵمەتێکی فراوانی دەستبەسەرکردن، لێکۆڵینەوە، دادگایی‌و سزادان لە تورکیادا دەستیپێکرد.

پێش هەموو شتێک باری نائاسایی لە تەواوی وڵاتدا ڕاگەیەنرا، لە )٢٠(ی تەمموزی )٢٠١٦( دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت‌و دەستەی ئاسایشی نیشتیمانی (Milli Güvenlik Kurulu) (MGK) بە پشتبەستن بە ماددەی (١٢٠)ی دەستوور(٩) باری نائاسایی بۆ ماوەی (٣) مانگ ڕاگەیەنرا.(١٠)

ئەم بارە لە تەواوی تورکیادا بۆ ماوەی دوو ساڵ (٧) جارو هەر جارێک (٣) مانگ درێژکردنەوەی بەخۆیەوەبینی،(١١) تاوەکو لە (١٧) تەمموزی (٢٠١٨) کۆتاییهات، بەڵام ئەم بارە ئێستایشی لەگەڵدا بێت، لە هەندێک ناوچەی باکووری کوردستان هێشتا بە هۆکاری جیاواز بۆ ماوەی کاتی نوێدەکرێتەوە.(١٢)

لە لایەکی دیکەوە لە هەمان کۆبوونەوەی کابینەکەی ئەردۆگان‌و دەستەی ئاسایشی نیشتیمانی لە (٢٠)ی تەمموزی (٢٠١٦) پڕۆژەبڕیارێک بە ناوی بڕیار لە بریی یاسا (کاهێکا) Kanun Hükmünde Kararname) (KHK))(١٣) دەرکرا.(١٤) بە گوێرەی پڕۆژەبڕیارەکە، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، بە تەواوی دەستی واڵاکرا بۆ درێژکردنەوەی باری نائاسایی لە وڵات، تاوەکو ئەو کاتەی دەگاتە ئەو بڕوایەی باری وڵات ئاساییبووەتەوە. ئەمە جگە لەوەی پڕۆژەبڕیارەکە ئەردۆگانی سەربەستکردووە لە دەرکردنی هەر بڕیارێک لە سەر ئەو کەس‌و دامەزراوانەی بە تۆمەتی بەشداربوون لە هەوڵی کودەتاکە تێوەدەگلێن، بەڵام لەگەڵ ئەمانەیشدا دەستکراوەیی ئەردۆگان دواجار پەیوەستبووە بە بڕیارەکانی دادگاو ڕێنمایی ڕاوێژکارەکانی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە.

لە ماوەی ساڵێکدا (٢٦) کاهێکا دەرکران‌و تێیاندا (١٠٠) هەزار کەس لە کارەکانیان دوورخرانەوە، نزیکەی هەزار دامەزراوەی پەروەردەیی، میدیایی، بازرگانی‌و خێرخوازی داخران. مافی هاوڵاتیبوون لە چەندین هاوڵاتیی تورکیا سەنرایەوە. کۆمەڵێک ئاستەنگ خرانەبەردەم پڕۆسەی هاوسەرگیری. سیستەمی دانانی سەرۆکی زانکۆکان گۆڕانکاریی تێدا کراو تەواوی دەسەڵاتی دانانی سەرۆکی زانکۆ بە سەرۆککۆمار بەخشرا. چەندین سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵکەوە لابران‌و لە جێگەیان قەییوم دانرا.(١٥)

هەر لەم چوارچێوەیەدا جگە لە کارمەندو بەرپرسانی سەربازی، کارمەندی ئەمنی‌و فەرمانبەری مەدەنی‌و (٥) مەلایش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوەو ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی پلاتفۆڕمی داوا یاساییەکانی کودەتای (١٥)ی تەمموز، قۆناغی یەکەمی پڕۆسەی دادگاییکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی کودەتاکە کۆتاییپێهاتووە. لەو ڕاگەیەنراوەدا کە ڕۆژی (١٠)ی تەمموزی (٢٠٢٣) بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: “پڕۆسەی لێکۆڵینەوەو قۆناغی یەکەمی دادگاییکردنی هەموو ئەو کەسانەی بە مەبەست یاخود بەبێ مەبەست بەشداریی کودەتاکەیان کردووە، کۆتاییهاتووە.” لەگەڵ ئەوەیشدا وەک لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەیپێکراوە، “بڕیارەکانی قۆناغی یەکەمی دادگاییکردن قۆناغی کۆتایی وەرنەگرتووەو هێشتا بەشێکیان لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەوە بڕیاری کۆتاییان لە سەر نەدراوە.”

