• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 26, 2022

١٠٠ ساڵەی کۆمار، ئایندەی تورکیا بەرەو کوێ؟

ئامادەكردن:عەدنان ئەحمەد

بەرایی

کۆماری تورکیا ١٠٠ ساڵی تەمەنی تێدەپەڕێنێت، ١٠٠ ساڵ لە دروستبوون، جەنگ، ناکۆکی لەگەڵ کورد و دراوسێ و ڕۆژئاوا، زنجیرەیەک کودەتا، قەیرانی ئابووریی قورس و دەستگەیشتن بە چەکی پێگەیشتوو. دوای ١٠٠ ساڵ لە سەرهەڵدانی کۆماری تورکیا، لە ئێستادا هەموو چاوەکان لەسەر ئایندەی ئەم کۆمارەن، هەندێک کەس پێیان وایە ئایندەی ئەم کۆمارە پەیوەندیی بە پەیوەندییەکانیەوە هەیە لەگەڵ کورد و هەندێکیش دەیبەستنەوە بە بەهاکانی دیموکراسیەت و ئازادییەکان لەو وڵاتەدا. لە ئێستادا کە وڵاتەکە بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز هەنگاو دەنێت، لە هەر کاتێک زیاتر باس لە ئایندەی ئەم وڵاتە دەکرێت، چونکە دوای ٢٠ ساڵ ئیتر پارتی داد و گەشەپێدان ناتوانێت حاکمی ڕەهای وڵاتەکە بێت، ڕکابەرەکانی چاویان لە کورسییەکەیەتی و کوردیش بووە بە کلیلی یەکلاکەرەوەی ئەنجامەکان و تا ئاستێکی زۆر پارتی دیموکراتی گەلان دیاریی دەکات کێ فەرمانڕەوایەتیی ئایندەی تورکیا دەکات. لەم دۆخە ئاڵۆزەدا هەمووان پرسیار دەکەن ئایندەی ئەم وڵاتە بەرەو کوێ دەچێت؟

دیدگای ئەردۆغان، ١٠٠ ساڵەی تورکیا

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری 2022، لە هۆڵی وەرزشیی ئەنقەرە، لەژێر ١٦ ناونیشاندا و بە ناوی “١٠٠ ساڵەی تورکیا”؛ دیدگا، ئامانج و پلانەکانی وڵاتەکەی بۆ 100 ساڵی ئایندە خستە ڕوو.

سەرۆککۆماری تورکیا ماوەی کاتژمێرێک و ١٥ خولەک قسەی کرد، زۆربەی کاتی قسەکانی تەرخان کرد بۆ ئەزموونی ٢٠ ساڵەی فەرمانڕەوایی پارتەکەی و چەند خولەکێکی کۆتایی قسەکانیشی تەرخان کرد بۆ “ڕۆحی دیدگای ١٠٠ ساڵەی تورکیا” و لەم بەشەدا باسی ئایندەی وڵاتەکەی و ئامانجەکانی کرد و وتی بە ڕێگا و میکانیزمی تایبەت دەست بە قۆناغێکی نوێ دەکەن.

ئەردۆغان وتی، بەجۆشوخرۆشەوە پێ دەنێنە “100”ەمین ساڵەی دامەزراندنی کۆمارەکەیان و ئەم ڕۆیشتنە نێو سەدەی دووەم تەنها گۆڕینی ڕێکەوتێک و ژمارەگۆڕین نییە، بەڵکوو بازدانێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسییشە و وەک سەرمایەیەکی هەرە گەورە بۆ نەوەکانی ئایندەی بەجێ دەهێڵن. هەروەها دیدگاکانیان بۆ ساڵانی (2053) و (2071)یش لەو هەنگاوە گەورانەن کە لە رێگای 100 ساڵی ئایندەدا دەیهاوێژن. لەم ڕێگایەدا هەوڵی فراوانکردنی ڕووبەڕەکانی ئازادی، ماف، گەشەپێدان و بەهێزبوون دەدەن، هەوڵیش دەدەن تورکیا بکەن بە هێزێکی گەورەی هەرێمی و جیهانی و تەنها لە بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییانیان ناوەستن. ئەردۆغان پێی وایە سەد ساڵی ئایندە بریتییە لە بازدان بۆ زیندووکردنەوەی ڕەگوڕیشەی شارستانیەتەکەیان و پێکەوە هەوڵ دەدەن یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی کۆمارەکەیان بکەن بە خاڵی سەرەتای ئەو بازدانە گەورەیە. ئەردۆغان نایشارێتەوە کە یەکێک لە ئامانجەکانیان گۆڕینی دەستوورە کە وەک پارێزەر و بەهایەکی گرنگ دادەنرێت لە تورکیا و دەیانەوێت بە جۆرێک دایبڕێژنەوە لەگەڵ سەردەمی نوێ و فەلەسەفەی پارتەکەیاندا بگونجێت.

ئەردۆغان لە ڕاگەیاندنی دیدگا ١٠٠ ساڵەییەکەی تورکیادا بەوردی ئامانجەکانی وڵاتەکەی لە سەدەی نوێی دەوڵەتەکەیدا ئاشکرا کرد و وتی دەبێت ئامادەی هەڕەشەکان بن، هەلەکان لەدەست نەدەن و بە ڕێگا شۆڕگێڕی و دینامیکییەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە دەست بەو گەشەپێدانەوە بگرن کە لە نەجمەدین ئەربەکانەوە بۆیان بەجێ ماوە. لەمەش گرنگتر، هەوڵ بۆ ئاشتیی نێوخۆیی، سیاسی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەرێمی و جیهانییەکان دەدەن.

لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا ئەردۆغان پێی وایە پێویستە تورکیا لە ئاستی جیهانی ئیسلامیدا ببێتە ڕێبەر، بەرگریکار و ئاڵاهەڵگری ئەم جیهانە. هەروەها لە ئاستی وڵاتانی تورک زمانیشدا ڕێبەرایەتیی خۆی بەهێز و تۆکمە بکات.

ئایندەیەکی گەش و خەمی كۆمار

لەبەر ئەوەی ئێستا تورکیا لەنێو ژمارەیەک قەیرانی قووڵ و لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاریی قورسدایە، هەمووان چاویان لە ئایندەیە و پارتەکانیش زیاتر لەوەی باسی ئێستا بکەن؛ بەڵێنی “ئایندەیەکی گەش” بە خەڵک دەدەن، تەنانەت ئەستێرەناسەکانیش زیاتر لە جاران پێشبینییەکانیان دەخەنە ڕوو. “نوورای سایاری” کە ئەستێرەناسێکی بەناوبانگی تورکیایە، لە وتارێکیدا کە لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٢ لە ئەنتاڵیا پێشکەشی کرد، باسی لە “ئایندەی گەش”ی وڵاتەکەی کرد. سایاری لە وتارەکەیدا وتی، لە ئایندەی تورکیادا جەنگ بوونی نییە، لەگەڵ هیچ دراوسێ و وڵاتێکی دیکەدا ناکەوێتە نێو جەنگەوە و دەبێتە گەورەهێزی جیهان. “ئایندەی تورکیا زۆر جوان دەبێت، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠٢٥ و ساڵانی دوای ٢٠٢٧، تورکیا پەیامی جوانی دەبێت بۆ هەمووان، ئابووریی تورکیا بەهێز دەبێت و لە وڵاتە بەهێزەکانی جیهان دەبێت.”

ئاک پارتی و سەرجەم پارتەکانی دیکە لە ئێستادا زۆرترین گرنگی بە گەنجانی وڵاتەکەیان دەدەن و پێیان وایە ئەم “ئایندە گەشە” لە دەستی ئەم گەنجانەدایە، بەتایبەت کە گەنجانی تورکیا لە ٨٥ ملیۆن دانیشتووی تورکیا، سەرووی ١٣ ملیۆنی پێک دەهێنن. دامەزراوەی ڕاوێژکاری و توێژینەوەی ئابووریی ئەستەنبوڵ، ڕاپرسییەکی لە بارەی تێڕوانینی گەنجانی تورکیا لە بارەی ئایندەی وڵاتەکەیان ئەنجام داوە. بە پێی توێژینەوەکە، بە پێچەوانەی پێشبینیی زۆربەی توێژەر و شیکەرەوە سیاسییەکان، زۆربەی گەنجانی تورکیا پێیان وایە لە ئایندەدا پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا باشتر و بەهێزتر دەبێت و بە ئەرێنی لێی دەڕوانن، بەڵام بە نەرێنی و بێهیواییەوە تەماشای پەیوەندی و ئایندەی تورکیا لەگەڵ چین، ڕووسیا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن.

سەمیر ئەلتەقی؛ سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی شەرق، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ د. گۆکهان چنکارا؛ پسپۆڕ و توێژەری بواری جیۆپۆلەتیک، باس لە ڕۆڵی تورکیا لە چەند ساڵی ئایندە دەکات و دەڵێت تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خاوەن پێگەیەکی گرنگ و بێوێنەیە لە چەند ساڵی ئایندەدا. تورکیا لەدوای جەنگی ساردەوە پێگە هەرێمایەتییەکەی لە ڕێگەی گەشەپێدان، پەرەپێدانی ئابووری و ڕۆڵە جیۆئیکۆنۆمییەکەیەوە دروست کردووە و بە پێچەوانەی ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەشەوە کە هەمان خواستیان هەبووە و شکستیان هێنا، سەرکەوتوو بوو لەم کارەیدا. تورکیا خاوەن ژێرخانێکی کولتووری و بەهاکانی دەوڵەتێكی سكۆلاری نیشتمانیی تەمەن درێژە و کولتوورێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بەهێز و دامەزراویشە، ئەمە جگە لەو سوپا دیسپلینکراو و دوور لە سیاسەتەی کە دایمەزراندووە. هەموو ئەم تایبەتمەندییانە وای کردووە تورکیا ببێتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە لە ئاستی هەرێمی و جیهانییشدا کاندیدن بۆ ئەوەی ببنە وڵاتی خاوەن پێگە، دیار و پێشکەوتوو، بەڵام بۆ ئەوەی خۆی بگەیەنێتە ئاستێکی باڵا لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا، پێویستە چەند هەنگاوێک بنێت، لەوانەش ئەو ڕێگرییانە لا ببات کە لەسەر ڕێگای گەشە ئابوورییەکەیدا هەن، گرنگیی زیاتر بە بونیادنان بدات، لە چوارچێوەی ئابوورییەکی لیبراڵ و ڕووندا. ناکۆکییە ئایدۆلۆژییەکان کەم بکاتەوە و ئاشتیی نێوخۆیی بەرقەرار بکات. پێویستە سەرکردەکانی تورکیا خۆیان لە چوونە ناو هەر جەنگێکی گەورە بەدوور بگرن تا ئەو کاتەی جەنگەکە یەخەیان دەگرێت، بەتایبەت کە تورکیا خاوەن میراتێکی گەورەی ڕووبەری ئاویی گرنگ و ستراتیژییە.

