هاوپەیمانییە حیزبییەکانى هەرێمى کوردستان؛ مەرجەکانى سەرکەوتنى و ئاسۆکانى بەردەوامبوونى
د. عابد خالد رهسوڵ
پێشەکى:
گرنگى هاوپەیمانى حیزبى لە نێوان پارتە سیاسییەکاندا، تەنها لەو ڕووەوە دەرناکەوێت کە کاریگەرى لەسەر چەند هەڵوێست و چالاکیەکى هاوبەشى پارتەکان هەیە، بەڵکو هەندێک جار کاریگەرى گەورەى لەسەر کۆى ئەو سیستەمە سیاسییەش هەیە کە ئەو پارتانە هاوپەیمانى تیا دەبەستن. بۆ سەلماندنى ئەم ڕاستییەش نمونەى دیار لە وڵاتانى جیهاندا هەیە وەک (ئەڵمانیا وبەلژیکا وئوسترالیا). لە هەرێمى کوردستانیشدا بۆ ماوەى زیاتر لە دە ساڵە هاوپەیمانى نێوان هەردوو پارتى بەشدار لە (ڕێککەوتنى ستراتیژی) دا (پارتى ویەکێتى) کاریگەرى گەورەى لەسەر سیتسەمى دابەشکردنى دەسەڵات وداهاتى ئەم هەرێمە وتەنانەت لە هەندێک کایەى عێراقیشدا هەیە ودەکرێت تا داهاتوویەکى نزیکیش ئەو کاریگەریەى بەردەوام بێت، هەرچەندە لەچەند ڕوویەکەوە وا دەردەکەوێت کە هاوپەیمانییەکە کۆتایى پێهاتووە.
لەم چەند مانگەى دواییشدا (ڕێککەوتنى سیاسى) نێوان (یەکێتى وگۆڕان) وەک هاوپەیمانییەکى حیزبى نوێ ئەنجامدرا، کە لەلایەک بۆ (گۆڕان) دوا کارت بوو تا لە ڕێگەیەوە بتوانێت کاریگەرییەک لەسەر باڵانسى هێز لە دژى (پارتى) دابنێت، هەرچەندە تائێستا ئەم ئامانجەى نەپێکاوە، لەلایەکیتریش بۆ (یەکێتى) هەلێک بوو بۆ ئاشتکردنەوەى بەشێک لەو جەماوەرەى کە لەماوەى پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى ٢٠١٣ دا لە دەستى دابوو. بەمەزەندەى هەندیک کەس، ڕەنگە لە داهاتوودا ئەم هاوپەیمانییە نوێیەى (یەکێتى وگۆڕان) بەهەمان شێوەى هاوپەیمانییە کۆنەکەى (پارتى ویەکێتى) کاریگەرى لەسەر سەرلەنوێ داڕشتنەوەى سیستەمى بەشکردنى دەسەڵات وداهاتى لە هەرێمى کوردستان ولە عێراقیشدا دابنێت. بەڵام ئایا ئەمە تەنها مەزەندەکردنێکى سەرپێییە؟ یان گریمانەیەکى سەلمێنراوە بە شێوەیەکى زانستى؟ ئایا ئەم هاوپەیمانییە نوێیە دەبێتە جێگرەوەى هاوپەیمانییە کۆنەکە؟ ئایا کام لەم دوو هاوپەیمانییە مەرجەکانى سەرکەوتن وبەردەوامى هاوپەیمانییەکى توندوتۆڵى هەیە؟ ئایا ئاسۆى هاوپەیمانییە حیزبییەکان لە هەرێمى کوردستاندا بەچى دەگات؟ ئەم بابەتە هەوڵ دەدات کار ئاسانى بۆ وەڵامدانەى هەندێک لەو پرسیارانە بکات.
هاوپەیمانى نێوان پارتە سیاسییەکان:
هاوپەیمانى نێوان پارتە سیاسییەکان، بەهەمان شێوەى فرەباڵى ولێکترزانى ناو پارتە سیاسییەکان، سیمایەکى سروشتى ژیانى حیزبایەتییە لە وڵاتانى جیهاندا، بەڵکو ئەم دۆخە بەبڕواى زاناى سیاسى (ئارێند لایپارت)(١) گەلێک جار گرفتى زۆرى بۆ ئەو توێژەرە سیاسیانە دروستکردووە کە هەوڵى دیاریکردنى جۆرى سیستەمى حیزبى وڵاتێکى دیاریکراویان داوە، بە تایبەتى لە دوو حاڵەتدا:
یەکەم: حاڵەتى ئەو پارتانەى کە هاوپەیمانییەکى توندوتۆڵ لەنێوانیاندا هەیە، بەشێوەیەک کە زۆربەى کات وەک (یەک پارت) دەردەکەون نەک (دوو پارت).
دووەم: حاڵەتى ئەو پارتانەى کە جیاوازى قوڵ لەنێو باڵەکانىیدا هەیە، بەشێوەیەک کە زۆربەى کات وەک (دوو پارت یان زیاتر) دەردەکەوێت نەک (یەک پارت).