لە (٥٨) پارێزگاو سەرجەم ئەو قەزایانەی کە ناوەندو بنکەی سەربازیی تێدایە، لەلایەن داواکاری گشتی‌و دادگاوە پەڕاوی تایبەتی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە. لە هەمان کاتدا لەو (٥٨) پارێزگایەدا چەندین پەڕاوی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە فەرمانبەرانی دەوڵەت‌و هاوڵاتیان، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کودەتاکەو پەیوەندییان بە گرووپی فەتحوڵڵا گیولەنەوە، کراوەتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەی پلاتفۆڕمی داوا یاساییەکانی کودەتای (١٥)ی تەمموزدا باس لەوە کراوە کە “لەگەڵ یەکلاییبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر داوای یاسایی‌و سزادانی تۆمەتباراندا، ژمارەیەک بڕیاری دادگایش هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەی دادگای تێهەڵچوونەوەدان. ئەمە جگە لە ڕەتکردنەوەی ژمارەیەک بڕیاری دادگای تایبەت بە سزادان‌و زیندانیکردنی تۆمەتباران لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەو دەرکردنی بڕیاری بێتاوانی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربوانی کودەتاکە، بە تایبەت ئەوانەی بە نەزانی‌و بەبێ مەبەست بەشدارییانکردووەو هەڵخەڵيتێنراون؛ لە سەربازو کارمەندی ئاسایی‌و خوێندکار.”

لە کۆی (٢٨٩) داوای یاسایی لە تەواوی تورکیادا، لەلایەن دادگاوە بڕیار لە سەر (٨) هەزارو (٧٢٤) کەس دەرکراوە. لە تەواوی تورکیادا هەتا ئێستا هەزارو (٦٣٤) کەس سزای زیندانیی هەتا هەتایی قورس(١٦)، هەزارو (٣٦٦) کەس سزای زیندانی هەتا هەتایی، هەزارو (٨٩٠) کەس یەک بۆ (٢٠) ساڵ سزای زیندانیان بە سەردا سەپێنراوە. هەروەها (٩٦٤) کەس “تۆمەتێکی لە سەر نییە تاوەکو سزابدرێت(١٧)و (٢) هەزارو (٨٧٠) کەس تۆمەتی بە سەردا ساغنەبووەتەوەو ئازادکراوە.(١٨)

ئەو ئامارانەی خرانەڕوو، تەنها پەیوەستن بە ئەنجامی پڕۆسەی دادگایی بکەرانی هەوڵی کودەتاکە. بەدەر لەوە، بە هەزاران هاوڵاتیی تورکیا بە تۆمەتی “ئەندامیەتی، پەیوەندی، پشتیوانی‌و پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گیولەن (فەتۆ)، پەکەکەو پەیەدە”، کە هەموو ئەمانە ئەنجامی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکە بوون، یان خراونەتەزیندانەوە، یاخود تورکیایان بەجێهێشتووە، ئەمە جگە لەو سزا تاک‌و بەکۆمەڵانەی لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆماری تورکیاوە، بە پشتبەستن بە کاهێکا دەریکردوون بۆ دوورخستنەوەی فەرمانبەران لە کارەکانیان، لێسەندنەوەی مافی هاوڵاتیبوون، قەدەغەکردنی گەشتی دەرەوەی وڵات‌و نێوان پارێزگاکانی تورکیا.

جیاوازیی هەوڵی کودەتای (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆیدا

١. سەرکردەو بڕیاربەدەستانی کەسانی ئایینی بوون، بەڵام سەرکردەو بڕیاربەدەستانی کودەتاکانی پێشوو فەرماندەکانی سوپا بوون. بە واتایەکی دیکە، لە کودەتاکانی پێشوودا فەرماندەکان بڕیاریان دەردەکردو ئەفسەرو سەربازان جێبەجێیاندەکرد، بەڵام لە کودەتای (١٥)ی تەمموزدا فەرماندەکانیش جێبەجێکەری بڕیار بوون نەک بڕیاربەدەست.

٢. ئەم کودەتایە بە بەکارهێنانی شێوازی تیرۆریستی، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پەرلەمان، سەرۆکایەتیی کۆمار و کوشتنی (٢٥٢) کەس‌و برینداربوونی (٢) هەزارو (٧٠٦) کەس، بە سەرنەکەوتوویی کۆتاییهات.