نازم گویڤەنچ لە نووسەرە هەرە دیارەکانی لایەنگری جەهەپەیە، لە کتێبێکیدا بە ناوی “ئایندەی تورکیا و جەهەپە”، باس لە ڕابردووی تورکیا لە ١٠٠ ڕابردوودا و ئایندەکەی دەکات. گویڤەنچ دەڵێت: “بەڵێ، دەزانین و هەستی پێ دەکەین کە ڕۆژبەڕۆژ تورکیا بەرەو سیستمی ‘شەریعەتی نەرم’ دەبرێت و هەوڵ دەدرێت کۆتایی بە کۆماریەتی ١٩٢٣، یەکێتیی نەتەوەیی و یەکدەستیی دەوڵەت بهێنرێت.” گویڤەنچ دەڵێت، ئەم مەترسییە وەها دەکات بە ڕێگای ئەتاتورک ئەم ئایندەیە ڕزگار بکرێت و ئەوەش تەنها بە میراتەکەی ئەتاتورک دەکرێت کە پارتی گەلی کۆماریی “جەهەپە”یە، چونکە ناتوانرێت ئایندەی تورکیا لە ئایندەی جەهەپە جیا بکرێتەوە، ئەمەش بەوە دەکرێت جەهەپە نوێ بکرێتەوە و تەنها بەم نوێکردنەوەیەش دەتوانرێت تورکیا ڕزگار بکرێت.

پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەورووپا

تورکیا کە لە کۆتایی (١٩٥٩)وە و لەسەر دەستی عەدنان مەندەریسی سەرۆکی پارتی دیموکرات و سەرۆکوەزیران؛ ڕووی لە دامەزراوە گەورەکانی ئەورووپا کرد، هەمیشە هەوڵی داوە لە پەیوەندییەکی بێکێشەدا بێت لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا، بەڵام قەیرانەکانی ئەو وڵاتە، هاتن و چوونی فەرمانڕەوا خاوەن ئایدۆلۆژییە جیاوازەکان و تێڕوانینی ئەورووپییەکان بۆ ئەنقەرە، وای کردووە ئەم خواستە بەئاسانی نەیەتە دی.

ئاتیلا ئەرئاڵپ؛ توێژەر لە ناوەندی توێژینەوە ئەوروپییەکان و پڕۆفیسۆری فەخری لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی تەکنیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باس لە پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا دەکات و دەڵێت لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا تورکیا لە بابەتە گەرمەکانی گفتوگۆکانی ئەورووپا بووە. تورکیا لە ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای دوو هەزارەکانیشدا بابەتی هەرە گەرمی ئەورووپا بوو، هۆکاری ئەمەش ئەوە بوو کە تورکیا دەستی بە چاکسازی کردبوو، کاندیدی بەهێزی بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا بووە و بەگەرمی دانوستانی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپاش هەبوو، بەڵام تورکیای ئەمڕۆ ئیتر کاندیدی بەهێزی یەکێتییەکە و هاوپەیمانێکی نزیکی ئەورووپا نییە و وەک وڵاتی سێیەم و دراوسێ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

دواین بڕیارەکانی ئەورووپا لە بارەی ئەورووپا لە بواری یاسایی، بازرگانی و سیاسییش، ئاماژەی ڕوونن کە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا بەتەواوی لاواز بووە و تازەنەکردنەوەی یەکێتیی گورمگیش هێندەی دیکە ئایندەی پەیوەندییەکانی تاریک کردووە.

ئەورووپییەکان بەوردی هەڵوێستیان وەرگرتووە لە بارەی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە کێشە ئەمنی، وزەیی و سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و پێیان وایە تورکیا لەو سنوورانەدا تاکلایەنە بڕیار دەدات و مامەڵە دەکات. ئەوەی پەیوەندییەکانی تورکیای لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا لاوازتر کردووە بریتییە لە کێشە نێوخۆییەکان، ناکۆکییە سیاسییەکان، ڕەخنەکان دەربارەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی بیروڕا. بەردەوامیی کێشەی کۆچ و ئەمنی، هێندەی دیکە پەیوەندی و متمانەی ئەنقەرە و برۆکسلی لاوازتر کردووە و وای کردووە هەمیشە بەگومانەوە لە هەنگاوەکانی یەکتر بڕوانن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکیدا کە سەرەتای ساڵی 2021 بەڕێوە چوو، بە ئورسولا ڤۆدێرلەین سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپای ڕاگەیاند، پێویستە کارەکانی نوێکردنەوەی یەکێتیی گومگری و پێدانی ڤیزای بێسنوور بە هاوڵاتییانی تورکیا خێرا بکرێن و لە دانوستانەکانی تایبەت بە ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە یەکێتیی ئەورووپا هەنگاو بنرێن. سەرەڕای هەموو ڕەخنەکانی ئەردۆغان لە ئەورووپا و ڕۆژئاوا، ئەردۆغان لە چەند کات و شوێنێکی جیاوازدا وتوویەتی ئایندەی تورکیا لە ئەورووپادا دەبینن.