نموونە لە سەر حاڵەتى یەکەم، وەک هاوپەیمانى نێوان هەردوو پارتى (یەکێتى دیموکراتى مەسیحى- CDU) و(یەکێتى سۆسیاڵى مەسیحى- CSU) لە ئەڵمانیا، کە پێشتر دوو باڵى جیاوازى پارتێک بوون وساڵى ١٩٦٨ لە ئەنجامى جیاوازى زمانییەوە لێکترازاون. هەردوو پارتى (لیبراڵى ئوسترالى – LPA) و(نیشتمانى ئوسترالی – NPA)، کە ساڵى ١٩٧١ وەک دوو باڵى یەک حیزب لێکترازاون. هەروەها هەردوو پارتى (فلەمێنکى نوێ – N-VA) و(دیموکراتى مەسیحى وفلەمێنکى – CD&V) لە بەلجیکا کە ئەمانیش دوو باڵى جیاى یەک پارت بوون وساڵى ١٩٧٨ لێکترازاون.
هەرچەندە ئەم پارتانە لە هەرسێ وڵاتەکەدا لە ئەنجامى لێکترزانەوە دروستبوون، بەڵام دواتر چوونەتە هاوپەیمانییەکى هێندە توندوتۆڵەوە (Closely Alliances) کە زیاتر وەک یەک پارت بناسرێن. هەر بۆیە زاناى سیاسى (بلۆندێڵ)(٢) واى دەبینێت کە هەردوو پارتە ئەڵمانییەکە (CDU وCSU) یەک پارتن، لەبەرئەمەش سیستەمى حیزبى ئەڵمانیا ناودەنێت (سیستەمى دوو پارت ونیو – Two-and-a-Half Party System) لە جیاتى سیستەمى (دوو پارت ودوو نیو – Two-and-Two-Halves Party System). هەروەها واى دەبینێت کە هەردوو پارتى لیبراڵى ئوستراڵیا ونیشتمانى ئوسترالیاش (LPA وNPA) یەک پارتن، لەبەرئەمە سیستەمى حیزبى ئوسترالیا ناودەنێت (سیستەمى دوو پارتى- Two Party System) لە جیاتى سیستەمى (دوو پارت ونیو – Two-and-a-Half Party System).
لە هەرێمى کوردستانیشدا، لە پێش ڕاپەڕین ولەدواى ڕاپەرینیش، هاوپەیمانى حیزبى زۆر لەنێوان بزاف وپارتە سیاسییەکاندا ئەنجامدراون، بەڵام ئێمە لێرەدا ئاماژە بۆ دووانیان دەکەین کە دواى ڕاپەڕین بەستراون. یەکەمیان: بریتییە لە (ڕێکەوتنى ستراتیژى) نێوان (پارتى دیموکراتى کوردستان- KDP) و(یەکێتى نیشتمانى کوردستان- PUK). ئەم هاوپەیمانییە بەرچاوترین هاوپەیمانى حیزبى توندوتۆڵە کە ساڵى ٢٠٠٥ گرێدراە وتائێستا بەردەوامە. هەرچەندە هەندێک جار دەووترێت ئەم هاوپەیمانێتییە لە ساڵى ٢٠١٣ ەوە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕاگەینراوێکى ڕەسمى لەلایەن پارتەکانى ناو هاوپەیمەنیەکە جا بەشێوەى دوو لایەن بێت یان تاک لایەن دەرنەچووە کە هەڵوەشاندنەوەى هاوپەیمانییەکە بسەلمێنێت، ئەمە جگەلەوە کە چەندین جار ولەلایەن چەندین بەرپرسى باڵاى هەردوو پارتەکەوە جەخت لە بەردەوامى هاوپەیمانى نێوانیان کراوەتەوە. دووەمیشیان: بریتییە لە (ڕێککەوتنى سیاسى) نێوان (یەکێتى نیشتمانى کوردستان- PUK) و(بزوتنەوەى گۆڕان – GM) کە بەرلە چەند مانگێک لە ئێستا لە ١٧ى ئایارى ٢٠١٦ ئەنجامدرا.
نموونەش لە سەر حاڵەتى دووەم، حاڵەتى لێکترازان لەناو پارتە فرەباڵ وپەرتبووەکاندا (Factionalized Parties)، وەک (پارتى کۆنگرەى هندى- ICP)، (پارتى دیموکراتى مەسیحى ئیتاڵى – ICD)، (پارتى لیبراڵ دیموکرات – LDP) لە یابان، (پارتى دیموکرات) لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا وهەرسێ پارتى (فرانت ئەمبلیۆ) و(بلانکۆ) و(کۆلورادو) لە ئۆرۆگواى. ئەم پارتانە تاکە نموونەى فرەباڵى نین لە جیهاندا، بەڵام نموونەى بەرچاوى ئەو پارتانەن کە هەمیشە باڵەکانیان لە لێوارى لێکترازاندایە. بۆیە هەندێک لە شارەزایانى سیاسى یابان باڵە جیاوازەکانى ناو (پارتى لیبراڵ دیموکرات) بە (حیزب لەناو حیزب – Parties within the Party) ناوزەند دەکەن. هەروەها (پارتى دیموکراتى مەسیحى ئیتاڵى) تا هەڵوەشانەوەى لە سەرەتا نەودەکانى سەدەى ڕابردوودا هەمان ئەم دۆخەى هەبوو.