٣. کودەتاکە لەلایەن ئەو بەرپرس‌و فەرماندانەی سوپاوە نەکراوە کە خاوەن بیری سیکۆلارن‌و تەنها بە ئامانجی دوورخستنەوەی بەرپرسە ئیسلامی‌و ڕاستڕەوەکان لە دەسەڵات، بەڵکو بریتی بوو لە هەوڵی ڕێکخراوێکی زۆر گەورەو بەهێزی نێودەوڵەتیی خاوەن توانایەکی بەهێزی مرۆیی، ئابووری، ئایینی‌و کۆمەڵایەتی‌و هەتا ڕادەیەک سیاسییش. ئەو فەرماندانەی کودەتاکەی (٢٠١٦)یان کرد، لە بریی وەلائیان بۆ ئەتاتورک، وەلائیان بۆ فەتحوڵڵا گیولەن هەبوو.

٤. ئەم کودەتایە دوای خۆپیشاندانەکانی گەزی پارک لە (٢٠١٣)و هەڵمەتەکانی (١٧) بۆ (٢٥)ی کانوونی یەکەمی (٢٠١٣)ی پۆلیس دژی چەند وەزیرێک‌و بیلالی کوڕی ئەردۆگان، خۆپیشاندانەکانی ئامەدو باکووری کوردستان لە (٧)و (٨)ی تشرینی یەکەمی (٢٠١٤)و هێرشی چەکداریی پەکەکەو یەپەگە بۆ ناوچەکانی باکووری کوردستان‌و دەستبەسەرداگرتنی چەند گەڕەکێکی ئامەدو قەزای جزیرە بە تەواوی لە ساڵی (٢٠١٥)و زنجیرەیەک خۆپیشاندانی خوێندکارانی ئامادەیی‌و زانکۆ لە مەراسیمی ئاهەنگی دەرچوونیاندا کرا، واتە ئەم کودەتایە هەر وا بە سادەیی نەکراوە.

سوودی کودەتاکە بۆ تورکیاو ئەردۆگان

١. ئاشکرابوونی دۆست‌و دوژمن لە ناوخۆو دەرەوەی وڵات بۆیان،

٢. یەکلاییبوونەوەی ململانێی ئیسلامی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی لە تورکیا، بە سەرکەوتنی بەرەی ئیسلامی سیاسی،

٣. سنووردارکردنی چالاکیی گرووپە ئایینییە کۆمەڵایەتییەکان‌و چاودێریی بەردەوامیان،

٤. شکاندنی بیرۆکەی “هەر کاتێک پارتێکی ئیسلامی لە دەسەڵاتی تورکیادا بەهێزببێت، لە ڕێگەی کودەتاوە لادەبرێت لە سەر دەسەڵات”،

٥. بایەخدانی زیاتر بە بواری ئەمنی‌و سەربازی،

٦. ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا،

٧. دەرپەراندنی “هێزە چەکدارەکان” بۆ دەرەوەی تورکیاو پاککردنەوەی وڵات لێیان،

٨. شکاندنی هەژموونی ڕۆژئاوا بە سەر تورکیاوە،

٩. سەربەخۆکردنی سیاسەتی ناوخۆ، دەرەوەو بەرگریی تورکیا لە دەستی دەرەکی‌و هێزو گرووپە جیاوازەکانی ناوخۆی تورکیا،١٠. کردنەوەی دەزگای میدیایی تایبەت بە ڕوماڵکردنی ڕوداوەکانی تورکیاو جیهان، بەو جۆرەی حکومەتی تورکیا دەیەوێت، بە زمانە زیندووەکانی جیهان. لە هەمان کاتدا دامەزراندنی دەزگایەکی پەروەردەیی تایبەت بە ناوی وەقفی مەعاریفەوە، بە ئامانجی کردنەوەی قوتابخانە لە دەرەوەی تورکیا، وەک جێگرەوەی دامەزراوە پەروەردەییەکانی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن.