ئەمەریکا لە ئێستادا نەک هەر لە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و ناجێگیردایە لەگەڵ ئەنقەرە، بەڵکوو سیاسەتەکەشی بەو ئاڕاستەیەیە تورکیا لە هاوپەیمانەکانی ئەورووپای دوور بخاتەوە، ئەمە لە کاتێکدا باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا دوو جار باسی لە پێویستیی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا کردووە. جاری یەکەم لە لوتکەی ئەورووپا بوو لە شاری پراگ و جاری دووەمیش لە پەرلەمانی تورکیا.

 

ئایندەی ئابووریی تورکی

تورکیا کە یەکێک بوو لە 20 وڵاتە گەورەکەی ئابووریی جیهان، چەند ساڵێکە لە پاشەکشەی بەردەوامدایە. بە پێی پێشبینییەکانیش، ئابوورییەکەی لە 2023دا بەرەو لاوازیی زیاتر دەڕوات. تورکیا لە ساڵی 1980 تاکوو ئێستا، باشترین ساڵەکانی لەم ڕیزبەندییەدا ساڵانی 2013 تاکوو 2015 بوو کە توانیی سێ ساڵ لەسەر یەک پلەی 16ی گەورەترین ئابووریی جیهان بەدەست بهینێت. ئەو کاتەی ئاکپارتی هاتە سەر دەسەڵات (2002-2003)، تورکیا لە پلەی 21دا بوو، لەنێوان ساڵانی 2004 تاکوو 2010 گەیشتە پلەی 17، لە ساڵانی 2018 و 2019 پاشەکشەی کرد و لە پلەی 19دا گیرسایەوە. ساڵی 2020 بە هۆی قەیرانە بەردەوامەکانەوە، تورکیا پاشەکشەی زیاتری کرد و گەیشتە پلەی 20. لە ساڵی 2021 و دوای 18 ساڵ، تورکیا جارێکی دیکە کەوتەوە دەرەوەی لیستی 20 وڵاتە گەورەکەی جیهان و لە پلەی 21دا وەستا و لە (2022)شدا پلەیەک زیاتر پاشەکشەی کرد و بوو بە (23)یەمین گەورەئابووریی جیهان و دۆخە ئابوورییەکەی گەڕایەوە بۆ پێش دەسەڵادارییەکەی پارتی داد و گەشەپێدان.

بە پێی پێشبینییەکان، تورکیا ساڵی 2023 و لە 100 ساڵەی تەمەنی کۆمارەکەیدا لە پلەی (23)یەمدا دەمێنێتەوە و لە ساڵانی 2024، 2025 و 2026دا دەچێتەوە پلەی 22. هەر بە پێی پێشبینییەکان، لە ساڵی 2027دا تورکیا دەتوانێت پلەی (17)یەمین گەورەئابووریی جیهان بەدەست بهێنێتەوە.

لەبەر ئەوەی گرووپی 20 گرنگیی گەورە بەم ڕیزبەندییە نادات، تورکیا لە گرووپەکەدا ماوەتەوە و ئەندامێتییەکەی لەدەست نادات، بەڵام قەیرانە ئابوورییەکەی، هەڵئاوسانە بەردەوامەکەی، شکانی بەهای دراوەکەی و خاویی گەشە ئابوورییەکەی؛ کاری کردووەتە سەر پێگە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکەی.

لە کۆتا مانگەکانی 2022دا، بە هۆی پاشەکشەی بەردەوامی بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان و گەورەبوونی زیاتری قەیرانەکان، تورکیا تاکوو پلەی 23 پاشەکشەی کرد.

مەحفی ئەیلمەز ئابووریناسی تورکیا، دەڵێت ئابووریی تورکیا لە حەوت ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی گەورەترین گۆڕانکاری بووەتەوە و زۆرترین هێزی لەدەست داوە. بەم پێیە تورکیا لە کاتێکدا لە ساڵی 2015 لە لیستی (66)یەمینی جیهان بووە لە ڕووی داهاتی تاکەکەس، کەچی لە ساڵی 2021 تاکوو پلەی 78 پاشەکشەی کردووە.

درۆنەکان، ئومێدی سەربازیی تورکیا

لەگەڵ لاوازبوونی ئابووریی تورکیا، دابەزینی بەهای لیرە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان و قەیرانە سیاسییەکان لە تورکیا؛ ئومێدەکان لەو وڵاتە بە بواری پیشەسازیی سەربازیی زیاتر دەبێت و وەک هیوایەک بۆ هەستانەوە لێی دەڕوانن. لە چەند ساڵی ڕابردوودا پیشەسازیی بەرگریی تورکیا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لە بواری دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی. خراپبوونی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و تورکیا، گەمارۆ ئابووری و سەربازییەکانی واشنتن بۆ سەر ئەنقەرە و توندبوونەوەی پێکدادانەکانی سوپای تورکیا لەگەڵ پەکەکە و ڕۆژئاوای کوردستان؛ لەو هۆکارە گرنگانەن وای لە تورکیا کرد پیشەسازیی سەربازی و بەتایبەتتر دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خێراتر بکات.

تورکیا لە ڕێگەی چەند کۆمپانیا و دامەزراوەیەکەوە بەردەوامە لە پێشخستنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی، لەوانەش “پیشەسازیی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی تورکیا و بایکار” کە دیارترین بەرهەمەکانیان بریتین لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئانکا و بایراکتار تی بی ٢.