لە هەرێمى کوردستانیشدا، بەرچاوترین نموونەى ئەم حاڵەتە لە پێش ڕاپەڕیندا بریتییە لە لێکترازانى هەردوو باڵى (مەکتەبى سیاسی) و (سەرکردایەتى) لەناو (پارتى دیموکراتى کوردستان)دا لە ساڵانى شەستەکانى سەدەى ڕابردوودا. لە دواى ڕاپەڕینیش ئەو لێکترازانەى ناو (یەکێتى نیشتمانى کوردستان)ە کە ساڵى ٢٠٠٩ (بزووتنەوەى گۆڕانى) لێدروست بوو، ئەمەش چوارەمین لێکترازانی حیزبى بوو لە ناو (یەکێتى)دا کە خۆى لە ئەنجامى یکگرتنى هەر سێ ڕێکخراوى (کۆمەڵەى ڕەنجدەران) و(بزوتنەوەى سۆسیالیست) و(یەکێتى شۆڕشگێڕان)ەوە دروستبووە. ساڵى ١٩٧٩ بەشێک لە باڵى بزووتنەوەى سۆسیالیست لە یەکێتى جیابوونەوە وحیزبى سۆسیالیستیان دروستکرد، ساڵى ١٩٨٥ چەند سەرکردەیەک جیابوونەوە وئاڵاى شۆڕشیان دروستکرد، ساڵى ٢٠٠٨ یش باڵێک بە ناوى (ڕەوتى گۆڕینى دیموکراسى) جیابوونەوە، لە داهاتوشدا ڕەنگە باڵى (ناوەندى بڕیار) کە بەم دواییە ڕاگەیەنرا ببێتە هەوێنى پێنجەمین لێکترازانى ناو (یەکێتى).
بەهەرحاڵ ئەوەى ئێمە لێرەدا جێى گرنگى پێدانمانە حاڵەتى دووەم نییە، واتا خاڵەتى (لێکترازانى ناو حیزبەکان) کە ڕەنگە لە دەرفەتێکیتردا بەسەرى بکەینەوە، بەڵکو حاڵەتى یەکەمە واتا (هاوپەیمانى نێوان حیزبەکان)، بۆیە سەرەتا پێناسەى هاوپەیمانى حیزبى دەکەین، دواتر جۆرەکانى دەستنیشان دەکەین.
پێناسەى هاوپەیمانى حیزبى وجۆرەکانى:
هاوپەیمانى حیزبى بریتییە لە (ڕێککەوتنى دوو حیزب لەسەر یەکخستنى هەندێک لە هەڵوێست وچالاکییەکانیان، لە چەند ئاستێکى دیاریکراودا وبۆ ماوەیەکى دیاریکراو، بەبێ ئەوەى هیچ یەکێک لە دوو پارتەکە – یان هەردووکیان – شوناس وبوونى سەربەخۆى خۆیان لەدەست بدەن).
ئەوەى لەم پێناسەیەوە دەستمان دەکەوێت سێ تایبەتمەندى سەرەکییە، یەکەم: ئەوەیە کە هاوپەیمانى حزبی دوو قۆڵییە، واتا لەنێوان دوو پارتدا دەبەسترێت، خۆ ئەگەر ژمارەى پارتەکان لە دوو زیاتر بوو ئەوا پێى دەوترێت (بەرە – جبهة – Front)، هەرچەندە لەوانەیشە ناوى هاوپەیمانى بێت. دووەم: ڕێککەوتنەکە بۆ یەکخستنى چەند هەڵوێست وچالاکییەکى دیاریکراوە لەچەند ئاستێکى دیاریکراودا، چونکە یەکخستنى سەرجەم ئامانج وهەڵوێست وچالاکىیەکان لە سەرجەم ئاستەکاندا، واتاى یەکگگرتنى تەواوەتى دوو پارتەکە دەگەیەنێت، ئەمەش لە (هاوپەیمانى حیزبى) جیاوازە وپێى دەوترێت (یەکگرتنى حیزبى) کە تیایدا یەکێک لە دوو پارتەکە – یان هەردووکیان – شوناس وسەربەخۆیى خۆیان لەدەست دەدەن ودەبنە یەک پارت. سێیەم: ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەیەکى دیاریکراوبێت، واتا هەمیشەیى نەبێت، چونکە ڕێککەوتنى هەمیشەیى وەک تایبەتمەندى پێشوو سەردەکێشێت بۆ یەکگگرتنى تەواوەتى دوو پارتەکە، بەڵام نابێت ئەو ماوە دیاریکراوەش زۆر کوورت بێت، چونکە کوورتى ماوەکە کاریگەرى لەسەر جۆر وپلەى هاوپەیمانیەکە ومەرجەکانى سەرکەوتنیشى هەیە.