کودەتای (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)، ململانێی ئیسلامی سیاسی‌و کۆمەڵایەتیی لە تورکیا یەکلاییکردەوە. ئیسلامی کۆمەڵایەتی دوای جەنگی دووەمی جیهانی بە نهێنی لە ڕێگەی کۆمەڵەی نوورو مەنزیل‌و تەریقەتەکانەوە لە تورکیادا دەستیپێکرد، ئەمەیش بە هۆی قەدەغەکردنی چالاکیی ئایینی بە هەموو جۆرێک لەلایەن دەوڵەتەکەی کەمال ئەتاتورکەوە. ئیسلامی سیاسییش لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە لە ژێر ناوی تەوژم‌و پارتی دیموکرات‌و ڕاستڕەودا دەستی بە چالاکی کرد.

هەر لەو کاتەوە ئەگەر هاوکاری‌و پشتیوانی لە نێوان ئیسلامی سیاسی‌و ئیسلامی کۆمەڵایەتیدا هەبووبێت، ئەوا لە سەرەتای سەدەی بیستویەکەم‌و هاتنەسەر دەسەڵاتی ئاکەپەوەو بە هۆی بەهێزبوونی هەردوو بەرەی ئیسلامی سیاسی‌و کۆمەڵایەتییەوە، هاوکاری‌و پشتیوانی گۆڕا بۆ ململانێ‌و هەتا ئاستی شکاندنی ئێسکی یەکدی درێژەیکێشا.

ئەگەر لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتیی عەدنان مەندەریس‌و پشتیوانیی زانای کورد؛ بەدیع زەمان سەعیدی نورسی، وەک ڕابەری کۆمەڵەی نوور، شێخی تەریقەتی مەنزیل، نەقشبەندی‌و قادرییەکانی بەدەستهێنابێت‌و دەنگی موریدی شێخان‌و پەیڕەوانی ئیسلامی کۆمەڵایەتی هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتنی ئیسلامی سیاسی بووبێت لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەوا لە سەرەتای سەدەی بیستویەکەمەوە، جیابوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان‌و هاوڕێکانی لە پارتەکەی نەجمەدین ئەربەکان‌و دروستکردنی پارتی دادو گەشەپێدان وەک پارتێکی ئیسلامی/ ڕاستڕەو/ مۆدێرن‌و بەدەستهێنانی پشتیوانیی گرووپە ئایینییە کۆمەڵایەتییەکان‌و لە سەرووی هەموویانەوە گرووپی فەتحوڵڵا گیولەنیش وەک گرووپێکی ئیسلامی کۆمەڵایەتیی مۆدێرن لە تورکیا، پشتیوانی‌و هاوکاریی ئیسلامی کۆمەڵایەتیی بۆ ئیسلامی سیاسی لە تورکیا بردە قۆناغێکی نوێوە، بە جۆرێک خودی فەتحوڵڵا گیولەن بە ئەندازیاری حکومەتی یەکەمی ئەردۆگان دادەنرێت.

ئەو مۆدێربوونەی ئیسلامی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی لە تورکیا درێژەینەکێشاو پاش دەیەیەک لە دەستلەملانێ‌و هاوکاری، ڕکابەری‌و یەکدیشکاندن دەستیپێکرد. هۆکاری سەرەکیی ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ مۆدێرنبوونی هەردوو بەرەکە، لەبەرئەوەی لە دونیای مۆدێرندا هەرچەندە بانگەشەی دیموکراسیەت بکرێت، دواجار کەسێک یاخود گرووپێک هەوڵدەدات لە سەرجەم بوارەکاندا خۆی یەکەم‌و ڕابەر بێت‌و قۆرخکاری دێتەکایەوە، هەر بۆیە سەرەڕای ئەوەی ئاکپارتی بە چالاکیی سیاسی دەستیپێکردو گرووپی فەتحوڵڵا گیولەنیش بە چالاکیی ئایینی‌و پەروەردەیی دەستیپێکرد، بەڵام هەردوولا ئەو پەیمانە نەنوسراوە کۆمەڵایەتییەی نێوان بەرەی ئیسلامی سیاسی‌و ئیسلامی کۆمەڵایەتییان لە تورکیادا فەرامۆشکرد، کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو عەدنان مەندەریس وەک ڕابەری بەرەی ئیسلامی سیاسی لەگەڵ سەعیدی نورسی‌و شێخی تەریقەتە جیاوازەکان وەک ڕابەری بەرەی ئیسلامی کۆمەڵایەتی لە تورکیا لە سەر بنەمای متمانەو پاراستنی ئەمانەت بە یەکدییان دابوو.