بە پێی دۆخی ئێستا و پێشبینییەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەی نزیک، ناوەند و دووردا، ئاستی پێشکەوتن و توانای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەرزتر بکرێنەوە، کاتی مانەوەیان لە ئاسمان درێژتر بکرێنەوە، خێرایی، توانای هەڵگرتنی مووشەک و وردیی ئامانج پێکانیان، بەشدارییان لە جەنگی دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان زیاتر بکرێن، داهاتی فرۆشتنی ئەم فڕۆکانە بە وڵاتانی جیهان بەرزتر ببنەوە و بەمەش پێگەیەکی بەهێزتری هەرێمی و نێودەوڵەتی بە ئەنقەرە ببەخشن.

تورکیا هەوڵ دەدات لە ئایندەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە ئاستێکدا بن بە کەمترین کات و زیانەوە زۆرترین ئامانج بپێکن و زیانی زیاتر لە نەیارەکانیان بدەن. ئامانجێکی دیکەش بریتییە لە پێشخستنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە ئەرکیان چاودێریکردن و کۆکردنەوەی زۆرترین زانیارییە، چونکە کلیلی بردنەوەی هەر جەنگێک ئەو زانیارییانەیە بەر لە جەنگەکە لە بارەی هێزی بەرانبەرەوە کۆ دەکرێنەوە، بۆ ئەمەش کۆمپانیا تایبەتمەندەکانی ئەم بوارە لە هەوڵی چڕ و بێوچاندان، بەتایبەت کۆمپانیای بایکار.

بایکار لە ئێستادا کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکات بە ناوی “سیستمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی” و چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٣دا دروستکردنی یەکەم فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی تەواو ببێت. ئەم فڕۆکەیە بۆ یەکەم جار لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢١ لەلایەن کۆمپانیای بایکارەوە ڕاگەیەنرا و ڤیدیۆکەی بڵاو کرایەوە.

ئەوەی وای کرد کارەکانی دروستکردنی ئەم فڕۆکەیە خێراتر بکرێت، دەرکردنی تورکیا لە گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی ئێف ٣٥ و ئەو کێشانە بوون لەبەردەم گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس ٤٠٠ی ڕووسیدا بۆ تورکیا دروست بوون.

وەک کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە، ئامانجیان ئەوەیە خێرایی ئەم فڕۆکەیە لە ساڵانی ئایندەدا بگاتە خێرایی دەنگ. لە یەکەم قۆناغدا فڕۆکەکە توانای هەڵگرتنی یەک تۆن و نیو مووشەک و چەکی هەیە و هەوڵ دەدرێت لە ئایندەدا ئەم تواناییە بەرزتر بکرێتەوە.

ساڵی ٢٠١٢ “نەخشەڕێگای سیستمی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا” بڵاو کرایەوە، تێیدا بەوردی باس لە پلانەکان بۆ گەشەپێدانیان کرابوو تاکوو ساڵی ٢٠٣٠ و ساڵی (٢٠١٧)ش نەخشەڕێگاکە نوێ کرایەوە.

 

ئایندەی ماف و یاساکان لە تورکیا

ئاکپارتی شانازی بە دوو دەیەی ڕابردووەوە دەکات و پێی وایە تورکیایان لە وڵاتی کودەتا و ستەمەوە گواستووەتەوە بۆ دیموکراسیەت و ماف و یاساسەروەری. بەپێچەوانەشەوە ڕەخنەگران دەڵێن وڵاتەکەیان لە 20 ساڵی ڕابردوودا لە ڕووی ماف، ئازادی و یاسا سەروەریی پاشەکشەیەکی مەترسیداری کردووە و لە ئایندەشدا بەرەو دۆخێکی خراپ و مەترسیدارتر هەنگاو دەنێت.

کەمال گوێزلەر؛ پسپۆڕی دەستوور و یاسا، لە کتێبێکیدا بە ناوی “تورکیا بەرەو کوێ دەچێت؟”، ڕەخنە لە یاسا لەژێر دەسەڵاتی ئاکپارتی دەگرێت و پێی وایە مەترسییەکی گەورە لەسەر دەستوور و یاسا و ئازادییەکان هەیە و دەڵێت لە تورکیا دیموکراسی، دەوڵەتی ماف، ئازادی و مافە بنەڕەتییەکان ڕۆژبەڕۆژ پاشەکشە دەکەن، ئەمەش پرسیار لەسەر مافەکان دروست دەکات. دەکرێت بوترێت لەم چەند ساڵەدا مشتەکۆڵەیەکی زۆر قورس بەر یاساکان کەوتووە. دادوەرەکان لەبریی پاراستنی ئازادی و مافە بنەڕەتییەکان، بوون بە کەسانێک کە دەستوەردان لە ئازادی و مافە بنەڕەتییەکان دەکەن. دادگای دەستووری کە ئەرکەکەی بریتییە لە سنووردارکردنی فەرمانڕەوایی، بووە بە دەزگایەک کە لەلایەن فەرمانڕەواوە بڕیاری لەسەر دەدرێت. واتە ئیتر یاسا سیاسەت ناخاتە چوارچێوەوە، بەڵکوو یاسا کەوتووتە ژێر فشار و کۆنترۆڵی سیاسەتەوە.

ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەرانی دیکەی تورکیاش ڕەخنە لە فەرمانڕەوایی پارتی داد و گەشەپێدان دەگرن و پێیان وایە ئاکپارتی تورکیا بەرەو ئایندەیەکی نادیار و تونێلێکی تاریک دەبات. ئێرۆڵ مانیسالی؛ نووسەر و پسپۆڕ لە بواری سیاسەتی ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نووسەری ڕۆژنامەی جمهوریەت، دەڵێت تورکیا خراوەتە نێو قەیرانگەلێکی نائاساییەوە کە لە مێژووی تورکیادا شتی وەها ڕووی نەداوە، نە لە ساڵانی 1945 تاکوو 1950، نە لە سەردەمی پارتی دیموکرات (1950-1960) و نە لە کودەتاکانی 1971 و 1980. تورکیا بە کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی، ئابووری، کولتووری و ئەخلاقییەوە بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات، ئەم جۆرە دۆخە لە مێژووی کۆماردا وێنەی نەبووە. ئێستا دیارە تورکیا بەرەو کوێ دەبرێت، ساڵی 1933 پڕۆفیسۆرەکانی ئەورووپا لە نموونەی “Fritz Neumark” بۆ تورکیا دەهاتن، ئێستاش تاڵیبان و سوورییە توندڕەوەکان ڕوو لە تورکیا دەکەن.

 

کورد و تورکیا، ئایندەیەكی ناڕوون

کورد لە مێژووی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دواتریش کۆماری تورکیادا هەمیشە ئامادەیی بەهێزی هەبووە، هەندێک جار لەگەڵ ئەم دوو دەسەڵاتەدا تەبا و زۆر جاریش ناتەبا بووە. هەر بۆیە هەر کاتێک باس لە ئایندەی تورکیا دەکرێت، لەگەڵیدا باس لە مەسەلەی کورد دەکرێت، زۆربەی شیکەرەوە، مێژوونووس و لێکۆڵەرانیش پێیان وایە ناکرێت بەبێ باسکردن لە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ کورد؛ باس لە ئایندەی تورکیا بکرێت. بەشێکی دیاری ڕەخنەگرانی ئاکپارتی پێیان وایە سیاسەتی ئێستای تورکیا بەرامبەر بە کورد هەڵەیە و ئەم هەڵەیەش بۆ ئایندەی تورکیا زیانی زۆری دەبێت.

عەبدولباقی ئەردۆغموش پێی وایە چیرۆکە فەڕمییەکان لە بارەی مێژووی تورکیا و کوردەوە ناڕاستن و بەتوندی ڕەخنە لە ڕابردووی ئەم پەیوەندییە و ئێستا دەگرێت. ئەردۆغموش دەڵێت، تورکیا سیاسەتێکی ڕاست و دروست و واقعی نییە بەرامبەر بە کورد لە تورکیا، عێراق و سووریاش. تورکیا لەبریی ڕێککەوتن لەگەڵ کوردانی سووریا، هەوڵی سڕینەوەی دەستکەوتەکانیان دەدات و ڕێگری لە بەرەوپێشچوونەکانیان دەکات، لە کاتێکدا ئێستا کوردەکان لە ناوچەکەدا پێگەیەکی بەهێزیان هەیە، زلهێزەکانی جیهان هاوپەیمانیانن، مەسەلەی کورد بووە بە ڕۆژەڤ و بابەتی گفتوگۆ. بۆیە ئایندەی تورکیا بەستراوە بە ئایندەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد و بە ئاشتی ژیان لەگەڵیان. تورکیا ناچارە لە سەد ساڵەی تەمەنیدا بە ڕۆحێکی گونجاو لەگەڵ ئەم سەردەمەدا مامەڵە بکات.

جومعە چیچەک؛ نووسەری کتێبی “پڕۆسە، پێکدادانی کوردی و گەڕان بەدوای چارەسەر”، لە گفتوگۆیەکیدا دەربارەی کتێبەکەی، ئایندەی مەسەلەی کورد لە تورکیا، تێڕوانینی ئاکپارتی و دەوڵەتی تورکیا لە بارەی مەسەلەی کورد و سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکانەوە دەڵێت، دواین ڕێگاچارە و شوێن تورکیا ناچار بێت ڕووی تێ بکات، مێزی گفتوگۆیە. بە پێی توێژینەوەکان، دەوڵەتەکان ئەگەر لە ماوەی پێنج بۆ حەوت ساڵدا توانییان سەرهەڵدان و هەڵگەڕانەوەکانی وڵاتەکانیان سەرکوت بکەن، دەتوانن کۆتایی بەو سەرهەڵدان و هەڵگەڕانەوەیە بهێنن، بەڵام ئەگەر دۆخەکە سەرووی حەوت یان ١٠ ساڵی تێپەڕاند، ئەوا پێویستی بە دانوستان و گفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەرکردن، بەم پێیەش مەسەلەی کورد لە تورکیا بە ڕێگای سەربازی و ئەمنی چارەسەر ناکرێت و پێویستی بە ڕێگەچارەی ئاشتییانە، دانوستان و گفتوگۆ هەیە.

چیچەک پێی وایە لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییانەی هەن، چەن سیناریۆیەک ئەگەری ڕوودانیان هەیە و لەبەردەم ئایندەی تورکیادان، قەیرانی سەرەکیی تورکیا لە نێوخۆ و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بریتی دەبێت لە شەپۆلی بەردەوام بەهێزبووی کورد و ئەم شەپۆلەش تەنها لەسەر پشتی بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد ڕانەوەستاوە، بەڵکوو بووە بە بزووتنەوەی شەقام. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە تورکیا، ئێران و سووریا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا دەکەن؟ بەتایبەت کە ئەم شەپۆلە بەردەوامە و ناوەستێت. بۆ نموونە سەرەڕای کەوتنی عەفرین بە دەستی تورکیا و بێدەنگکردنی کورد، هێشتا بزووتنەوەی کوردی بەهێزتر دەبێت، چونکە ناتوانرێت تا کۆتایی ئەم شەپۆلە سەرکوت بکرێت. بۆیە تاکە ڕێگای بەردەم تورکیا، ڕووکردنە کورد و شەپۆلەکەیەتی.