بە لەبەرچاوگرتنى ئەم سێ تایبەتمەندییە، دەتوانین هاوپەیمانى نێوان دوو حیزب لە جۆرەکانى ترى (کارى پێکەویى حیزبى) جیابکەینەوە، بەتایبەت (بەرە) کە زیاد لە دوو پارت لەخۆ دەگرێت. هەروەها دەتوانین بەپێى ئەم سێ تایبەتمەندییە هاوپەیمانى حزبیى دوو قۆڵى نێوان دوو پارت پۆلێن بکەین بۆ دوو جۆر:
– هاوپەیمانى حیزبى ڕاگوزەر: زۆربەى کات لە هەڵبژاردەنەکاندا ئەنجام دەدرێت، بەتایبەت لەو وڵاتانەدا کە سیستەمى هەڵبژاردنى زۆرینە (Majoritarian Electoral System) بە شێوەى دوو خول (الجولتین) پەیڕەودەکەن، وەک لە (فەڕەنسا وهندستان ومۆریچۆس) کاتێک پارتە بچوک ومامناوندەکان هاوپەیمانى دوو قۆڵى دەبەستن لەپێناو بەدەستهێنانى کورسییەک لە بازنەیەکى دیاریکراودا. هەروەها دەکرێت ئەمە لەو وڵاتانەش ڕووبدات کە سیستەمى هەڵبژاردنى ڕێژەیى (Proportional Electoral System) پەیڕەودەکەن وەک (پورتوگال وئیتاڵیا). بەڵام ئەم جۆرەى هاوپەیمانییە بەوە تایبەتمەندە کە زۆر کورت خایەنە وتەنها بۆ ئامانجێکى دیاریکراوە (کورسییەکى پەرلەمان یان چەند دەنگێکى زیاتر). بۆیە هەندێک کەس ئەم جۆرە هاوپەیمانییە بە (هاوسەرگیرى چێژ – زاج المتعە -Temporary Marriage – Marriages of Convenience) ناوزەند دەکەن.
– هاوپەیمانى حیزبى توندوتۆڵ: کە لەپێناو بەدیهێنانى زیاد لە ئامانجێک وبۆماوەیەکى درێژخایەن ئەنجام دەدرێت، وەک ئەو هاوپەیمانیانەى کە پێشتر لە (ئەڵمانیا وئوسترالیا وبەلجیکا) ئاماژەمان بۆیان کرد. ئەم جۆرە هاوپەیمانییە دۆخێکە کە تیایدا هەردوو حیزبەکە پێکەوە کۆمەڵێک ئامانج لەچەند ئاستێکدا وبۆماوەیەکى تاڕادەیەک درێژ دەپێکن، بەڵام هەریەکەیان پارێزگارى لە شوناس وپەیکەرى ڕێکخستن وپێگەى جەماوەرى خۆیان دەکەن. واتا نە دوو پارتى تەواو لێکدابڕاون کە بە ئاسانى لە زۆربەى بۆنە وئاستەکاندا دژ یان ڕکابەرى یەکتربن، نە تەواو یەکیشیانگردتووە کە ئیتر یەک حیزب بن.
بەڵام دەپرسین مەرجەکانى گرێدان وسەرکەوتنى هاوپەیمانى حیزبى توندوتۆڵ چین؟ چى وا دەکات کارى پێکەوەیى دوو پارت لە دۆخى هاوپەیمانییەکى سەرپێى وڕاگوزەرەوە بگوازێتەوە بۆ دۆخى هاوپەیمانییەکى تۆندوتۆڵ ودرێژخایەن؟
مەرجەکانى سەرکەوتنى هاوپەیمانى حیزبى:
بە بڕواى (ئاریند لایپارت)(١) بوونى هاوپەیمانییەکى حیزبى توندوتۆڵ بەندە بە بوونى چەند مەرجێکەوە، کە پێویستە هەموویان، یان زۆربەیان هەبن، تا هاوپەیمانییەکە سەرکەوتووبێت، گرنگترین ئەو مەرجانەش بریتین لەمانە:
مەرجى یەکەم: ڕکابەرینەکردنى یەکتر لە هەڵبژاردنەکاندا: ئاشکرایە کە ڕەهەندێکى گرنگى کارى پارتایەتى لە وڵاتە دیمکراسییەکاندا بریتییە لە چوونە ناو کێبڕکێکانى هەڵبژاردن وڕکابەرایەتیکردنى پارتەکانیتر لە پێناو بەدەستهێنانى دەنگى دەنگدەرا، بەڵام ئایا پارتە هاوپەیمانەکانیش لەم ئاستەدا کێبڕکێى یەکترى دەکەن؟
گەر بگەڕێینەوە بۆ نموونەکانى پێشوو لە (ئەڵمانیا وبەلجیکا وئوسترالیا)، دەبینین هەردوو پارتى هاوپەیمانى ئەڵمانى (دیموکراتى مەسیحى وسۆسیاڵى مەسیحی) هەرگیز ناچارنیین لەهەڵبژاردنەکاندا کێبڕکێى یەکترى بکەن، چوونکە لە دوو ناوچەى جوگرافی جیاوازدا کار دەکەن، پارتى سۆسیاڵى مەسیحى لە هەرێمى باڤاریا کارایە، پارتى دیموکراتى مەسیحیش لە هەرێمەکانیترى ئەڵمانیا. بەهەمان شێوە پارتە هاوپەیمانەکانى بەلجیکا ناچارنین بچنە ڕکابەرى یەکترییەوە، چونکە هەریەکەیان لە هەرێمێک کاردەکات، لە هەرێمى والوان، یان هەرێمى فلاندەرز. لە ئوسترالیاش هەر دوو پارتە هاوپەیمانەکە (لیبرالى ونیشتمانی) بە شێوازیکتر خۆیان لە ڕکابەرایەتیکردنى یەکترى بەدووردەگرن، ئەویش ئەوەیە ئەگەر لە بازنەیەکى هەڵبژاردندا پاڵێوراوى یەکێکیان شانسى سەرکەوتنى هەبوو ئەوا ئەویتریان پالێوراوى نابێت، بەڵام لەو بازنانەى کە (پارتى کار)ى نەیاریان باڵادەستە، یان پاڵێوراى هیچ کام لە دوو پارتەکەى لێ نییە، پێکەوە پاڵێوراوێک دادەنێن.