ململانێی ئەردۆغان و گیولەن بە کۆمەڵێک هەڵمەتی فەتۆ لە ناو حکومەت‌و دادگاو پۆلیسدا دژی ئاکپارتی‌و خودی ئەردۆگان‌و کەسە نزیکەکانی گەیشتە لوتکەو دواجار بە کودەتایەک ململانێی ئیسلامی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی یەکلاییبووەوە.

جیاواز لە سەرجەم کودەتاکانی دیکە لە تورکیا، کودەتا سەرنەکەوتووەکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) تەنها هەوڵی گرووپێکی ناو سوپا نەبوو بۆ گێڕانەوەی عەلمانیەت بۆ تورکیا، بەڵکو بریتی بوو لە هەوڵی گرووپێکی ئیسلامی کۆمەڵایەتی دژی ئیسلامی سیاسیی باڵادەست بە سەر حکومەتەوە، کە لە چوارچێوەی دەستوورو یاسا بەرکارەکانی تورکیا لە ژێر چەتری دەزگا فەرمییەکانی ئەو وڵاتەدا خاوەنی دامودەزگاو پارتی سیاسی‌و گرووپی چەکداری نەبوو بە ڕەسمی، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا گرووپی فەتۆ ڕۆچووبووە سەرجەم دامودەزگا هەستیارەکانی حکومەت‌و دەوڵەت‌و تەنانەت ئاکپارتییەوە،(١٩) بە جۆرێک یەک لە سەر سێی سوپای تورکیا لە سەرجەم ئاستەکانیدا، وەزارەتی داد، وەزارەتی تەندروستی‌و وەزارەتی ئەوقافی ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵکردبوو، لە ناو ئاکپارتییشدا هێزی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن لە ئاستێکدا بوو داوای لیستی تایبەتی کاندیدی خۆیانیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە ئەردۆگان دەکرد، واتە فەتۆ وەک گرووپێکی ئیسلامی کۆمەڵایەتی خۆی بۆ خۆی دەوڵەت بوو لە ناو دەوڵەتدا، حیزب بوو لە ناو حیزبدا، وەزارەت بوو لە ناو وەزارەتدا، سوپا بوو لە ناو سوپادا.

بە گوێرەی دانپێدانانی ئەو کەسانەی لە ناو گرووپی گیولەندا بوون‌و دوای کودەتاکە دەستگیرکراون لە دادگا، لە بنەڕەتدا بڕیاردەری سەرەکیی کودەتا بریتی بوو لە فەتحوڵڵا گیولەن‌و هەریەک لە “عادل ئوکسوز، کەمال باتماز، نورەدین ئۆروچ، هارون بینیش‌و هاکان چیچەک”، ئەمانە پێنج “ئیمامی مۆدێرن” بوون، کە پەیوەندیی نێوان فەتحوڵڵا گیولەن‌و فەرماندەو ئەفسەرانی ناو سوپای تورکیایان ڕێکدەخست.(٢٠) ئیدی ململانێی ئیسلامی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا گەیشتە ئاستی تەقینەوەو تەنانەت کۆمەڵگەی تورکیایش ئامادەبووبوو بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی ئەم دوو لایەنە.

بەم جۆرە لە دوای کودەتا سەرنەکەوتووەکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)، ئیسلامی کۆمەڵایەتی بە تەواوی ملکەچی ئیسلامی سیاسی بووە، یاخود یاخیبووە لەو دەسەڵاتە سیاسییە ئیسلامییە، یان ڕایکردووەتە دەرەوەی وڵات، یان دەستیکردووە بە خەباتی ژێرزەمینی، یاخود لە چوارچێوەی ئەو دەستوورو یاسایانەی کە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە تورکیا سەپاندوویەتی‌و پەیڕەودەکرێت، بەردەوامییداوە بە چالاکییەکانی‌و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژاردووە.

