• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 19, 2023

100 ساڵ لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا

نووسینی: پ.د. ئایلین ئونڤەر نیۆ، گۆڤاری کریتەر

وەرگێڕانی: لاڤە رەسوڵ

پ. د. ئایلین ئونڤەر نیۆ (Prof. Dr. Aylin Ünver Noi)
ساڵی ١٩٧٢ لە ئیزمیر لە خۆرئاوای تورکیا لەدایکبووە، یەکێکە لە مامۆستا و نوسەرە دیارەکان لە بواری پەیوەندی و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. پڕۆفیسۆر ئایلین وەک مامۆستا لە زانکۆی خەلیچ (Halç Üniversitesi) بەردەوامە لە کاری مامۆستایی و لە هەمان کاتدا وەک توێژەر لە وەقفی توێژینەوە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان (سێتا) (Siyaset, Ekonomik, Toplumsal Araştırmaları Vakfı) ئەرکی هەیە. جگە لە زانکۆکانی گەدیک (Gedik Üniversitesi) و مەڕمەڕە (Marmara Üniversitesi)، لە چەند زانکۆیەکی ئەوروپا و ئەمریکا وانەدەڵێتەوە. بۆ چەندین ناوەندی توێژینەوە و گۆڤاری شیکاریی تورکیا و ئەوروپا دەنوسێت.

گۆڤاری کریتەر (Kriter Dergisi)
گۆڤاری کریتەر لەلایەن وەقفی توێژینەوە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە (سێتا) (Siyaset, Ekonomik, Toplumsal Araştırmaları Vakfı) مانگانە بڵاودەکرێتەوە. هەر ژمارەیەک تایبەتدەکرێت بە دۆسیەیەکی تایبەت و لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسەتی دەرەوە و میدیا، شیکاری و ڕانان بڵاودەکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی لە هەر ژمارەیەکدا چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسایەتییەکی دیاری تورکیادا دەکات.

دەستپێك
کاتێک لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا دەکۆڵینەوە، بە گشتی دەبینین دوای جەنگی جیهانیی دووەم، هاوپەیمانییەکی ستراتیژی لە سەر بنەمای مەترسییە هاوبەشەکان دامەزرا. دەتوانین بڵێین: ئەزموونی نێوان هەردوو وڵات، بە تایبەتی لە نێوان ساڵانی ١٩٦٠ بۆ ۱۹۸۰، زەمینەی بێمتمانەیی لەلایەن هەردوولاوە هێنایەکار و کێشە و نیگەرانییەکی لە نێوان هەردوولادا دروستکردووە کە بۆ مێژوو دەنوسرێتەوە.
یەکەم پەیوەندیی نێوان ئەم دوو لایەنە لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەم لە نێوان ئیمپرڕاتۆریەتی عوسمانی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ بازرگانیی دەریایی لە بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاستدا دەستیپێکرد. سەرەڕای پەیوەندیی دوولایەنە لە دەریای ناوەڕاست و دانانی کونسوڵی ئەمریکا لە ئیزمیر لە ساڵی ١٨٠٢، هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتە تاوەکو کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ساڵی ١٨٣١ لە ئەستەنبوڵ نەهاتەکایەوە. بە هەمان شێوە، عوسمانیەکان خاوتر بوون لە ناردنی نێردەی دیبلۆماسی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک لە وڵاتانی ئەوروپا و یەکەم کونسوڵخانەی عوسمانی لە ئەمریکا لە ساڵی ۱۸۵۸ کرایەوە. ئەم دواکەوتنە لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییش ڕوویدا و ئەمریکا ٤ ساڵ چاوەڕێی تورکیای کرد تاوەکو لە ١٧ی شوباتی ١٩٢٧ پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی دەستپێکردەوە.
پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کە لە سەردەمی عوسمانیدا دەستیانپێکرد، بە تێپەڕبوونی کات چالاکییە نێردراوەکانی ئەمریکا لە خاکی عوسمانییەکان دژ بە سیاسەتەکانی دەوڵەت و لە بەرژەوەندیی ئەرمەنییەکان ڕۆیشت، ئەمە جگە لەوەی بەڵێنی دابینکردنی ئەو چەکانەی کە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی دەیویست بیکڕێت، جێبەجێنەدەکرا. ئەم پەیوەندییە بە تەواوی پچڕا، کاتێک ئەمریکا شەڕی دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند، کە هاوپەیمانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بوو. سەرەڕای دامەزراندنی کۆماری تورکیا و کۆتاییهاتنی پرسی ئەرمەن و پرسی ڕۆژهەڵات بە پەیماننامەی لۆزان و دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان، دانوستانەکان کران و ڕێککەوتنێک واژووکرا، بەڵام پەیوەندییە فەرمییەکان دەستیانپێنەکردەوە. دواکەوتنی دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان کۆماری تازە دامەزراوی تورکیا و ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ پاڵپشتیی ئەمریکا لە دەوڵەتانی داگیرکەری ڕۆژئاوا و هەڵوێستی بەرانبەر بە پەیمانی لۆزان لە دوای شەڕی سەربەخۆیی، هەرچەندە تورکیا گوتی کە سیاسەتێکی بێلایەنانەی لە جەنگی سەربەخۆییدا گرتووەتەبەر، کە خەباتی تورکیا بوو بۆ سەربەخۆیی.
تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا، لەم قۆناغەدا کۆتایی بە دوژمنایەتی هێنا لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە لە شەڕی سەربەخۆییدا دژایەتیاندەکرد، سوودی لەو دەرفەتانە وەرگرت کە لە پرۆسەی ئاشتیدا هاتەکایەوە و دواتر هەنگاوی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا ناوە.