مەرجى دووەم: هاوکاریکردنى یەکتر لە کارى پەرلەمانیدا: کە پەیوەستە بە پلەى هاوکارى نێوان پارتە هاوپەیمانەکان لە کارى پەرلەمانى وچالاکییەکانى ناو پەرلەماندا کە چەند ڕەهەندێکى هەیە، وەک دروستکردنى فراکسیۆنى حزبى ولێژنەى حیزبى هاوبەش، هاوبەشیکردن لە سەرۆکایەتى لێژنە پەرلەمانییەکان وئەندامێتى ئەم لێژنانە، کۆڕایى لە کاتى تاووتوێکردنى پرۆژە یاساکان ودەنگدان لەسەر دەرچوواندنیان یان ڕەتکردنەوەیان. لەو نموونانەى پێشوودا، هەردوو پارتى (دیموکراتى مەسیحى وسۆسیاڵى مەسیحى) لە ئەڵمانیا پێکەوە فراکسیۆن ولێژنەى حزبى هاوبەشیان لە پەرلەماندا هەیە.
مەرجى سێیەم: هاوبەشیکردنى یەکتر لە پێکهێنانى حکومەتدا: ئەم ئاستە هەستیارترین ڕەهەندى هاوپەیمانى حیزبییە وهەمیشە کۆمەڵێک پرسیار دەوروژێنێت، ئایا پارتە هاوپەیمانەکان بەشێوەى جیاواز لە پێکهاتەى حکومەتدا کار دەکەن یان نا؟ ئایا ئەگەر لە حکومەتدا پێکەوەبن لە ئۆپۆزسیۆنیشدا پێکەوە دەبن یان نا؟ ئەى دەکرێت یەکێکیان لە حکومەتدا بێت و ئەویتریشیان لە ئۆپۆزسیۆندا؟
دەتوانین بە گەڕانەوە بۆ نمونەى پارتە هاوپەیمانەکان لە ئەڵمانیا وبەلجیکا وئوسترالیا، وەڵامى ئەم پرسیارانەمان دەست بکەوێت، چونکە لە هەرسێ وڵاتەکەدا سەرجەم جووت پارتە هاوپەیمانەکان هەمیشە لەم ئاستەدا بەشێوەى یەک پارت هەڵسوکەوتیان کردووە، جگە لە بەلجیکا کە بۆ ماوەیەکى کورت لە ساڵى ٢٠٠٧ سۆسیالیستە فەڕەنسییەکان بێ فلەمینکییە هاوپەیمانەکانیان چوونە حکومەتەوە. ئەم هاوبەشییە لەکارى حکومیدا لە ئوسترالیا سروشتێکى سەروو ئاسایى وەرگرتووە، چونکە (پارتى لیبراڵى ئوسترالى) وێڕاى بردنەوەى زۆرینەى کورسییەکانى پەرلەمان لە هەڵبژاردنەکانى ١٩٧٥ و١٩٧٧ و١٩٩٦ دا، بەشێوەیەک کە دەیتوانى بەتەنیا جڵەوى حوکمڕانى بگرێتەدەست، بەڵام کابینەى هەرسێ حکومەتەکەى بە هاوبەشى هاوپەیمانە نیشتمانیەکانى پێکهێناوە.
مەرجى چوارەم: ماوەى تێپەربوو بەسەر هاوپەیمانییەکەدا: ئەمەش لەبەر مەبناى ئەو گریمانەیە بونیادنراوە کە: تا ماوەى هاوکارى نێوان پارتەکان درێژخایەن بێت ئەوا پلەى هاوپەیمانییەکەى نێوانیشیان بەهێزتر وتوندوتۆڵتر دەببێت. دیارە ئەو پارتە هاوپەیمانانەى ئەڵمانیا وبەلجیکا وئوسترالیا کە پێشتر بە نموونە باسمانکردوون بە تەواوى راستى ئەم گریمانەیە دەسەلمێنن، بەشێوەیەک کە ماوەى هاوپەیمانى نێوان هەر جووتە پارتێکى هاوپەیمان لە و وڵاتانەدا نزیکەى ٤٠ ساڵە یان کەمێک زیاترە.