ئەنجام

ئاگادارکردنەوەی دەزگای هەواڵگری‌و خودی هاکان فیدان پێش دەستپێکردن بە کودەتاکە لەلایەن ئەفسەرێکی سوپاوە بە نهێنی‌و پاشان ئاگاداربوونەوەی سەرۆکایەتیی گشتی ئەرکانی سوپا، هێزە چەکدارەکانی تورکیا، ئاشکراکردنی دەستپێکی کودەتا لە بەردەم خلوسی ئاکارو ڕووبەڕووبوونەوەی ناوبراو دژ بە کودەتاچییەکان، پۆلیس، ئاسایش‌و ئەمن، ڕووبەڕووبوونەوەی فەرماندەی هێزی تایبەتیی ئامەد لە ئەنقەرە بە چەک لەلایەن جێگری ئەفسەری ئێشکگری فەرماندەی هێزی تایبەتەوە لە ئەنقەرەو کوژرانی هەردووکیان، ڕاگەیەنراوەکەی سەرۆکوەزیران پێش ئەوەی هاوڵاتیانی تورکیا تەلەفزیۆنەکانیان بکوژێننەوەو بخەون، ئاگاداربوونەوەی میدیاو لێدوانەکەی ئەردۆگان لە (CNNTÜRK)، هاتنەسەر خەتی داواکاری گشتی‌و کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ کەسانێک کە هێشتا ڕوون نەبوو ئایا دەستگیردەکرێن، یاخود بۆ ڕۆژی دوایی وەک فەرمانڕەوای تورکیا بڕیار لە سەر ژیانی دادوەرانی داواکاری گشتی دەدەن، ڕاگەیاندنی ئەنجامدانی کودەتا لە (TRT)و قەدەغەی هاتوچۆ لەلایەن کودەتاچییەکانەوە، لە بەرانبەردا هاتنەدەرەوەی هاوڵاتیان‌و ڕژانەسەر شەقامەکان، خوێندنی قورئان‌و سەڵات لە مزگەوتەکانەوەو بانگەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی کودەتاچییەکان؛ چەندێک بەڵگە بێت بۆ سیناریۆبوونی کودەتاکە لەلایەن ئەردۆگان‌و ئاکپارتییەوە، زیاد لەوە هێمایە بۆ بوونی تۆڕێکی فراوانی ئەمنی‌و هەواڵگریی بەهێزی سەر بە ئەردۆگان‌و باڵەکەی خۆی لە ناو حکومەت‌و دەزگا ئەمنی‌و سەربازییەکانی تورکیادا، کە پێشوەخت بە پلانی کودەتاکەیان زانیوەو بە ناچاری کودەتاچییەکان پێش کاتی دیاریکراو هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووە.

لە هەمان کاتدا هێمایە بۆ چاوکرانەوەو هوشیاربوونەوەی هاوڵاتیانی تورکیاو شکانی ئەو ترسەی بەرانبەر بە سوپاو فەرماندەکانی هەیانبووە. ڕووبەڕووبوونەوەی سوپایەک لە سەر پردێک کە ژێرەکەی ئاوێکی قوڵە لە ئەستەنبوڵ، هێمایە بۆ زیندوویەتیی گەلێک‌و ئامادەیی قوربانیدان لە پێناوی لەدەستنەدانی ئەو بەرپرسانەی بە دەنگی خۆیان خستوویاننەتە ئەو پلەو پۆستانە.

ئەمە جگە لەوەی هێمایەکی ڕوون بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەک تەنها میدیای دەوڵەت، بەڵکو میدیای کەرتی تایبەتیش، بە جۆرێک لەو نیوەشەوەدا لە کاتێکدا لە هەموو لایەکەوە هەوڵی گۆشەگیرکردنی ئەردۆگان دراوە، بەڵام (CNNTÜRK) توانی لێدوانێکی لێوەربگرێت‌و ڕێڕەوی کودەتاکە بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا ببات.

ئەمە جگە لەوەی ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ شکاندنی دەست‌و پێی جەنەراڵە عەلمانییەکانی ناو سوپای تورکیا، بە جۆرێک جێگری ئەفسەرێکی ئێشکگر بتوانێت ڕووبەڕووی فەرماندەیەک ببێتەوە کە لەلایەن کودەتاچییەکانەوە نێردراوەو تەنانەت ئەو فەرماندەیەیشی کوشتووە. هەرچەندە ئەو هێزو غیرەتە هەر لەلایەن خودی فەتحوڵڵا گیولەن و بزوتنەوەکەیەوە بۆ ئەفسەرو سەربازەکانی سوپای تورکیا دروستکرا لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ فەرماندە عەلمانییە کودەتاچییەکاندا.

لە هەمان کاتدا هێمایەکی ڕوون بوو بۆ ڕاستگۆیی‌و وەفاداریی دادگاو دادوەران، بە تایبەت داواکاری گشتی بەرانبەر بە ئەردۆگان‌و حکومەت‌و گەلی تورکیا، لە کاتێکدا هێشتا ململانێی کودەتاچییەکان‌و حکومەت لە نیوەی ڕێگەدا بوو، داواکاری گشتی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئەردۆگان‌و دژایەتیی بۆ کودەتاچییەکان ڕاگەیاند.