سیناریۆی خراپ بۆ تورکیا ئەوەیە ئەم مامەڵەیە لەگەڵ کورد بەم جۆرەی ئێستا لە چەند ساڵی ئایندەشدا بەردەوام بێت (ڕێگەچارەی سەربازی)، ناوەندسەنتەری و سیستمی کۆماری بەهێزتر بکرێت کە ئەمە تەنها لە ویستی ئەردۆغاندا نەماوە و بووە بە ویستی بەشێکی دیاری نوخبەی دەسەڵات. بۆیە ڕێگەچارەی سەربازییش لەئارادا نەبێت، ئەم بیرە وەک تیۆر ئامادەیی دەبێت، باجی ئەمەش تەنها کوردەکان نایدەن، بەڵکوو ئیسلامییەکانیش هەمان باج دەدەن. بەکورتی: دەکرێت جەخت لەوە بکرێتەوە، دەکرێت شەپۆلی بەهێزبووی کورد بۆ ماوەیەک ڕابگیرێت، بەڵام بە شێوەیەکی بەهێزتر دەگەڕێتەوە.

ساڵح یڵماز لەو کەسە دیارانەیە کە ئایندەی تورکیا بە ئایندەی کوردەوە دەبەستێت و ڕەخنە لە سیاسەتی ئاکپارتی بەرامبەر نوێنەری سەرەکیی کورد دەگرێت کە هەدەپەیە. یڵماز پێی وایە سەرەڕای ئەوەی هەوڵی داخستنی ئەم پارتە دەدرێت، بەڵام کاریگەرییەکانی ئەم پارتە بەداخراوییش گەورە و بەهێزن لەسەر تورکیا. ئێستا هەمووان دان بەو ڕاستییەدا دەنێن کە لە تورکیا سیاسەت بەبێ مەسەلەی کورد ناکرێت، هەر بۆیە هەموو پارت و هێزە سیاسییەکان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەست بە مەسەلەی کورد ئاڕاستەی سیاسییان دادەڕێژن. سیاسەتی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش کە ئامانجیان بەکارهێنانی دۆزی کوردە هەڵەیە، چونکە هیچ لایەکیان ئامانجیان چارەسەرکردنی کێشەی کورد نییە. یڵماز دەڵێت، ئایندەی تورکیا لەسەر بنەمای دروستکردنی پەیوەندیی نوێ و دروست لەگەڵ کورد بونیاد دەنرێت، هەروەک چۆن ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە کوردەوە.

سیناریۆکان

یەکەم: چەند مانگ و ساڵی ئایندەی تورکیا پڕ لە گۆڕانکاری و ڕووداوی سیاسی دەبێت، بەتایبەت مانگەکانی بەر لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەی ئەو وڵاتە. لەم چەند مانگەدا زۆربەی پارتە سیاسییەکان سەرنجی خەڵک بۆ باسکردن لە بارەی ئایندەی وڵاتەکەیان ڕادەکێشن، ئاکپارتی بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان باس لە ئایندەیەکی گەشتر بۆ وڵاتەکەیان دەکەن و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەش بەچڕی ئەو مەترسییانە دەخەنە ڕوو کە لەبەردەم ئایندەی وڵاتەکەیاندایە.

دووەم: پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرەو گرژیی زیاتر هەنگاو دەنێن، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکان، سزا و گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆشایی نێوان واشنتن و ئەنقەرە زیاتر دەکەن، بەڵام بە هۆی بەرژەوەندییە ئابووری، ئەمنی و سیاسییە ستراتیژییەکانەوە خراپیی پەیوەندییەکان تا ئاستی پچڕان ناڕۆن، ئۆپۆزسیۆنیش پێشوازی لەم دۆخە دەکەن.

سێیەم: سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان، ئابووریی تورکیا بەرەو لاوازیی زیاتر دەچێت و هەڵاوسانیش زیاتر دەبێت، ئەمەش باری گوزەرانی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە قورستر دەکات و بۆشایی نێوان هاوڵاتییان و داڕێژەرانی ئەم سیاسەتە ئابوورییە فراوانتر دەکات.

چوارەم: لە چەند ساڵی ئایندەدا تورکیا گرنگیی زیاتر بە پیشەسازیی چەک دەدات، بەتایبەت دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەم بوارەشدا چاوەڕوان دەکرێت پێشکەوتنی خێرا و گەورە تۆمار بکات و لەدوای ئیسرائیل وەک وڵاتی هەرە بەهێزی ناوچەکە لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێگەی خۆی بپارێزێت.

پێنجەم: لەسەر بنەمانی ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو و پێدراوەکان، چاوەڕوان دەکرێت ئازادی، چالاکیی سیاسی، بیروڕای ئازاد، مافە بنەڕەتییەکان، میدیای ئازاد، سەربەخۆ، ئەهلی و ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەت کوردی؛ سنووردارتر بکرێن و دادگاکان سەربەخۆیی زیاتر لەدەست بدەن.