ئاسۆى هاوپەیمانییە حیزبییەکانى هەرێمى کوردستان:
دیارە لێرەدا ئێمە تەنها گرنگى بەو دوو هاوپەیمانییە حزبییە دەدەین کە پێشتر ئاماژەمان بۆیانکرد، واتا (ڕێکەوتنى ستراتیژى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان ویەکێتى نیشتمانى کوردستان)(٣)، لەگەڵ (ڕێککەوتنى سیاسى نێوان یەکێتى نیشتمانى کوردستان وبزوتنەوەى گۆڕان)(٤). ئەگەر بمانەوێت لە ڕادەى سەرکەوتن وبەردەوامى ئەم دوو هاوپەیمانییە حیزبییە لە هەرێمى کوردستان دڵنیابین وبەراوردیش لەنێوان پلەى توندوتۆڵى هەریەکەیان بکەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو چوار مەرجەى لەسەرەوە ئاماژەمان بۆکردن.
سەبارەت بە مەرجى یەکەم، کە بریتى بوو لە ڕکابەرینەکردنى یەکتر لە هەڵبژاردنەکاندا، دەبینین هەردوو پارتى هاوپەیمان لە ڕێککەوتنى ستراتیژیدا (پارتى ویەکێتى) لە هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان (ساڵانى ٢٠٠٥ و٢٠٠٩)، هەڵبژاردنى کۆمەڵەى نیشتمانى عێراق (ساڵى ٢٠٠٥) وهەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان (ساڵى ٢٠٠٥) وهەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق (ساڵانى ٢٠٠٥ و٢٠١٠)، بە (یەک لیست) بەشدارییان کردووە. کەچى لە هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستانى (ساڵى ٢٠١٣) وئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقى (ساڵى ٢٠١٤) وئەنجومەنى پارێزگاکانى هەمان ساڵ بەلیستى جیا جیا چوونە ڕکابەرى یەکترەوە، ئەمەش هۆکارێکى کاریگەربوو بۆ ساردبوونەوەى هاوپەیمانى نێوان ئەم دوو پارتە. بەڵام لەڕووى مێژووییەوە هێشتا ناتوانین بڵێین ئەم هاوپەیمانییە لەم مەرجەدا توندوتۆڵترە لە هاوپەیمانى پارتەکانى ناو ڕێککەوتنى سیاسى (یەکێتى وگۆڕان)، چونکە تەنها چەند مانگێک بەسەر تەمەنى ئەم ڕێککەوتنەى دواییدا تێپەڕیوە وهیچ هەڵبژاردنێکى (کوردستانى وعێراقى وپارێزگاکان) ڕووى نەداوە، تا بزانین ئایا ئەوم دوو پارتە خۆیان لە ڕکابەرى یەکتر دەپارێزن یان نا؟
سەبارەت بە مەرجى دووەم، هاوکارى پارتە هاوپەیمانەکان بۆیەکتر لە کارى پەرلەمانیدا، هەردوو پارتى هاوپەیمان لە ڕێککەوتنى ستراتیژیدا (پارتى ویەکێتى) لە خولى دووەم وسێیەمى پەرلەمانى کوردستاندا لە ساڵانى (٢٠٠٥-٢٠٠٩) و(٢٠٠٩-٢٠١٣) پێکەوە فراکسیۆنى هاوبەشیان هەبوو، وێڕاى هاوبەشیکردنیان لە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان وسەرۆکایەتى وئەندامێتى لێژنە پەرلەمانیەکاندا. هەروەها لەسەر ئاستى عێراق لە کۆمەڵەى نیشتمانى (٢٠٠٥) ولەخولى یەکەم ودوومى ئەنجومەنى نوێنەراندا لەساڵانى (٢٠٠٥-٢٠١٠) و(٢٠١٠-٢٠١٤) فراکسیۆنى هاوبەشیان هەبووە. بەڵام لەم خولەى ئێستاى پەرلەمانى کوردستاندا هەردوو حیزب لەبەرئەوەى بە لیستى جیا چوونە ناو هەڵبژاردنەوە هەریەکەش فراکسیۆنى جیاى خۆیان لە پەرلەماندا هەیە. هەروەها بەهەمان شێوە لەم خولەى ئێستاى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقدا هەردوو پارت فراکسیۆنى جیاوازى خۆیان هەبوو، تا ئەو کاتەى (یەکێتى) فراکسیۆنى خۆى لەگەڵ (گۆڕان) یەکخست. بۆیە لەم ڕووەوە ڕەنگە (ڕێککەوتنى سیاسى) نیوان یەکێتى وگۆڕان هەنگاوێک لەپێش (ڕێککەوتنى ستراتیژى)یەوە بیێت. هەرچەندە لەبەر پەککەوتنى پەرلەمانى کوردستان جارێ ناتوانین بزانین ئایا (یەکێتى وگۆڕان) فراکسیۆنەکانیان یەکدەخەن یان نا؟ بەڵام ئەو ناڕوونى ودواکەوتنەى لە یەکخستنى فراکسیۆنەکانیان لە ئەنجومەنى پارێزگاکاندا هەیە پاساوێکى گونجاوى نییە. جگەلەمەش مەسەلەى هاوکارى پەرلەمانى تەنیا هەبوونى فراکسیۆنى هاوبەش نییە، بەڵکو ئەو کۆڕایی وکاریگەرییەشە کە پارتە هاوپەیمانەکان لە کاتى پرۆسەى دروستکردنى یاساکان ودەنگدان لەسەر دەرچواند یان ڕەتکردنەوەیان هەیانە. دیارە لەم ڕووەوە ناکرێت هیچ هاوپەیمانییەک لە هەرێمى کوردستاندا بە (ڕێککەوتنى ستراتیژى) بەراورد بکەین، کە ڕۆڵى گەوەرەى هەبوو لە مسۆگەرکردنى دەنگى زۆرینەى ڕەهاى پێویست بۆ دەرچواندنى چەند یاسایەک کە تا ئێستا نەخشى زۆر گەورەیان لە ئاڕاستەکردنى ڕەوشى سیاسى هەریم وبەردامبوونى قەیرانەکانیشى هەیە، بەتایبەت یاساى سەرۆکایەتى هەرێم ژمارە (١) ساڵى (٢٠٠٥) ویاساى درێژکردنەوى ویلایەتى سەرۆکى هەرێم ژمارە (١) ى ساڵى (٢٠١٣).