دواجار ئەوە کودەتاکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) بوو ململانێی نیو سەدەی بەرەی ئیسلامی سیاسی‌و ئیسلامی کۆمەڵایەتیی لە تورکیادا لە بەرژەوەندیی بەرەی یەکەم کۆتاییپێهێنا.

هەر ئەو پشتیوانییە بێشومارەی گەل، میت، سوپا، دادگا، پەرلەمان، وەزارەتەکان، میدیاو سیاسییەکان بوو کە توانیی ئەردۆگان بەرەو تاکڕەوی ببات، بە جۆرێک وەک بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆن ئاماژەیپێدەدەن، “تورکیا لەلایەن ڕژێمی تاکڕەوییەوە بەڕێوەدەبرێت‌و داهاتووی وڵات لە نێوان دوو لێوی تاکەکەسێکدا قەتیسکراوە.”

سەرچاوەکان

  1. Tevfik Erdem, Türkiye’de Darbe ve Müdahalelerin Kısa Tarihi, SDE, 15.07.2019, https://www.sde.org.tr/tevfik-erdem/genel/turkiyede-darbe-ve-mudahalelerin-kisa-tarihi-kose-yazisi-10443, 27.05.2024
  2. Bianet, TSK İç Hizmet Kanunu’nun 35. Maddesi Meclis’te, 31.10.2013, https://bianet.org/bianet/siyaset/147996-tsk-ic-hizmet-kanunu-nun-35-maddesi-meclis-te#:~:text=madde%2FSiyaset&text=Bundan%20%C3%B6t%C3%BCr%C3%BC%20Silahl%C4%B1%20Kuvvetler%20mensuplar%C4%B1n%C4%B1n,vermeleri%20ve%20yaz%C4%B1%20yazmalar%C4%B1%20yasakt%C4%B1r.%E2%80%9D, 27.05.2024
  3. Sozcu, 15 Temmuz’da ne oldu ve neler yaşandı? Dakika dakika 15 Temmuz darbe girişiminde yaşananlar…, 15.07.2020, https://www.sozcu.com.tr/2020/gundem/15-temmuzda-ne-oldu-ve-neler-yasandi-dakika-dakika-15-temmuz-darbe-girisiminde-yasananlar-5933335/, 15.05.2024
  4. Yeni Şafak, TRT’de korsan bildiri, 13.06.2017, https://www.youtube.com/watch?v=FZFW0pwQQ2M, 05.04.2024
  5. Yeni Şafak, Başkomutan’dan halkına çağrı!, 13.06.2017, https://www.youtube.com/watch?v=czCknVm14dc, 05.04.2024
  6. Büşra Çoban, 15 Temmuz Darbe Davaları Platformu, darbe davalarıyla ilgili istatistikleri paylaştı, 10.07.2023, https://www.aa.com.tr/tr/gundem/15-temmuz-darbe-davalari-platformu-darbe-davalariyla-ilgili-istatistikleri-paylasti/2941624, 26.05.2024
  7. Erdal Tanas Karagöl, 15 TEMMUZ DARBE GİRİŞİMİ VE TÜRKİYE

EKONOMİSİ, 15.07.2021, https://dergipark.org.tr/tr/download/article-file/267316, 24.02.2024