هەڵوێستی ستراتیژی
ئەو ڕێبازەی تورکیا لە ساڵانی یەکەمی دامەزراندنی کۆماردا گرتیەبەر، بە وتەی مستەفا کەمال ئەتاتورک؛ دامەزرێنەری کۆمار، “ئاشتی لە ناوخۆدا، ئاشتی لە جیهاندا”، پایەیەکی بنەڕەتیی دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بوو. لە نێوان ساڵانی ۱۹۲۳ بۆ ۱۹٤۵، کۆماری نوێی تورکیا سیاسەتێکی دەرەوەی پەیڕەوکرد لە سەر بنەمای بێلایەنی و پەیوەستنەبوون بە هیچ بەرەیەکەوە کە ئاشتی و سەروەری و گەشەپێدانی نەتەوەیی بە ئەولەویەت دادەنا، لە نێوان ساڵانی ۱۹۲۰ بۆ ۱۹۵۵، سیاسەتی مسۆگەرکردنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیی بە چەندین پەیمان و ڕاگەیاندنی دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا جێبەجێکرد. سەرەڕای ئەم پەیمانە ناوچەییانە، تورکیا کە تا ساڵی ١٩٣٩ ئەندامی هیچ ڕێکخراوێکی فەرمی نەبوو، توانیی لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا سەربەخۆ بمێنێتەوە و پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ هەموو دەوڵەتەکاندا بپارێزێت. وەک درێژەپێدەری ئەم سیاسەتە، سەرەڕای هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمان، ڕەتیکردەوە بچێتەناو جەنگی جیهانیی دووەمەوە.

ئەو ڕێبازەی تورکیا لە ساڵانی یەکەمی دامەزراندنی کۆماردا گرتیەبەر، بە وتەی مستەفا کەمال ئەتاتورک؛ دامەزرێنەری کۆمار، “ئاشتی لە ناوخۆدا، ئاشتی لە جیهاندا”، پایەیەکی بنەڕەتی دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بوو.

لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیی یەکێتیی سۆڤیەت (ڕوسیا) کە لە سەردەمی دوای جەنگی جیهانیی دووەمدا سەریهەڵدا، ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا. هەڕەشەی سۆڤیەت بووە هۆی ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان واز لە سیاسەتی گۆشەگیریی نەریتی خۆی بهێنێت لە سیستەمی جیهانی دووگۆشەیی و ڕووبکاتە سیاسەتی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ کۆنترۆڵکردنی فراوانخوازیی کۆمۆنیزم لە سەردەمی ستالیندا. سەرەڕای ئەوەش، هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی دۆستایەتی و بێلایەنیی یەکێتیی سۆڤیەت کە لە ساڵی ۱۹۲۵ لەگەڵ تورکیادا واژوویکرد، هەروەها داواکارییەکانی دواتر بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی لە گەرووی “بۆسفۆڕ”ی ئەستەنبوڵ لە ساڵی ۱۹٤۵ و گەڕاندنەوەی ناوچەکانی قارس و ئەردەهان بووە هۆی ئەوەی تورکیا واز لە سیاسەتی نەریتیی بێلایەنیی خۆی بهێنێت. هەموو ئەم پێشهاتانە وەک فاکتەرێکی گرنگ دەردەکەون لە پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا و نیشاندانی ئەوەی کە چۆن پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەشەیکردووە بۆ هاوپەیمانییەکی ستراتیژی.
لەم پڕۆسەیەدا ترۆمان دۆکترین (Truman Doktrini) سەرنجیڕاکێشا بۆ ئەو مەترسییانەی کە ڕووبەڕووی ئەنقەرە بوونەوە لە ساڵی ۱۹٤۷ و بوونە هۆی چاندنی تۆوی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و ناوچەکانی سەر دەریای ئەتڵەنتیکدا، لە هەمان ساڵدا تورکیا بەشدارکرا لە پلانی مارشاڵدا، کە پلانێک بوو بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی سۆڤیەت بە سەر ئەوروپاوە و لەم سۆنگەیەوە هاوکاریی ئابووریی وڵاتانی بەشدار لە پڕۆژەکە دەکرا.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین: ئەو مەترسییە ستراتیژییە هاوبەشەی کە ئەمریکا و تورکیای لە سەردەمی جەنگی سارددا بەیەکەوەگرێدا، یەکێتیی سۆڤیەت و پایەکانی سیاسەتی ئەمنیی هەردوولا بوو. ئەم بارودۆخە وای لە تورکیا کرد هاوپەیمانێکی گرنگی ڕۆژئاوا بێت لەو ناوچەیەی کە وەک باشووری وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی ناتۆ دەناسرێت، هەروەها تورکیا لە دوژمنکاریی سۆڤیەت بپارێزێت و ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت لە سیاسەتی ڕاگرتنی ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک دەوڵەتێکی پارێزراو دژی یەکێتیی سۆڤیەت.

دوای جەنگی یەکەمی جیهانییش پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا دەستبەجێ ئاسایینەبووەوە، بەڵکو ئەمریکا ٤ ساڵ چاوەڕێی تورکیای کرد تاوەکو لە ١٧ی شوباتی ١٩٢٧ پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی دەستپێکردەوە.