سەبارەت بە مەرجى سێیەمیش، هاوبەشیکردنى پارتە هاوپەیمانەکان لە پێکهێنانى حکومەتدا، هەردوو پارتى هاوپەیمان لە ڕێککەوتنى ستراتیژیدا (پارتى ویەکێتى) لە کابینەکانى پێنجەم وشەشەم وحەوتەمى حکومەتدا لە ساڵانى (٢٠٠٥-٢٠٠٩) و(٢٠٠٩-٢٠١١) و(٢٠١١ -٢٠١٣) هاوبەشێکى تەواوى یەکتربوون، ئەم هاوبەشییەش تەنیا لەسەر ئاستى سەرۆکایەتى وجێگرى حکومەت وبەشکردنى وەزارەتەکان نەبوو، بەڵکو دابەزێنرا بۆ سەرجەم پۆستە کارگێڕییە باڵاو مامناوەندەکانیش، ئەمە وێڕاى هاوبەشیکردنیان لە وەرگرتنى پۆستە حکومییەکانى عێراقدا، بەتایبەت (سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق) کە بەر یەکێتى کەوت بەرامبەر زامنکردنى (سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان) بۆ پارتى. دیارە ئەم هاوبەشییە حکومییەش لەماوەى دەساڵى ڕابردوودا تەورى سەرەکى بەشکردنى دەسەڵات وداهات بووە لە هەرێمى کوردستاندا. کاتێکیش هەندێک لە پارتە سیاسییە براوەکانى هەڵبژاردنى ٢٠١٣ هەریەکەو بەجیا هەڵپەى ڕێککەوتنیان بوو لەگەڵ (پارتى) بۆ چوونە ناو پێکهاتەى کابینەى هەشتەمى حکومەت، مەرامیان دەستکەوتنى بەشێک بوو لەو دەسەڵات وداهاتە، کە بناغە داڕێژەرى سیستەمى دابەشکردنەکیان هێشتا بەندەکانى (ڕێککەوتنى ستراتیژى) بوو. هەر ئەمەش سەرەتا سستى وئاڵۆزى خستە ڕەوشى پێکهێنانى کابینەى هەشتەمەوە. ئێستاش دواى پەککەوتنى کابینەکە ودەرکردنى (گۆڕان) لێى، کە دەبوو (گۆڕان) هەر یەکسەر دواى دەرکردنى وەزیرەکانى کشاندنەوەى خۆى لە کابینەکە ڕابگەیاندایە، هێشتا دیارنییە کە گۆڕان دەیەوێت بە حوکمى ڕێککەوتنى سیاسى (یەکێتى) قایلی بکات لە کابینەکە بکشێتەوە، یان تەنها دەیەوێت بەهۆى ئەم ڕێککەوتنەوە جارێکیتر بگەڕێتەوە ناو کابینە لەدەستچووەکە! جگە لەمەش دواى ئەوەى (یەکگرتوو) و(کۆمەڵ) بەهەڕەشەى کشانەوە لە کابینەکە ویستیان جوڵەیەک بخەنەوە ناو ڕەوشى سیاسى سڕبووى کوردستان، بەڵام هەرگیز پێناچێت (یەکێتى) لە کابینەى هەشتەم بکشێتەوە. خۆ ئەگەر گریمان (گۆڕان) بەم درەنگ وەختە کشانەوە لە کابینەکە ڕابگەیەنێت، لەوانەشە ئەمە بکات ئەگەر زانى سوودى بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو هەیە، ئەگەر (پارتى) لارى نەبوو هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام هەرگیز (گۆڕان) ناتوانێت لە ماوەى پێش هەڵبژاردنەکەدا (یەکێتى) تازە هاوپەیمانى بۆ بەرەیەکى ئۆپۆزسیۆنى نوێ دژى (پارتى) ڕاپێچ بکات. ئەم ڕاستییانەش دەریدەخات کە هێشتا (ڕێککەوتنى سیاسى) ناتوانێت لە (ڕێککەوتنى ستراتیژى) توندوتۆڵتر بێت.