شەشەم: پەیوەندیی نێوان ئاکپارتی و کورد بە نوێنەرایەتیی هەدەپە لاوازتر دەبێت و بۆشایی نێوانیان فراوانتر دەبێت، ئەمەش بە هۆی سیاسەتی قورسی ئاکپارتی بەرامبەر پارتەکە و زیاتربوونی بێمتمانەیی هەدەپە و کورد بەرامبەر ئاکپارتی و ئەردۆغان. ئەم دوورکەوتنەوەیەش لە کاتێکدایە بە پێی هەموو ڕاپرسی و چاوەڕوانییەکان، هەدەپە دەنگی یەکلاکەرەوە دەبێت لە هەڵبژاردنی مانگی حوزەیران و ئەگەر موفاجەئەی گەورە ڕوو نەدات، تا ئاستێکی زۆر ئەم پارتە یەکلای دەکاتەوە کێ دەبێتە فەرمانڕەوای نوێی وڵاتەکە، ئاکپارتی و مەهەپە یان پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان.

حەوتەم: تا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان نزیکتر ببینەوە، هێرشەکانی سوپای تورکیا لە ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستانیش زیاتر دەبن، بەتایبەت بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هۆکاری چاوەڕوانیی زیاتربوونی ئەم هێرشانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەردۆغان پێویستی بە دەنگی نەتەوەییە توندەکانە، بەتایبەت کە بەشێکی زۆری ئەو دەنگانە چوونەتە ژێر باڵی پارتی باشی جیابووەوە لە مەهەپە، چونکە ئاکپارتی دەزانێت دەنگی ئەم نەتەوەییانە بە لوولەی تفەنگی سەربازەکانیدا تێدەپەڕێت.

هەشتەم: سەقامگیریی نێوخۆیی تورکیا لە ئایندەدا، ڕۆڵی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان و چارەنووسەکەی، تا ئاستێکی زۆر پەیوەست دەبێت بە مەسەلەی کوردەوە لە تورکیا، هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا. سەرەڕای ئەم ڕاستییانەش، چاوەڕوان ناکرێت گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیاسەتی ئەم وڵاتە بەرامبەر بە مەسەلەی کورد و پارچەکانی کوردستان بێتە ئاراوە.

بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:

  1. Sayın, Ayşe (28/11/2022), “Cumhurbaşkanı Erdoğan’ın ‘Türkiye yüzyılı’ açıklamasında neler öne çıktı?”, https://www.bbc.com/turkce/articles/cx9701ge4yzo?fbclid=IwAR0VZGyUY4RYDnvCe90iaE3yEDx9fTXnsSbQXJtPG71M8EBSfJuY8VrsUWc.
  2. türkiye cumhuriyeti cumhurbaşkanlığı, (24/10/2022), “Cumhuriyetimizin 100’üncü yılına büyük bir heyecanla, şevkle, coşkuyla hazırlanıyoruz”, https://www.tccb.gov.tr/haberler/410/140330/-cumhuriyetimizin-100-uncu-yilina-buyuk-bir-heyecanla-sevkle-coskuyla-hazirlaniyoruz-.
  3. Yılmaz, Dr. Mehmet Yalçın, (4/11/2022), “Erdoğan’ın kızıl elması: Türkiye Yüzyılı”, https://www.aa.com.tr/tr/analiz/erdogan-in-kizil-elmasi-turkiye-yuzyili/2729567?fbclid=IwAR37fZS8guAubZRvGF40SQyGbB8LRN7vhEwsWGHefSArfS7rHkAlSnAwPcI.
  4. Haberturk, (18/7/2022), “Türkiye’nin geleceği çok güzel”, https://www.haberturk.com/antalya-haberleri/98455591-astrolog-sayari–turkiyenin-gelecegi-cok-guzel-2025-ozellikle-de-2027den-sonra-turkiye.
  5. Can Selçuki, (12/11/2021), “Türkiye’nin Geleceğine Genç Bakış”, https://www.freiheit.org/sites/default/files/2021-11/turkiyenin-gelecegine-genc-bakis_0.pdf.
  6. Gökhan Çınkara, (17/9/2022), “Dr. Samir el-Taki ile Ortadoğu ve Türkiye’nin geleceği”, https://www.indyturk.com/node/553656/t%C3%BCrki%CC%87yeden-sesler/dr-samir-el-taki-ile-ortado%C4%9Fu-ve-t%C3%BCrkiyenin-gelece%C4%9Fi.
  7. Güvenç, Nazım, (2008) “Türkiye’nin Geleceği ve CHP”, Anahtar Kitaplar.
  8. Atila Eralp, (6/2021), “Avrupa’nın Geleceği Tartışması: Değişen Küresel Bağlamda Türkiye-AB İlişkilerini Yeniden Canlandırmak”, https://ipc.sabanciuniv.edu/Content/Images/CKeditorImages/20210816-20080306.pdf.
  9. bbc türkçe, (9/1/2021), “Erdoğan: Türkiye’nin geleceğini Avrupa’da görüyoruz”, https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-55604477.
  1. STM Future Technology Institute, (2/2016), “Geleceğin Hava Kuvvetleri: 2016 – 2050”,

https://thinktech.stm.com.tr/uploads/docs/1608914423_satm-bb-17-0200-sektor-raporlari-iha-260417.pdf.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی پانزەیەم (15) کانوونی یەکەم، پایزی 2022، ساڵی سێیەم

Send this to a friend