  1. Murat Aslan, FETÖ’nün hain darbe girişiminin ekonomiye dolaylı maliyeti 350 milyar dolar, 14.07.2020, https://www.aa.com.tr/tr/15-temmuz-darbe-girisimi/fetonun-hain-darbe-girisiminin-ekonomiye-dolayli-maliyeti-350-milyar-dolar/1909959, 24.02.2024
  2. بە گوێرەی ماددەی (١٢٠) لە دەستووری تورکیا، لە دۆخی تێکچوونی باری ئەمنی‌و سەرهەڵدانی توندوتیژی‌و دروستبوونی مەترسی لە سەر ژیان‌و ماف‌و ئازادیی هاوڵاتیان، کابینەی حکومەت بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمار کۆدەبێتەوەو دوای وەرگرتنی بۆچوونی دەستەی ئاسایشی نیشتیمانی، بڕیاری ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە ناوچەیەک یاخود چەند ناوچەیەک یاخود تەواوی وڵات دەردەکات، بە مەرجێک ماوەکەی لە (٦) مانگ زیاتر نەبێت. بە پێچەوانەی سەرجەم پڕۆژە یاساکانی دیکەوە، بڕیاری ڕاگەیاندنی باری نائاسایی سەرەتا لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوەو پاشان دەنێردرێت بۆ پەرلەمان، پێویستە پەرلەمان لەو ڕۆژەی بە دەستی دەگات، کۆبوونەوەی لە سەر بکات‌و پەسەندیبکات، پەرلەمان تەنها دەسەڵاتی پەسەندکردن یاخود کەمکردنەوەی ماوەی باری نائاسایی هەیە. Türkiye Büyük Millet Meclisi, T.C. Anayasası, Seçkin Yayıncılık, Ankara, 2018, 120. Madde, sa 109.
  3. AA, Cumhurbaşkanı Erdoğan: 3 ay süreyle olağanüstü hal ilan edilmesi kararlaştırıldı, 26.07.2016, https://www.aa.com.tr/tr/15-temmuz-darbe-girisimi/cumhurbaskani-erdogan-3-ay-sureyle-olaganustu-hal-ilan-edilmesi-kararlastirildi/612361,15.05.2024
  4. Onur Erem, 19.07.2018, OHAL sona erdi: İki yıllık sürecin bilançosu, https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-44799489, 23.05.2024
  5. C Şırnak Valiliği, Yasaklama Kararı, 09.04.2024, http://www.sirnak.gov.tr/yasaklama-karari-09042024, 17.05.2024
  6. بە گوێرەی ماددەی (١٢١) لە دەستووری تورکیا، لە دۆخی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی کابینەی حکومەت بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمار کۆدەبێتەوەو دوای وەرگرتنی بۆچوونی دەستەی ئاسایشی نیشتیمانی، کابینەی حکومەت دەتوانێت “بڕیار لە بریی یاسا (کاهێکا)” دەربکات. هەر “کاهێکا”یەک لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوەو لە هەمان ڕۆژدا دەنێردرێت بۆ پەرلەمان بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی لە سەری. ڕەزامەندیی پەرلەمانیش بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی دەبێت. Türkiye Büyük Millet Meclisi, T.C. Anayasası, Seçkin Yayıncılık, Ankara, 2018, 121. Madde, sa 110-111.
  7. کاهێکا بڕیارێکی تایبەتە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، لە سەر ڕاسپارەی کابینەی حکومەت دەردەکرێت، هەرچەندە ئەم بڕیارە بە جۆرێکە تەنانەت پێویستی بە ڕەزامەندیی پەرلەمانیش هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو تاوەکو باری نائاسایی لە وڵات تێدەپەڕێت، کاهێکا لە بریی یاسا بەرکارەکان پەیڕەودەکرێت.
  8. com, 1 yıla damga vuran 26 KHK, 20.07.2017, https://www.gazeteduvar.com.tr/gundem/2017/07/20/1-yila-damga-vuran-26-khk, 27.05.2024
  9. سزای زیندانی هەتا هەتایی قورس، واتە لێبوردنی گشتی‌و تەنانەت لێبوردنی تایبەتی سەرۆککۆماریش نایگرێتەوە.
  10. پاش ماوەیەک هێشتنەوەیان لە زیندان، دەرکەوتووە ئەم کەسانە یان بە هەڵە دەستبەسەرکراون، یاخود بە زۆرەملێ بەبێ ئەوەی تۆمەتێکیان لە سەر بێت.
  11. Büşra Çoban, 15 Temmuz Darbe Davaları Platformu, darbe davalarıyla ilgili istatistikleri paylaştı, 10.07.2023, ttps://www.aa.com.tr/tr/gundem/15-temmuz-darbe-davalari-platformu-darbe-davalariyla-ilgili-istatistikleri-paylasti/2941624, 23.05.2024
  12. Cem Duran Uzun, Beşinci Yılında 15 Temmuz Darbe Davaları Ve FETÖ ile Mücadele, Kriter, Aylık Siyaset, Toplum ve Ekonomi Dergisi, Yıl:6, Temmuz-Ağustos 2021, Sayı:59, 28-29
  13. Ayhan Kla, 15 Temmuz’un yıl dönümü, 15.07.2022, https://www.yenisafak.com/gundem/darbeyi-yoneten-sozde-sivil-imamlar-son-sozlerinde-de-orgute-ve-orgut-elebasina-sahip-cikti-3573580, 14,04.2024

 

 

Send this to a friend