بەڵام سەبارەت بە مەرجى چوارەم، ماوەى گرێدانى هاوپەیمانی حیزبی، ئاشکرایە کە ماوەى هاوکارى نێوان پارتەکانى ناو (ڕێککەوتنى ستراتیژى) زۆر درێژخایەنترە لە ماوەى هاوکارى نێوان پارتەکانى ناو (ڕێککەوتنى سیاسى). بۆیە بە لەبەرچاوگرتنى ئەو ئاڵۆزیەى کە لە کاتى ئاڵوگۆڕکردنى پارێزگارى سلێمانیدا هەبوو، دەتوانین بەئاسانى بڵێین هێشتا پلەى هاوپەیمانیى نێوان پارتەکانى ناو (ڕێککەوتنى سیاسى) زۆر لاوازترە لە پلەى ئەو هاوپەیمانییەى لە نێوان پارتەکانى ناو (ڕێککەوتنى ستراتیژى) هەوبوو، بەتایبەت لە ماوەى نێوان ساڵانى (٢٠٠٥ -٢٠١٣)، کە لەم هەشت ساڵەدا هەردوو پارتەکە زۆر بەووردى پابەندى هاوکاریکردنى یەکتربوون بەپێى بەندەکانى ڕێککەوتنى ستراتیژى.
کۆتایى وئەنجامگیرى:
گەر ڕەچاوى ئەو ڕاستییەش نەکەین کە (ڕێککەوتنى سیاسى) نێوان یەکێتى وگۆڕان تا ڕادەیەکى زۆر لە هاوپەیمانییەکى حیزبى ناوچەییى دەچێت، بەتایبەت لەسەر ئاستى ئەو ناوچانەى کە بە (زۆنى سەوز) ناسراون، هەرچەندە هەندێک جێکەوتى سەرەتایى لەسەر ئاستى عێراق هەبووە، وەک یەکخستنى فراکسیۆنەکانى هەردوو پارتەکە لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقدا، کە دیسان ئەو کەیسەکانەش کە تائێستا ئەم فراکسیۆنە جوڵاندونى (وەک مەسەلەى فرۆشتنى نەوتى کەرکوک) هەر پەیوەندى بە کاروبارى ئەو ناوچانەوە هەیە کە لەسەر زۆنى سەوز ئەژمار دەکرێن. گەر ئەم ڕاستییەش ڕەچاو نەکەین و وا گریمانە بکەین کە ئەو هاوپەیمانی حیزبییەى لە (ڕێککەوتنى سیاسى) کەوتووەتەوە دەیەوێت کاریگەرییەکى گەورەترى لەو هاوپەیمانییە حیزبییە هەبێت کە لە (ڕێککەوتنى ستراتیژى) کەوتەوە، هێشتا ناتوانین بڵیین هاوپەیمانییە حزبییە نوییەکە جێى هاوپەیمانییە کۆنەکە دەگرێتەوە، چونکە لەلایەک زۆربەى ئەو مەرجانەى بۆ سەرکەوتن وبەرداومبوونى هاوپەیمانى حیزبى پێویستن لە هاوپەیمانى نێوان (گۆڕان ویەکێتی) دا نییە، مەگەر ئەم دووپارتە لە داهاتوودا بڕیار بدەن یەکبگرن، ئەوساش قسە لەسەر هاوپەیمانى حیزبى نییە وپەیوەندى بەم بابەتەوە نامێنێت. لەلایەکیتریش ئەو بونیادە سیاسی ویاسایى وکارگێڕى وئابوورییەى کە پێشتر (ڕێککەوتنى ستراتیژى) نێوان (پارتى ویەکێتى) خوڵقاندوویەتى، بەتایبەت لە ماوەى ئەو هەشت ساڵەى دواى ٢٠٠٥ کە زۆر بە ووردى بەندەکانى جێبەجێکراوە، هێشتا ڕەنگدانەوەى گەورەى لەسەر بەردەوامى پێدانى ڕەوشى قەیران ئامێزى هەرێمى کوردستان وئەو سیستەمەش هەیە کە بۆ بەشکردنى دەسەڵات وداهاتى ئەم هەرێمە دایڕشتووە، نەک تەنها بۆ ئێستا بەڵکو بۆ ماوەیەکى زۆرتر لە داهاتوودا کە ڕەنگە لە چەند ساڵێک کەمتر نەبێت.
سەرچاوەکان:
1. Arend Lijphart, Patterns of Democracy: Government Forms and Performance in Thirty Six Countries, 2nd ed, (Yale University Press, 1999), PP 67-72.
2. Jean Blondel, Party Systems and Patterns of Government in
Western Democracies, in: Canadian Journal of Political Science, Vol. 1, No. 2, June – 1968, PP 180-203.
٣- نص الاتفاقية الاستراتیجیە بین الحزب الدیمقراطی الکوردستانى والاتحاد الوطنی الکوردستانی فی جريدة وقائع كوردستان، العدد ٦٢ في ٢٧/٨/٢٠٠٦، ص ص ٣١-٣٣.
٤- دەقى ڕێککەوتنى سیاسى نێوان یەکێتى نیشتمانى کوردستان وبزوتنەوەى گۆڕان، لە بەروارى ١٧/٥/٢٠١٦.