هەرچەندە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی خواستی تورکیا بۆ پێگەی خۆی لە ڕۆژئاوا هەڕەشەی سۆڤیەت بوو، واتە نیگەرانییە ئەمنییەکان، بەڵام هۆکاری نۆرماتیڤی دیکەش هەبوون. ئاڕاستەی تورکیا بەرەو ڕۆژئاوا کە بە ڕۆژئاوابوون و مۆدێرنکردن لە ماوەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لە نێوان ساڵانی ۱۸۳۹ بۆ ۱۸۷٦ دەستیپێکرد، بەردەوامبوو لە چاکسازییەکانی دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا و بوو بە تایبەتمەندییەکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی ئەو کۆمارە. دوای جەنگی جیهانیی دووەم، نیشانەکانی ئینتەرناسیۆنالیزمی لیبڕاڵ وەک دیموکراسی، مافی چارەی خۆنوسین و دامەزراوە/ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا؛ ڕۆزڤێڵتەوە زیندووکرانەوە. تورکیا لە ساڵی (١٩٤٧)ەوە بەها لیبڕاڵییەکانی لە دامەزراوەکانیدا جێگیرکردووە، ئەمەش دەرئەنجامی ئەندامبوونی تورکیا بوو لە زۆرێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە، کە بەشێک بوون لەو تەوژمە نێودەوڵەتییە لیبڕاڵانەی لە سەر بنەمای یاساکان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دامەزراون.
ئەمە بەو مانایە نەبوو کە هاوبەشیی ستراتیژی بە درێژایی شەڕی سارد بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەردەوامبووبێت. قەیرانی قوبرس لە ساڵی ١٩٦٤ خاڵی وەرچەرخان بوو لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکادا، نامەکەی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا؛ لایندن بانیاس بۆنسۆن (Lyndon Baines Johnson) کە تورکیای ئاگادارکردەوە دوای دەستوەردانی لە قوبرس، گومانی لە پشتیوانیی ناتۆ بۆ تورکیا دروستکرد و نیگەرانییەکی گەورەی لە سەر متمانەی هاوپەیمانیەتیی تورکیا لەگەڵ ڕۆژئاوادا دروستکرد. ڕووداوەکانی دوای ساڵی ١٩٦٠ بوونە هۆی خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا، هەندێکیان: کەمیی یارمەتیی سەربازیی ئەمریکی، پەسەندکردنی ستراتیژیی وەڵامدانەوەی نەرم لەلایەن ناتۆوە لە جیاتیی وەڵامدانەوەیەکی گەورە کە بەڵێنی وەڵامدانەوەیەکی ئۆتۆماتیکیی ئەتۆمیی دا دژی ئەو وڵاتە هێرشبەرە،کشاندنەوەی موشەکەکانی جوپیتەر١٩٧٤.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕی سارد، پلان و پڕۆژەکەی ترومان ڕەوایەتیی خۆی لەدەستدا و نەمانی مەترسییە هاوبەشەکە نیشانەکانی پرسیاری سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا زیاترکرد، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە لە سیستەمی جیهانیدا گرنگیی جیۆستراتیژی تورکیای بۆ هاوپەیمانیی ڕۆژئاوا نەگۆڕی. پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا دیسانەوە بووەتە ستراتیژییەکی گرنگ بۆ ئەمریکا، چونکە سەرهەڵدانی ناوەندە نوێیەکانی ململانێ و نزیکیی جوگرافیای تورکیا لە عێراق و ئێران و قەوقاز، وا دەکات هەماهەنگی لە هەموو جۆرە قەیرانێکدا پێویست بێت.
دەتوانین بڵێین: ئەزموونەکانی نێوان هەردوو وڵات بە تایبەتی لە نێوان ساڵانی ١٩٦٠ بۆ ١٩٨٠، زەمینەسازیی بۆ بێمتمانەیی ئێستای یەکتر دانا و نیگەرانییەکی مێژوویی قووڵی هێنایەئاراوە. لە لایەکی ترەوە هەرچەندە قەیرانەکان و جیاوازیی بیروڕا ناوبەناو گرژی لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا دروستدەکەن، بەڵام ئەم قەیرانە کاتییانە هەرگیز نەبوونەتە هەمیشەیی.
پێشهاتەکانی ئەم دواییە، تێڕوانینە جیاوازەکان، بەرژەوەندی و ڕێبازە جیاوازەکان، پرسیار لە بارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکاوە دەوروژێنن. لەم ساڵانەی دواییدا کەمبوونەوەی بەردەوام لە پشتیوانیی بەرگریی ئەمەریکا بۆ تورکیا، کە لە کۆتاییدا بوو بە گەمارۆی ناڕاستەوخۆ یان ڕاستەوخۆی چەک، بووە هۆی لێکترازانی زیاتر لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا بە ناچارکردنی تورکیا بۆ گەڕان بە دوای جێگرەوەکانی کەرتی بەرگری و دواتر کڕینی سیستەمی بەرگریی موشەکیی (S400) لە ڕووسیا، ئەمەش دواتر بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا یاسای بەرەنگاربوونەوەی نەیاران لە ڕێگەی سزاکانەوە CAATSA)) بسەپێنێت، کە سیستەمی پیشەسازیی بەرگریی تورکیای کردەئامانج، ئەم پێشهاتانەش لێکترازانەکەی توندتر و زیاترکرد. هەڵوێست و هەروەها لە “ناوچەی ئابووریی گەمارۆدراو (EEZ)” لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، پشتیوانیی ئەمریکا لە تێڕوانینەکانی یۆنان و قوبرسی یۆنانی، پشتیوانیی ئەمریکا بۆ یەپەگە وەک درێژکراوەیەکی پەکەکە لە سوریا، هەروەها ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردنی فەتحولا گولەن؛ ڕێبەری بزوتنەوەی گولەن، کە لەلایەن تورکیاوە بە هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ تۆمەتبارکراوە، بابەتگەلێکن کە بوون بە گرێکوێرەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا.

گۆڕانکارییەکان لە سیستەمی جیهانیدا گرنگیی جیۆستراتیژی تورکیای بۆ هاوپەیمانی ڕۆژئاوا نەگۆڕیوە، بەڵکو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا دیسانەوە بووەتە ستراتیژییەکی گرنگ بۆ ئەمریکا، چونکە سەرهەڵدانی ناوەندە نوێیەکانی ململانێ و نزیکیی جوگرافیای تورکیا لە عێراق و ئێران و قەوقازەوە، وا دەکات هەماهەنگی لە هەموو جۆرە قەیرانێکدا پێویست بێت.

سەرەڕای ئەو میکانیزمە ستراتیژییەی کە بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات دامەزرا، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی کۆنکرێتی بە ئاڕاستەی ڕەواندنەوەی بارگرژییەکانی نێوان هەردوولا بەدینەهاتووە. لە ڕابردوودا ئەم جۆرە جیاوازییانە نیشانیانداوە کە هەمیشە ڕێگەیەک هەیە بۆ هاوبەشە ئەتڵەسییەکان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتییەکانیاندا کاربکەن، تەنانەت ئەگەر هەندێک جار ببنە هۆی شکان، کە هاوپەیمانیەتی ئەتڵەسی لاوازدەکات. بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە هەردوو ئەکتەرەکە بەشدارن لە پرسە ناوچەیی و جیهانییەکاندا، جگە لە کێشە دووقۆڵییەکانی تورکیا و ئەمریکا، شەڕی ئۆکرانیا دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ ئەمریکا و تورکیا بۆ ئەوەی بە سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیاندا بچنەوە.

ئەزموونەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا بە تایبەتی لە نێوان ساڵانی ١٩٦٠ بۆ ١٩٨٠، زەمینەسازیی بۆ بێمتمانەیی ئێستای یەکتر دانا و نیگەرانییەکی مێژوویی قووڵی هێنایەئاراوە.

سیستەمی نوێ، ستراتیژی نوێ
ئەم ژینگە ئەمنییە نوێیە کە لەگەڵ لەشکرکێشیی ڕووسیادا بۆ ئۆکرانیا سەریهەڵداوە، بووەتە هۆی ئەوەی ئەمریکا کۆتایی بە دابڕانی خۆی لە ئەوروپا بهێنێت و سەرنجی بۆ شەڕی ئەوروپا ئاڕاستەبکاتەوە. بەم شەڕە دەبینین کێبڕکێی دەسەڵاتی گەورە گەڕاوەتەوە بۆ ئەوروپا. وەک برێزینسکی (١٩٩٧) بە ڕوونی دەڵێت: ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەش وەک ناوەندێکی ئاڵۆز لە سەر تەختەیەکی شەتڕەنج لە قۆناغی نوێی ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا دەردەکەونەوە، ئەمانەش لە ئەنجامی کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا دێنەکایەوە. هەروەها تورکیا دەکەوێتە ناوەندی گرینگترین ناوچەی شەڕی ئۆکرانیا. جگە لەوەی پێشهاتێکە کە گرنگیی ستراتیژی تورکیا زیاتردەکات، دەرفەتێک بۆ تورکیا و ئەمریکا دەڕەخسێنێت کە دەستبەرداری ڕێبازە کۆنەکان لە سیاسەتی دەرەوەدا ببن و لە گۆڕانی ژینگەی نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی نەرمونیانتر بیربکەنەوە، هەروەها لە سەر ئەو بنەمایانە پێداچوونەوە بە دەرفەتەکانی بەردەستیاندا بکەن لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتییەکاندا.
یەکێک لە دەرئەنجامە هەرێمییەکانی جەنگی ئۆکرانیا داننانە بە گرنگیی ستراتیژی تورکیا لە ڕووی سیستەمی هاوپەیمانیی ڕۆژئاوا و ئاسایشی زەریای ئەتڵەسی، ئەمەش دەبێتە هۆی دووبارە زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا. لەم چوارچێوەیەدا سەردان و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە زیادیانکردووە و ئەو میکانیزمە ستراتیژییەی کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دامەزرا بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا، دوای جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا چالاککرا. ئەگەر ئەم ژینگە ئەمنییە، کە دوای جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا سەریهەڵداوە، بە باشی هەڵبسەنگێنرێت، لەوانەیە بتوانرێت متمانەی هاوبەش دووبارە دروستبکرێتەوە.

هەرچەندە قەیرانەکان و جیاوازیی بیروڕا ناوبەناو گرژی لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا دروستدەکەن، بەڵام ئەم قەیرانە کاتییانە هەرگیز نەبوونەتە پێکهاتەیی.

سیاسەتی ئەمریکا بۆ ڕاکێشانی یۆنان و ئیدارەی قوبرسی یۆنانی کە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، بۆ لای خۆی، لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە بۆ ئەمریکا ئەنجامێکی ئەرێنی بووە، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ئەم دۆخە دژەتورکیایە و ژەهراویکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا-ئەمریکا و دروستکردنی ناوچەی کێشەداری نوێ لە دەرەوەی کێشە چەقبەستووەکانی ئێستا، ڕەنگە کەشوهەوای ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکادا بگۆڕێت بۆ نەرێنی، بەڵام لەم ژینگە ئەمنییەدا کە لەگەڵ هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا سەریهەڵداوە، تورکیا وازی لە سیاسەتی دەرەکی بە نرخی گۆشەگیری هێناوە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەنقەرە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی باشتربکات، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنیی لە سەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا دەبێت.

لینكی بابەت: https://kriterdergi.com/turkiye-abd-iliskisinin-100-yili

Send this to a friend